شۆڕشی ژینا و دەسپێکی شۆڕشێکی نوێ لە کوردستان

سێ ساڵ لە دەسپێکی شۆڕشی ژینا کە بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی لە کوردستانەوە هەڵگیرسا و بە خێراییەکی بێوێنە ئێران و جیهانی داگرت تێدەپەڕێ و هێشتاکەش باس لە سەر ئەم شۆڕشە و دروشمەکەی و لایەنە جۆراوجۆرەکانی بە گەرمی بەردەوامە.
ئەم شۆڕشە کە لە راستیدا بەرهەمی خەبات و تێکۆشان و گیانبازی دەیان ساڵە و لە مێژینەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان بوو، بە تەنیا ئیعتراز و نارەزایەتیەکی کاتی نەبوو، بەڵکوو شۆڕشێک لە گوتار و چەمک و سوبژێکتیڤی سیاسی کۆمەڵگای ئێران بوو. شۆڕشێک کە نە تەنیا شەقامەکانی هەژاند، بەڵکوو پارادایم و دیسکورسە پێشووەکانی سیاسەت و لەوانە دیسکورسی ئایینی و ریفۆرمخوازی و چاکسازی لە ناوخۆی دەسەڵات و هیوا بە چینەکانی سەرەوەی سڕی و مەیدانی بە ژنان و لاوان و گەلانی پەراوێزخراو و خەڵکی چەوساوە و ستەملێکراوە راستەقینەکانی کۆمەڵگا سپارد و بە پێچەوانەی بزووتنەوە پێشووەکان، نە تەنیا خوازیاری گۆڕانکاری لە یاسا یان چاکسازی لە پەیوەندییەکانی دەسەڵات نەبوو، بەڵکوو خوازیاری نەمان و لەناوچوونی کۆی رژیم و دەسەڵاتی زاڵ بوو لە هەموو ئاستەکانی رەگەزیی، نەتەوەیی، چینایەتی، ئایدیۆلۆژی و کەلتووری و هەتا دوایی.
شۆڕشی ژینا ئەگەری ئاسۆیەکی نوێی لە خۆ گرتبوو، ئاسۆیەک کە تێیدا «ژن» نەک هەر بە تەنیا بابەتێکی یاسایی و حقووقی، بەڵکوو بنەمایەک بوو بۆ خوڵقاندنەوەی سەر لە نوێی کۆمەڵگا. ئاسۆیەک کە تێیدا «ژیان» ببوو بە چەمکێکی سیاسی دژی ئایدیۆلۆژیای حوکمڕانی و دەسەڵاتی «مەرگ» و هەروەها ئاسۆیەک کە تێیدا « ئازادی» ئیتر بە تەنیا بەڵێنێکی ئەخلاقی نەبوو، بەڵکوو داواکاری و ئامانجێک بوو کە لە سەر خەباتی راستەقینەی گەلانی ستەملێکراو بنیات نرا بوو.
شۆڕشی ژینا کە پانتایی و شەپۆلێکی بەرینی نارەزایەتی جەماوەری لەگەڵدا بوو، هەر لە سەرەتاوە نیشانی دا کە لە بنەڕەتدا لە بزووتنەوەکانی پێشوو جیاوازە و ئەمجارەیان خاڵی دەسپێک جەستەی ژن بوو، جەستەی سەرکوتکرا و کۆنترۆڵکرا و چاوەدێریکراو بە درێژایی دەسەڵاتی دژە ژنی کۆماری ئیسلامی و لەم چوارچێوەیەدا زمانی سیاسی کە تا ئەو کات بە شێوەیەکی زۆرینە پیاوسالاریی و ناوەندگەرایی بوو، کەوتە ژێر فشاری جیدی. پارادایمی نوێی وەک فیمینیزمی رادیکاڵ، مافی مرۆڤ و دادپەروەری جێندەری و چەمکەکانی وەک ژن، ئازادی و یەکسانی کە پێشتر لە پەراوێزی زمانی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێراندا بوون، بوون بە هەستەی مەرکەزیی نارەزایەتی و داخوازییە گشتییەکان. ئەم گۆڕانکارییە گوتارییە نەک هەر داواکارییەکانی ژنانی خستە چەق و ناوەندی سیاسەتەوە، بەڵکوو چەمکی سوبژکتیڤێتی ژنانی وەک هۆکار و عامڵ و بریکاری گۆڕانکاری و ئەکتەرێکی سەربەخۆی سیاسی و کۆمەڵایەتی تۆمار کرد و بەتایبەت ژنان کە پێشتر پەراوێزخراو بوون، بوون بە ڕێکخەر و پێشەنگی پێکهاتە کۆمەڵایەتی-سیاسیەکان و بەمەش روانگەیەکی نوێ بۆ گۆڕانکارییە بنەڕەتیەکان لە ئێراندا کرایەوە.
شۆڕشی ژینا کە بە پانتایی جوگرافیای ئێران نوێنەرایەتی ڕاپەڕینێکی پێشکەوتووانە دژ بە ئیستبدادی ئایینی و دژە مرۆڤانە و ژنکوژی کۆماری ئیسلامی دەکرد، لە کوردستان بەڵام خاوەن رەهەند و تایبەتمەندیەکی جیاوازتر لە ئاست باقی ناوچەکانی ئێران بوو. جیاوازییەک کە لە ناخی مێژووەوە سەری هەڵداوە و رەگ و ڕیشەی لە قووڵایی یادەوەریی بە کۆمەڵی گەلی کورددا داکوتاوە. ئەم شۆڕشە لە کوردستان رەنگدانەوەی وەشانێکی رادیکاڵتر و مێژوویتری بزووتنەوەیەکی سەرتاسەری بوو سەبارەت بە پرسی دادپەوەری کۆمەڵایەتی و هەڵاواردنی نەتەوەیی و چەوساندنەوەی چینایەتی و ئینکاری شوناسە کولتوورییەکان، هەر بۆیە بە بێ تێگەیشتن لە داخوازییە مێژوویی و سیاسیەکانی گەلی کوردستان، تێگەیشتنی تەواو لە چەمکی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی لە سەرتاسەری ئێران مەحاڵە.
داواکارییەکان لە کوردستاندا رەگ و ریشەی لە ستەمی نەتەوایەتی پێکهاتەیی داکوتاوە و هەر لە سەر ئەم ئەساسە شۆڕشی ژینا لە کوردستان شێوەی بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی-دیموکراتیکی وەرگرت، بزووتنەوەیەک کە شەڕی دژی چەوساندنەوەی جێندەری بە شەڕی دژی چەوساندنەوەی نەتەوەیی و زمانەوانی و کەلتووریەوە گرێ دا و بە هۆی پاشخانی مێژوویی خەباتەکان و دامەزراوە خۆڕاگرییە ناوخۆییەکان و کولتووری تەشکیلاتی و حوزووری پێشەنگانەی ژنان لە بزووتنەوە سیاسی و نیزامی-پێشمەرگانە و کۆمەڵایەتیەکان، ژنانی کورد جارێکی دیکە لە بزووتنەوەی ژینا نیشانیان دا کە چۆن جێندەر و سیاسەت و رزگاری لە جوگرافیایەکی سەرکوتکراودا بە یەکەوە تێکەڵ بکرێن.
شۆڕشی ژینا لە کوردستان بەتەنیا ڕاپەڕینێکی کاتی و دروشمەکەشی دروشمێکی هاوردە نەبوو، بەڵکوو ئەزموونی ژیاوی ژنانی ئەم نیشتمانە بوو کە لە شاخەوە تا شەقامەکان و لە خەندەقەکانەوە تا ناشتنی شەهیدان، لە هێڵی پێشەوە بوون.
شۆڕشی ژینا درێژە پێدەری مێژوویی خەباتی نەتەوەیی و سیاسی و کولتووریی دەیان ساڵەی گەلی کورد لە دژی ئینکاری شوناس و سەرکوتی سیاسی و کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی بوو. ئەم پەیوەندییە رەگ و ریشەییە بووە هۆی ئەوەی کە داواکارییەکان لە کوردستاندا، هاوکات لەگەڵ پەیوەندیی لەگەڵ باقی گەلانی نیشتەجێی جوگرافیای ئێران و کاریگەرییە پێشکەوتووانەکانی لە سەر راپەڕینی سەراسەری لە ئێران، بەڵام رەهەندێکی ستراکتوریتر و قووڵتر و رادیکاڵتری لە ئاست باقی شوێنەکان هەبێت.
هەر لەم سۆنگەیە و لە کاتێکدا کە لە بەشەکانی دیکەی ئێران و لە دەڕبڕینی نارەزایەتیەکاندا زیاتر گرینگی بە چاکسازییە سیاسیەکان و مافە مەدەنییەکان و ئازادییە تاکەکەسیەکان دەدرا، لە کوردستان و هەر لە سەرەتای شۆڕشەکە و بە دروشمی داگیرکەری ئێرانی قاتڵی ژینامانی و دەیان دروشمی هاوشێوەی دیکە کە بە دوای ئەمەدا هات، داکۆکی لە مافی دیاریکردنی چارەنووس و کۆتایی هێنان بە سیاسەتە ناوەندگەراییەکان و نکۆڵیکردن لە ناسنامەی نەتەوەیی دەکرا، ئەمەش نیشانی ئەدا کە داخوازییەکانی خەڵک و بە تایبەت نەسڵی تازە لە نێو بزووتنەوەی کوردستاندا گەیشتووەتە ئاستێکی تر و گەشە و گۆڕانکارییەکی قووڵی لە باری فیکری و فەلسەفییەوە پێکهێناوە و نەوەی تازە هاوکات لەگەڵ پێداگری لە سەر کێشە و داخوازییە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووریەکانیان، بە ئیرادەیەکی زیاتر و باوەڕ بە خۆ بوونێکی زیاتر و زۆر بە روونی و راشکاوانە باس لە پرسی کورد و شوناسە نەتەوەییەکانیان ئەکەن.
یەکێک لە دەسکەوتە گەورە و دەرئەنجامە بنەڕەتیەکانی شۆڕشی ژینا لە ئاستی ناوخۆی کوردستان، پەرەسەندنی بیری نەتەوەیی و هەرچێ زیاتر بوونەوەی پانتایی شوناسخوازی و پەیوەندیی نێوان سەرجەم ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو. بزووتنەوەی ژینا دەرفەتێکی مێژوویی بۆ پێداچوونەوە و بیرکردنەوەی دووبارە لە شوناس لە ناوچەکانی ئیلام و کرماشان و ورمێ رەخساند. ئەم ناوچانە کە بە درێژایی دەسەڵاتدارێتی کۆماری ئیسلامی و تەنانەت پێش لەوەش لە چوارچێوەی سیاسەتە فەرمیەکانی دەوڵەت- نەتەوەیی لە ئێران بە بەردەوامی هەوڵ درابوو کە شوناسی کوردیان تێدا ئینکار بکرێت و بە گشتی بسڕدرێتەوە، بەڵام خەڵکی ئەم ناوچانە لە گەرمەی شۆڕشی ژینا بە بەشداریکردن لە شۆڕشەکەدا و دوای ئەوەش و لە گەرمەی بەڕێوەبردنی بۆنە نەورۆزییەکانی سێ ساڵی رابردوودا کە لە راستیدا دەکرێ بە درێژەی شۆڕشی ژینا پێناسە بکرێن، بە دەنگێکی بەرز و راشکاوانەتر لە جاران خۆیان بە بەشێکی دانەبڕاو لە نەتەوەی کورد و جەستەی کوردستان ناساند و ئەم پێشهاتە نە تەنیا شکستی پرۆژەکانی کۆماری ئیسلامی بوو، بەڵکوو سەرمایەیکی ستراتیژی بوو بۆ داهاتووی خەباتی کورد.
یەکێکی دیکە لە دەسکەوتە گرینگەکانی شۆڕشی ژینا، گۆڕانکاری لە تێڕوانینی باقی گەلانی نیشتەجێی ئێران و تەنانەت جیهان سەبارەت بە گەلی کورد و شۆڕشە لە مێژینەکەی و گرێدانی سۆزداری سیاسی و ئینسانی خەڵکی ناوچە جیاجیاکانی ئێران بە کوردستانەوە بوو. کۆماری ئیسلامی بە دەیان ساڵ هەوڵی دا بوو کە وێنەیەکی نەشیاو و هەڕەشەئامێز و پڕ لە توندوتیژیی لە گەلی کورد و بزووتنەوەکەی لە ڕێگەی پڕوپاگەندای میدیایی و پەروەردەی فەرمی و بە ئەمنیەتیکردنی ئەم هەریمە بخاتە روو، بەڵام شۆڕشی ژینا پێگە و مەوقعیەتێکی بەرزتر و سەقامگیرتری بە کوردستان لە دڵی نەتەوە ژێر دەستەکان، ژنانی زوڵملێکراو و خەڵکی زەحمەتکێشی ئێران و جیهان بەخشی و دروشمی؛ «کوردستان، چاو و چرای ئێرانە» کە لە دڵی کۆمەڵگای ئێرانەوە هاتە دەرەوە دەریخست کە پەیوەندیەکی قووڵ لە دڵی شەقامەکان و لە ڕێگای خوێن و هاوارەوە لە نێو گەلانی ستەملێکراودا دروست بووە، هاوار و بانگەوازێک کە لە پێشکەوتووانەترین خواستەکانی مرۆڤی سەردەم بۆ ژیانێکی سەردەمیانە و ئینسانی و بەرابەر سەرچاوەی گرتووە.
تێروانینی ئەمنیەتی و مێژوویی کۆماری ئیسلامی بۆ کوردستان و پێگەی تایبەتی ئەم ناوچەیە لە هاوکێشە ئەمنیەتی و سیاسیەکانی ئێراندا کە بەردەوام وەکوو ناوچەیەکی داگیرکراو چاوی لێکراوە، هۆکار بوون بۆ ئەوەی کە چڕیی سەرکوتکردن لە کوردستان، لە رووی ژمارەی کوژراو و گرتن و میلیتاریزە کردن، لە ئاست ناوچەکانی دیکەی ئێران بێوێنە و زیاتر بوو. سەرەڕای سەرکوتە بێبەزەییانە و بەربڵاوەکانی رژێم لە باقی شار و ناوچەکانی ئێران، لە کوردستان بەڵام بەو پەڕی دڕندەیی و توندوتیژیی بەرەوڕووی ناڕەزایەتیەکان بوونەوە. رژیم بە میلیتاریزە کردنی شار و ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان و تەقە و دەستڕێژی ڕاستەوخۆ روو بە خەڵک و کوشتن و گەوزاندنی منداڵان و لاوان و کچان لە خوێنی خۆیاندا، سەرەڕای تێڕوانینی داگیرکەرانەی بۆ خاکی کوردستان و ترس لە پەیوەندیی قووڵی نێوان شۆڕشی ژینا و بزووتنەوەی کوردستان، دەیهەویست دوو پەیام بە ناو خۆی ئێران و جیهان بدات، کە هیچ هێڵێکی سووری لە ناوخۆدا بۆ سەرکوت نییە و بە جیهانیش بڵێت؛ کە هێشتا کۆنترۆڵی رەهای بە سەر ناوچە سنوورییەکان و کەمینە نەتەوەییەکاندا هەیە.
هەرچەندە بزووتنەوەی ژینا بە شێوەیەکی سەرەکی بە ڕاپەڕینێکی کۆمەڵایەتی و جەماوەریی خۆڕسک ناسراوە، بەڵام ناتوانرێت ڕۆڵ و پێگەی حیزبە کوردییەکان لەم پڕۆسەیەدا پشتگوێ بخرێت، لایەنەکان بە مێژوویەکی دوورودرێژ لە خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی، لە قۆناغە جیاجیاکانی ئەم بزووتنەوەیەدا ڕۆڵێکی کاریگەریان هەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا، چەندە گرنگ بوون و پاڵپشتییان لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا گرنگ بووە، کەموکوڕی و جیاوازییەکانیان دواتر، کاریگەرییان لەسەر ڕەوتی بزووتنەوەکە و مۆڕاڵ و بێ هیوایی خەڵک هەبووە، هەر بۆیە ڕەخنەگرتن و لێکۆڵینەوە لە ڕۆڵی حیزبەکان نەک هەر پێویستییەکی شیکارییە، بەڵکوو بەشێکی جەوهەرییە بۆ تێگەیشتنێکی دروست لە بزووتنەوەی ژینا و داهاتووی لە کوردستان.
ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بە تایبەت لە مانگەکانی یەکەمی ناڕەزایەتیەکاندا ڕۆڵێکی پێشەنگ و ڕێکخەر و ئیلهامبەخشیان هەبوو، مانگرتنە جەماوەرییەکان و تۆڕی مەدەنی و هەماهەنگی مەیدانی لە کوردستان بە هۆی حوزووری حیزبە سیاسیەکان بە بەراوەرد لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی ئێران، توانایەکی مێژووییان لە خۆیان بۆ سەرکردایەتی نارەزایەتیەکان نیشان دا و لەو چوارچێوەیەشدا چاوەڕوان دەکرا کە حیزبە کوردییەکان بە پشت بەستن بە ئەزموونی درێژخایەنی خەباتی سیاسی و تەشکیلاتی، بتوانن هەنگاوی جیدی و کاریگەر بنن بۆ بەهێز کردنی تەشکیلاتی و سەرکردایەتی بزووتنەوەکە، بەڵام بەداخەوە رەوتی پێشهاتەکان دەریخست کە ئەم چاوەروانییە بە کردەوە بەدینەهاتووە و لە بری یەکگرتوویی کرداری و ستراتیژی و داڕشتنی پلانی کاری هاوبەش لە سەر ئاستێکی مێژوویی، شاهیدی داڕمانی تەنانەت ناوەندی هاوکاری حیزبە کوردستانیەکان و پەرشوبڵاوی بێوێنەی حیزبەکان بووین. هەر حیزبێک لە جیاتی پشت بەستن بە هێزی جەماوەر و پتەوتر کردنی پێگەی دەستەجەمعی و بە کۆمەڵ، ڕێگایەکی جیای لە ناو ئوپۆزیسیۆنی سەراسەری ئێران هەڵبژارد. ئەمەش لە دۆخێکدا کە ئەو ئۆپۆزیسیۆنە زۆر جار روانگەیەکی روون و گەرەنتیان لە ئاست داخوازییە نەتەوەییەکانی گەلان نییە و لە پاشایەتیخوازەکانەوە هەتا لیبرالیزمەکان هەوڵیان دەدا بزووتنەوەکە بە ئاراستەیەکی کۆنترۆڵکراو یا بێکاریگەردا ببەن و شاهید بووین کە بەشێک لەم ئۆپۆزیسیۆنە تەنانەت بوون بە کۆسپ و هۆکارێک بۆ تێکچوونی یەکێتی و یەکگرتوویی گشتیی. ئەم بۆشایی و ناتەبایی و لێکترازانە لە بەرەی کوردستاندا، گورزێکی قورسی لە جەستەی بزووتنەوەیەک وەشاند کە دەکرا بە پشت بەستن بە پشتیوانی جەماوەریی و سەرکردایەتی سیاسی ئاگادار، چارەنووسێکی جیاواز بۆ ناوچەکە دیاری بکات و لە ئەنجامدا بێجگە لە سەرلێشێواوی و نائومێدی و لە دەستدانی متمانەی خەڵک و وازهێنان لە شەقام و پاسیڤیەت هیچی دیکەی لێ نەکەوتەوە و دەرفەتێکی مێژوویی کە دەکرا بزووتنەوەکە بگەینێتە ئاستێکی بەرز و ڕێکخراوتر لە دەست چوو.
شۆڕشی ژینا وێرای ئەوەی کە پانتاییەکی گەورەی هەبوو، وێرای ئەوەی کە توانی هاودەنگی و هاوسۆزییەکی جیهانی بۆ لای خۆی ڕابکێشی و سەرەڕای بوێری و شەهامەت و گیانبازی بێوێنەی ژنان و لاوان و بەشێکی هەرە زۆر لە چین و توێژە کۆمەڵایەتیەکان لەم شۆڕشەدا، بەڵام لە هەمان کاتدا بە ئێمە نیشانی دا کە دەور و نەقش و بایەخی حیزب و لایەنە سیاسیەکان لەم بارەوە لە کوێیە و چەندە گرینگ و چارەنووسسازە و بە دڵنیاییەوە ئەم شێوە لە حیزبایەتیە چیتر وڵامدەرەوەی داخوازییەکانی نەسڵی نوێی و بزووتنەوەی خەڵکی کوردستان نییە و بە دڵنیاییەوە دەبێ رێکار و میکانیزمی نوێ لە کار و گوتار و کردەی هاوبەشدا ببینینەوە.
هەر لەم پێناوەدا و لە ژێر کاریگەرییەکان و تیشک و ڕووناکی شۆڕشی ژینا، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە کۆنگرەی ١٤ی خۆیدا لە ژێر ناوی کۆنگرەی ژن ژیان ئازادی، توانی کۆمەڵێک گۆڕانکاری چ لە بەرنامەی سیاسی و چ لە پێکهاتەی خۆیدا پێکبێنێ و هەوڵ بدات تا رادەیەکی زۆر خۆی تازە و ئابدەیت و بە رۆژ و هەماهەنگ بکاتەوە لەگەڵ رەوتی گۆڕانکارییەکان و بە کردەوەش بۆ ئەم مەبەستە هەوڵی داوە و هەنگاوی جیدی ناوە و بەردەوام ئامادەیی بێ شەرت و مەرجی خۆی بۆ پێکهێنانی بەرە و کاری هاوبەش لەگەڵ باقی هێز و لایەنە کوردستانیەکان لە پێناو مافە رەوا و بنەڕەتیەکانی گەلی کوردستان و لەوانە مافی دیاریکردنی چارەنووس و داپەروەری سیاسی و کۆمەڵایەتی و… راگەیاندووە.
ئێستا و لە سێهەمین ساڵیادی ئەم شۆڕشە مەزنەدا، کۆمەڵگای کوردستان و ئێران و ناوچەکە لە جەرگەی قووڵترین گۆڕانکاری سەردەمدایە کە کوردستان و شۆڕشەکەی و داهاتووەکەی خستووەتە بەردەم ئەزموون و تاقیکردنەوەیەکی مەزن، کەموێنە و بەرین.
رەوتی رووداوەکان لە سێ ساڵی رابردوو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوەندە خێرا بووە کە زۆر جار لێکدانەوەی دەقیق و دروستیان ئەستەمە، بەڵام رەوتی رووداوەکان نیشانیدا کە پرسی نەتەوەیی کورد و رزگاری لە بندەستیی داگیرکەرانی کوردستان چووەتە ئاست و قۆناغێکی نوێ و لە ئاستی جیهانیدا هیچکات دەرفەتێکی ئاوا لە بار بۆ کورد نەڕخساوە کە بەرژەوەندییەکانی کورد لەگەڵ بەرژەوەندیی ناوەندە جیهانییەکان هاوتەریب بن و ناوەندە جیهانیەکان چارەنووسی کوردستان بە فاکتۆرێکی سەرەکی هەر چەشنە ئاڵوگۆڕێکی ناوچەکە بزانن. هاوکات و لەم ناوەدا ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شۆڕشێکی بەرین بۆ کۆتاییهێنان بە داگیرکاری نزیک دەبێتەوە و هەموو ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن کە ڕۆژهەڵات ئامادەیە و یەکگرتوویی نەتەوەیی هەوێنی بەرپاکردنی ڕاپەڕینێکی یەکلاکەرەوەیە.
لە ساڵڕۆژی شۆڕشە شکۆمەندەکەی ژینادا، یەکگرتوویی گوتاری و کردەیی حیزبەکانی کوردستان و پێکهێنانی ناوەندێکی سیاسی ئیستراتیژی کورد و قەوارەیەک کە ببێتە هەوێنی یەکگرتوویی لایەنە سیاسیەکان و هێزی پێشمەرگە و خەباتکارانی نەتەوەی کورد هەماهەنگ بکات وە هەم نوێنەرایەتی دیپلۆماتیکی کورد لە ئاستی ناوچەیی و جیهانی یەکبخا و هەم کۆمەڵگای مەدەنی لە هەموو کوردستان لەگەڵ یەک و لەگەڵ خۆی هاوئاهەنگ بکات، مەرجی سەرکەوتنی راپەڕینی رۆژهەڵاتە.
ئەگەر بزووتنەوەی ژینا یەک ڕاستی بنەڕەتی ئاشکرا کرد بێت ئەوە بوو کە کوردستان تەنیا کاتێک دەتوانێت سەرکەوتن بەدەست بهێنێت کە یەک دەنگی هەبێت، ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر حیزبە کوردستانییەکان دەبێ لە سەرەوەی بەرژەوەندییە حیزبیەکان بیر بکەنەوە و چیتر کێبڕکێ و رکابەرییە ناوخۆیی و مێژووییەکان تێپەڕێنن و بەرژەوەندی هاوبەشی گەل و بزووتنەوەی کوردستان لە ئەولەویەتی کارەکانیان دابنێن و بچینە قۆناغی هاوکارییەوە و بە گوتار و کردەی هاوبەش دەست بە پرۆژەی هاوبەش و مێژوویی بکەین. دابەشبوون لاوازی دروست دەکات، بەڵام یەکڕیزی دەتوانێت بزووتنەوەکە بەرەو دەستکەوتی مێژوویی ببات، ئایندەی کوردستان پەیوەستە بە یەکگرتوویی گوتار و کرداری سیاسییەوە و چاوەروانی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئەم ئەرکە مێژووییە دەخاتە ئەستۆی حیزبەکان.