“تێرۆریسم” عەبایەک پڕ بە قەبارەی کۆماری ئیسلامی!

✍ بێهنام فەتحی

لە کاتی توێژینەوە لە مێژوودا بۆ تێگەیشتن لە چەمکی تێرۆریسم، بەرەوڕووی دەستەواژەیەکی ماناهەڵگر دەبینەوە.

دەستەواژەیەک کەسەرچاوە لە واتای تۆقاندن دەگرێت و لە ئەدەبیاتی سیاسیدا بۆ هەڵسەنگاندنی، گرووپ، ڕێکخراوە یان ئەو وڵاتانەی لەسەر ئەساسی دیکتاتۆری و هەراساندن و کوشتن بنیاد نراون، بەکار دەهێنرێت.

 

“کۆماری ئیسلامی ئێران” ئەو ڕژیمە تۆقێنەرەیە کە لە بنەڕەت و بنچینەی پێکهاتنیەوە، تێکئاڵاوەتە کوشتن و لاناوبردن و داپڵۆساندنی دژبەرانی.

نموونەی پێکهاتەی دەسەڵاتێکی تێرۆریستیە کە بەدرێژایی تەمەنی، ڕەوایی بەخشیوەتە تێرۆر و بەردەوام هەوڵی لەناوبردنی نەیارانی خۆی لە ناوەوەو لە دەرەوەی سنوورەکانی ژێر دەسەڵاتی داوە.

ئەم ڕژیمە تەنانەت ڕێکاری تایبەتی و نوێی پشتبستراو بە یاساکانی شەریعەتی بۆ پاساوی جەنایەتە تێرۆریستییەکانی خۆی دۆزیوەتەوە.

 

دەسبەسەر کردن و ڕفاندنی چالاکانی سیاسی و مدنی و سازدانی کەیسی ئەمنییەتی بۆیان و تاوانبارکردنیان بە بیانووگەلی نامۆی بێ مانای وەک “موحاربە”و سەرئەنجام لەسێدارەدانیان، سەلمێنەری شێوازێکە لە کردەوەی تێرۆریستی بۆ تۆقاندن و لەناوبردنی نەیاران و بیرجیاوازان کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەمشێوەیە ڕواڵەتی شەرعی و یاسایی پێدەبەخشێت.

هەر لەم ڕۆژانەدا، ڕفاندن و ئێعدامی “روح اللە زم” ڕۆژنامەوانێکی ڕەخنەگری سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی کە تەنانەت خۆی لە بنەماڵەیەکی کاربەدەستی نێو پێکهاتەی دەسەڵاتی ئەو ڕژیمە تەمەنی تێپەڕاندبوو؛ تەنیا بە تاوانی بەڕێوەبردنی کاناڵێکی تێلێگرامی لە دەرەوەی وڵات بۆ ڕێکخستنی ناڕزایەتی بەرانبەر بەو ڕژیمە، بەڵگەیەکە بۆ ئەم ئیدەعایە.

 

لەماوەی ڕابردوودا بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی “محسن فخریزادە” بەرپرسێکی چالاکی نێو ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران و کاربەدەستێکی وەزارەتی بەرگریی کۆماری ئیسلامی -کە هەتا پێش ئەم ڕووداوە کەس نەیدەناسی و لەماوەی چەن ڕۆژدا بوو بە زاناو لێکۆڵەرو پسپۆڕی ئەتۆمی- هاتە سەر لاپەڕەی مێدیاو ڕاگەیاندنەکانی جیهان.

ئەم ڕووداوە کە هێشتاش هۆکار و وردەکارییەکانی ناڕوونن، بە کردەوەیەکی تێرۆریستی ناوزەدکراو بووە هۆی هەڵخڕاندنی هەڵوێستی وڵاتانی زلهێزو یەکیەتی ئۆرووپاو دەوڵەتانی ناوچەکەو بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و لە لایەن هەندێکیانەوە مەحکوم کرا!

ڕووداوێک کە هەتا ئیستاش هیچکام لە لایەن و دەوڵەتگەلێک کە بەگومانەوە ئاماژەی تاوانباربوونیان بۆ ئەنجامدانی ئەم کردەوەیە لەسەرە، نەیانگرتووەتە ئەستۆ.

 

کۆماری ئیسلامی بەوپەڕی سەرلێشیواوییەوە ئاماژەی کردووە بە چەن سێناریۆی ئاوەکی و ناڕوون کە هەر کامەیان لایەنی ڕاستی و چۆنیەتی ئەم ڕووداوە دەبەنە ژێر پرسیارەوە.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە هەست بە کەلێنێکی گەورەی ئەمنییەتی لە پێکهاتەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا دەکرێت.

دەیان کەسایەتی باڵای سەر بە شوێنە هەستیارەکانی سپای پاسداران و ناوەندە ئەمنییەتییەکان لەم ماوەیەدا لە لایەن ڕژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون. ئەمە خۆی دەرخەری کەلێنێکی بێ وێنە لە نێوان تاقمی بەڕێوەبەرانی ئەم حکومەتە بەدرێژایی مێژووی پێکهاتنی ئەم دەسەڵاتەیەو بێ گومان کرداری لەم شێوەیە دەتوانێ دەستی ڕەشی کۆماری ئیسلامی، بەئەنجامی گەیاندبێت.

 

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هەر کاتێک هەست بە دۆڕاندن و سەرشۆڕی لە پێش چاوی خەڵک و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەکات، ساویلکارانەو بێ بنەما دەست دەبات بۆ مانۆڕی وەحشەتو شەڕی ڕاگەیاندن.

لەوە نالەبارتر، هێزە ئەمنییەتیەکان بۆ چاوترسێن کردنی خەڵک و داپۆشینی بێتوانایی و سەرشۆڕبوونەکەیان، هێرش دەکەنە سەر کوردستان و بە بیانووی دیتنەوەی شوێن پێی ئەو کەسانەی کە گوایا تاوانبارن لە کوشتنی ئەم پاسدارە لە دەوروبەری تاران، دەست دەکەن بە ئەمنییەتی کردنی زیاتری شارەکانی کوردەواری و ئازاری خەڵک دەدەن.

 

ئەمجۆرە ڕووداوانە سەرەڕای ئەوانەی لە سەرەوە ئاماژەی پێکرا، لەوانەیە پرسیارێکی گەورە لە لای ئێمەو لە مێشکی ئێمەدا درووست بکات:

ئایا کوژرانی مۆرەیەکی شاردراوەی کۆماری ئیسلامی کە بەدرێژایی تەمەنی لە پێناوی تێرۆرو ڕەشەکوژی و دواکەتوویی و تەنانەت هەوڵ بۆ پڕچەککردنی جەنایەتکارترین حکومەتی سەردەم، خزمەتی بەو دسەڵاتە کردووە، دەچێتە خانەی تێرۆرەوە؟

 

ڕفاندن و ئێعدامی بە کۆمەڵی چالاکانی سیاسی و مەدەنی لەناوخۆ، تێرۆری دەیان کەسایەتی سیاسی لە دەرەوەی سنوورەکان و لە وڵاتانی ئۆرووپا، هاوکاری میلیشیاو گرووپە توندئاژوەکان بۆ ڕێکخستنی چالاکی تێرۆریستی بە پێی بەرژەوەندیە ناوچەییەکانی ئەو ڕژیمە، زنجیرەیەک تێرۆر کە لە مەودایەکی کەم دا کۆمەڵێک نووسەر و لێکۆڵەرو چالاکی سیاسی نیشتەجێی ئێرانیان پێ لەناوبرد، کوشتن و ڕفاندنی دەیان تێکۆشەری هێزە سیاسیەکانی نیشتەجێی باشووری کوردستان، تەقینەوە لە ئارژانتین و هەر ئەم دواییانە هەوڵ بو تەقاندنەوەی گردبوونەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی لە پاریس و چیها جەنایەتی دیکە، بەڵگەی ئاشکراو سەلمێندراوی کردەوە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامین لە ئاستی ئێران و ناوچەکەو لە جیهان دا.

 

سەرەڕای ناڕەوا بوونی سیستێمی گشتی بەڕێوەبەری لەم جیهانەی ئێمەو لەم قۆناغە کە پێشکەوتنەکانی بەشەر ناتەبەیە لە گەڵ نایەکسانی و توندوتیژی و خەسڵەتە دژەمرۆییەکانی سەرمایەداری؛

سەرەڕای باوبوونەوەو بەربڵاوبوونەوەی واتاکانی تێرۆریسم و بەجیهانی بوونی ئەم دیاردەیە؛

سەرەڕای هەموو نابەرابەری و ستەم و چەوساندنەوەیەک کە هەر ئەمڕۆ لە گشت شوێنێکی ئەم جیهانە بەدژی ئازادی و ژیانی شایانی مرۆڤ، ڕەوا ئەبینرێت؛

“کۆماری ئیسلامی” پەڵەیەکی ڕەشە بە نێوچاوانی مێژووی ئەم سەردەمەو، هەر چەشنە هەوڵێک بۆ لە ناوبردنی ئەم پێکهاتەیە و دەستوپەیوەندەکانی کە داڵدەدەری توندوتیژی و پێشێلکردنی کەرامەتی ئینسانەکانن، پێویستەو بەجێگەیە.