کۆمەڵە و خەباتی سوسیالیستی….

0

کۆمەڵە حیزبێکی چەپ و سوسیالیستە. لە ڕوانگەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانەوە سوسیالیزم وەڵامی ئاواتی لەمێژینەی مرۆڤە، بۆ ئەوەی بگاتە کۆمەڵگەیەک کە تێدا چەوسانەوە، مافخوران و نایەکسانی نەمێنێ و ژیانێکی شیاو بۆ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا دەستەبەربێ. کۆمەڵگایەک کە تێدا ئینسانەکان لە دەرفەت و ئیمکانی عادڵانە بۆ پشکووتنی لێهاتووییەکانیان و پێشکەوتن و چێژوەرگرتن لە ژیان و دەسڕاگەیشتن بە ژینێکی باش بەهرەمەند بن.

سوسیالیزم پرۆژەیەکی حیزبی یان بەرنامەیەک نییە کە دەسەڵات بەسەر خەڵکیدا دەیسەپێنێ بەڵکوو پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتی، ئابووری و مرۆڤیە کە پێویستی بە سازکرانی بەستێنی فەرهەنگی و ئابووری بۆ هێنانە مەیدانی ئەو هێزە هەیە کە دەتوانێت ئەو سیستەمە وەکوو قۆناغێکی نوێی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ژیانی ئینسانەکاندا مسۆگەر بکا. ئەرکی حیزبێکی سوسیالیستی لەو مەیدانەدا ئامادەکردنی بەستێن، هەوڵ بۆ دانی وشیاریی چینایەتی، ڕێکخستنی چینی چەوساوە و کار بۆ دامەزراندنی ڕێکخراوە و دامەزراوەی سەربەخۆی کرێکاران و زەحمەتکێشان و نوێنەرایەتی و کارکردنە بۆ بەرژەوەندییەکانی چینی چەوساوە لە هەر جۆرە لە سیستەمێکی سیاسی و ئابووریدا کە لە وڵاتدا دادەمزرێ. پێداگری لەسەر چاکسازیی بنەڕەتیی ئابووری و سیاسی لە قازانجی چینە بندەستەکان سەرەتای ڕێگەی گەیشتن بە دادپەروەری و یەکسانی لە کوردستانە.

لە شۆڕشی ژن ژیان ئازادیدا دەرکەوت کە بزووتنەوەی کوردستان لە ناوەڕۆکدا خاوەنی وزەیەکی پێشکەوتنخوازانە و چەپە و ڕەگەکانی سوسیالیزمی جەماوەری لە ناو خەباتی خەڵکی کوردستاندا ڕۆچووە. ئەم دوا ئەزموونەی خەباتی کوردستان بە جوانی دەریخست کە ڕوانینی چەپ چەندە لەگەڵ خواست و پێویستیی کوردستان بۆ پێشکەوتن و گەیشتن بە دنیایەکی شیاوی مرۆڤ نزیکە و خواستەکانی بزووتنەوەکە نەک لە دروشم و باسی فەلسەفی و سیاسیی قووڵدا بەڵکوو لە کردەوەدا لەگەڵ ئامانجەکانی ڕەوتی چەپ و سوسیالیستی تەبایە و ڕەوتێکی چەپ کە دۆخی تایبەتی کوردستان بناسێت و سیاسەتەکانی لە سەر بنەمای دۆخ و هەلومەرجی کۆمەڵگاکە دابڕێژێت دەتوانێت وەڵامی خواستەکانی بزووتنەوەکە بداتەوە.

بێجگە لە ئەو خەسارە گشتییانەی کە کاپیتالیزم وەکوو سیستەمێکی زاڵی ئابووری و کۆمەڵایەتی بۆ هەموو جیهان هەیەتی، هەر ناوچە و شوێنێک بە پێی هەلومەرج و دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی خۆی و ئەو دەسەڵاتەی کە تێدا زاڵە خاوەنی تایبەتمەندییەکانی خۆیەتی. ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەمڕۆ بەشێکە لە جوگرافیای سیاسیی ئێران و هەر بەو پێیە هەم شێوازی ئابووریی زاڵ بەسەر ئێراندا – کە دۆخێکی یەکجار خراپی هەیە – کار دەکاتە سەر کوردستان و هەم ئەوەی کە کوردستان وەکوو ناوچەیەکی داگیرکراو هەڵسوکەوتی لەگەڵ کراوە و لەو ئابوورییە لاوازەی ئێران کەمترین پشکی بەرکەوتووە کاریگەریی خراپی لە سەر ژیانی خەڵک داناوە. باری خراپی ژیان و گوزەرانی خەڵک بە گشتی و چینی چەوساوە و هەژاری کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی بەرهەمی دەسەڵاتی داگیرکەری کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ خەڵک بووە. کۆماری ئیسلامیی ئێران بە درێژایی دەسەڵاتی بەسەر کوردستاندا هاوکات لەگەڵ میلیتاریزەکردن بە چەکدار و هێزە سەرکوتکارەکانی شەڕێکی ئابووری ئاشکراشی لە دژی کوردستان بەڕێوە بردووە. حکوومەتی ئێران ڕێگری سەرەکیی بوونی کار و پیشە و پێشکەوتن و پشکووتنی ئابووریی کوردستانە و بە بەتاڵان بردنی کانگا و داراییە سروشتییەکانی کوردستان هەژاری بەرینی بەسەر خەڵکدا سەپاندووە. نەبوونی ڕێگاوبانی شیاو و ڕێگەنەدان بە دامەزرانی کارگە و کارخانەی گەورە لە کوردستان دەریدەخا کۆماری ئیسلامی وەکوو وڵاتێکی داگیرکراو هەڵسوکەوت لەگەڵ کوردستان دەکا و لە داهاتووی خۆی و بەردەوامبوونی دەسەڵاتی لە کوردستان دڵنیا نییە و بۆیە نایەوێ کوردستان ئاوەدان بێ و لەباری ئابوورییەوە کوردستان لە ناوچە هەر ستەملێکراو و بەشخوراوەکانی ژێردەسەڵاتی ئەو حکوومەتەیە. کۆماری ئیسلامیی ئێران دەزانێت گەشەی ئابووری و دۆخی لەباری ژیان و گوزەرانی خەڵک لە کوردستاندا دەبێتە هۆی پەرەسەندی خەبات بۆ ڕزگاری و مافخوازی و دەرفەت بۆ خەڵکی کوردستان زیاتر دەبێت بۆ ئەوەی هەوڵ بۆ ئەستاندنەوەی مافە زەوتکراوەکانیان بدەن. لە لایەکیشەوە بەگشتی سەرچاوەکانی داهات لە ژێر ڕکێفی مافیاکانی دەسەڵات و ناوەندە نیزامی و ئەمنییەتییەکان و دەستوپێوەندییەکانیان لە کوردستاندایە و ئەوە دۆخی ئابووریی کوردستانی نالەبارتر و گوشار بۆ سەر دانیشتوانی کوردستان بە گشتی و چینی هەژاری کۆمەڵگا بە تایبەتی زیاتر کردووە. لە کوردستان بێکاری و لاوازیی گەشەی ئابووری وایکردووە دیاردەی وەکوو کۆڵبەری بووەتە باو کە بە هیچ شێوەیەک شیاوی مرۆڤی سەردەم نییە و ڕۆژانە گیانی خەڵکی تێدا دەکەوێتە مەترسییەوە و کوشتن و برینداربوونی کۆڵبەران و دیاردەی کۆڵبەری لە ئاکامە بەرچاوەکانی ئەم چەوسانەوە و نادادپەروەرییە دیارەن کە کۆماری ئیسلامی و سیستمی سەرمایەداری بۆ کوردستانیان بەدیاری هێناوە.

نادادپەروەری لە دابەشبوونی سامان لە کۆمەڵگادا هۆکاری زۆربەی هەرەزۆری گرفتە کۆمەڵایەتییەکانە و چینی بێبەشی کۆمەڵگا زەرەرمەندی سەرەکیی ئەو نادادپەروەرییەن. لاوازیی گەشەی ئابووری، نەبوونی دەرفەتی کار بە ڕادەی پێویست لە کوردستان، بێبەشبوون لە ئیمکاناتی یەکسان بۆ کارکردن، تەندرووستی، شوێنی باش بۆ ژیان و خۆش بژیوی، بێبەشبوون لە دەرفەت و هەلی یەکسان بۆ خوێندنی باڵا و پێشکەوتن و، مەترسیی تووش بوون بە گرفتی کۆمەڵایەتی و هتد لە خەسارە سەرەکییەکانی ئەو دابەشبوونە ناعادڵانەیەن. چارەسەری بنەڕەتیی هەموو ئەم ئازار و گرفتانەی کۆمەڵگا و ئینسان تووشیان بووە نەمانی سیستێمی سەرمایەداری کە خولقێنەر و پەرەپێدەر و پارەێزەری ئەم دنیا نادادپەروەرانەیە و، خاوەنداریەتیی گشتی بەسەر ئامرازەکانی بەرهەمهێنان لە کۆمەڵگادایە.

لە دواڕۆژی کوردستاندا خەبات بۆ گەشەی دموکراسی لە خەبات بۆ امانجە سوسیالیستییەکان جیاناکرێتەوە ئەو خەباتە سەرەتای گەڕاندنەوەی دەسەڵات بۆ خەڵکە و بەر بە دیکتاتۆری دەگرێت. لەو ڕێگەیەدا خەبات بۆ دەستەبەربوونی ئازادیی حیزبەکان و ڕێزگرتن لە پلۆرالیزم، ئازادیی بیروڕادەربڕین و چاپەمەنییەکان گرنگیی تایبەتیان هەیە و لە زەروورەتەکانی کاری ئێمەن.

خۆ بەستنەوە بە بۆچوونی کلاسیک و تەکڕەهەندی لەو بوارەدا یان هەوڵ بۆ کۆپی کردنی شێوازێکی چالاکیی سیاسیی یان دەسەڵاتی سیاسی و مۆدێلێکی ئابووری بە بێ لەبەرچاوگرتنی دۆخی تایبەتی شوێنی خەباتمان، واتە کوردستان، دەتوانێت مەترسیدار بێ و نەک هەر دەسکەوتی نەبێ بەڵکوو دەتوانێ بێهیوایی دروست بکا و ڕەوا بوونی خەباتی ڕەوتی چەپ و مومکین بوونی کۆمەڵگایەکی سوسیالیستی بباتە ژێر پرسیار. ڕەوتە جۆراوجۆرەکانی خەباتی چەپ لە مێژوودا هەرکامەیان لە ڕێگەیەکەوە قازانج و دەسکەوتی تایبەتیان بۆ چینی چەوساوە بەتایبەت و کۆمەڵگای بەشەری بە گشتی هەبووە و هاوکات خەسار و لاوازیی خۆیانیان بووە. بە بێ ناسینی ئەو خاڵانە و لێکدانەوەی دروستی کۆمەڵگای کوردستان لە بواری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی، ناتوانین سیاسەتێکی دروست بۆ گەیاندنی کۆمەڵگا بە دادپەروەری و یەکسانی دابڕێژین.

خەباتی سوسیالیستیی ئێمە لە دنیای ئەمڕۆدا پێویستە بە دەرس وەرگرتن لە سەرنەکەوتنی هەوڵەکانی سەدەی ڕابردووی مرۆڤ بۆ گۆڕینی سیستمی سەرمایەداری، بتوانێ وەڵامێکی بۆ چارەسەری خاڵە لاوازەکانی ئەو هەوڵانە هەبێ و بیر لەوە بکاتەوە بۆ چی ئەو هەوڵانە سەرەڕای تێکۆشانی لەخۆبوردووانە و گیانفیدایی و خەباتێکی شکۆدار و زۆرجار جەماوەری نەیتوانی بگەنە ئامانجی کۆتایی. نەبوونی لێکدانەوەیەک بە مێتۆدی ئینتێرسکشناڵ کە پەیوەندییەکانی دەسەڵات بناسێ و گرنگی پێبدات و لەو ڕێگەوە داگیرکراوبوونی کوردستان و پەیوەندیی قووڵی دەسەڵاتی داگیرکەری زاڵ بەسەر کوردستاندا لەگەڵ چەوسانەوەی چینایەتی و هەڵاواردنەکانی دیکە بخوێنێتەوە خاڵێکی لاوازی چەپ لە کوردستان بووە. ئەم مەسئەلەیە بوو بە هۆی ئەوەی کە بەڕادەی پێویست گرنگی بە خاوەنداریەتی و ڕێبەرایەتیی خەبات بۆ گەیشتن بە ماف و سەروەریی نەتەوەیی کورد نەدراوە و وەڵامی مەسئەلەی نەتەوەیی زیاتر لە چوارچێوەی نەبوونی باوەڕ بە سنوور، نەتەوە و نیشتماندا فورموڵە کراوە. ئەو بۆچوونە کە بە ناوی چەپەوە جێگەی خۆی لە ناو حیزبە چەپەکانی کوردستاندا کردبووەوە گەیشتبووە ئاستێک کە وای کردبوو کە تاکی کورد و تەنانەت چالاکانی چەپیش کاری تایبەت بۆ چارەسەری ستەمی نەتەوەیی لە کوردستان و بیرکردنەوە لە پێکهاتنی دەوڵەتی کوردی بە دیاردەیەکی دواکەوتوو و دژە چەپ بزانن و ئەم تێگەیشتنە هەڵەیە کەلێنێکی گەورەی خستە ناو خەباتی ڕزگاریخوازانە لە کوردستان و ڕێگەینەدا چارەسەری چەپ و سوسیالیستی بۆ ئەو خەباتە دەستی باڵا پەیدا بکات. لە ئاستی گشتیی خەباتەکەشدا نەبوونی دموکراسی و پلۆرالیزمی سیاسی و، تەکڕەهەندی بوون و کەڵەکەبوونی دەسەڵات و ناکارامەبوونی سیستەمی ئابووری لە خزمەت کردن بە چینی چەوساوە لە بەرچاوترینی ئەو خەسارانە بوون کە ڕێگەیان لە بەئاکام گەیشتنی ئەو ئەزموونانە گرت.

بنەما سەرەکییەکانی کاری سوسیالیستیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بریتین لە دادپەروەری، ئازادی، یەکسانی، ئاشتی و سەقامگیری. ئەم فاکتۆرانە شێوازی گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی سوسیالیستی دیاری دەکەن. ڕەوتی چەپ دەبێت پەرەپێدەری پشکووتنی ئەو پوتانسیل و ئیمکانانە بێ کە لە کۆمەڵگادا هەن و کار بۆ ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی لە نورمەکانی کۆمەڵگا و شێوازی دەسەڵاتدا بکا. ڕێکخستنی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە ئەو یاسا و ڕووداوانەی بە قازانجی چینی چەوساوە نین و بەربەرەکانێ و خەباتی بەردەوام و چاکسازیی لەسەر بنەمای خواست و ویستەکانی چینی چەوساوە، هەوڵ بۆ ڕێکخستنی کرێکاران و زەحمەتکێشان و بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتی سیاسی بە مەبەستی ئاڵوگۆڕە خوازراوەکان بە قازانجی چینی چەوساوە ژمارەیەک لەو ئامرازانەن کە بۆ گەیشتن بە سوسیالیزم بەدەستی ڕەوت و بزووتنەوە و هێزی چەپی کۆمەڵگاوەن.

جیاوازیی ڕوانگە نەزەری و فیکرییەکان، لە نێوان بزووتنەوە و ڕێکخراوە سوسیالیستییەکاندا بە پشتبەستن بە دیالۆگی بنیاتنەر دەتوانێت ڕەوتی چەپ بەهێز بکا و لە خەباتی ڕۆژانە و جەماوەری بۆ گەیشتن بە دنیایەکی بێچەوسانەوە نزیکی بکاتەوە.

هیچ ڕەوتێک ناتوانێ بە تەنیا خۆی نوێنەرایەتیی هەموو چەپ لە کوردستان بکات. دیاریکردنی پێناسەیەک بۆ هەموو چەپ کە تەنها لە ڕوانگەی حیزب یان ڕێکخراوێکەوە پەسەندە، هەڵەیەکی کوشەندەیە کە تەنها دەبێتە هۆی دووبەرەکی و کێشە لە نێوان ڕەوتی چەپدا و هێزی مرۆڤی ئەم ڕەوتە لێک دوور دەخاتەوە و دەبێتە هۆی پەراوێزکەوتن و لاوازبوونی ڕەوتی چەپ لە کوردستاندا.

قەبووڵکردنی پلۆرالیزمی سوسیالیستیی و هاوکاری لە نێوان ڕێکخراو و حیزبە چەپ و سوسیالیستییەکانی کوردستاندا مەرجێکی گرنگە بۆ ئەوەی ئاسۆیەکی ڕوونتر لە خەباتی چەوساوەکانی کوردستاندا بکرێتەوە. گەشەی فیکری و نەزەری و بەرینبوونەوەی پێگەی کۆمەڵایەتی چەپ لە کوردستان، تەنیا لە ڕێگەی هەوڵی هاوبەش و دیالۆگی هاوڕێیانە مومکین دەبێت. ئێمە هاوئاهەنگی، دۆستایەتی و هاوکاری لەگەڵ باقی ڕەوتە چەپ، سوسیالیست، دیموکرات و ئازادیخوازەکان لە باقی بەشەکانی کوردستان بە ئەرکی خۆمان دەزانین. ئێمە بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی چەپ لە کوردستاندا تێدەکۆشین و پێمانوایە ئەوە پێداویستییەکی ئەمڕۆ و داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. کۆکردنەوەی هێزی چەپ و سوسیالیست و بەهێزکردنی بزووتنەوەی سوسیالیستیی لە سەر بناخەی پلۆرالیزم و قەبووڵکردنی یەکتر و هەوڵ بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی چەپی بەهێز بۆ ئێمە ئەرک و بەرپرسایەتیەکی مێژووییە و هەر لە ئێستاوە بە هەموو تواناوە کاری بۆ دەکەین.

ئێمە خۆمان بە هاوپەیمانی ڕەوتە چەپ و سوسیالیستی و دادپەروەریخوازەکانی کوردستان و باقی نەتەوەکانی ئێران و جیهان دەزانین. هەموو بزووتنەوەیەکی سوسیالیستی و حەقخوازانە لە جیهان جێگەی پشتیوانییە و پێوەندی گرتن و فێربوون لە ئەزموونەکانی ڕێکخراوە چەپەکان دەتوانێت یارمەتیدەری کۆمەڵە و ڕەوتی چەپی کوردستان بێ.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *