کۆمەڵە لە دامەزراندنەوە تا مێژووسازی…!

نەوید مێهراوەر

وتاری هاوڕێ نەوید مێهرئاوەر ئەندامی دەستەی کارگێڕی کۆمەڵە لە ڕێوڕەسمی رۆژی کۆمەڵە 

سڵاو و رێز بۆ ئێوە ئامادە بووانی خۆشەویست، سڵاو لە خەڵکی تێکۆشەر و کۆڵنەدەری کوردستان، سەری ڕێز و نەوازش لە هەمبەر گیانبەختکردوانی ڕیزەکانی کۆمەڵە و هەموو شۆڕشگێڕان لە ڕیزی شۆڕشی مافخوازانەی کوردستان بە تایبەتی شەهیدانی شۆڕشی ژینا  نەوی ئەکەین. سڵاو لە یادی دوا گیانبەختکردووی ڕیزەکانی کۆمەڵە هاوڕێی فەرماندە ڕێبوار کەریمیان کە ئەمساڵ لەم بۆنەیەدا لەگەڵمان نیە و جێگای خاڵییە، بەڵام یادی ئازیز و خۆشەویستی هەمیشە بەزیندووی لامان دەمێنێتەوە.

 خەڵکی خۆڕاگری کوردستان، زیندانییە سیاسیە سەربەرزەکان، ژنانی تێکۆشەر  و یەکسانیخواز، توێژە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هاوڕێان و ئەندامانی کۆمەڵە، پێشمەرگە قارەمان و کۆڵنەدەرەکان، هەروەک خۆتان دەزانن لە ٤٦ ساڵ لەمەوپێش کاتێک لە ٢٦ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٥٧دا، هاوڕێی دامەزرێنەر و سیمای خۆشەویستی کوردستان کاک حەمە حوسێنی کەریمی گیانی بەخت دەکا، ڕێبەری ئەوکاتی کۆمەڵە لە ڕاگەیاندنێکدا هەڵسووڕانی ئاشکرای خۆی ڕادەگەینێ. لەمرۆژەوە هەتا ئەمرۆ پاش ٤٦ساڵ سەرەڕای هەموو تەنگ و چەڵەمە و کەندو کۆسپەکان، کۆمەڵە لە بواری جۆراوجۆرا لە سەر پرسە جیاوازەکان دەوری گێڕاوە و بۆتە وتاری زاڵ بەسەر شۆڕشی حەقخوازانە خەڵکی شۆڕشگێری کوردستاندا.

 پاش ئەم ڕاگەیاندنە کە کۆمەڵە هەڵسووڕانی ئاشکرای خۆی ڕاگەیاند، زۆری پێنەچوو کە  لە ١٢ی خاکەڵێوەی  ١٣٥٨ی هەتاوی، رێفراندۆم یا گشت پرسێکی گشتی  لە ئێران و لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا هاتە ئاراوە.  ڕێبەری ئەوکاتی کۆمەڵە کە تا ئەوکات کەس وەک بەڕێوبەڕانی  حیزب نەیاندەناسی بەڵام هەموویان سیمای خۆشناو و خۆشەویستی کوردستان و خۆڕاگری ناو زیندانەکان و مامۆستای تێکۆشەری گوندەکان و لە ناو هەموو چین و توێژەکانی ناو کۆمەڵگادا جێگاو پێگەیان هەبوو  و سابقەی خەبات لە دژی ڕژیمی گەندەڵی پاشایەتی بوون، زۆر زوو  لە مەرام و ڕواڵەتی ڕاستەقینەی کۆماری ئیسلامیی تێگەیشتن و هەوڵیاندا بۆ رێکخستنی خەڵکی کوردستان کە بە تێکرای دەنگ ئەم گشت پرسییە گاڵتەجارانەیان کە لە ١٢ی خاکە لێوەدا بەرێوە چوو، بایکۆتی بکەن. خۆشبەختانە زیاتر لە ٩٠ لەسەدی خەڵکی کوردستان بەشداریان نەکرد و ئەوە بۆ خۆی  بوو بە شانازییەکی گەورە بۆ خەڵکی کوردستان و ئەتوانم بڵێم  کە یەکێک لە کارە گەورە و گرینگەکانی کۆمەڵە بوو لە سەرەتای دەسپێکردنی هەڵسوڕانی ئاشکرای خۆێدا کە هیز و هەتوان و ئەندێشەی خۆی لە بەرانبەر کۆماری ئیسلامیی و بۆ خەڵکی کوردستانیش خۆی نیشاندا و زۆرتر ناسرا. دەزانن کە پاش ئەوەی خەڵکی کوردستان “نا”یان کوت بە کۆماری ئیسلامی، بەرەبەرە کۆماری ئیسلامیی هێرشی بۆ کوردستان زۆرتر کرد، ئەهات بەشێوەگەڵ جۆربەجۆر کوردستان داگیر بکات.  کۆمەڵە وەک حیزبێکی تازە سەر هەڵدراو بەڵام بە ئەزموون لە هەموو شوێنەکان بە شێوەیەکی تایبەتی بەرەنگاری بووەوە. لە مەریوان لە دژی بوونی سپای داگیرکەر لە ناو شاری مەریوان  بریاری کۆچی شار درا و هەموو چوونە دەرێ و لە کانی‌میران مانەوە کە بۆتە شانازی و بۆتە بەردی بناغەی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و کاری مەدەنی، کە ئەوکات خەڵکی شارەکانی تر وەک سەقز و سنە و بانە  بە ڕێپیوانی دوور و درێژ پشتیوانیان لێکردن و لەم قۆناغەشدا خەڵکی کوردستان و کۆمەڵەش بە تایبەتی تر لە مەریوان سەربڵند لە بەرانبەر ئەزمونێکا هاتنەدەر و تەجرەبەیەکی تر وەدەستهات و جارێکی تر کۆمەڵە خۆی وێنا کردەوە و هێزو توانای خۆی نیشاندا. بەڵام کۆماری ئیسلامیی تەحەمولی ئەو لە مەیدان بوونەی خەڵکی نەکرد و لە ٢٨ی گەڵاوێژدا بڕیاری هێرشی سەربازی بۆ سەر خەڵکی کوردستانی دا و دیسان کۆمەڵە بە بێ ڕاڕایی سەرەڕای تێبینی و مولاحزەی رێکخراوەکانی تر لە کوردستان  کە پێیان وابوو بەرەنگاریی، ماڵوێرانی بۆ خەڵک دێنێتە ئارا و ڕەنگە شارەکانمان لێ کاوڵ بکرێ بەڵام بە دروستی کۆمەڵە لەو کاتەدا بوو کە ڕاگەیاندنی “خەڵقی کورد در بوتەی ئازمایش”ی نووسی و خەڵکی لە بەرانبەر سپای داگیرکەرا رێکخست. جارێکی تر کۆمەڵە هەنگاوێکی تری نا و لێهاتووی و توانایی و دوورئەندیشی و وردبینی خۆی لە کۆمەڵگای کوردستانا لە بەرانبەر کۆماری ئیسلامیی نیشاندا. ئەوە بووە هۆی ئەوەی کە ساڵانێک ببات تا دەست بەسەر کوردستاندا بگرێ. خۆمان دەزانین لە بەرانبەر هێزێکی نایەکسانی سەربازیدا، گەلێکی زۆر لێکراو  و چەوساوە وەک کورد بە بێ هیچ ئیمکاناتێک، تەنیا بە هێزی مرۆیی توانی خۆڕاگری بکات لە بەرانبەر سوپایەکی تا دەندان موسەڵەح. ئەمانە نیشانی دا کە کۆمەڵە لە هەر کوێیەک هەیە، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی هەیە و کاری مەدەنی و ڕۆچوون لەناو کۆمەڵگا بوونی هەیە. هەر بۆیە موقاومەت لە بەرانبەر هێزی داگیرکەریشدا هەموو کوردستانی گرتەوە تازە هیچ تەوهومێک جێگەی نەبووەوە و سەرەڕای هێزی ناوخۆیی نیابەتی کۆماری ئیسلامیی و جەریانە دواکەوتووەکانیش دژایەتی کۆمەڵە و شۆڕشی خەڵکی کوردستانیشیان کرد، هێشتاکەش خەڵکی کوردستان و کۆمەڵە لەو مڵملانییەدا سەرکەوتن و بە سەربەرزی هاتنە دەر. هەر لەو ماوەیەدا کە کۆمەڵە بوونی خۆی وەک رێکخراویکی ئاشکرا ڕاگەیاند لەماوەیەکی کورتدا توشی شەڕ و پێکدادان و بەرەنگاری بوەوە. ڕێبەری ئەوکاتی کۆمەڵە سەرەڕای ڕێبەری و ڕێکخستنی خەڵک بەشێکی بەرچاوییان لە بەرەکانی شەڕ بوون هاوکات توانیان خواست و داواکارییەکانی خەڵکی کوردستان ڕوو بە کۆماری ئیسلامیی فورموڵە بکەن و خۆیان ئامادە بکەن تا لە هەموو زەرفیەتەکان بۆ بەرگری لە کوردستان کەڵک وەر بگرن. یەک لەوانە دانوستان بوو لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی کە کۆمەڵە هەوڵیدا بەرنامەی کۆمەڵە بۆ خودموختاری  وێڕای شەڕ و بەرگری  ئامادە بکات. هەر ئەوە بۆ خۆی نێوەڕۆکی خواستەکانی گەڵی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان گۆڕی. لەو کاتەوە ئیتر خواستی گەڵی کورد هەم بە نێوەڕۆکێکی یەکسانیخوازی هەم لەباری چینایەتییەوە تا ئەندازەیەک چووە پێش و کردی بە گوتاری زاڵ لە کوردستاندا.

پرسی کورد پرسێکی ڕاستەقینەی سیاسییە و داپڵۆسین و چەوسانەوەی خەڵکی کورد قدبووڵ نەدەکرا و زۆرینەی کوردیش کە هێشتا ئەو سەردەمە سەرمایەداری باڵی نەکێشابوو بە سەر ئێراندا، کۆمەڵە ئەو بابەتانەی لێکدایەوە و لەگەڵ خواستی رزگاری نەتەوەیی و وەستانەوە لە دژی سپای داگیرکەر،  خواستە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی تریشی هێنایە پێش. ئەگەر تا ئەودەم خەبات لە پاوانی پیاواندا بوو بە هاتنی کۆمەڵە ئەوە کۆتایی پێهات بە خۆشیەوە ئێستا ئیتر ژن بەشێکی حاشا هەڵنەگرە کە هیچ کەس ناتوانێ حاشای لێبکات. لە ٤٦ ساڵی ڕابردوودا بە هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامیی ژنان لە بەرەگەڵی بەرگری لە مەیدانگەڵ جۆراوجۆر و جیاوازدا لە ناو زیندانەکان، لە خەباتی مەدەنی، لە خەباتی پێشمەرگانە، لە هەموو ئەمانە بەشدار بوون بە ئەندازەی خۆشیان بگرە زیاتریش قوربانیان داوە.  بۆیە ئیتر حاشایان لێ ناکرێ و لە  شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بوو کە بەتەواوەتی بزووتنەوەی ژن لە کوردستانی رۆژهەڵات پێشەوە چوون یان هاوسانی خۆی بەتەواوی نیشاندا. کە تازه حاشا کردن لێی کۆتایی هات و کۆمەڵە جارێکی تر ئەگەرچی لە یەکەم ڕۆژی سەرهەڵدانییەوە هاوڕا و پشتیوانی ژنان بووە بۆ هاتنە مەیدان بەڵام  ئەو ئارەزووە و بەرنامەیە هاتە دی و مێخی کۆتایی لە تابووتی ئەندێشەی پیاو ساڵاری لە ناو سیاسییەکان و حیزبە سیاسییەکاندا داکوتا. بە هاتنی کۆمەڵە پلۆراریزمی سیاسیش لە کوردستاندا چەسپا، ئیتر هیچ ناوچەیەکی کوردستان و هیچ شێوە لە خەباتێک لەپاوانی هیچ حیزب و رێکخراوێکی سیاسیدا نیە و لەگەڵ هاتنی کۆمەڵە ئیتر زەحمەتکێشان، عارەق ڕشتن، بەزەحمەت نان دەرهاوردن، عەیب و عار نما. ئیتر نانی زەحمەت بوو بە نانی شەرافەت، بوو بەوەی کە ئەوەی بە رەنج و باهۆی خۆی نانی خۆی دەردێنێ و پەنا نابا بۆ داگیرکەران و بۆ دارا بوو بە شانازی. پێش ئەوە فەقیر بوون، هەژاربوون عەیبە بوو. هەڵبەتەکە هەژاری باش نییە، هەڵبەتەکە فەقیری و نەداری باش نییە و کۆمەڵە ئەو حیزبەیە کە خەبات دەکا بۆ نەمانی هەژاری، بۆ کورت کردنەوەی مەودای چینایەتی لە کوردستانادا. بەڵام ئەوە کۆمەڵە بوو کە بە بوونی خۆی شان و شکۆی بۆ هەژاران و بۆ ژنان لە کۆمەڵگای کوردستانا گێڕایەوە و ئەوە یەکێک لەو شانازیانە کە ئێمە دەکرێ هەردەم لەیادمان بێت.

بەڵام ئەم بەرنامەی خودموختارییە کە پێشوتر ئاماژەم پێکرد لە قۆناغێکدا ئیتر کۆمەڵە تێگەیشت  بە لەبەر چاو گرتنی بوونی نەتەوەکانی تر لە ئێران و بۆ ئەوەی کە ئەم ناوەندگەراییە لە ئێران تا ڕادەیەک لاواز کات و هاوبەش بۆ گەڵی کورد ببینێتەوە بەرنامەی فیدرالیزمی پەسەند کرد.   بەرنامە بۆ چارەسەری پرسی نەتەوەیی بوو بە فیدڕالیزم. ئێرانێکی فێدراتیو و کوردستانێکی فێدراڵ. ئەوە وای کرد بتوانین نەتەوەکانی تر بەشدار کەین تا تەنیا کورد نەبێ کە داوای مافی نەتەوایەتی خۆی دەکات. ئەمە لە کاتی خۆێدا کاریگەری و ڕۆڵێکی باشی هەبوو و توانی شوێندانەر بێ و کاریگەری خۆی دابنێ. 

تا ئەو جێگایەی لە بیرم بێ ئەگەر کۆمەڵە یەکەم حیزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەبووبێ کە ئەو بەرنامەیەی هاوردە ناو بەرنامەی سیاسی خۆیەوە بەڵام دەزانین سەرەکیترین حیزبی کوردستانە کە ئەمەی کردە بەرنامە بۆ خۆی. دواتر بە خۆشییەوە حیزبەکانی دیکەی کوردستانیش هەنگاویان نا و فیدرالیزم بوو بە بەرنامەی سیاسی، بوو بە خواستێکی گشتگیر لە کۆمەڵگای کوردستاندا.

ئێمە وەک کۆمەڵەی زەحمەتکێشان له شۆڕشی ژن ژیان ئازادیدا دوو پەیاممان وەرگرت؛ یەکەم ئەوەی کە لە سەردەمی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی کۆمەڵێک له پان ئیرانیستەکان، سێلبریتی و لایەنگرانی فەلاتی ئێران هاتن مەنشوورێکیان به نێو مەنشوور مەهسا یا پەیمانی جۆرج تاون هێنایە پێش و ئەمە ماهییەتی فیدرالیزمیشی دەرخست. دەرکەوت که فیدرالیزم بۆ ئەوانە، بۆ ئێرانییەکان، بۆ پاوەن خوازکان، بۆ پان‌ئێرانیستەکان تەنیا و تەنیا کایە کردنە بە وشە. بۆیه کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بیری لە ڕێگا چارەیەکی دیکە کردەوە. جگە لەوە  لە خۆپیشاندانەکان و لە شۆڕشی ژینادا هەموومان ئەوەمان بیست، دروشمی شوناس خوازی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە هەموو شارەکان دروشمی دژی داگیرکەری ئێرانی دووپات کرایەوە. کە وابوو داگیرکردنی کوردستان بۆ هەموو خەڵکی کوردستان ئێستە هەستپێکراوە کە کوردستان بە زۆری چەک داگیر کراوە. چووونە دەرەوەی بێ قەیدوشەرتی سپای داگیرکەر لە کوردستان جارێکی تر هاتۆتەوە سەر مێزی گفتووگۆی هەموو حیزبە سیاسییەکان و بۆ خەڵکی کوردستانیش. ئێمە ئەم پەیامەشمان لە تێکۆشەرانی سەر جادە و شەقام لە شۆڕشی ژینا وەرگرت. بۆیە هەوڵماندا هەم لە لایەک کایە و ریسوایی ئەو گرووپەی جۆرج تاون و پان ئێرانیستەکان، لەلایەکی دیکەوە داخوازی خەڵکی کوردستانمان بە هەند وەرگرین و هەوڵماندا لە دروشمی فێدراڵیزمیش تێپەڕین.

ئێمە لە دوا کۆنگرەی خۆماندا کە چەن مانگێکی تێپەڕاندووە بە خۆشیەوە خواستی دیاریکردنی مافی چارەنووسمان وەک وەڵامێک بە پرسی نەتەوەیی خستۆتە بەرنامەی سیاسی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانەوە. ئیتر ئێمە خەباتکار و تێکۆشەری ئەم ڕێگایەن کە هەوڵ بەین خەڵکی کوردستان زاڵ بێ بەسەر ئیرادەی خۆیدا و ڕای خۆی دەرببرێ. گشت‌پرسیی ئەو مافەیە کە مافی دیاریکردنی چارەنووس دیاری دەکا و خەڵکی کوردستان دێنێتە پای سەندووقەکانی دەنگدان  تا چارەنووسی سیاسی و حوکمرانی خۆیان دیاری بکەن.

 من دڵنیام وەک باقی خواستەکانی تر وەک باقی داواکاری و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان  کە کۆمەڵە فرمۆڵەی کرد و چووە ناو کۆمەڵگا و ڕەگ و ڕیشەی داکوتا و نەهادینە بۆوە، خواستی  دیاریکردنی چارەنووس لە ناو کۆمەڵگا بە دڵنیایەوە ڕیشە دادەکوتێ و کۆمەڵایەتی دەبێتەوە و لەشار و گوند و ماڵەکانی کوردستاندا بڵاو دەبێتەوە و تا ئێستەش هەنگاوی باشی ناوە. هەر ئێستە مامۆستایانی زانکۆ و نوخبەی سیاسی کورد، ئەوانەی کە چارەنووسی کوردیان بۆ گرینگە، ئەڵێن تەنیا چارەسەری پرسی نەتەوەیی، گەڕانەوە بۆ خەڵکە و مافی دیاریکردنی چارەنووسە. ئەگەر چی ئێمە چەن مانگێکە هەوڵمانداوە و بۆ بردنی بۆ ناو کۆمەڵگە بە چڕی کاری بۆدەکەین، وا دیارە تەشخیسی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان لە هەڵبژاردنی ئەو بەرنامە سیاسییە بۆ وەڵام بە پرسی نەتەوەیی زۆر دروست و لە جێی خۆێدایە؛ بۆیە دەڵێم گشتگیر دەبێتەوە. کۆمەڵە وەک حیزبێکی شوێندانەر لە هەر کوێیەک توانیبێتی جێگای خۆی بکاتەوە، ئەوە خواست و ویستی داخوازیانەی خەڵکە کە فورمۆڵەی کردووە و نەهادینەی کردووە لە کۆمەڵگای کوردستانا؛ دڵنیام ئەمش دەبێ. بەڵام گرنگتر لە هەمووی ئەمەیە کە ئێستە کۆماری ئیسلامیی لە چ بارودۆخێک دایە و ئەم بەرنامە سیاسییە دەتوانێ چ خزمەتێکی بزووتنەوەی شۆڕشگێرانە گەڵی کورد بکات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

هەمووتان ئاگادارن کە کۆماری ئیسلامیی سەرەڕای ئەوەی بە زاهیر خۆی وێنا دەکا کە تا دەندان موسەڵەحە و بە چەک و چۆڵی دوورهاوێژ و مووشەک و دڕوونی کارتۆنی خۆی وێنا دەکات؛ بەڵام ئێستا لە هەموو کات زیاتر لە ژیانی خۆی ڵاوازترە. خۆ تەجهیزاتی نیزامی بۆ بەڕێوەبەرانی وەڵاتێک هەموو شتێک نیە. بەڕێوەبەران و بەرپرسانی سیاسی و حاکمانی وڵاتێک ئەگەر کۆمەڵانی خەڵکیان لەگەڵ نەمێنێ هەموو ئیمکاناتێکیشیان هەبێ، کۆتایی تەمەنیانە. کۆماری ئیسلامیی بەوە گەیشتووە. هەمووتان دەزانن ئێستا لە ناوەوەی ئێران ئەو ئەرتەشە بیست میلۆنییەی لەگەڵ نەماوە کە بە چنگ و دندان دیفاعی لێبکات. ئەو هێزەی لەگەڵ نیە کە لە شەڕی ئێران و عێراقدا لەگەڵی بوو. ئەو هێزەی لەگەڵ نییە کە کوردستانی پێداگیر کرد.

ئێمە ئێستا بەهێزترنین، ئێستا شۆڕشی کوردستان لە پێشڕەوی خۆیدایە و بەرنامە سیاسییەکانی دەتوانێ بێنێتە پێش. مادام کە کۆماری ئیسلامیی هاوپەیمانانی لەدەست داوە لە سوریە ڕووخاوە، لە غەززە ئەوە چارەنووسیانە، لە جنووبی لوبنان هەموومان ئاگاداری چارەنووسی حیزبووڵڵاین،  لە یەمەن زەمینگیر بوون، لە عێراق خراپتر لە هەموو شوێن، خۆیانیان پاراستووە بەڵام زەمینگیر بوون و نووزەیەکیان لێ نایە و بە هیچ جۆرێک ناتوانن فریای کۆماری ئیسلامیی بکەون. ئەو شانازییەی کە پاش شەڕی ئێران و عێراق دەوڵەتی سازەندەگی  بە سەرکردایەتی رەفسەنجانی ڕایانگەیاند ئێمە شەڕ لە ماڵی خۆمان دەبەینە دەرەوە، ئەو ستراتیژیە ئیتر کۆتایی پێهاتووە و روخا. ئێستا شەڕ بەر دەرگای کاربەدەستانی ئێرانی گرتووە. شەڕ چۆتەوە ناوەوەی وڵات و ئێمە وەک کورد بەشێکین لەو شەڕە. دەبێ بیکەین و چارە نووسی خۆمانی پێ دیاری بکەین. کۆماری ئیسلامیی لەو باردۆخەی ئێستادایە کە کورد دەبێ خۆی پێ بەهێز بکات. ئێستا بەرنامەی “مافی دیاریکردنی چارەنووس” چەمکێکە هەموو حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەتوانن لە دەوری کۆببنەوە. ئاسانکارییەکە بۆ خودموختاریخواز، بۆ سەربەخۆییخواز، بۆ فیدراڵیخواز، بۆ هەموو کەس، هەموومان دەتوانین لەدەوری ئەو بەرنامەیە کۆبینەوە.

بۆیە کاتیەتی کە ئێمە حیزبە سیاسییەکان هەوڵ بەین هەرچی زووتر کە کۆماری ئیسلامیی لاواز بووە و ڕوو لە ڕووخانە و ئەستێرەی ڕوو لە ئاوا بوونە، ئێمە خۆری رزگاری خۆمان پێش خەین و شانی بدەینە ژێر و بە هێز و یەکگرتوویی خۆمان خەڵکی کوردستان لەم چەوسانەوەیە و لەم دەرد و ئازار و گرفتانە ڕزگار کەین. هاوڕێانی ئێمە تێکۆشەرانی تەشکیلاتی نهێنی لە هەموو شار و گوندەکانی کوردستان زۆر دەوری بەرچاویان گێڕا و یادی کۆمەڵەیان بەرز ڕاگرت. من هەر لێرەوە لە لایەن هەموو هاوڕێانی کومیتەی ناوەندییەوە دەسخۆشی لە هاوڕێانی کومیتەی تەشکیڵاتی نەهێنی دەکەم؛ هەم لێرە، لە ناو گوند و ناو شارەکان. ئەو پێشمەرگە نەناسراوانەی کە لە ناوەوە خەبات دەکەن و ئەمساڵ رۆژی کۆمەڵەیان زۆر بە باشی ڕێز لێگرت. دەستیان خۆش بێ  و ماندووش نەبن.

 ڕۆژی کۆمەڵە لە هەمووتان پیرۆز بێ، هیوادارم ساڵی داهاتوو رۆژی کۆمەڵە لە کوردستانی ئازاددا بگرین. هەربژین.