کوردستان و ڕۆژی کرێکار….!
ژیلەمۆ
١١ی مانگی گوڵان واتە یەکەمی مانگی مەی ڕۆژی جیهانیی کرێکارانە. ڕۆژێک کە هەر لە دوورترین شەقامەکان و پێتەختەکانی وڵاتان هەر لە شیکاگۆ تا واشێنگتۆن، لە لەندەن تا پاریس، لە ئێستۆکۆڵم تا بێرلین، لە رۆم تا تۆکیۆ تا تاران تا ئێرە کوردستان، کرێکاران بەیەک دەنگ هاوار دەکەن بژی دونیای بێ ستەم و چەوسانەوە، بژی دونیای بەختەوەری و حەسانەوە. رۆژی کڕیکاران لە ئەوەڵی مانگی مەیدا گرنگترین بۆنەی جیهانی لە سەردەمی شۆرشەکانی کڕێکاری تا ئێستا دایە. ئەم ڕۆژە مەزنە هەموو ساڵێک لە سەرتاسەری دنیادا لە لایەن بە ملیۆن کەس لە کرێکاران و بێبەشان و خەڵکی ئازادیخواز و یەکسانیخوازەوە ڕێزی لێدەگیرێ. لە ئێرانیش سوننەتی ڕێز گرتن لەم ڕۆژە پێشینەیەکی دەیانساڵەی هەیە. نزیکەی سێ دەیە دوای دیاری کرانی یەکی مەی وەک ڕۆژی جیهانیی کرێکار لە ئاستی دنیادا، واتە لە ساڵی ١٣٠١ ی هەتاوی کرێکاران بۆ یەکەم جار چوون بەرهو پێری ڕۆژی یەکی ئەیارەوەو بە خۆپیشاندان، ڕێپیوان و گوتاربێژی، ڕێزیان لەم ڕۆژە گرت. بە درێژایی هەموو ساڵەکانی دواتر کرێکاران چ لە دەورەکانی دیکتاتۆڕی پەهلەوی و چ لە دەورانی دهسهڵاتی کۆنەپەرستانەی ئیسلامیی و بەپێی فەزای سیاسی کۆمەڵگا، لە هەر جێگایەک دەرفەتێک ڕەخسابێت ئەو ڕۆژەیان زیندوو ڕاگرتووە و ڕێورەسمەکانی ڕۆژی هاوپشتی چینایەتی خۆیان لەگەڵ کرێکارانی دونیا، بە شێوەی جۆراوجۆر، بەڕیوەبردووە.
لە یەکەم مەڕاسمی ڕۆژی جیهانیی کرێکار دوای ڕووخانی ڕژیمی شا، واتا ١١ی مانگی گوڵانی ساڵی ١٣٥٨ لە تاران بە سەدان هەزار کەس لەم ڕۆژەدا هاتنە سەر شەقامەکان و هاوکات لە گشت شارەکانی ئێران شکۆدار ترین رێورەسمەکانی تایبەت بەم ڕۆژەیان بەرێوەبرد. لە ئاکامی هەوڵی چەندین ساڵەی هەڵسوڕاوان و ڕێبەرانی کرێکاریدا، ئێستا جەماوەرێکی بەرین لە کرێکاران و زەحمەتکێشان، لهگهڵ سوننەت و گرینگی پێگەی ئەم ڕۆژە ئاشنان. کرێکارانی وشیار و پێشرۆ کە دڵیان بۆ ڕزگاری خۆیان و هاوچینەکانیان لێدەدا، لە سهروبهندی ئەم ڕۆژەدا شێلگیرانە هەوڵ ئەدەن بۆ ڕێکخستن و کاری وشیارییدەرانەیان، ژمارەیەکی هەرچی زیاتر لە کریکاران و توێژی زەحمەتکێشی کۆمەڵگا هانبدەن بۆ بەشداری کردن لەرێورەسمی ڕۆژی جیهانیی کرێکاردا. کرێکارانی پێشرۆ و سۆسیالیست، هەموو ساڵێک بەر لە هاتنی ئەم ڕۆژە، لە پێوەندی لەگەڵ کرێکارانی شوێنی کار و ژیانیاندا، بەرنامە دادەنێن، پێوەندی دادەمەزرێنن، کاری وشیاری دەرانە دەکەن، قسەوباس دەکەن، بۆچوون دەردەبڕن، بڕیار ئەدەن، ڕەشنووسی بڕیارنامه ئامادە دەکەن و بەکورتی ئامادەکاری دەکەن تا بە هەر شێوەیەک بتوانن ڕیورەسمی ئەم ڕۆژە بەڕێوەبەرن.
ڕۆژی کرێکار لە کوردوستان…!
لە کوردستان، دەیان ساڵە ژینی سەوز بە ئالای ئەیار نەخشاوە….
لێرە شەیپووری کمۆن جیاوازتر لە هەرشۆنێک لێدەدرێ. لێرە مـــێژوو لوور دەخاوو دێ و دەڕوات و دەئاژوێ. لێرە پێش خۆرنشین تڕپەی دڵی کرێکار بۆ ژیان ڵێدەدات… لێرە لە کوردستان پێش ئەوەی کە خودایەک هەبێ کڕێکار هەر بووە و چەوساوە بووە، خەباتگیڕ بووە لەگەڵ دەردەکانی ڕاپەریوە، لێرە بەردی بناغەی ژین، بە شانو و باهۆی کرێکاری کورد چوونە سەریەک. لێرە شەبەقی ڕۆژهەڵات لە دلی کڕێکاری چەوساوەدا چەکەرە دەکا و بەهار بە تڕپەی دڵەکانی دەپشکوێ….!
لە کوردستان و لە ڕۆژی یەکی ئایاردا، لەسەر بەستێنی سوننەت و تێکۆشان و بە پشت بەستن بە ئەزموونیکی بە نرخ (هەلقوڵاوی بزووتنەوەی شۆڕشگێرانەی کوردستان) کرێکاران تێکۆشەر و یەکگرتووی خۆیان بە هێنانە گۆڕی هەنووکەییترین داخوازیەکانیان لە بەرانبەر دەسەڵاتی حاکمدا دێننە سەر شەقام. کرێکارانی کوردستان لەم ڕۆژەدا و لە بڕیارنامەکانی خۆێاندا جەخت لە سەر خواستی بردنەسەری حەقدەستەکان گونجاو لەگەڵ دابین بوونی ژیانێکی شیاوی ئینسانی، دابین بوونی بیمەی بێکاری، ئازادی دروست کردنی ڕێکخراوە کرێکارییەکان و ئازادیی زیندانیانی سیاسی وەک سەرەکیترین داخوازیەکانیان، دەکەنەوە.
كرێكاران و زەحمتکێشانی کوردستان كە قورسایی باری قەیرانی ئابووری ئێران بە سەر شانی ئەوانیشدا دەشكێتەوە و لە ژێر هێلی هەژاریدا ئەژین، ٤٦ ساڵە لەمەیدانە جۆراوجۆرەکانی خەبات و تێکۆشاندا بۆ ساتێکێش بەرانبەر ئەم رژیمە دژە بەشەرێیەدا هەدایان نەداوە. لە ماوەی ٤٦ ساڵ خەبات و خۆڕاگری لە کوردستان، گەلێک سوننەتی پێشڕەو و بەنرخ لەم کۆمەڵگایەدا چەسپاون و جێ کەوتوون. یەکێک لەو سوننەتانە، بەڕێوەچوونی مەڕاسمەکانی تایبەت بەڕۆژی جیهانی کرێکار لە زۆربەی شارەکانی کوردستانن. لەم ڕێوڕەسمانەدا کرێکاران بەردەوام ویست و داخوازییەکانیان بە دەرکردنی بڕیارنامە ڕاگەیاندوە، لەدژی بێ مافی و چەوسانەوە و ستەم لە لایەن خاوەنکاران و سەرمایەدارانەوە قسە و باسیان کردوە و لەسەر مافی بەرپا کردنی رێكخراوی سەربەخۆی کرێکاری و لەسەر پێویستی ڕێکخراو بوونی کرێکاران جەختیان کردوەتەوە.
چەند نمونەیەک لەم سوننەتە موبارزاتی و چینایەتیانە بریتین لە:
یەکێک لەم نموونانە کە لە کەش و هەوایەکی بەتەواوەتی نیزامی و جەنگی، لە ئاستێکی چکۆلە بەڵام لەبیر نەکراودا بەرێوە چوو، هەوڵی کرێکارانی پێشڕەوی مهاباد لە ساڵی ١٣٦٢ دا بوو کە وێرای سەرکوت و خەفەقان و دەرد و ئازارەکانی تایبەت بە شەڕی حکوومەتەکانی ئێران و عێڕاق، بە شکۆیەکی تایبەتەوە رێورەسمی خۆیان بە بۆنەی ئەوەڵی مانگی مەی بەرێوە برد. لەو ساڵەدا و لەو کەش هەوا تایبەتەدا کە بە بۆنەی شەڕ هاتبووە کایەوە، ژمارەیەک لە کرێکارانی پێشڕەوی مهاباد، بڕیاریاندا تا ساڵیادی یەکی مانگی مەی بە هەر شێوەیەک کە دەتوانن بەڕێوەبەرن. لەگەڵ ئەوەیکە فەزای جەنگی ئیجازەی پێنەدەدان تا مەڕاسمێکی گەورە بەرپا بکەن، بەڵام ئەم حەرەکەتە سەرەتاییە لەو ساڵانەی گوشار و خەفەقان وسەرکوتدا، دەور و نەخشێکی گەلێک جیدی لە زیندو ڕاگرتنی ئەم سوننەتە کرێکاریەدا هەبوو کە تا بە ئەمرۆش لەبیرو زەیین ناچێتەوە. نمونەیەکی تری ئەم مەڕاسمە شکۆدارانەی ئەوەڵی مانگی مەی لە کوردستان، بەڕێوەچوونی ئەوەڵی مانگی مەی ساڵی ١٣٦٦هەتاوی لەشاری سنەیە. لەم ساڵەدا لەگەڵ ئەوەی کۆماری ئیسلامیی لە ماوەیەک پێشترەوە خۆی بۆ بەرەنگار بوونەوەی کۆبونەوەی کرێکاری ئامادە کردبوو وە بە بەسیج کردنی هێزە سەرکوتەگەرەکان و وەڕێخستنی تەبلیغاتی جەنگی، کۆنترۆڵ کردنی شەقامەکان، گەمارۆدانی گەڕەکە کرێکاریەکان و پشکنینی بەدەنی بەرین هاتبووە مەیدان و لەپێشدا ڕایگەیاندبوو کە هیچ مەڕاسمێکی سەربەخۆ نابێ بەڕێوەبچێت، بەڵام لە ڕۆژێک بەر لە یەکی مەیەوە، کرێکاران و زەحمەتکێشانی شاری سنە دەست بەکار بوون و بانگەوازی بەڕێوەچوونی مەڕاسمەکانی ئەم ڕۆژەیان لە گەڕەکە کرێکاریەکاندا بە شێوەیەکی بەرین بڵاو کردبۆوە و سەرئەنجام چەندین ڕیورەسمیان لەنێو کریکارانی بەشەجۆراوجۆرەکانی لەوشارەدا بەرپا کرد.
لە مەڕاسمی پاساژی عیزەتیدا لە شاری سنە کە دوو هەزار ژن و پیاوی تێدا بهشداربوون، ڕێورەسمەکە بە دەقیقەیەک بێدەنگی بۆ یادی گیان بەختکردوانی ڕێگای سوسیالیزم دەستی پێکرد. دواتر یەکێک لە کرێکارەکان سەبارەت بە پێویستی دروست کردنی رێكخراوی کرێکاری و بەشداری کردنی ژنان لە گشت کاروبارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا قسەی کرد. چەند کرێکارێکی تر سەبارەت بە مێژووی ئەوەڵی مانگی مەی، پێویستی کەم کرانەوەی ساعاتی کار، بیمەی بێکاری، زیاد کرانی حەقدەستەکان و کۆتایی هاتن بە گوشارەکانی شەڕ قسەیان کرد. لە ماوەی ئەم بەرنامەیەدا هەروەها چەندین سرود و گۆرانی وتران و شانۆگەریەکی کرێکاریش ئیجرا کرا. لە حاڵێكدا کە دروشمەکانی ئەوەڵی مانگی سالۆنەکەی خستبوە لەرزە، بڕیارنامەی ١٧ مادەیی کرێکارانی سنە لە لایەن بەشدار بوانەوە پەسند کرا. بریارنامەی ئەوەڵی مانگی مەی ساڵی ١٣٦٦ی کرێکارانی شاری سنە، وێڕای داواکاری بەڕەسمیەت ناسرانی ڕۆژی کرێکار و تەعتیل بوونی کار لەم ڕۆژەدا، داواکاری مافی رێكخراو و مانگرتن، ٤٠ کاتژمێر کار لە حەفتەدا، حەقدەستی گونجاو لەگەڵ بەرز بوونەوەی تەوەڕوم، قەدەغە بوونی کاری منداڵانی ژێر ١٨ ساڵ، ئاوڕ دانەوەی جیدی لە ژنانی کرێکار و چەند داواکاریەکی دیكهی له خۆ گرتبوو.
نمونەیەکی تر لەو مەڕاسمە شکۆدار و ڕەزمەندانەی کە لە مێژووی خەباتی چینایهتی کڕێکارانی ئێران بە شێوەیەکی تایبەت بەرچاوە و تۆمار کراوە، بەڕیوەچوونی ئەوەڵی مانگی مەی ساڵی ١٣٦٨ ههر له شاری سنەیە. لەم ڕۆژەدا کۆبونەوەیەکی گەورە لە کرێکاران لە سالۆنی وەرزشی تەختی سنە بەڕێوەچوو.
مەڕاسمەکە بە سرودی ئەنترناسیوناڵ دەستی پێکرد و بە سوخەنڕانی پڕ ههست و ئاگرینی کرێکاری گیانبەخت کردوو کاک” جەماڵ چراغ وەیسی” درێژەی پێدرا… گیانبەختکردوو “جەمال چراغ وەیسی” لە قسەوباسەکانیدا، وێرای روونکردنەوەی باردۆخی مهیهنهتباری ژیان و بەڕێچوونی کرێکاران و زەحمەتکێشان، لەسەر پێویستی یهكگرتووی و هاپشتی و پێویستیی پێکهاتنی رێكخراوه کرێکاریەکان و پتەو کردنی ڕیزی خەبات لەدژی نیزامی سەرمایەداری و بارودۆخی نا یەکسانی زاڵ لە کۆمەڵگادا جەختی کردەوە. ئەم مەڕاسمە شکۆدارە و مەڕاسمی ساڵەکانی دواتر لە شارەکانی کوردستان، بەشێوەیەک ڕیکخراو و بە ئامادەکاری تایبەتەوە بەڕێوەچوون کە لەگەڵ تێپەڕبوونی هەر ساڵێک سوننەتێکی نوێ بە سوننهت و ئهزموونهكانی ڕابردوەوە زیاد دهبوون.
مەڕاسمی سەربەخۆی ئەوەڵی مەی لە شاری سەقز لە ساڵی ١٣٨٣، لە بارودۆخێکدا بەڕێوەچوو کە بزوتنەوەی کرێکاری ئێران زیاتر پەرەی سندبوو. لەوە بەدواوە وێڕای توند بوونەوەی گوشارە پۆلیسیەکان، وێڕای ترس و گیران، زیندانی کردن و ئەشکەنجەی کرێکارانی پێشڕەو و چالاکانی کرێکاری، کرێکاران لە دەرخستنی ریزی چینایەتی خۆیان باوەڕ بوخۆیی زیاتریان بەدەست هێنا.
پاش ئهم ئهزموونانه، کرێکاران هەموو ساڵێک بە شوور و شهوقی زیاترەوە بهرهو پێشوازی ڕۆژی جیهانی خۆیانەوە ڕۆشتوون. بە بەڕێوەبردنی ئاشکرای رێورەسمی سەربەخۆی یەکی مانگی مەی، لە شکڵ و شێوەی جۆراو جۆر و شوێن و مەکانی جیادا، شێلگیرانە پشتیوانیان لە مافی خۆیان بۆ بەڕێوەبردنی کۆبوونەوە و بەڕێوەبردنی سەربەخۆیانەی ڕێوڕەسمی ئەوەڵی مانگی مەی ڕۆژی جیهانی کرێکار کردووە. ئاڵای خەباتی سەربەخۆی کرێکاری خۆیان بهرزكردووهتهوه و داخوازی ئابووری و سیاسی خۆیان ڕاگەیاندووە و لەسەر خواستە چینایەتیەکانیان پێداگرییان کردوە تا سوننەتی بەڕێوەچوونی مەڕاسمە سەربەخۆ و ئاشکراکان لە شارەکاندا زیاتر جێبکەون.
ئێستا جەماوەرێکی بەرین لە کرێکاران و زەحمتکێشانی کوردوستان لە سەر ئەساسی وەها ئەزموون و تێکۆشانێک لەگەڵ ئەم سوننەتە ئاشنان و گرینگی و پێگەی ئەم ڕۆژە بە چاکی دەناسن. لەم نێوانەدا کرێکارانی وشیار و پێشڕەو کە دڵیان لە گرەوی ڕزگار بوونی خۆیان و هاوچینانەکانیان دایە دەزانن کە چلۆن ئەسبابی ئاسودە بوونی خەیاڵی خوازیارانی بەشداری کردن لە رێورەسمەکانی تایبەت بە ڕۆژی کریکار دا جێبەجێ کەن.
بۆ کریکارانی کوردستان ئەم ڕۆژە، ڕۆژی وەبیر هێنانەوەی سوننەتێکی چینایەتییە، لە رووداوێکی گرنگی مێژوویی و ڕۆژی ڕاگەیاندنی هاوپشتی لەگەڵ کرێکاران دنیا و ڕۆژی بەرپا کردنی شادمانی و جێژن گرتنە و ڕۆژی ڕیزگرتنە لە سوننەتێکی کرێکاری و ڕۆژی وەبیر هێنانەوەی سەرکەوتنەکانی تائێستای کرێکاران و ڕۆژی هێنانەگۆڕی خواست و داواکاریەکان و جەخت کردنەوە لە بڕیارنامەکانی ئەم ڕۆژەیە.
ئەگەرچی کۆماری ئیسلامیی بە هەر ڕادەیەک لە بزوتنەی کرێکاران و هەوڵدانیان بۆ هاوپشتی و بە یەکەوە تێکۆشانیان هەستیارە و هێندێک هەڕەشەش دەکات و کۆمەڵێک کۆسپیش ساز دەکا، بەڵام ئەزمونەکانی ساڵانی ڕابردوو بۆ کرێکارانی دەرخستووە کە هەڕەشەکانی ڕژیم لە بەرانبەر ئیرادەی یەکگرتووانە و رێکخراوی کرێکاراندا کاراییەکی ئەوتۆی نییە. سەرجەم ئەزموونەکانی تا ئێستا سەلماندوویانە کە سەرەڕای ئەوەیکە کۆماری ئیسلامیی مافی رێکخراوبوونی سەربەخۆ و کۆبونەوە و ناڕەزایەتی زەوت کردووە، بەڵام بە شێوەی ڕەسمی، هەم پشووی ڕۆژی جیهانی کرێکار و هەم ئەنجامدانی ڕێپێوانی قەبووڵ کردووە. لەم ڕووەوە لە بەرانبەر ئیرادەی یەکگرتوانە و ڕیزی ڕێکخراوی کرێکاراندا کارێکی بۆ ناکرێت و ناچارە بوون و بەشداری کرێکارانی یەکگرتوو لە مەڕاسمەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکاردا قەبوڵ بکات.
ئەوەڵی مانگی مەی نەتەنیا ڕۆژی شادییە، بەڵکو لە هەمانحاڵدا ڕۆژی وەبیر هێنانەوەی دەرد و ئازارە هاوبەشەکان و ڕۆژی دۆزینەوەی ڕێگای چارەسەر کردنیشیانە. ئەم ڕۆژە، نەک هەر ڕۆژی ڕیزگرتنە لە سوننەتێکی مێژوویی کرێکاری، ڕۆژی بڕیاردان و پەیمان بەستنیشە. ڕۆژی پەیمان نوێکردنەوەیە بۆ یەکگرتووی و یەکریزی زیاتر، هاوپشتی زیاتر، خەباتێکی هەمەلایەنە ترو دەستەبەر کردنی دەستکەوتی زیاتریشە.
ئەمرۆ ژیان و گوزەرانی کرێکارانی فەسڵی کە لەبەر نەبوونی کار روو لە شارە گەورەکانی تری ئێران دەکەن، لە باشیدا نییە . کرێکارانی کوورەخانەکان ، هەر وا لە مافی خۆێان بێ بەشن و لە ژێر باری کاری تاقەت پرۆکیندا پشتیان دەچەمێتەوە و بەداخەوە بە حەقدەستێکی کەم خەریکی کارو کۆێرەوەرین. لە ناو خۆی کوردوستانیش بە پێی ئاخرین زانیارییەکان، کوردوستان لە ژێر شەپۆلی بێکاری دایە و شاری سنەو کرمانشان ساڵی ڕابردوو بەرزترین ریژەی بێکاریان لە هەموو ئیراندا تۆمار کردووە. پاش سنە و کرماشان ،شارەکانی تری کوردستانیش لەگەڵ شەپۆڵی بێکاری رووبەروو بوون.
بە داخەوە سەرباری هەموو ئەم کێشانە ههڵاواردن و ستهمی نهتهوایهتی زیاتر له ههمیشه له ژیانی ئابووری و نان و مهعیشهتی ڕۆژانهی خهڵك دا رهنگی داوهتهوه. كۆماری ئیسلامیی تهنانهت له ژێر بهرقی سهرهنێزهی هێزه چهكدارهكان و سوپای پاسدارانیشدا ئاماده نییه لهم ناوچهیهدا سهرمایهگوزاری درێژماوه بكات. خزمهتگوزاری گشتی له نزمترین ئاستی خۆیدایه و كهمترین رێژهیداهاتی گشتی بۆ بیهداشت و بیمه كۆمهڵایهتیهكان لهکوردستان تهرخان دهكرێت. ڕێژهی نهخوێندهواری لهكوردستان ههروا له چاو شوێنهكانی دیكهی ئێران له بەرزترین ئاستی خۆیدایه.
دهیان ههزار له لاوانی بێكار له كوردستان روویان كردۆته پیشەی سەختی كۆڵبهری لهسهر سنوورهكان. رێگای هاتوچۆی كۆڵبهرانی زهحمهتكێش كه تهنیا سهرچاوهی بهڕێچوونیان ههڵگرتنی كۆڵێكه كه لهم دیوی سنوورەکان بۆ ئهودیوی دهیگۆازنهوه، مینڕێژ كراوه و ڕۆژانه دهدرێنه بهر رێژنهی گولله و ساڵانه دهیان كهسیان گیان لهدهست دهدهن و سهدان كهسیان كهم ئهندام دهبن.
لە یەکسالی ڕابردوودا لانیکەم ٧١٢ حاڵەتی پێشێلکاری مافەکانی کرێکاران لە کوردستان تۆمار کراون. لەو رێژەیە ٦٩ کرێکار بە هۆی ڕووداوی شۆینی کارەوە گیانیان لەدەسداوە کە تەمنی یەکێکیان ژێر ١٨ ساڵ بووە. لە ساڵی ١٤٠٣دا، بە کۆی گشتی ١٨٣ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم، ڕنوو و سەرما، کەوتنەسەر مین، کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزایی و ڕووداوی دیکە کوژران و بریندار بوون.
به پێی ئاماره ڕهسمییهكان، ڕووداوهكانی شوێنی كار له ماوهی ٦ مانگی یهكهمی ئهمساڵدا لەچاو ساڵی ڕابردوو، نزیك به ١٠ لهسهد زیادی كردووه. ئهوهش له حاڵێك دایه كه ههر لهو ماوهیهدا، ژمارهیهكی زیاتر له كارگه و ناوهندهكانی بهرههمهێنان داخروان و كرێكاران، ١٠ لهسهد زیاتر بێكار بوون.
شکۆداربێ یەکی ئەیار ڕۆژی جیهانیی هاوپشتیی چینی کرێکار