کوردستان، ٤٦ ساڵ خەبات وخۆڕاگری…!

0

عەزیز ئاجیکەند

١٢ی خاکەڵێوەی ئەمساڵ ٤٦ساڵ بەسەر دەسەڵاتی کۆنەپەرستانەی کۆماری ئیسلامیی بەسەر وڵاتی ئێراندا تێپەر دەبێ. ئەمڕۆژانە ٤٦ساڵ بە سەر ئەو رۆژە ڕەشەدا تێپەڕ دەبێ کە دەستبەسەرگرانی شۆڕشی خەڵکی ئێران بە ڕێبەری جەلادێکی ڵە چەشنی خومەینی، لە شانۆگەریێکی قێزەوندا بە ناوی “گشت پرسی لە خەڵکی ئێران” دواکەوتوویی و سەرکوت و ڕۆژڕەشیان بەسەر ئێراندا داسەپاند.

رۆژی ١٢ی خاکەلێوەی ٥٨، لە حاڵێکدا کە جەماوەری خەڵک بەتەواوی ناوەڕۆکی بیروباوەری کۆنەپەرستانە و ئامانجی قیزەونی داگیرکەرانی شۆڕشیان نەناسیبوو، دارودەستەی خومەینی بە دروشمی”ڕاپرسی” هاتنە مەیدان تا خەڵک ناچار بکەن کە لە نێوان دوو دەنگی”ئەرێ یا نا” یەکێکیان هەڵبژێرن و بە بەشداری کردن لەم “ڕاپرسی”یه‌دا دەنگی ئەرێ بدەن بە نیزامی کۆماری ئیسلامیی.

 کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی و لە سەرەوەی هەموویان جەلادێکی وەک خومەینی بۆ بەڕێوەبردنی ئەم شانۆگەریە زۆر بە پەلە بوون. لەبەر ئەوەی  ئەوان بە باشی دەیانزانی ئەگەر خەڵک دەرفەتی هەبێت بە چاوی کراوە سەبارەت بە ناوەڕۆکی حکومەتی ئیسلامیی داوەری بکات، ئاکامی ڕاپرسییەکە ئەو جۆرە نابێت کە ئەوان مەبەست و ئامانجیان بوو.

کاربەدەستانی تازە بەدەسەڵات گەیشتووی بەهرەمەند لە ئیمکاناتێک کە دەستیان کەوتبوو و بە کەڵک وەرگرتن لەو تریبونانەی کە لە ئیختیاریاندا بوو و بە پشت بەستن بە سوننەتە مەزهەبیەکانی باو لەنێو خەڵکدا، ئاکامی بەناو راپرسیەکەیان بە قازانج و بەناوی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاگەیاند و بەمجۆرە  کۆماری ئیسلامیی ڵە دایک بوو و لەو ڕۆژە بەدواوە زۆر بێشەرمانە دەسەڵاتی سەرەڕۆیانەی خۆیان سەقامگیر کەرد و پەرەپێدا.

١٢ی خاکەلێوە، لەراستیدا وەبیرهێنەرەوەی یەکەم رۆژەکانی رەت کرانەوەی مافی هەڵبژاردن لە دیاری کردنی مافی چارەی خۆنوسین و یەکەم رۆژی سەقامگیر بوونی دەسەڵاتی جەهل و خورافە و یەکەم رۆژی شکڵ گرتنی دەسەڵاتێکە کە هەم کۆنەپەرستانە و هەم سەرەڕۆیانەیە. کوردستان هەر لە یەکەمین رۆژەکانی بەدەسەڵات گەیشتنی کۆماری ئیسلامیی بوو بەمیدانی خەباتی ململانێی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز. ستراتژی کۆماری ئیسلامیی بۆ ئەستاندنەوەی دەستکەوتەکانی ڕاپەڕینی ٥٧ لە کوردستان و هەروەها دوای هەڵوێستی شۆڕشگێڕانەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ڵە ڕاپرسی ١٢ی خاکەلێوەدا، ئەوە بوو کە دەس بداتە هێرشێکی هەمەلایەنەی نیزامی بە دژی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان. بەڵام ئامانجی رژیم تەنیا زاڵ بوونی نیزامی بەسەر جوغڕافیای کوردستانیش نەبوو. بەڵکو زاڵ بوونیش بوو بەسەر ئیرادەی شۆڕشگێڕانەیاندا لە رێگای پەرەدان بە خورافە پەرستیەوە. ڕژیم هاوتەریب لەگەڵ داگیرکردنی نیزامی کوردستان بۆ گەیشتن بەم ئامانجەی هێرشێکی فەرهەنگی رێکخراویشی داڕشت و هەنگاو بە هەنگاو خستیە بواری جێبەجێ کردنەوە.

بەهاری ئەمساڵ ٤٦ ساڵ بەسەر خۆڕاگری خەڵکی کوردستان تێپەري دەبێ . هێماکانی ئەم خۆڕاگریە بە تایبەتی لە شۆڕشی ژینا و دەسکەوتەکانی ئەم شۆڕشە و هەروەها لە بەڕیوەچوونی مەڕاسمەکانی نەورۆزی ئەمساڵ و لە مانگرتنە یەک لەدوای یەکەکانی جەماوەری شۆڕشگێڕی کوردستاندا لەماوەی سەرهەڵدانی شۆرشی ژینادا، خۆی دەنوێنێ.

ئەمڕۆ خەڵکی کوردستان داواکاری ڕوخاندنی ئەم رژیمەن و لەخەباتی رۆژانەی خۆیاندا لەهەوڵی خولقاندنی بوارەکانی  شۆڕشێکن کە کۆتایی بە عومری پڕ لە جینایەتی دەوڵەتێک بینن کە ٤٦ ساڵە ژیانی لێکردون بە دۆزەخ.

خەڵکی زەحمەتکێش و ژنانی زۆرلێکراوی کوردستان، هێزی سەرەکی بەرەو پێش بردنی خەبات بۆ کۆتایی هێنان بە ستەمگەری نەتەوایەتین. کۆمەڵگای کوردستان دوای شۆڕشی ژینا، قۆناغێکی دیکەی لە شۆرش و خەبات و تێکۆشان تاقی کردەوە کە تێدا سەرکەوتوو بوو و گەلێک دەسکەوتی بەنرخیشی بەدەست هێنا. گەلێک مەجال و دەرفەتی خوڵقاند تا هێزێکی وشیار بە بیرێکی ئەمرۆیی بێتە مەیدان. ئەمڕۆ کۆمەڵگای کوردستان بە کردەوە نیشانی داوە کە دەتوانێ یەکگرتووتر بێ و وشیارتر لە جاران بەرەو کۆتایی هێنان بە  ژێردەستەیی و ستەمی نەتەوایەتی هەنگاو بنێ.

زۆر بە کورتی دەتوانین بڵێن کە دوای ٤٦ ساڵ کۆماری ئیسلامی زیاتر لە هەر ڕۆژێک ڕەوایی خۆی لای خەڵک لەدەستداوە و بنەما بێ ناوەڕۆکەکانی هەتا دێت لاوازتر و لاوازتر دەبێ.

٤٦ ساڵ لەمەوبەر خەڵکی کوردستان بەدروستی و لە هەڵوێستێکی ژیرانەدا، بەکۆماری ئیسلامیان وت نا. ئەگەر ئەو کات تەواوی ئێران گوێیان لە دەنگی بەرزی “نا”ی کوردستان گرتبایە و وەها هەڵوێستێکیان لە خۆیان نیشاندابایە، کۆماری ئیسلامیی دەمێک بوو لە گۆر نێردابوو. دوایی ٤٦ ساڵ کۆماری ئیسلامیی گەیشتووەتە ئاستێک کە تەنانەت خۆشیان دەزانن تەمنی دەسەڵاتیان ڕوو لە ئاوا بوونە.

لە ڕۆژی دامەزرانی حکومەتی جەنایەت، خەڵەتاندن و وێرانی کۆماری ئیسلامیدا جێی خۆیەتی ڕێز لە یادی ئەو ژن و پیاوە ئازادیخوازانە بگرین، کە گیانی خۆیان پێشکەش بە ئازادی کۆمەڵانی خەڵک کرد.

بژی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان

مــــەرگ و نەمان بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *