کاری ناوماڵ و پرسی یەکسانی

✍ئەسعەد دوروودی

یەکێک لە باسە سەرەکییەکانی ئەمڕۆی خەباتکارانی ڕێگەی یەکسانی، باسی کاری بێحەقدەستی ناو ماڵ و باری قورسی ئەو ئەرکە لە سەر ژنانە. لە خانەوادەی سوننەتیدا کە ژنان ئەرکی کاری ناوماڵ و بەخێوکردنی منداڵان و ئاگالێبوون لە بەساڵاچوانیان لە سەر شان بوو و پیاوان لە دەرەوە کاریان دەکرد، ژنان کارێکی بێحەقدەستیان دەکرد و لە باری ئابوورییەوە لە ژێر دەسەڵاتی پیاواندا بوون و سەربەخۆ نەبوون. ئەوە باسێکە کە لە بەشێک لە جیهاندا ئیستاش هەیە و ژمارەیەک لە ژنان هێشتا کاری بێحەقدەستی ماڵەوە لەسەرشانیانە و ئەوە وەکوو بەشێکی گرینگی چەوسانەوە و بێمافیی ژنان ڕێگری سەربەخۆیی و ڕزگاربوونی ژنان لە کۆتوبەندی دەست و پێیانە.

باسی خانەوادەکانی ئەمڕۆ کە تێیاندا هەم ژنان و هەم پیاوان کار دەکەن بەڵام هێشتا تا ڕادەیەکی زۆر کاری بێحەقدەستی ناوماڵ بە ئەرکی ژنان دادەنرێ و کەسانی خاوەنی ڕوانینی پیاوسالارانە زۆربەی جار کارکردنی پیاوان وەکوو یارمەتیدانی ژنان دەبینن، باسێکی جیاوازە و هەندێک گرفت و دۆخی تایبەت لەگەڵ خۆی دێنێ. تەنانەت لەو خانەوادانەش کە دابەشکردنی ئەرک و کاری ناوماڵ تا ڕادەیەکی زۆر یەکسانە هێشتا ئەو کارانەی بە شێوەی سوننەتی دەخرێنە ئەستۆی ژنان، کات و هێزێکی فیکریی زیاتریان دەوێ و ماندووبوونێکی زیاتر لەگەڵ خۆیان دێنن. بۆ نموونە لە زۆربەی ماڵەکاندا دانانی بەرنامەی ژیانی خانەوادەکە و کارە پێویستە ڕۆژانەکان و چۆنیەتی جێبەجێبوونیان ئەرکی ژنانە. هاوئاهەنگی کردن بۆ دیدار و سەردانەکان، دانانی پلانی دەرس خوێندن و کاری خوێندنگەی منداڵان و جەژنی لەدایکبوون و بۆنەکانی دیکە، ئامادەکردنی لیستی پێداویستییەکانی خۆراک و ژیان و ئاگالێبوون لەوەی لە ماڵەوە چی هەیە و پێویستە چی بکڕدرێ، ئاگادار بوونی جلوبەرگی منداڵان و پێداویستییەکانیانی دیکەیان و چەندین نموونەی دیکە ئەو شتانەن کە وادێتە بەرچاو کە کات و هێزێکی وایان ناوێ بەڵام لە باری فیکری و مێشکییەوە هێزێکی زۆریان دەوێ و ژنان زۆر ماندوو دەکەن.

تەنانەت لە کۆمەڵگا پێشکەوتووەکانی جیهانیشدا کە ژنان تا ڕادەیەکی بەرچاو خاوەن مافەکانی خۆیانن و یاساکان وا داڕێژراون کە ڕێگە بە ژیانێکی یەکسان و مرۆڤانی دەدەن هێشتا هێزی کولتووری پیاوسالار لە یاسایەک کە مەیلی زیاتر بەرەو یەکسانییە زیاترە. لەوێش دەبینرێ کە ژنان وێڕای کاری دەرەوە زیاتر ئەرکی منداڵان و کاری ماڵیان لە ئەستۆیە. ژنان زۆربەی جار زیاترین بەشی پشووی دایک و باوکایەتی وەردەگرن و پاش ئەوەش کە منداڵان لە باخچەی ساوایان دادەنرێن زۆربەی کات ژنان کە یان ساعەتی کارەکانیان کەم دەکەنەوە بۆ ئەوەی کە فریای کاری ناو ماڵ و بەخێوکردنی منداڵان بکەون یان کارهایەک هەڵدەبژێرن کە زیاتر ڕێگەیان پێدەدا کە ئەرکی ناو ماڵیش هاوکات بەڕێوەبەرن.

ئەم دابەشکرانە نایەکسانەی ئەرک و کاری ناو ماڵ و بەخێوکردنی منداڵ کاریگەریی خراپی لەسەر باری تەندوروستی ژنان دەبێ و زۆربەی جار سترێس و گوشارێکی زیادییە کە ژنان دەبێ بەشی هەرەگەورەی بگرنە ئەستۆ و لە بەرانبەردا هیچ پاداشت یان حەقدەستێکی زیادیشیان نییە و تەنانەت دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی داهاتیان و سەربەخۆیی ئابوورییان دەخاتە مەترسییەوە. سەربەخۆیی ئابووری کە سەرەکیترین فاکتۆرە لە سەربزێوی ژناندا و دەوری سەرەکیی هەیە لە ئازادبوون و بەهرەمەندبوونیان لە مافەکانیان جارێکی دیکە لە ڕێگەی ئەم دابەشبوونە نایەکسانەوە دەکەوێتە مەترسییەوە.

لەو ئەو خانەوادانەدا کە منداڵیان هەیە و هەر دوو کەسەکە کار دەکەن ئەگەر خانەوادەکە لە ژنێک و پیاوێک پێکهاتبێ، زۆربەی کات ژنانن کە لە کاتی نەخۆش بوونی منداڵاندا واز لە کارەکەیان دێنن و ئەرکی ئاگاداریی منداڵە دەگرنە ئەستۆ. شەونەخوونی و ماندوویەتیی ئەو ئەرکە قورسە هاوکات لەگەڵ نیگەرانیی و دڵەڕاوکێی ئاسایی ئەوان بۆ تەندورووستیی منداڵەکان لە درێژماوەدا دەبێتە هۆکارێکی دیکە کە هەڕەشە لە تەندورووستیی ئەو ژنانە دەکا.

لە کاتی پشووە گەورەکاندا وەکوو جەژنی سەری ساڵ و جەژن و بۆنەکانی دیکەش دیسان پلان دانان بۆ چۆنیەتیی دیتنی خەڵک و میوانی و میوانداری، نووسینی لیستی پێداویستییەکانی ئەو بۆنانە و دانانی بەرنامەی دورستکردنی خۆراک و هەروەها بەشی هەرەزۆری کاری پاکوخاوێنی پێش و پاش میوانییەکان دەکەوێتە ئەستۆی ژنان. لە کاتی میوانییەکانیشدا زۆربەی جار ژنان کە دەبێ هاوکات لەگەڵ ئەو هەموو ئەرکەی دیکە ئاگایان لە منداڵەکان بێ.

بە گشتی کاری ناوماڵ، بەخێوکردنی منداڵ و زۆرجار ئاگالێبوون لە بەساڵاچووەکان لە ناو ئەو جۆرە خانەوادەیەدا کە بە شێوەی سوننەتی لە ژنێک و پیاوێک و منداەکانیان پێکهاتووە، لە نێوان ژن و پیاودا بە یەکسانی دابەش نابێ. ئەم دابەشبوونە نایەکسانە جۆرێک لە مافخواران و ستەم لە سەر ژنانە، ئەو ستەمە لە ڕێگەی مێدیا و یاسا و پەروەردەی پیاوسالارانەوە نۆرماڵیزە کراوە و وەکوو شتێکی “ئاسایی” لە قەڵەم دەدرێ. لە ڕوانگەیەکی یەکسانیخوازانەوە ئەو دابەشکردنە ئاسایی نییە و دەبێ هەڵبوەشێتەوە و دابەشکردنی کار لەسەر بنەمافی مافی یەکسانی هەردوولا جێگەی بگرێتەوە.