ژنی کورد شاژنی ناو شێعرەکانە….!

ژنی کورد نیگارکێش: لوقمان ئەحمەد
بەیان فەڕشی
کێشە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگای کوردەواری سەرچاوەی جیاوازی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسیان هەیە، هەندێ لە سەرچاوە کۆمەڵایەتییەکان بریتین لە: داگیرکراوی، لە نەزانیدا هێشتنەوە، نەڕەخسانی دەرفەتی خوێندەواربوون، دابونەریتی چەوت، خۆنەناسین، قەتیس مانەوە لەناو چوارچێوەی تەنگی ڕێسای بنەماڵە و خێڵ، جیاوازبوونی ڕوانگەی ژن و پیاو و زۆر سەرچاوە و هۆکاری دیکەش.
دیارە ژن لەناو کۆمەڵگای کوردیدا لەچاو ژنی وڵاتانی هاوسێ و ژنی وڵاتانی داگیرکەردا زۆر پلە و پایەی لەسەرتر بووە و شوێنی دیاری خۆی بووە کە ئەمەش لەناو وێژەی کوریدا بەچڕی ڕەنگی داوەتەوە. بەتایبەت ژن لەناو شێعر و هەڵبەست و گۆرانی شاژنە و لەناو بەیت و حەیران هاوشانی پیاوە و دەنگی خۆی هەیە و لە زمانی خۆیەوە دەدوێ و پیاو قسەکەری ژن نییە، بەڵام خاڵە گرینگەکە ئەوەیە کە پشکنینی ئەم بەشە لە سامانی کوردی، کێشەکان دەخاتە ڕوو و دۆخە ئاوارتە لەڕادەبەدەرەکان ڕیز دەکا و لە ئاکامدا ژن دەبێتەوە ئامرازە هاسانکەرەوەکەی ناو کتێبە پیرۆزەکان و تەنانەت بوونە خاوەنی بڕوانامەی باڵاش لەم سەردەمەدا لەم بازنەیە دەریناهاوێژێ و سزادانەکان بە تووندی ڕووبەڕووی دەبنەوە و لەسەر ناوی ژنبوون مەحکووم بە بێدەنگی و چەکدانان دەکرێ – ئەو بەدەگمەن تاک و تەرایانەی کە ئەم جەغزە دەدڕێنن و یاغیش دەبن، بەداخەوە لە یاسای چۆن دژکردەوە پیشاندان بێئاگان و کێشەکان هێندەی تر قووڵتر دەکەنەوە و بە وتەی پیاوان، ناوی ژن خراپ دەکەن.
لە ڕوانگەی منەوە و لە دەلاقەی چۆن ڕوانینی منەوە هاوکێشەکە زۆر هاسانە: داگیرکەر مامۆستایە و کورد فێرخواز.
داگیرکەر مرۆڤی کوردی لەناو نەزانیدا هێشتۆتەوە، زانیاری هەڵەی ساختەی لەسەر زمان، مێژوو و وڵات و چوارچێوەی کۆمەڵگا لەناو بۆخچەیەکی فرە بچووکدا بۆ ئامادە کردووە و ئەمەی ناو ناوە ناسنامەی کوردی. ئەم هاوکێشەیە (=فورموڵ) پێداویستییەکی مێژووییە بۆ داگیرکەر، بۆ مانەوەی، بۆ بەردەوام ڕووتاندنەوەی تاکی کورد و بۆ هێشتنەوەی دەسەڵاتی. کورد لە نەزانی، نەخوێندەواری، بێدەسەڵاتیدا ڕاگیراوە، شیان و سەروەت و سامانی داگیرکراوە و خۆی خاوەنی خۆی نییە، بەڵام پێویستە بۆ ئەم بێخاوەنبوونەی ژیان بەفیڕۆ بدات، خوێن بڕێژێ و خۆی بەخت کات، چون بەپێی ناسنامە ساختەکەیەوە وەهای پێ سەلماوە. فڕێدان و بێمتمانەبوون بەم ناسنامەش بە هاسانی و بەخێرایی ناقەومێ، ساڵانێکی دوور و درێژی پێویستە هەتا تاکێکی کوردی وشیار یان وشیارکراوە ئەم جەغزە درۆیینە دابدڕێ و ڕاستی خۆی لەژێر ئەم جەغزەدا ببینێ.
پیاو مامۆستایە و ژن فێرخواز.
پیاو مامۆستایەکی بەتوانای هەیە کە لە هەڕەتی منداڵییەوە دەنگ و ڕەنگ و وتەکانی لەناو ناخ و مێشکی دا دەنگ دەدنەوە، بۆیە پیاو لە هاوکێشەکە ئاگادارە. ئاگادارە ڕێگای گەیشتن بە دەسەڵات لەناو ئەم جەغزە تەنگەبەرەدا چلۆن دەبێ و چلۆن دەقەومێ. هەڵبەت پێویست بە گوتنە کە مامۆستاکەشی ئاسانکاری بۆ کردووە و لەژێر ناوی داگیرکاری ژنی کوردی دوو جار چەوساندۆتەوە، بۆیە ڕێژەی سەرکەوتوویی پیاو زیاتر بووە. ژن لە تاریکاییدا ڕادەگیڕێ، زۆربەی ژنی کورد تا پەنجا ساڵ لەوە پێش نەخوێندەوار بوون، لە نەزانی هێشتنەوەی ژنی کورد، مسۆگەرکردنی دەسەڵاتی پیاوی کوردە، چکۆلە کردنەوەی دنیای ژنی کوردە، پابەندبوونی ژنی کورد بەم چوارچێوە تەنگە و بەم دنیا تەسکەیە، پاڵ پێوەنانی ژن بۆ ناو قونیچکی ناوماڵە. ئەم سنوورانە هەم دەسەڵاتی پیاو لە چوارچێوەی ماڵدا مسۆگەر دەکەن، هەم ئامانجێکی داگیرکەریش دەپێکن کە ئەویش بریتییە لە لەتاریکی هێشتنەوەی کۆمەڵگای کوردی. ژنی چاوبەستراوی دنیا نەدیتوو، توانایی بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگای نییە و کۆمەڵگایەکی نەزان پەروەردە دەکات. ئەم تایبەتمەندییانە و دووپاتبوونەوەیان بۆ چەند نەوە، وردە وردە ڕەنگی نەریت و یاسای ناو کۆمەڵگا بەخۆیانەوە دەگرن و دەرچوون لێیان دەبێتە باسی سەر. بۆیە تەنانەت سازبوونی گۆڕانەکانیش ئاوا بەخێرایی توانای سڕینەوەی ئەم نەریتە تازە سازبووانەیان نییە، توانای لێکهەڵوەشانەوەیان نییە چون بوونەتە هەودای هۆنینەوەی هەندێ نەریتی بەیاساکراو کە چەند نەوەی پێ پەروەردە کراوە.
دوورکەوتنەوە لەم جەغز و دیوار و سنوورانە و ڕۆچوون بۆ ناخی خۆ، بۆ چرکەیەکیش بێ، بەرهەمە ڕەنگاوڕەنگەکان دەخوڵقێنێ، شاکارە بێوێنەکان دەکێشێتەوە و مۆسیقا دەگمەنەکان دەچریکێنێ. ڕاستە! ژنی ناو هەودای خەیاڵی پیاوی کورد، شاژنی وڵاتانە، دەسەڵاتداری چەند خێڵە و بنەماڵانە. پیاوی کورد، کڵفەتە شەکەتە پشت چەماوە هەنسک لێبڕاوەکەی گۆشەی ماڵەکەی لێ دەبێتە شاژنی کوێستانان. ئەو شاژنەی لە کوێستانان خەریکی ڕاپەڕاندنی ئەرکی ڕۆژانەیە، لەناو خەیاڵی ئەودا دەبێتە هۆکاری بەستە و گۆرانی و هەوێنی شێعر و چیرۆکان و دەسەڵاتداری ناو بەیت و حەیرانان. بۆیە ژنی کورد دوو وێنەی هەیە، وێنەی ناو پڕتووکان و وێنەی ڕاستەقینەی. کێشەکە لەوەدایە، پیاوی کوردی خوێندەواری ئاگادار لە بۆخچەی ساختەی دەستی داگیرکەر، لەدنیای ڕاستیدا، ژنی کورد هاوشانی خۆی نابینێ، ژنی کورد ئامرازێکە بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکەکان و بەردەوام ڕاگرتنی سووڕی ژیان. بەپێچەوانەوە وێنەیەکی خاوەن ڕێزتر لە ژنی کورد هەیە کە بەشێکە لە پەنجەمۆری ناسنامەی، ئەویش ژنی داگیرکەرە. لە ڕوانگەی زەوتکراوی پیاوی کوردەوە، ژنی داگیرکەر، خاوەن خوێندەواری، خاوەن وشە و وتەی خۆ و خاوەن کەسایەتییەکی جیاواز، جیاواز لەوەی ژنی کوردە. تاکێکە هەستەکانی پیاوی کورد هەڵدەکڕێنێ و پەنجە لەسەر ویست و داخوازەکانی دادەنێ و هیچ بەربەست و سنوورێکیش ڕێگر نییە. بۆیە دەبینی پیاوی کورد لە بەرامبەر ژنی داگیرکەر خاوەن کەسایەتییەکی داسەپێنەر نییە وەکوو مامۆستاکەی، بەڵکوو ئەو لە سەرووی خۆی دەبینێ. لێرەدا ژنی کورد ئەو وێنە ڕوخسار زەردە بێدەسەلاتە نەزانە کە ماندوویی و شەکەتی و شپرزەیی بۆتە پەنجەمۆری کەسایەتی، لەچاوی پیاوی کورددا قەت ناتوانێ دەوری شاژنەکەی ناو شێعرەکانی بگێڕێ لە دنیای ڕاستەقینەدا.
گۆڕانە خێرا و سەقەتەکانی ئەم بیست ساڵەی ڕابردوو، ژنی کوردی هانداوە بەجۆرێک وێنەی شاژنی ناو شێعر و گۆرانی و بەیت و حەیرانەکان لەدنیای ڕاستیدا لەبەر خۆی بکات، بەڵام چون ئەویش وەکوو پیاوی کورد خاوەن ئەو ناسنامە ساختەی دەستی داگیرکەرە و ئاگاداری خۆی و ڕابردووی نییە، ئاگاداری یاسا و ڕێسا داپۆشراوەکان لە کۆمەڵگای کوردی نییە، ئاگاداری هۆکارە ڕاستەقینەکانی خۆڵقانی شاژنانی ناو بەیت و حەیرانان نییە، دێت و وێنەیەکی ڕووکەشی بێناوەرۆک لەخۆی دەکێشێتەوە کە لەلایەکەوە بەپێی دابونەریتە تازە بەیاسابووەکانەوە دەبێتە یاغییەکی دابڕاو و لەلایەکی تریشەوە دەبێتە هۆکار بۆ هەڵوەشاندنەوەی چوارچێوەی یاسایەکی داسەپاو کە تا ئێستا دەسەڵاتی پیاوی مسۆگەر کردبوو، بەڵام ئەم ڕواڵەتە هیچ سەرکەوتنێک و بەزاندنی هیچ سنوورێک بۆ ژنی کورد مسۆگەر ناکا. سەرکەوتنی ڕاستەقینە کاتێ دەقەومێ کە ژنی کورد بە زانایی و بە وشیارییەوە ئەم جەغزە ساختەیە لەبەر خۆی دادڕێ و شاژنەکەی ناو شێعرەکان و دەسەڵاتدارەکەی ناو بەیت و حەیرانان بێنێتە ناو دنیای ڕاستەقینەوە. جا ئەو ساتە، ئەو کاتەیە کە داگیرکەر لە مامۆستایەتی دەکەوێ. بەو پێیە کە ڕوانگە و چۆن ڕوانینی ژن و پیاو جیاوازە، هەر بەو پێیەش پیاوی کورد خۆی بەرپرسە و سەرپشکە لە دادڕینی ئەم جەغزە و هیچ پاساوێکیش ناهێنرێتەوە بۆ پیاو وەکوو چۆن لەناو ئایینی خاوەن پڕتووکەکاندا باوە. لەم دنیایە هەر تاکێک بەرپرسی کردەوەی خۆیەتی و هەڵبژاردنیش بە دەست خۆیەتی، بۆیە پیاویش بەش بە حاڵی خۆی بەشە بەرپرسیاریەتییەکەی خۆی لە هێنانەخواری داگیرکەر لەسەر تەختی مامۆستایەتی لەئەستۆیە، چون هەتا ئەوە نەقەومێ، شاژنی ناو خەیاڵی پیاوی کورد ژنی کورد نییە و هاوکێشەکەی داگیرکەر، کۆمەڵگای کوردی لاسەنگ دەهێڵێتەوە.