ژانی هاوبەش پێویستی بە هاواری هاوبەشە….!

0

عەزیز ئاجیکەند
 لە خاڵە هەرە لاوازەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان بەتایبەتی لە قۆناغی ئێستادا سەرەڕای هەموو دەستکەوتە مەزنەکانی و ئەوهیواو هۆمێدەی کەلە کۆمەڵگەدا پێکی هێنا ئەوەیەکە نەیتوانی هەموو هێزە کۆمەڵایەتی و لایەنە سیاسی و شۆرشگێرەکان بە جۆرەک لەدەوری یەک ولەژێریەک گوتاری هاوبەشدا کۆکاتەوە.کوردستان دوای شۆرشی ژینا بەخێرایی پێی نایە قۆناغێکی شۆڕشگێڕانەو گەڵێک هەستیارە . لە کورت ماوەدا ناڕەزایەتی و شەڕ و بەرەنگاربوونەوەی شەقام بە کردەوە شکڵ و شێوازێکی ئەمرۆیی و پێشکەوتن خوازانەی بۆ خۆیەوە گرت. ڕەوتی ڕوو لە گەشەی ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتی و سیاسی رواڵەتی سیاسیی و راستەقینەی کۆمەڵگەی کوردستانی بەشێوەیەکی بەرچاو گۆڕی و هەنگاو بە هەنگاو چووە قۆناغێکی شۆڕشگێڕانەوە. نێوەرۆکی دەسەڵاتی سیاسی و ئایدیۆلۆژیی دەسەڵاتی ئیسلامیی کرانە ئامانج.شۆرشی تازە بە هێرشکردنە سەر بەهێزترین پێگەی ئیسلامیی سیاسی و یاساو رێسای ئایینی چ لە ناوخۆی وڵات و چ لە ناوچەکە، بزووتنەوەی ڕزگاریی بردە قۆناغێکی نوێوە. ئەم ئاخێزە شکۆدارە شۆڕشگێڕانەیە، دۆسیەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی خستە ژێر پرسیارەوە. ئەم بزووتنەوەیە بە دروشمی “مەرگ بۆ دیکتاتۆر و بروخێ کۆماری سێدارە، داگیرکەر بۆ دەرەوە ، بژی کوردستانی سەربەخۆ” نیشانی دا پشکۆی ئیرادەی جەماوەر لە هەڵکشاندایە و عەزمی جەزم کردوە بۆ یەکلاکەرەوەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی. كوردستان ئەمڕۆ هێزو و پوتانسیەلی ئەوەی تێدا هەیە کە ببێتە خاوەنی بەرەیەکی بەهێزو یەکگرتوو بە گوتارێکی هاوبەشەوە. هێزەکانی رۆژهەڵات بە پاڵپشتی جەماوەر ئەمرۆ دەتوانن بەردی بناغەی وەها بەرەیەک کە بتوانێ هاوسەنگی هێز بە قازانجی بزووتنەوەی شۆرشگێرانەی کوردستان بگورێ،دابنێن .نەبوونی ناوەندێکی هاوبەش،خاڵیی هەرە لاوازوبنەڕەتیی بزووتنەوەی سیاسیی ئەمرۆی کوردستان پێکدێنێ. ئێمە بەردەوام ئاڵاهەڵگری یەكگرتوویی بووین و لەم پەیوەندێشداهەوڵی چڕوپڕو دڵسۆزانەمان داوە . ئێمە بۆ خوڵقاندنی دۆخێک تێکۆشاوین کە تێدا حیزبە کوردستانییەکان هەوڵ بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی پتەو بدەن. ئێمە هەر زۆر زوو هەستمان بەوە كرد كە تاكە ڕێگا بۆ وەسەرخستنەوەی وزە و تواناكانی هەموو هێز و لایەنە سیاسیەكان لە دژی كۆماری ئیسلامیی، دامەزراندنی بەرەیەکی بەهێزی كوردستانیە. لە ماوەی چەندین ساڵی ڕابردوودا بە شێوەگەلی جۆراوجۆر، تەقاڵامان داوە هێزە سیاسییەکان لێک نزیک بنەوەو لەسەر ئەم پێویستییەی ئەمرۆی کوردستان قسەوباس بکەن و هەوڵەکانی خۆێان بخەنە گەڕ. کوردستان جگەلەوەی کە لە گەڵ دوژمنێکی سوێند خواردوی وەک کۆماری ئیسلامیی دەست و پەنجە نەرمدەکات، لە نێو خۆیشیدا، بێ کێشەو گیرو گرفت نیە. دەنگ و چاڵاکی و بانگەوازەکان پڕش و بڵاون و گوتارێکی هاوبەش و بەهێز کە نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی خەڵک بکات، لەئارادا نیە .
ئەوە هەوڵ و تێکوشان و سازدان و دامەزراندنی ناوەند و بەرەیەکی کوردستانییە کە دەتوانێ هەم خەبات دژی دوژمنی سۆێندخواردومان ڕەک بخات و هەم کێشە و کەلێنە نێوخۆییەکان پر بکاتەوەو بیانداتەبەر باس و لێکۆڵێنەوە. لە قۆناغی ئێستادا، ‌بەرەی کوردستانی بە کردەوە دەتوانێ هێز و لایەنەکان لە ژێر چەترێک کۆبکاتەوە تا ئاسانتربۆ وەدیهێنانی ئامانجە هاوبەشەکان،تێبکۆشێ. ئەزموونەکانی شۆرشی کوردستان نیشانی داوە کە یەکییەتی و یەکریزی دەتوانە زامنی سەرکەوتن بێت و خەبات بۆ دەستەبەر کردنی مافەرەواکانی کۆمەڵانی خەڵک، بەهێزتر کات.گۆڕانکاری نوێ و خێرا لە ناوچەکەدا چاوەڕێ دەکرێ. ئەو دۆخەی ئێستا لە هەرکات زیاتر پێویستی بە یەکێتی ریزەکانی کورد بەگشتی و هاوکاری و هاودەنگی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان هەیە. بۆئەوەی لە داهاتوودا ئەو دەرفەتانەی بۆخەڵکی کوردستان دەڕەخسێن لەکیس نەدەین و لە لایەکی دیکەوە دڵی خەڵکی ناڕازی کوردستان کە بە شێوەیەک پەرتەوازەیی حیزبەکان دڵنیگەرانی کردوون ئاشت بکەینەوە و بزووتنەوەی شۆرشگێرانەی کوردستان پێشبخرێ و هاودەنگ و یەکگرتووبکرێ. لێکنزیکبوونەوە و کاری جددی بۆ پێکهێنانی چوارچێوەیەک کە سیاسەت و گوتاری سیاسی کوردستان یەک و رێکبخات ئەرکێکی هەرە گرنگی لایەنە سیاسییەکانە”
بەشداریی پڕگوڕوتینی خەڵکی خەباتکاری کوردستان بەتایبەت لاوانی شۆڕشگێڕ بە پێشەنگایەتیی ژنان لەسەر شەقام، ئاسۆیەکی ڕوونی لە ڕووخاندنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی خستووەتە بەردەم خەباتی شۆڕشگێڕانە لە کوردستان. ئەم گۆڕانکارییانە ئیمکانی واقعیی ڕووخاندنی دەسەڵاتی ئەم ڕێژیمەی لەڕێگەی شۆڕشێکی جەماوەرییەوە خوڵقاندووە. 
شۆرشی ژینا و دەسکەوتەکانی ئەم شۆرشە، ڕەوتی لاوازبوونی حکوومەتی ئیسلامیی خێراتر کردووەتەوە و بۆ جارێکی دیکە دۆسیەی چارەنووسی دەسەڵاتی سیاسیی بەرووی کۆمەڵگەی کوردستان کردووەتەوە. لەئاست ئەم ڕەوتە و بۆ وڵام دانەوە بە پرسە سەرەکییەکانی پڕۆسەی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیی و ئەگەرەکانی بەردەم،دەخوازێ چاڵاکتر لە جاران هاوکاری یەک بین بۆ وەڵامدانەوە بەپێویستییەکانی ئەمرۆی کوردستان .لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە خەباتی تائێستایان نیشانیان داوە کە هێزێکی کاریگەر و چارەنووسسازن و ئەگەر هەوڵ بۆ یەکریزی و یەکگرتوویی بدەن دەتوانن زەمانەتی پێشڕەویی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی و شۆڕشگێڕانە لەکوردستان بکەن. لەماوەی ساڵانی ڕابردوودائێمە بۆساتێکش نەوەستاوین وبەردەوام بۆ بەکردەوە دەرهێنانی ئەو ئامانجانەی سەرەوە تێکۆشاوین. لە داهاتووشدا ماندو نابين وهەوڵ بۆ درووست‌كردنی بەرەی كوردستانی یان هەر شتێك كە خزمەت بە یەكگرتوویی نێو ماڵی کورد لە کوردستان بکات،دەدەین. ئێستاش كاتی ئەوە هاتووە كۆمەڵگای کوردستانیش بە گشتی و بە تایبەتی كۆمەڵگای مەدەنی و جەماوەری كە هاوكارێكی باش و نزیك بن لەگەڵ كۆمەڵە بۆ چەسپاندنی ئەو گوتارەو بە سەرەنجام‌گەیاندنی.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *