سۆران محەمەدی

مانگی رێبەندان لە مێژووی نەتەوی کورددا پێگەیەکی تایبەتی هەیە، رۆژی دووی ڕێبەندان و بیست و شەشی ڕێبەندان دوو ڕۆژی مێژوویی کوردن کە تا هەتایە لە دیرۆکی کورددا دەمێنێتەوە. لەم بابەتەدا دەمانەوێ ئەو پرسیارە بێنینە گۆڕێ کە لەبەرچی بیست و شەشی ڕێبەندان خەباتی کۆمەڵە ئاشکرا کرا؟ دیارە دەمودەستترین وەڵامێک کە بەم پرسیارە دەدرێتەوە ئەوەیە کە ئەو ڕۆژە وەکوو ڕێکەوتی گیانبەختکردنی محەمەدحسەینی کەریمیە لە شاری سەقز، کاتێک محەمەدحسێن کەریمی لە ناو بنکەی پۆلیسدا تەقەی لێکرا، بە سەختی بریندار بوو و گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە و دوای چوار ڕۆژ لە ٢٦ ڕێبەندانی ١٣٥٧ گیانی لەدەست دا. بە گیانبەختکردنی محەمەدحسێن کەریمی، کۆمەڵە کە تا ئەو کاتە نۆ ساڵ بوو بە نهێنی خەباتی دەکرد، وەکوو بەرز ڕاگرتنی یادی ئەو، چالاکییەکانی خۆی ئاشکرا کرد و ڕۆژی ٢٦ ڕێبەندانیان بە ڕۆژی کۆمەڵە نێوزەد کرا.

بەڵام ئەمە هەمووی ئەو شتە نییە کە دەبێ بیزانین، هۆکاری تر لە ئارادا بووە کە پێویستی ئاشکرا کردنی چالاکیی کۆمەڵە پاساو دەداتەوە، ئەگەر ئێمە ڕۆ بچینە ناو ڕووداوەکانی پێش دیاریکردنی ئەم ڕۆژە، سۆنگەی سەرەکی ئەو بڕیارەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە.

بۆ وڵامی ئەو پرسیارە دەبێ بگەڕێینەوە بۆ فاکتەرەکانی ڕووخانی رژیمی شا و پێش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، لە لایەکەوە دەسەڵاتی پاشایەتی بە زوڵم و زۆری لە ڕادە بەدەر تەنگی بە خەڵک هەڵچنیبوو و زیاتری ئازادیخوازان یان تیرباران کرابوون یان لە بەنددا بوون و زەبروزۆر و ستەم سەبارەت چینە نەتەوەییەکان بە تایبەت گەلی کورد لەو پەڕی خۆیدا بوو. لە لایەکی دیکەوە باروودۆخی ساڵەکانی حەفتای زایینی و ئاگاداری خەڵک لە مەڕ شەڕی ڤیەتنام و شۆڕشی ١٩٦٨ ورەی بە جەماوەر بەخشیبوو کە ناڕەزایەتی خۆی بەرامبەری جنایەتەکانی ڕژیمی پاشایەتی دەرببڕێ. هەروەها لەو سەردەمەدا لەبەر ئەوەی مارکسیزم دەستی خستبووە سەر هەندێک چەمکی سروشتی و مرۆیی وەکوو بەرابەری و یەکسانیخوازی و دژە هەژاریی، بۆیە بزووتنەوەی چەپ بە شێوەیەکی گشتگیر لە بەرژەوەندی جەماوەردا بوو.

بەڵام ترسی ئۆردوگای سەرمایەداری ئەوە بوو کە پێی وابوو ئەگەر لایەنی چەپ وەکوو هێزی سەرەکی شۆرش بناسرێت، بەرچاوە کە دەسەڵاتیی دوای شۆڕش دەگرنە دەست و بۆ هەمیشە سەرمایەی ئێرانیان لە دەست دەچێت. بۆیە دەبینین لە ساڵەکانی بەرەو کۆتایی شۆڕش، خومەینی وەکوو کەسێک ناو دەهێنن کە ڕێبەری شۆڕشی گەلانی ئێرانە و لە ڕادیۆ بی‌بی‌سی و دیکەی میدیاکان کە سەر بە بەرەی سەرمایەداری بوون خومەینی وەکوو نوێنەری ئیسلام و خاوەنی ڕاستەقینەی شۆڕش دەناسێنن.

ئەمە لە کاتێکدایە بۆ نموونە هەر لە کوردستان، رێکخراوەی کۆمەڵە لە ٩ ساڵ پێش ڕووخانی ڕژیمی شاوە بەنهێنی چالاکی دەکرد و لەو ماوەیەدا توانیبووی لە گوند و شارەکانی کوردستان و هەندێک لە ناوەندە پیشەسازی و ئەکادیمییەکانی ئێراندا ڕەخنە بکات و ببێتە ڕێکخراوێکی تاڕادەیەک یەکگرتوو. 

بەڵام کە شۆڕشی گەلانی ئێران سەرکەوت بە خێرایی هەموو ناوەندەکانی دەسەڵات لە لایەن ئیسلامیەکانەوە زەوت کرا و خومەینی و ئەوانەی دەوریاندابوو هەر زوو سرووشت و ناخی خۆیان دەرخست و خەڵک بۆیان دەرکەوت کە ئەمەیش هەمان شایه جا به جێی قات و تاج، عەبا لەبەردایە و مێزەرەی بەستووە!

گرینگ ئەوە بوو کە لە لایەن ئەندامانی نهێنی کۆمەڵەوە، شۆڕش نەگەییشتبووە ئەنجام و ئەو ئامانجەی کە بۆ خۆیان دانابوو وەدی نەهاتبوو، بۆیە لەو بۆشاییەی دوای ڕووخانی دەسەڵاتی پاشایەتی کەڵکیان وەرگرت و بە دەرفەتیان زانی کە چالاکی خۆیان ئاشکرا بکەن. بە ڕای من ویستیان بەم ئاشکرا کردنە ڕایبگەیێنن کە شەمەندەفەری شۆڕش ڕەنگە دەسەڵاتی پاشایەتی ژێروژوو کردبێ بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە شوێنی مەبەست کە لە مافە ڕەواکانی کوردەوە خۆی دەبینێتەوە.

ئەوان وەک ڕۆزا لۆکزامبۆرگ بیریان دەکردەوە کە پێیوابوو هەرگا ئەو شەمەندەفەرە نەتوانێ بە خێرایی بە سەرەوژووری مێژوودا تێپەڕێ لە لایەن هێزی کۆنەپەرستیەوە بەرەو خوار دەگەڕێنرێتەوە و نە تەنیا سەرنشینەکانی (واتە شۆڕشگێڕان) بەڵكوو هەموو ئەو کەسانەی کە ویستوویانە دەسپێکی ئەو شۆڕشە بکەن لە لایەن هێزی ئیرتیجاعەوە دەکوژرێن و ئیعدام دەکرێن. ئەندامانی نهێنی کۆمەڵە زۆر وشیارانە بەم ئاڵووگۆڕەیان زانی و زۆر بە وریایی دیتیان کە خەریکە ئامانجە سەرەکیەکانی شۆڕش بە لاڕێدا دەچێ و رژیم خەریکی کوشتاری کوردە، ئەوان بە قەولی ڤاڵتەر بەنیامین دەیانزانی؛ فاشیسم داهاتی دۆڕاندنی شۆڕشە”. بۆیە دەستیان لە چالاکی سازمانی بە شێوەی نهێنی هەڵگرت و لە ڕۆژی بیست و شەشی ڕێبەندان بانگەوازیی خەباتی ئاشکرایان بە ناوی کۆمەڵەوە دەرکرد.

کۆمەڵەیەک کە بۆ هەموو چەوساوەکان و زەحمەتکێشان دامەزرا و پشتیوانی لە جەماوەر دەکرد و بەرامبەری هەموو چەشنە بیرێکی دوگم و کۆنەپەرستانەدا ڕاوەستابوو، هەر لەو ڕۆژەوە تێکۆشەرانە هەوڵیان دا کە بەر بە فرەخوازی و زێدەڕۆیی دەسەڵاتی گەندەڵی کۆماری ئیسلامی کە بە ناحەق شۆڕشی گەلانی ئێرانی بە ناوی خۆیەوە زەوت کردبوو بگرێ و تا وەدیهاتن و سەرکەوتنی شۆڕشی ڕاستەقینە وچان نەدەن. ڕەنگە گرنگترین خاڵ لە میراتی بزووتنەوەی چریکی، دووبارە پێناسەکردنەوەی سیاسەتی چەپ بوو لەو قۆناغەی دوای شۆڕشدا کە کۆمەڵە لە ئەستۆی گرتبوو. 

پێم وایە ئەمڕۆ دەبێت بەرز ڕابگیرێت و بەرز ڕاگرتنی ئەم ڕۆژە نە تەنیا لەبەر ئەوەی کە ڕۆژی کۆمەڵەیە بەڵکوو لەبەر ئەوەی کە ئێمە پێداچونەوەیەکمان ببێت بە سەر ئەو ڕێبازەدا کە پێکهاتەی کۆمەڵە چیە و چۆن بتوانین بەردەوام بین لە وەرگرتنی مافە ڕەواکانی خۆمان لە پێناوی ئەو ئامانجەی کە کۆمەڵە بنیاتی ناوە. بۆیە من لەم ڕۆژەدا وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی حەمەحسەین کەریمی” و پیرۆزبایی ڕۆژی ئاشکراکردنی چالاکی کۆمەڵە، دیسانەوە پێداگری ئەکەم بە ڕەچاوکردنی ئارمانجەکانی کۆمەڵە و ئەو مەبەستانەی کە کۆمەڵە لەو پێناوەدا خەریکە خەباتی بۆ ئەکات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *