ڕوو لە هەڵکشانی مەیلی شۆڕش و بەرخۆدان…

مەودای داخوازییەکانی ئەمریکا و ئێران ئێجگار لە یەک دوورن و ئاسۆی چارەسەکردنی بارگرژییەکانی دوو لایەن وەک هەمیشە لە لێڵی دایە، بەڵام هەموو نیشانەکان دەرخەری ئەوەن کە ئەمریکا خوازیاری سازانە و نایهەوێ دەست بۆ وەشانی گورزی سەربازی بەرێت و ئەوەش بە قازانجی کۆماری ئیسلامییە. لانیکەم لە قۆناغی ئێستادا ستراتیژی و ئامانجی ئەمریکا ڕوخاندنی کۆماری ئیسلامیی نییە. ڕێک بە پێچەوانە ئەمریکا ئامانجی ئیسلاح کردن و بە چۆک داهێنانییەتی. گوشارەکانی ئەمریکا ڕژیمی ئێرانی بەتەواوەتی ملکەچ کرد و پێگەی ئەو ڕژیمەی بە تەواوەتی لاواز کرد. تا ئێرە ئەمریکا لەگەڵ پێکانی چەندین ئامانجی خۆی براوەی ململانێیەکەیە. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەم بێنەوبەرانە کۆشکی سپی ستراتێژییەکی وەها ڕوونی بۆ دوای کۆماری ئیسلامیی پێ گەڵاڵە نەکراوە. ئەمریکا هەوڵدەدات بەرژەوەندییەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست پارێزراو بێ و نایهەوێ بە کەوتنی کۆماری ئیسلامیی بەرژەوەندییە درێژخایەنەکانی بکەوێتە بەرمەترسی لە ناو چوونەوە. کەواتە هەڵە نیە کە بڵێن ئەمریکا بژاردەیەکی تری جیا لە سازان و گوشاری زۆر بۆ سەر ئێران نییە.
گوشارەکانی ئیسرائیلیش ناتوانێ زۆر جیدی بن لەبەر ئەوەی کە ئیسرائیل بە بێ پشتیوانی ئامریکا ناتوانێ گورزی سەربازی بوەشێنێ و ئاکامی دانوستانەکانیش بەکردەوە هەوڵەکانی ئیسرائیل پوچەڵ دەکەنەوە بە تاق دەیهێڵنەوە. دەوڵەتی ئێرانیش باش ئەمە دەزانێ و بەشێکی زۆر لە نیگەرانییەکانی رەویونەتەوە کە واتە کێشەی سەرەکی کۆماری ئیسلامیی بەر لە ئەمریکا و ئیسرائیل خودی کۆمەڵگای ئێرانە کە لە ناخەوە دەکوڵێ و خەڵک دەسەڵاتەکەی ئەویان ناوێ و تاسەر ئێسقان لێی بێزارن. له چەند ساڵی ڕابردوودا بەتایبەتی لە جەرەیانی ئاخێزەکانی مانگی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨دا و دواتریش ئاخێزی ”ژن، ژیان، ئازادی” و مانگرتنە یەک لەدوای یەکەکانی خەڵکی کوردستان دوای شۆڕشی مەزنی ژینا و هەروەها ڕێوڕەسمەکانی نەوڕۆزی ئەمساڵ، پێگەی کۆماری ئیسلامیان تا ئاستێکی زۆر نزم هێنایە خوارێ. ئەمرۆ شەقامەکانی ئێران گۆڕەپانی بەرەنگاربوونەوە و خۆڕاگریی ژنان و سەرجەم توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگان. هەر ئەمڕۆ شاهیدی مانگرتنی شۆفیرانی کامێۆندارەکان لە ١٣٠ شاری ئێرانین. کۆماری ئیسلامیی لەقۆناغی ئێستادا لەگەڵ گەلێک قەیرانی جۆراوجۆر دەست و پەنجە نەرم دەکات. ئابووری وڵاتەکەی لە بەردەم داڕمانی گەورە دایە، دابەزینی سات بە ساتی نرخی دراوی وڵات، هاتنەخوارەوەی بەرهەمهێنان، بێکاری لەڕادەبەدەر و بێتوانایی لە دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، ئەو قەیرانەن کە ڕژیمی ئێرانیان تا لێواری ڕوخان بردووە. لەوەها بارودۆخێکدا، ترس لە ئاخێزی جەماوەری زیاتر لە هەر هەڕەشەیەکی سەربازی، خامنەیی و دەسەڵاتەکەی نیگەران کردووە. ئەمڕۆ بزووتنەوە جەماوەرییەکان لەوانە مانگرتنی کرێکاران لە بەشە جۆراوجۆرەکاندا، خەباتی ناو زیندانەکان لە دژی سزای لەسێدارەدان، خەباتی ژنان و مانگرتنی مامۆستایان و شۆفیرانی کامیۆندارەکان و هەروەها بارودۆخی نالەباری ژیانی خەڵک و کوشتنی هەر ڕۆژەی کۆڵبەرانی کوردستان، خەوی لە کاربەدەستانی ڕژیم زڕاندوە.
ناکۆکییەکانی ناو لوتکەی دەسەڵاتیش کێشەیەکی سەرەکین بۆ ڕژیم و رۆژ بەرۆژ قووڵتر دەبنەوە. پەیوەندی نێوان دەسەڵاتی ئیسلامیی و زۆرینەی خەڵکی ئێران، گەیشتۆتە خاڵێکی بێگەڕانەوە. دەسەڵات نەک هەر مافی ژیانێکی ئاسایی لە زۆرینەی کۆمەڵگا زەوتکردووە، بەڵکوو بە زیندان، لە سێدارەدان، سەرکوتکردنی ئازادییە دێموکراتیکەکان، وەڵامی خواست و ویستی نارازیان دەداتەوە. ئەم دۆخە بە کردەوە کۆمەڵگای ئێرانی لەبەردەم تەقینەوەیەکی کۆمەڵایەتی گەورە داناوە.
ئەگەر خۆمان لە گوشارە دەرەکییەکان ببوێرین و چاو لە ئاست دانوستانەکان بنوقێنین لەناو قوڵایی کۆمەڵگای ئێران ڕەوتگەڵێک خەریکی گەشە و پەرەسەندنن کە ئەم ڕەوتانە دەتوانن بە کردەوە کۆماری ئیسلامیی بڕوخێنن.
مەیلی شورش و بەرخۆدان کە خوازیاری گۆڕانکاری بنەڕەتییە لە پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسی و خوازیاری جۆشدانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە بە پانتایی هەموو ئێران شکڵی گرتووە و بێ وچان لە هەڵکشاندایە. ستراتێژی ئەم مەیلە خوازیاری ڕوخانی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامییە و پشت ئەستوورە بە مێژوویەکی پرشنگدار پێکهاتوو لە خەباتی ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز کە ئەزموونی شۆڕشێکی وەکوو ژن ژیان ئازادیان لە پشتە. جەماوەری بەشدار لەم مەیلە خاوەنی وشیاری سیاسییە و قۆڵی لێهەڵماڵیوە بۆ بنیات نانی کۆمەڵگایەکی بەختەوەر. ئەم مەیلە لە کوردستان باڵای بەقەد مێژۆکەی بەرزە و قامەتی لە شکان نەهاتویە.