ڕاپۆرتی پێشێلکاری مافی مرۆڤی لەساڵی ٢٠٢٤ی زایینی لە کوردستان و لە ئێران….!
هەوڵ و تێکۆشانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان و بە پشتبەستن بە ئەرشیڤی ئەم ڕێکخراوە کۆکراوەتەوە. ئەم ڕاپۆرتە بە هۆی رێگە پێنەدانی ڕژێمی ئێران بە ڕێکخراوە و گرووپە مافی مرۆییەکان، ڕاپۆرتێکی تۆکمە و تەواو نییە و تەنیا بەشێک لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان دەخاتەڕوو. حکوومەتی ئێران لە دەسپێکی هاتنە سەرکاری خۆی، بە پێشێلکارییەکانی خۆی، مافی مەدەنی، سیاسیی و کۆمەڵایەتی خەڵک بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشێل دەکات و لەم سیاسەتەی خۆی بەردەوامه، بە شێوازێک کە ڕۆژبەڕۆژ ڕوو لە زیادبوونە. پێشێلکاری مافی ڕادەربڕین، پێشێل کردنی مافی ژیان و ئەمنییەتی تاکەکەسی و هەڵاواردنی حکوومی، بابەتگەلێکن کە ڕۆژانە لە لایەن حکوومەتەوە بە شێوەی سیستماتیک جێبەجێ دەکرێن.
سێدارە
کۆماری ئیسلامی لە ساڵی٢٠٢٤زایینی دا لانیکەم ٩٥٣ کەسی بە تاوانی جۆراوجۆر لە سێدارە داوە کە لەم ڕێژەیە ٣٣ کەسیان ژن بوون و ٨ کەسیشیان زیندانی سیاسی بوون. ژمارەی ژنانی لە سێدارە دراو لە چاو ساڵەکانی پێشوو زۆر زیادی کردوە. یانی دەکرێ بڵێن کە کۆماری ئیسلامیی لە ساڵی رابردووداو لە چاو ساڵانی ڕابردو زۆرترین ژنی بە تاوانی جۆراوجۆر لە سێدارە داوە. هەروەها لە ماوەی ئەو یەک ساڵەدا نزیکەی ١٥٦ کەس لە خەڵکی کوردستان و ١٠١ کەسیش لە خەڵکی بەلووچیان بە بیانووی جۆراوجۆر لەسێدارە داوە. لە نێو سێدارەکراواندا، منداڵانێکیش بەرچاو دەکەون کە لە کاتی ئەنجامی تاوانەکەدا تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوە بووە. بە پشت بستن بە هەموو ئەو هەواڵانەی کە لە پەیوەند لە گەڵ سێدارە بڵاو دەبێتەوە دەری دەخەن کە کۆماری ئیسلامیی لە دونیادا تاکە دەسەڵاتە کە“منداڵان“لە سێدارە دەدات. بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، کۆماری ئیسلامیی لە ماوەی ٤٥ ساڵی ڕابردوودا زۆرترین منداڵی لەسێدارە داوە. لە ساڵی رابردوودا یەکێک لە کاریگەرترین مەیدانەکانی خەبات بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان،کەمپەینی “سێ شەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان” و مانگرتن لە خواردنی زیندانیانی سیاسی لە ڕۆژەکانی سێشەممەی هەموو حەوتوویەک دا بوو. دەسپێکی کاری ئەم کەمپەینەی زیندانیانی سیاسی دەگەرێتەوە بۆ مانگی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٢ هەتاوی کە لە بەندیخانەکانی ئێران بەرێوەچوون. ئەم کەمپەینە کە لە ٢٨ بەندیخانەی ئێران بەرێوە دەچێ تا ئێستا ، ٤٩هەمین حەوتوو لە کاروو چاڵاکی خۆی ناوەتە پشت سەر.
ئەندامانی کەمپەینی “سێشەممەکانی نا بۆ سێدارە” بریتین لە زیندانی ئێڤین (بەندی ژنان، بەندی ٤ و ٨)، زیندانی قزلحەسار (واحیدی ٢ و ٤)، زیندانی ناوەندی کەرەج، زیندانی فەشافویە، زیندانی خورینی وەرامین، زیندانی ئەراک، زیندانی خورەم ئاباد، زیندانی ئەسەدئابادی ئیسفەهان، زیندانی دەستگردی ئیسفەهان، زیندانی شیبانی ئەهواز، زیندانی نیزام شیراز، زیندانی بەم، زیندانی کەهنوج، زیندانی تەبەس، زیندانی مەشهەد، زیندانی قائمشار، زیندانی ڕەشت (زیندانی پیاوان و ژنان)، زیندانی ڕودسەر، زیندانی ئەردەبیل، زیندانی تەورێز، زیندانی ورمێ، زیندانی سەڵماس، زیندانی خۆی، زیندانی نەغەدە، زیندانی سەقز، زیندانی بانە، زیندانی مەریوان، زیندانی کامیاران.
دەسەڵاتی دژە ژنی کۆماری ئیسلامیی لە درێژەی سەرکوتگەرییەکانیدا، ژمارەیەک لە زیندانییانی ژنی لە زیندانی قرچەک بەتۆمەتی پەیوەندی نامەشرووع بە سزای کۆنەپەرستانەی بەردەباران تۆمەتبار کردووە کە لەوانەیە سزاکەیان بۆ سێدارە بگۆڕدرێت. هەروەها کۆماری ئیسلامیی لە دە ڕۆژی سەرەتای مانگی بەفرانباردا ٤١ کەس و تەنیا لە سێ ڕۆژدا ٢٣ کەسی لە سێدارە داوە.
دەسبەسەر کراوان
لانیکەم ١٢٣ کەس لە ئێران ، تەنیا لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لەلایەن هێزە ئەمنیەتی و ئینتزامییەکانی ڕژیمی ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراون. ئەم ڕێژەیە ژمارەی ئەو کەسانە لەخۆناگرێت کە دەستبەسەرکردنیان بڵاو نەکراوەتەوە. لەم ماوەیەدا، جگە لە دەستبەسەرکراوان، سەدان و تەنانەت هەزاران تێکۆشەری دیکەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکان لە لایەن دامەزراوە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامییەوە بانگکراوان و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کراوە. شایانی باسە کە لەو ١٢٣ کەسە، ٨٨ کەسیان خەڵکی شار و ناوچەکانی کوردستانن. دەستبەسەرکراوەکان لە شوێنەکانی وەک کرماشان، ئیلام و سەرپولی زەهاب، هاوکات لەگەڵ توندوتیژی و شکاندنی دەرگا و پەنجەرە و تاڵانکردنی موڵک و ماڵی کەسیی بەڕێوە چووە. لە شاری سنە، ٩ کەس لە هەڵسووڕاوانی کرێکاریی بە بیانووی بەشداریکردن لە پرسەی دایکێکی خەباتکار، بانگهێشتی دادگا کراون. لە شاری مەهاباد، لە هێرشێکی شەوانەدا ١١ کەس دەستگیرکراون.
دەسبەسەرکردنی ٥٨ کەس لەلاوانی کورد بە تۆمەتی پۆشینی جل و بەرگی کوردی لە پیرانشار
لە ماوەی رۆژانی رابردوو رژیمی داگیرکەری کۆماری ئیسلامی لە کوردستان لە درێژەی سیاسەتی سەرکوتگەرانەی خۆی بە مەبەستی چاوترسينکردن و خولقاندنی کەش و هەوای تۆقاندن و لە تۆڵەی شکستە ناوخۆیی و دەرەکیەکانیدا، بە شێوەیەکی سیستەماتیک دەستیداوەتە دەسبەسەرکردنی لاوانی کوردستان لە شاری پیرانشار و چەندین شاری دیکە کە بە جل و بەرگی کوردیی بەشداریان لە رێوڕەسمێکی پێکهێنانی ژیانی هاوبەشدا کردبوو. جل و بەرگی کوردیی یەکێک لە هێما نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستانە کە هاوکات وەکوو سۆمبولێک بۆ راوەستان و خۆڕاگری لە بەرانبەر سیاسەتی پاکتاوکردنی دەیان ساڵەی رژیم لە کوردستان خۆی دەرخستووە.
قەتڵ و خۆکوژی
قەتڵ و خۆکوژی وەکوو دوو خەساری کۆمەڵایەتی مەترسیدار کە ئەنجامی قەیرانی بەڕێوەبەری ڕژێمی ئێرانە، بەردەوام دەبێتە هۆی مەرگی هاووڵاتیانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان. لە ساڵی٢٠٢٤، زیاتر لە٤٠٦ هاووڵاتی بە هۆی خۆکوژی یان کوژرانەوە گیانیان لە دەست داوە. ژمارەی کوژراوەکان ١٥٣ کەسە کە ١٠٦ کەسیان پیاو و ٤٧یان ژن بوون. هەروەها ٢٥٣ کەس دەستیان داوەتە خۆکوژی کە ٩٧ لەوان ژن و ١٥٦ کەسیان پیاو بوون.
کۆڵبەر و کاسبکار
کاسبکارەکان و هاووڵاتییانی دیکە لە کاتی کۆڵبەریدا، کە وەکوو هەردەم دەکرێنە ئامانجی ڕاستەوخۆی تەقەی هێزە چەکدارەکانی ڕژێمی ئێران، لە ساڵی رابردوودا ٦٣ کەسیان لێ کوژرا و ٢٣٣ هاوڵاتی دیکە لە ئەنجامی تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی رژێم، بە سەختی برینداربوون.
لە کۆتاییدا کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان داوا لە کۆمەڵگا و نەتەوەی کورد دەکات، بە مەبەستی دەستڕاگەیشتن بە مافی یاسایی و سرووشتی خۆیان و گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی ئاگا و ئازاد، بە بڵاوکردنەوەی هەر چەشنە پێشێلکارییەکی مافی مرۆیی، ئەرکی خۆیان بەجێ بێنن.
https://www.kmmk.info کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان