ڕاستیەکان ببینە، داوای مەحاڵ بکە…

درووشمی سەرەکی لە شۆڕشی مانگی مەی ١٩٦٨ی فەڕانسە کە خوێندکاران و کرێکاران رێبەراتیان دەکرد ئەوە بوو کە “ڕاستیەکان ببینە، داوای مەحاڵ بکە”. ئەم شۆڕشە کە سەرەتا وەک بزووتنەوەیەکی خوێندکاریی خۆی دەرخست بەڵام بە خێرایی بووە ڕەوتێکی بەرینی کۆمەڵایەتی و کاریگەریی هەرە قووڵی لەسەر کلتوور و سیاسەتی فەڕانسە و جیهان بەجێهێشت.
ئەم درووشمە هێمای هەنگاونان بوو بەرەو گۆڕانکاریەکی بنەڕەتی و بەرزبوونەوەی داواکاریەک کە هەموو بەربەستەکانی سەردەمی خۆی تێپەڕ دەکرد و بەرەو ئەوە دەڕۆیشت کە پێکهاتەکانی زاڵی دەسەڵاتی سەردەم داڕووخێنێ بە مەبەستی بونیاتنانی کۆمەڵگایەکی نوێ.
لەم پێوەندیەدا شۆڕشی ژینا لووتکەی دەرکەوتنی بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانە بوو کە نزیک نیو سەدەیە بە گەرم و گوڕی لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە ئارادایە. ئەم شۆڕشە وێڕای ئەوەی گۆڕانێکی جیددی لە سیمای شۆڕشی پێشکەوتنخوازانەی کوردستان نیشاندا، لە هەمانکاتتدا هەوێنی لێکدانەوەیەکی گرینگە لە سەرجەم ئەو بوارانەی پێوەندی بە ئاراستەی خەباتی سیاسی، لە ئێستا و داهاتووی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستاندا هەیە. بێگومان رۆڵی رەوتە سیاسیەکان کە هەڵقوڵاوی مێژووی سەردەمی خۆیانن کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئاراستەی خەبات لە داهاتوودا دەبێت. دەکرێ لەمبارەوە هەڵسەنگاندنی تایبەت بکرێ، وەک دەبینرێ گەلێک لێکدانەوەی باش لەسەر ئەو شۆڕشە کراوەو ئەگەر بمانەوێ لەمبارەوە بێ جۆرێک بێ لایەنی بپارێزین، دەکرێ بڵێین لە هەرکام لەوانە بەشێک لە راستیان لە نێو خۆیاندا هەڵگرتووە کە دەکرێ ئەم نووسراوەش هەر وابێت. رەنگە هەندێک پێیانوابێ کە ئەم شۆڕشە تەنیا لە دژی حیجابی زۆرەملێ بووەو نیهایەتی داخوازیەکەشی وەلانانی لەمپەرەکانی بەردەم ئەم ئازادیە بووە، یان رەخساندنی دەرفەتێک بوو بۆ خەباتێکی گشتی لە ئاستی ئێران و کۆکردنەوەی سەرجەم ئەو بزووتنەوانەی لە ساڵانی رابردوودا نەیاندەتوانی لە یەک رەهێڵە خۆیان ببیننەوە، یان خوێندنەوەیەکی دیکە بریتیە لەوەی کە ئەم شۆڕشە نەتەوەیی یا تەنیا شۆڕشێکی چەپ بە روانگەی سۆسیالیستیەوەیە.
ئەوەی چ خوێندنەوەیەک لەم شۆڕشە لە ئاستە سەرتاسەریەکەیدا دەکرێ لە جێگەیەکدا هاوکات بەریەککەوتنی روانگە جیاوازەکانیشی لێکەوەتەوە کە تێڕوانینی ئێرانی هەوڵدەدات تەنیا دەرهاویشتەیەکی گشتگیر و لە چوارچێوەی ئازادیەکان پێناسەی بکات، لە لایەکی دیکەش شۆڕشی رەواو پێشکەوتنخوازانەی کوردستان بە درووستی لە جێگەیەکدا رێگەیان نەدا شۆڕشەکە بە ئاراستەی یەک تێڕوانینی پان ئیرانیستی بڕوات و ناوی ژینایان چ وەک پێناسەیەک لە کوردبوون و پێناسەیەکیش لە پێشکەوتنخوازی و رزگاریخوازبوون، لە ژێر هێژمۆنی روانینی نەتەوەی باڵادەست دەرهێنا. ئەگەرچی دام و دەزگاکانی رژیمی سەرکوتگەر لە کوردستان لە جێی خۆیەتی و هێشتا کوردستان لە ژێر دەسەڵاتێکی داگیرکەردایە، بەڵام شۆڕشی ژینا بە هەمان رێچکەی ناوەرۆک و پێناسەی شۆڕشی مەی ١٩٦٨ی فەڕانسەدا رۆیشت کە بە تەواوی رادیکاڵ و لێدان بوو لە هەموو بنەماکانی روانینی دەسەڵات لە لایەک و نۆرمە سوننەتی و باوەکانی کۆمەڵگا کە تێپەراندیان پاش سەردەمێک هێشتا بڤە بوون و سیستەمی رژیمی کۆنەپەرست لەسەری هێلانەی کردبوو.
دەنگی ژنان و شۆڕشەکەیان لە کوردستان چەند ئاستی گرینگی کۆمەڵگای کوردستانی بە تەواوی تووشی گۆڕانی بنەڕەتی کرد کە جیهان و ناوچەکەو ئێرانیان خستە تێڕامانێکی جیددی. بێگومان ئەم شۆڕشە ئەگەرچی درووشمی ژن ژیان ئازادی هەوێنی دەسپێکەکەی بوو وە ژنانی شۆڕشگێڕی کورد رەچە شکێنی بوون بەڵام پەیوەستبوونی فاکتەرەکانی دیکە، واتە راپەڕینی لاوان و نەسڵی نوێ، پاشەکشەکردن بە بیری ئیسلامی و دواکەوتووانە، خستنە پەراوێزی سووننەتی باوی کۆنی کۆمەڵگە کە تەنانەت هەندێ حیزبی کوردیی میراتگری ئەوەن، هاتنە مەیدان و راپەڕینی نەتەوەیەکی زوڵملێکراوی بێ دەوڵەت کە هاواری خۆی گەیاندە هەموو جێگەیەک، دەرکەوتنی سەرلەنوێی هاتنە مەیدانی بەرینی ئەو چینە مافخوراوەی کۆمەڵگا واتە کرێکاران و زەحمەتکێشانێک کە سیستەمی سەرمایەداریی ناپێشکەوتوو رۆژانە هەر لەو کوردستانەداو بە دەستی قوڵە سەرمایەدارەکانی ناوخۆ بە خراپترین شێوە دەچەوسێنەوە، سیمای ئەم شۆڕشەی هەمە رەنگ و هەمە چەشن کرد تا بەمشێوە توانی مۆرکی خۆی لە گرینگترین قۆناغی مێژووی خەبات لە کوردستان بدات.
وێڕای ئەوەی روانینی فاشیزمی ئێرانی و هەندێ کەسی هاوکاریان لە کوردستان هەوڵدەدەن ئەو شۆڕشە لە ناوەرۆکی شۆڕشگێڕانەی خۆی بەتاڵ بکەنەوە بەڵام ئەم شۆڕشە بەم پێگەیشتوویی و تێگەیشتوویەوە ناتوانێ بە هیچ شێوەیەک بە لاڕێدا ببرێت و لە ژێر ناوی ئێرانی نوێ و مافی شارۆمەندی، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی گەلی کورد بێ ئاسۆ بکەن. ئەم شۆڕشە لە نێو خۆیدا تێکۆشەرو رێبەریەکی ئاسۆیی بۆ خۆی داڕشتووە کە یاسای ئۆلیگارشی کە هێشتا لە نێو مێشکی هەندێکدا ماوە خۆی ناگرێ و نایەوێ قبووڵی ژێردەستەیی بکات، بۆیە داوای مەحاڵترین مافی خۆی دەکات.
کوردستانێکی سەربەست و سەربەخۆ بە واتەی ئەوەی هیچ داگیرکەرێک لەسەرۆی تاکی کوردەوە نیە کە بڕیار لە چارەنووسی ئەم نەتەوە بدات و لە دەرەوەی ئیرادەی ئازادانەی خەڵکی کوردستان بڕیار بدات، هاوکات ئەم شۆڕشە وێنەیەکی فێمێنیستی هەیە کە تێیدا هەردوو رەگەزی ژن و پیاو لە هەموو ئاستەکانی کۆمەڵگا لە بواری ماف، سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری دەبێ یەکسان بن، ئاسۆیەکی سۆسیالیستی هەیە چونکوو نایەکسانی و نابەرابەری لە سیستەمی سەرمایەداریی هەر لەو کوردستانەی کە مەکۆی شۆڕشە، بوونی هەیە و ئەم بوارە یەکێک لە گرینگترین رەگەکانی شۆڕش و وەستانەوەیە، ئەم بزووتنەوە لە هەمانکاتدا ژینگە پارێزە و دژی تێکدانی ئێکۆسیستەمە، لەم شۆڕشەدا هاوکات وێنەی رێزگرتن لە سرووشت و ئاژەڵان دەبینرێ کە بە تایبەتی لە ماوەی دوو دەیەی رابردوو گەشەیەکی زۆری لە کۆمەڵگای کوردستان کردووە و بە خۆشیەوە هاوتەریبە لەگەڵ نۆرمێکی پەسەندکراوی جیهانیی.
تێڕوانینی ستراتژی لە کوردستان دەبێ بتوانێ هەموو ئەو رەهێڵە گرینگانەی شۆڕشی کوردستان و بزووتنەوە جەماوەریە بەردەوامەکەی ببینێ و بیخوێنێتەوە، بۆ ئەوەی بتوانێ لە ئەنجامی لێکدانەوەیەکی گشتگیر ئاراستەی خەباتەکەی لەگەڵ ناوەرۆکی ئەو بزووتنەوە رێکبخات کە پڕاوپڕە لە رەنگاو رەنگی و هەمەچەشنی و دەتوانێ لە داهاتوودا پێگەی شۆڕشی کوردستان و ئەزموونەکەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئاخێندراو بە دواکەوتوویی بباتە لووتکەی پێشکەوتن و سەرنج.