چەپی کوردستانی, سۆسیالیزم و ئیستراتژی نەتەوەیی….!

0

بەشی یەکەم

پەرویز ڕەحیمزادە

بەشێک لە دانیشتووانی جیهانی ئەمڕۆی سەدەی بیست و یەکەم بوونەتە دەستەچیلەی ئاگری ماڵوێرانکەرانەی ئەو هێزانەی کۆمەڵگای مرۆڤایەتیان لە پێناو بەرژەوەندیەکانی خۆیاندا، کردۆتە مەیدانی تەراتێنی شەڕو کوشتار، داگیرکاری و بەدیل گرتن، ستەم و چەوسانەوە، توندوو تیژی دژی ژنان، پەرەدان بە دواکەوتوویی، ئاژاوە نانەوەی ئایینی و ستەمی نەتەوەیی و لەناوبردنی ژینگە و دەیان قەیرانی دیکە. ئەم هێزانە واتە سەرمایەداریی زاڵی جیهانیی بە نوێنەرایەتی نیۆلیبڕالیزم، فەندەمێنتالیزمی ئیسلامیی و بەرەی چین و رووسیەش کە پێشینەیەکی بە ناو چەپیان لە پشتە، لەم قۆناغەدا هۆکارو سەرچاوەی هەموو ئەو قەیرانانەن کە بەرۆکی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی گرتووە. ئەم هێزانە ئەگەرچی بە رواڵەت رووبەڕووی یەکتر وەستاونەتەوە بەڵام هاوتەریب لەگەڵ یەک بەرەو لەناوبردنی هەموو ئەو بەها گەورە ئینسانیانە هەنگاو دەنێن کە بەرهەمی سەدان ساڵ خەبات و تێکۆشانە بۆ ژیانێکی باشترو ئارامی و وەدیهاتنی ئازادیی راستەقینە، لەدەست هەر جۆرە ستەم و چەوسانەوەیەک.

نێئۆلیبڕالیزمی جیهانی ئەمڕۆکە تا دێت قەیرانەکانی زیاتر لە جاران لەسەر یەک کەڵەکە دەبێت و شەڕی بەرژەوەندیە گەورە ئابووریەکانی ئەم ساڵانەی دوایی، بە خولقاندنی شەڕ بووە هۆکاری گیان لەدەستدانی ملیۆنان کەس و ئاوارەبوونی ملیۆنانی دیکە کە تەنیا بۆ دەربازکردنی گیانی خۆیان، شوێنی ژیان و نیشتمانیان بەجێهێشتووەو ئاوارەی گۆشەو کەناری ئەم جیهانە بوون. لە لایەکی دیکەشەوە دێمۆکراسی رۆژئاوایی تا دێت بەستێنی زیاتر بۆ گەشەی راسیزم و فاشیزم خۆش دەکاو نە تەنیا ئەحزابی بەرەی راست، بەڵکوو تەنانەت بەرەی سۆسیال دێمۆکراسیش کە بە تایبەتی پاش جەنگی دووهەمی جیهانیی رۆڵێکی سەرەکی لە بونیاتنانی کۆمەڵگەی خۆشگوزەران و ماف تەوەر  و مرۆڤانەتر گێڕا، لە بەرانبەر ئەحزابی راستی توندئاژۆ لە پاشەکشەدان و بەمشێوە رۆژئاواش دەڕوات بەرەو ئەوەی لە داهاتوودا قۆناغێکی دیکە لە قەیرانە ناوخۆییەکانی سەرمایەداریی ئەزموون بکات. سۆسیال دێمۆکراسی کە دەیویست بە کەڵک وەرگرتن لە پۆتانسیەلی دێمۆکراسی هاوسەنگیەک لە نێوان کارو سەرمایە بە قازانجی هەردوو لایەن درووست بکات، ئێستاکە لە پاشەکشەدایەو تا دێت گوشار بۆسەر کرێکاران لە شوێنی کارو زەختی ماڵیاتی و بردنە سەرەوەی نرخی شت و مەک زیاتر دەکات و بەمجۆرە قەیرانی خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی و بێکاریی لە حاڵی پەرەسەندندایە.

کاتێک لە نیوەی دووهەمی سەدەی بیستەم سیستەمی سۆسیال دێمۆکراسی لە ئۆروپا بێچمی گرت خەڵکیان بەوە لە دەوری ئەو پڕۆژە کۆکردەوە کە ئەوان بە جێگەی ئەوەی رێگەی شۆڕش بۆ گەیشتن بۆ کۆمەڵگەی سۆسیالیستی بگرنە پێش، دەیانەوێ لە رێگەی رێفۆرمەوە هەنگاو بەرەو ئەو ئامانجە هەڵبگرن. بەڵام ئەم ئەندێشە ئێستا پاش زیاتر لە یەک سەدە نەک هیچ رەخنەو پلانێکی لە بەرانبەر سەرمایەداری نیە، بەڵکوو خۆی بەشێکە لەم سیستەمە و بە مەبەستی مانەوە لە دەسەڵاتی سیاسیی تا دێت لە بەرەی لیبڕاڵەکان نزیکتر دەبێتەوەو دەبێتە هاوبەشی پڕۆژەکانیان. کەواتە ئەو رێبازەی بانگەوازی ئەوەی دەکرد کە رێگەی گەشتن بە سۆسیالیزم لە سۆسیال دێمۆکراسیەوە تێپەڕ دەبێت نەک ناڕاست بوو، بەڵکوو تەم و مژێکی گەورەشی لەسەر بزووتنەوەی سۆسیالیستی پێکهێنا کە ئاسەوارەکانی بوونە هۆی ئەوەی بۆ ساڵانێکی دوورو درێژ چینی کرێکاری بە تەواوی تەسلیمی لۆژیکی سەرمایەداری کرد بۆ ئەوەی پێش بە گۆڕانکاریی لەو سیستەمدا بگرێت.

لە لایەکی دیکەوە سۆسیالیزم وەک ئەندێشەیەکی مۆدێرن کە لە رەخنە لە لیبڕالیزم و بازاڕی ئازاد لە سەدەی 19 شکڵی گرتبوو، دەیویست پڕۆژەی دێمۆکراسی لەو قۆناغەی کە کرانەوەیەک هاتبووە ئاراوە لە ئاستێکی بەرینی کۆمەڵایەتیی، بە جۆرێکە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا نەک تەنیا لە پرۆسە سیاسیەکەی بەڵکوو لە بواری ئابووریەکەیشیدا جێگیر بکات، واتە خاوەندارێتی گشتی بەسەر کەرەسەکانی بەرهەمهێنان. ئەوە راستە کە لە دیمۆکراسی سەرمایەداریدا مافی ئازادانەی بەشداری سیاسی و ئازادیی کۆمەڵایەتیی تاک بەرهەم دێت، بەڵام تێڕوانینی سۆسیالیستی بۆ پرسی دێمۆکراسی مانایەکی قووڵتر پەیدا دەکات، واتە مۆدێلێکی رادیکاڵ لە دێمۆکراسی کۆمەڵایەتی بە مانای کۆنتڕۆڵی گشتیی بەسەر پڕۆسەی کار و بەرهەمهێنان. ئەوەی لێرەدا گرینگە ئەوەیە کە نابێ دێمۆکراسی کورت بکرێتەوە تەنیا بۆ بەشداریی سیاسی، بەڵکوو دێمۆکراسی دەبێ هاوکات لە بواری کۆمەڵایەتی و ئابووریش گەشە بکات، چونکوو کاتێکە دێمۆکراسی تەنیا بەرتەسک بکرێتەوە بۆ بەشداریەکی سیاسی لە پرۆسەیەکی دەنگدان یا ئازادیی رادەربڕین، ئیتر لێرەدا پرسی عەداڵەتی کۆمەڵایەتی لە بواری ئابووریی پێشتگوێ دەخرێت بۆ تاقمێک کە لە پێناو بەرژەوەندیەکانی خۆیان کۆمەڵگەیەکی نایەکسان بەرهەم دەهێنن. بۆ وێنە هەر ئەم دیمۆکراسیە سەرمایەداریە بوو کە بەستێنی بۆ هەڵگیرسانی دوو جەنگی گەورەی جیهانیی رەخساند کە لە ئاکامیدا دەیان ملیۆن گیانیان لەدەستداو تووشی هەڵاواردن و ماڵوێرانی بوون.

لێرەدا مەبەست لە هێنانە بەرباسی ئەم دەستەواژانە ئەوەیە کە بوترێت دیمۆکراسی بە بێ عەداڵەتی کۆمەڵایەتی لە بواری ئابووریی پڕۆژەیەکی ناتەواوەو پێچەوانەکەشی سۆسیالیزمێ کە بەتاڵ بکرێتەوە لە هەموو پێوەرێکی دێمۆکراتیک، ئاکامەکەی دەبێتە ئەو کارەساتەی لە یەکیەتی سۆڤیەتی ناپێشکەوتوو سەریهەڵدا کە نەک نەیتوانی ئەو ئامانجە بپێکێت بەڵکوو بە شێوەیەکی مڵهۆڕانە لە دژی دێمۆکراسی وەستایەوەو ئاکامەکەشی بوو بە دەسەڵاتێکی تۆتالیتر کە نەک هیچ پێوەندیەکی بە سۆسیالیزمەوە نیەو نابێ بەو ئەندێشە بناسرێتەوە، بەڵکوو ئەو ئەزموونە کە دەیتوانی ببێتە ئۆلگوویەک بۆ مرۆڤایەتی، وەک نمایشێکی هێڵنجاوی لە مێژوودا خۆی دەرخست. کەواتە وێڕای دەسکەوتەکانیش پێویستە بە روانگەیەکی رەخنەگرانە بۆ ئەو ئەزموونانەی چەپی سەدەی پێشوو بڕوانین و بەلەبەرچار گرتنی راستیەکانی ئەمڕۆی کۆمەڵگا، بەشێک بین لە سەرپێخستنی دیسکۆرسێکی نوێی چەپ لە کوردستان. ئەوە راستە کە لە ئێستادا سەرمایەداریی سیستەمی زاڵە بەڵام ئەمە بەو مانایەش نیە کە ئەوان دەتوانن وەک رابردوو خەباتی ئازادیخوازانەو یەکسانیخوازانەی خەڵک تێک بشکێنن و رێگە نەدەن دەنگیان هەڵبڕن، بەڵام ئەوەی روونە بەرەی سەرمایەداریی هەوڵدەدات پێش بە سەرهەڵدانەوەی رەوتی چەپ و سۆسیالیستی لە هەموو جیهاندا بگرێت، وە بۆ ئەم پلانەش ساڵانە بە میلیارد دۆلار بووجە بۆ هەموو دام و دەزگا ئەمنیەتی، سەربازی، میدیایی و …لە ئاستی جیهان تەرخان دەکەن کە دژی بەرەی چەپ بەکاری بهێنن.

بەم کورتە دەسپێکەوە مەبەست ئەوە بوو کە وێنەیەکی گشتیی لە بارودۆخی سیستەمی زاڵی جیهانی نیشان بدرێت کە مرۆڤایەتی لە چ دۆخێکدایە، بەڵام ئەمەش بەو مانا نیە کە ئەوە تەنیا یەک لێکدانەوەو ئاڵترناتیڤی جیهانی دەتوانێ پێش بەم قەیرانانە بگرێت. وەک دەزانین لە ئاستی هەموو وڵاتاندا ئەندێشەو رەوتە چەپەکان بوونیان هەیە و لە ئاستی هەڵسووڕانی سیاسی، رێکخراوەیی یان خەباتی پەرلەمانی چالاکن، بۆیە دەکرێ ئەو وێنەیە ببینرێت کە ئەگەر خوێندنەوەیەکی نوێیان بۆ رووداوەکان هەبێ لە درێژماوەدا ئەو هێزانە هەر کامەیان لە وڵاتانی خۆیان دەبنە زۆرینەو هەم بەم پێیەش دەکرێ هاوکات لەگەڵ ئەوەی خۆی دەپارێزێ لە شەڕو ئاژاوە، لە درێژەی خەباتێکی دێمۆکراتیک جارێکیتر بێتەوە سەر شانۆی گۆڕانکاریەکان. بەڵام بەرەی چەپی هەر کۆمەڵگایەک پێویستە بە پێی هەڵکەوتەی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریی خۆی، هەوڵ بۆ وێناکردنی خۆی بدات، واتە لەمبارەوە پەیڕەوکردنی رەهەندێکی گشتگیری جیهانی وەڵامدەرەوە نیە و بەڵکوو ئەگەری ئەوەی هەیە کە جارێکی دیکە کۆمەڵگای جیهانی بەرەو ئاراستەی شەڕی گەورە ببات.

هەر بەم پێیەش فۆرموولەکردنی پرسی چەپ لە کۆمەڵگای ئێمە “کوردستان” دەبێ ئەو ئاراستەیە بە خۆیەوە بگرێت و نابێ وا لێک بدرێتەوە کە هەر سەر لە بەیانی رۆژی راپەڕین بە واتای شۆڕشی سۆسیالیستی و هەناردەکردنی ئەم شۆڕشەیە بۆ دەرەوەی سنوورەکانی خۆی، ئەوە جیا لەوە کە لێکدانەوەیەکی هەڵەیە لە بارودۆخی هێز لە هەموو جیهان، لە هەمانکاتیشدا بەرەی چەپ و سۆسیالیستەکان لە خوێندنەوەیەکی ئەمڕۆیی و زانستیانە دوور دەخاتەوەو بەرەو دەمارگرژی ئیدۆلۆژیک و پەراوێزخستن پاڵیان پێوە دەنێت. لە جیهانی ئەمڕۆدا برسیەتی، نەخۆشیگەلی پەرەسێنەر، رەوتی بەردەوامبوونی لەناوچوونی ژینگە، هەڵگیرسانی شەڕی ئایینی و … هتد ئەو دیاردانەن کە سیستەمی سەرمایەداریی کۆن و نوێ بەرهەمی هێناون. لە وڵاتانی جیهانی سێهەم ساڵانە هەزاران منداڵ بە هۆی برسیەتی و نەخۆشی کە دەکرێ چارەسەر بکرێ، بەڵام ئەوان مەجالی دەسپێڕاگەیشتنیان نیە، گیانیان لەدەست دەدەن. ئەمانە هاوکاتە لەگەڵ رەوتی بەردەوامی تایبەتیکردنەوە “خصوصی سازی” شوێنە گشتیەکان وەک نەخۆشخانە، قوتابخانەکان، دامەزراوە گەورەکانی بەرهەمهێنان و ناچارکردنی کرێکاران بە ملدان بە واژۆکردنی رێککەوتننامەی کاتیی “قرارداد موقت” کە هەموو ئەمانە لە درێژماوەدا دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی لە رادەبەدەری بێکاریی. بۆیە رەوتێکی چەپی کوردستانی دەتوانێ سەرلەنوێ لەسەر هەست بە بەرپرسیارێتی بەرانبەر کۆی ئەو قەیرانانە، پێگەی خۆی بەدەست بهێنێتەوە. ئێمە هەڵگری جۆرێک لە بیرۆکەی چەپین کە لە هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵگا ئازادیی بەرهەم بهێنێت، واتە ئەم چەپە دەبێ خۆبەڕێوەبەر، خاوەن سەروەریی سیاسی، فێمێنیست، پارێزەری ژینگە ومافی جێندەر، ئاشتیخواز و پلۆڕاڵ و سێکۆلار و بەرگریکاری بەرینترین دێمۆکراسی بێت. لە لایەکی دیکەشەوە چەپی نوێ دەبێ سنووری خۆی لەگەڵ ئەزموونە شکسخواردووەکانی چەپی کلاسیکی نیشان بدات کە هەوڵیانداوە لە سەرەوە پڕۆژەکانی خۆیان بەسەر جەماوەردا بسەپێنن، بەڵکوو بە بەرینکردنەوەی دێمۆکراسی بە     شێوەی رادیکاڵ مەجالی ئەوە بڕەخسێنێت کە جەماوەری خەڵک بە دەسپێشخەری و داهێنانی خۆیان کۆمەڵگا ئیدارە بکەن.

چەپی کوردستانی و چەپ لە جیهان

بیری یەکسانی و بەرابەریی مێژوویەکی کۆنی هەیەو لەو کاتەوە مرۆڤ هەیەو بیردەکاتەوە پرسی عەداڵەت یەکێک لەو بابەتە هەرە گرینگانەیە کە بەردەوام خۆلیای وەدەستهێنانی وەڵامەکەیەتی. کەواتە پێش مارکسیش بیری یەکسانی و سۆسیالیستی جەمسەرێکی گرینگی خەباتی مرۆڤ بووە لە دژی هەڵاواردن، بەڵام ئەوەی سۆسیالیزمی مارکس لە ئەوانەی پێش خۆی و هاوکات بیرمەندانی چەپی سەردەمی خۆی جیا دەکاتەوە، خوێندندنەوەیەکی زانستیە بۆ سۆسیالیزم لە بابەتێکی ئەخلاقی و ئۆتۆپیایی بۆ پرسێکی هەستپێکراوی کۆمەڵایەتی کە ئەمە گرینگترین خاڵی جیاوازی نێوان سۆسیالیستەکانی ئەو سەردەمەیە کە مارکس بە لێکۆلینەوەی قووڵ و وردبینانە ئەم تیۆریەی گەیاندە لووتکەو کردی بە یەکێک لە گوتارە زاڵەکانی سەردەمی خۆی کە پێگەیەکی بەرینی جەماوەریی دەستەبەرکرد.

 سەدەی نۆزدەهەم لە رۆژئاوا گەشەی پیشەسازی لە شارەکان دەرگایەکی بەرینی بەرەوڕووی چینێکی بەرینی کۆمەڵایەتی کرێکاران کردەوە کە هێزی کاری خۆیان لە نێو کارگەو کارخانەکان لە پێناو بەرهەمهێنان و حەقدەستی شیاو بفرۆشن و بەمشێوە هەم لە قەیرانی بێکاریی کۆتاییان بێ و هاوکات بەشدار بن لە کۆی پرۆسەی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی و بەمشێوە مەجالێکیشی رەخساند کە دێمۆکراسی تێیدا گەشە بکات. هەر لەو سەردەمەدا بە خێرایی دەرکەوت کە خاوەنانی سەرمایە بە دڕندانەترین شێوە و لە ژێر باری قورسی کارو بە درێژکردنەوەی کاتی رۆژانەی کار، بارودۆخێکی وەها دژواریان بۆ ئەم چینە نوێیە خولقاندووە کە جیا لە ماندووبوون و دانی حەقدەستی مەمرەو مەژی شتێکی ئەوتۆیان بۆ نەمێنێتەوە وەک مارکس لە کتێبی سەرمایە باسی دەکات، نۆ لەسەر دەی ژیانی ئینسان تەنیا هەوڵە بۆ مانەوە. لەگەڵ ئەوەشدا دێمۆکراسی سەرمایەداریی بە ناچار بۆ بە ئەنجامگەیاندنی کۆی پرۆژەکانی واتە کەڵەکەبوونی هەرچی زۆرتری سەرمایە پێویستی بە گەشەی هاوتەریب (توسعە موزون) بوو کە بیرکردنەوە جیاوازەکانیش لە ژێر ناوی دێمۆکراسی تێیدا مەجالی دەربڕینیان هەبێ بەڵام ئەو دێمۆکراسیەی کە دوور بێ لە داواکاریی ئابووریی و تەنیا کورت بکرێتەوە بۆ هەندێ مافی سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ تاک.

هەر لە سەدەی نۆزدەهەمی گەشەی سەرمایەداریی، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی کرێکاران پانتاییەکی زۆری بە خۆیەوە گرت بۆ وێنە لە فەڕانسەی ناوەڕاستی سەدەی نۆزدە لە ماوەی یەکساڵدا ٤٠٦ خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی کرێکاریی بەڕێوەچوو، ئاڵمانی پیشەیی ببووە یەکێک لە ناوەندە گەورەکانی رێکخراوە کرێکاریەکان، بەمجۆرە بیری سۆسیالیستی کە لە بنەڕەتتدا رەخنەو وەستانەوە بوو لە دژی لیبرالیزمی سەردەم، هێورهێور هەموو تان و پۆی کۆمەڵگای رۆژئاوایی تەنیبوو وە رێکخراوبوونی کرێکاران و هاوپێوەندیان بە کرێکارانی دیکەی وڵاتانی دەوروبەر کە تا دەڕۆیشت پانتایی گەورەتری مسۆگەر دەکرد، ترس و دڵەڕاوکێی خستبووە دڵی دەسەڵاتداران، بۆیە وردە وردە کێبڕکێی نێوان خاوەنانی سەرمایە لە پێناو زیادەخۆیی زیاتر لە لایەک و مەترسی شۆڕشی کرێکاران، کۆمەڵگای رۆژئاوای لە دەهەی دووهەمی سەدەی بیستەم بەرەو شەڕی یەکەمی جیهانی پاڵ پێوەنا کە تێیدا بە مانای واقیعی کرێکاران بوونە دەستەچیلەی ئاگری ئەو شەڕە.

بەڵام جیهان لە سەدەی بیستەم کە رێکخراوی کۆمەڵەش بەرهەمی بەشێک لەو گۆڕانکاریانە بوو گەلێک رووداو کاریگەریان لەسەر دانا. دوای ئەوەیکە شۆڕشی ئۆکتۆبر لە ١٩١٧ روویداو قەڵای تێزار رووخاو ترووسکەیەک بۆ دامەزرانی سۆسیالیزم لە رووسیە دەرکەوت، ئەو ئەزموونە کە دەیتوانی وێنەک بە هەموو جیهان لە ژیانێکی باشترو رێزگرتن لە مرۆڤ و یەکسانی نیشان بدات بووبە خراپترین ئۆلگووی حوکمڕانی سیاسی کە بە ناوی سۆسیالیزمەوە ناسرا بە ئێستاشیەوە. لە کاتێکدا کە بە پێی تیئۆری مارکس بیرۆکەی گشتیی سۆسیالیزم دەبێ بەرەو دابەشکردنی ساختاری دەسەڵات و ئابووریی هەنگاو بنێ، بەڵام لە یەکێتی سۆڤیەت بە پێچەوانە دەسەڵات و ئابووریی لە دەست یەک حیزبدا قۆرخکراو نەک سۆسیالیزم دانەمەزرا بەڵکوو سیمایەکی ترسناک و شکست‌خواردووی لە رێبازی مارکس بە هەموو جیهان نیشاندا. بەڵام ئەم ئەزموونەش نیهایەتەن لە نێو خۆیدا شکستی خواردوو کۆمەڵێک لە بیرمەندانی چەپی سەدەی بیستەم هەرکامەو بە تێڕوانینی خۆی لە هەوڵی چاکسازی و وێناکردنەوەی سەرلەنوێی سۆسیالیزم بوون. کەواتە لەم سەدەشدا جۆرێکی دیکە لە تێڕوانین بۆ سۆسیالیزم و چەپی نوێ هاتە ئاراوە و بە تایبەت دوای ئەوەی بلووکی بەناو سۆسیالیستی درزی تێکەوت کە ئەوکات بۆ زۆرێک لە بزووتنەوە چەپەکانی جیهان هێماو ئۆلگوو بوو، چیدی خۆیان بەو ئەزموونەوە پێناسە نەدەکرد. شۆڕشی خوێندکارانی فەڕانسە کە بە خێرایی تێکەڵ بە بزووتنەوەیەکی بەرینی کۆمەڵایەتی بوو وە رەخنە بوو لە بارودۆخی زاڵ و هەوڵدان بۆ گەشەی زیاتری ئازادیی، نەک هەر فەڕانسە بەڵکوو زۆرینەی کۆمەڵگای وڵاتانی جیهانی خستە ژێر کاریگەریی خۆیەوە.

لە لایەکی دیکەوە بزووتنەوەی فێمێنیستی لە حاڵی گەشەکردندا بوو وە چیدی ژنان لەوە زیاتر ئامادە نەبوون کە لە ژێر گوشاری کلتووری دواکەوتووانەی ئایینی و پیاوسالارانە درێژە بە مانەوە بدەن و بەمشێوە جۆرێک وشیاریی کۆمەڵایەتی لەمبارەوە لە رۆژئاوا گەشەی کرد کە شەپۆلەکانیشی بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەهاتن. بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازی وڵاتان لە ژێر چەپۆکی کۆلۆنیالیزم لە سەرتاسەری جیهان لە گەشەدا بوو کە لە زۆرێک لەوانە چەپەکان لە ریزی پێشەوەیدا بوون بۆ وێنە خەباتی خەڵکی ئەفریقای باشوور، ویتنام، کۆنگۆ، کووباو بەشێکی زۆر لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین تا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تا دەگەیشتە کوردستان و ئەو بزووتنەوانەی لە هەرکام لە بەشەکان ئەڵبەتە بە ئاجیندای جیاواز هاتە ئاراوە.

لە لایەکی دیکەوە لە کوردستان بزووتنەوەی چەکداریی ٤٦\٤٧ی هەتاویی کە ئەڵبەتە بە خێراییش سەرکوتکرا ورەو ئیدەیەکی تازەی دابووە نەسڵی نوێی خەباتکار. لە کوردستانی باشووریش دەسپێکی یەکەم خەباتی چەکدارانە لە ١٣٤٠ کە بە شۆڕشی ئەیلوول دەناسراو رەوتێکی سوننەتی رێبەریی دەکرد لە خۆیدا ئەزموونێک بوو بۆ لێکۆڵینەوەو هەڵسەنگاندن.

بەڵام لەم نێوەدا رێکخراوەی کۆمەڵە ئەگەرچی خاوەنی نووسراوەیەکی تیۆری نەبوو کە بیکاتە بنەمای خەباتەکەی بەڵام ئەوە لە خۆیدا کەم و کورتیەک نەبوو کە بتوانێ بیری سۆسیالیستی لە کومەڵگای کوردستان جەماوەریی بکاتەوە، بەڵکوو ئەم رێکخراوە نوێیە بە پراکتیکی رۆژانەی خۆی زۆرترین کاریگەریی لەسەر کۆمەڵایەتی کردنەوەی بیری چەپ و سۆسیالیستی لە کوردستان دانا. زۆربەی تێکۆشەرانی کۆمەڵە سەرەڕای ئەوەی زۆر کەم دەستیان بە نووسراوەو کتێبەکان دەگەیشت بەڵام لە مەیدانی کردەوەدا ئەو رێبازەیان  بردە نێو قووڵایی جەماوەری خەڵکی کوردستان، هەر بۆیە تا دەهات گوتاری چەپ لە کۆمەڵگای کوردستان بەهێزتر دەبوو، واتە بە کردەوە دەرهێنانی ئەو دەستەواژانەی کە لە چوارچێوەی نووسراوەو کتێبەکان دەیانتوانی بۆ هەمیشە قەتیس بمێننەوە، ئەمجارەیان لە کوردستان بە قووڵی رۆچووە نێو هەموو کەل و قوژبنی کۆمەڵگاوە. وەک چۆن پراکتیک لە بیرو ئەندێشەی مارکسدا لە هەموو بەرهەم و نووسراوەکانیدا بەرچاو دەکەوێ و یەکێک لە گرینگترین کۆڵەکەکانی روانینی ئەوە بۆ هەر گۆڕانکاریەک کە دەتوانێ لە ئاستی کۆمەڵگا رووبدات، بزووتنەوەی چەپ و سۆسیالیستی کە کۆمەڵە نوێنەرایەتی دەکرد بە شێوەیەکی وشیارانەو رێکخراو ئەم ئەندێشەی بە رادەیەکی بەرچاو و کاریگەر، کۆمەڵایەتی کردەوە.

درێژەی هەیە..

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *