پەیامی نەورۆزو ساڵی تازەی ١٤٠٥ی هەتاوی هاوڕێ رەزا کەعبی سکرتێری گشتی کۆمەڵە ، روو لە خەڵکی تێکۆشەری کوردستان

0

خەڵکی خەباتکاری کوردستان!

ژنان و کچانی شۆرشگێر وخولقێنەرانی شۆڕشی مەزنی ژن، ژیان، ئازادی!

لاوانی شۆڕشگێرو چاونەترس و خەباتکارانی ڕێگەیڕزگاری، دادپەروەری، ئازادی و یەکسانی!

لە ناخی دڵەوە لە لایەن خۆم و هەموو ڕیزەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانەوە  پیرۆزبایی نەورۆز و ساڵی تازەتان لێدەکەم. ساڵێک و ڕۆژانێکی پڕ لە شادی و زاڵبوون بەسەر ئاستەنگییەکانی ژیان و سەرکەوتن لە خەبات دژ بە کۆماری ئیسلامییتان بۆ بە ئاوات دەخوازم.

ئەمڕۆژانە و لە سەروبەری نەورۆز و ساڵی تازەدا کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لە لاوازترین قۆناغی مێژووی پڕ لە تاوانیدایە و چ لە ناوەوەو چ لە دەرەوە بەرەوڕووی شکستێکی کەموێنە بووەتەوە، ئاگری شەڕێکی ماڵوێرانکەری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا هەڵگیرساندووە و وەکوو هەموو مێژووی خۆی خەریکی ئاژاوە نانەوە و پەرەپێدانی تێرۆریزمە و ڕۆژانە ڕۆڵە تێکۆشەرەکانی ڕۆژهەڵات لە باشووری کوردستان بە مووشەک و دڕۆن دەکاتە ئامانج. بەڵام ئێوە و ڕۆڵە تێکۆشەرەکانتان هەر وەکوو هەموو مێژووی خۆڕاگریمان بە هیوایەکی گەش و ورەیەکی بەرز ڕاوەستاون و کوردستان نەک تەنیا بە پشت بەستن بە هێزی پێشمەرگەی فیداکاری بەڵکوو بە پشت ئەستوور بوون بە خەباتی سیاسی و مەدەنی و وزەی پێشکەوتنخوازانە و ئازادیخوازانەی مەشخەڵی ڕوونی ئەم دۆخە تاریکەیە. 

خۆڕاگریی کوردستان لەم ٤٧ ساڵەدا بەرانبەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران تەنیا بۆ بەرگری لە خاکی خۆی نەبووە بەڵکوو بۆ خوڵقاندنی دەسکەوتی نوێ و بونیاتنانی ژیانێکی شیاوی ئینسانی بووە. کوردستان تەنها بۆ خۆی نەجەنگیوە، بەڵکوو بۆ ئازادی، بۆ دادپەروەری و بۆ ژیان لەژێر سێبەری یەکسانی تێکۆشاوە و تێدەکۆشێ و خولقێنەری گوتاری نوێ و شۆرشی نوێ بووە.

لاوانی کوردستان! ئێوە وزەی گۆڕانکاری و مژدەی داهاتوویەکی ڕوونن، ئێوە دەنگی پەنگ خواردوی شەقامی ڕۆژهڵاتن. ژنان و کچانی تێکۆشەڕ، ئێوە بڕبڕەی پشتی ئەم شۆڕشەن، کە ئازایەتیتان لە هەموو جیهان دەنگیداوەتەوە. ئازادیخوازان، ئێوە بەڵگەن لەسەر ئەوەی کە هیوا هەرگیز نامرێت. خۆڕاگر بن، یەکگرتوو بن. 

کۆمەڵە وەک هەمیشە هاوخەباتی تێکۆشەرانی کوردستانە. ئێمە لە سەنگەری کوردستان، لە سەنگەری دادپەروەری و یەکسانی و ئازادیدا هاوسەنگەرتانین. کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ساڵانێکە هەوڵ دەدا بە ڕوانینێکی چەپی کوردستانی ببێتە مەکۆی هەموو ئەوانەی لەم مێژووە پڕ لە فیداکاری و خۆڕاگرییەدا بۆ سەربەستیی نەتەوەیی، بۆ دادپەروەریی ئابوورری و کۆمەڵایەتی، بۆ یەکسانیی ڕەگەزی و ئازادی تێکۆشاون. لەم نەورۆزەدا ڕوو لە هەموو ئەو تێکۆشەرانە بانگەوازی یەکگرتنمان لە دەوری ڕەوتێکی چەپی کوردستانی دووپات دەکەینەوە. 

لەم نەورۆزەشدا یادی ئازیزانی گیانبەختکردووی ڕێگەی ڕزگاری و ئازادی و یەکسانی بەرز ڕادەگرین و ڕێز لە ئیرادە و خۆڕاگریی زیندانیانی سیاسی و بنەماڵەی سەربەرزی گیانبەختکردووان دەگرین. 

لە نەورۆزی ئەمساڵدا پەیمانی خەبات و خۆڕاگری نوێ دەکەینەوە و دووپاتی دەکەینەوە کە شان بە شانی ئێوە لە هەوڵدان و تێکۆشان بۆ گەیشتن بە کوردستانێکی سەربەست، ئازاد، یەکسان و دادپەروەرانە بەردەوام دەبین.

ڕەزا کەعبی

سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *