پێناسەکانی خۆکوژی لە کۆمەڵگەدا

✍چیمەن جەوانروودی

بە هەر جۆرە کارێکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کە کەسەکە بە ئاگاییەوە بۆ گەیشتن بە مردن دەیکات دەڵێن خۆکوژی.

ئەم کارە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی زۆر کۆن و ژیانی کۆمەڵایەتی سەرەتایی مرۆڤ. کە هەر چەند لە لایەن خودی ئەم کەسەوە لە سەر خۆی دەکریت بەڵام کاردانەوەی تاکەکەسە لە بەرامبەر بە کێشە کۆمەڵایەتییەکان و پێوەندیدارە بە ژیانی بە کۆمەڵی مرۆڤەکان.

ئەوەی کە لە پێوەندی بە ئەم قەیرانە دەخرێتە بەر باس ئەم ڕاستییەیە کە خۆکوژی لە ناو ناچێت و ڕێژەکەی ناگاتە سفر. بەڵکو تەشەنە کردن و زیادبوونی ئاماری خۆکوشتن کە لە قۆناغێکی مێژوویی یا خود لە ناو کۆمەڵگایەکی تایبەت دا ڕوودەدات زۆر مەترسیدارە و کارەساتی بە دواوەیە.

پێشگرتن لە پەرەگرتن و کەمکردنەوەی ئاماری خۆکوشتن پێویستی بە کاری بنگەییە. خۆکوشتن تایبەت بە کۆمەڵگایەک یاخود وڵاتێک نیە بەڵکوو لە هەموو کۆمەڵگاکانی مرۆڤایەتی بە شێوازی جیاواز دەبینرێ و یەکێک لە ١٠ هۆکاری سەرەکیی مردن لە جیهاندایە.

دیاردەی خۆکوشتن و کاریگەرییەکانی لە سەر ژیانی مرۆڤ هەموو کات بووە بە هۆکاری زیان لێکەوتنی گەورە بۆ سەر جەستەی کۆمەڵگا. بە بێگومان باشترین و تەواوترین بۆچوون لە سەر کۆمەڵناسیی خۆکوشتن، لە لایەن دوورکهایم کەوتۆتە بەر باس. دورکهایم سەبارەت بە خۆکوژی دەڵێ: کۆمەڵگایەکی کە بێ یەک دەست بوون و ڕێکخستن کردنی تاکەکان لە لایەن کۆمەڵگاوە ژیانی مرۆڤەکان دەشێوێنێ. لە ڕاستی دا ئەو لەم بڕوایە دایە کە پەرەسەندنی لەڕێدەرچوون و خەسارناسی لە کۆمەڵگای ئەمڕۆدا (زیاد بوونی ڕێژەی خۆکوشتن) لە سەر ئاستی یەک نەبوونی تاکەکان لە گەڵ کۆمەڵگا و ڕێکخستن نەبوون و پێكنەهێنانی داخوازییەکانیان، دەردەکەوێ. بە واتایەکی تر ئاڵقەی هاوبەشی هەموو جۆرە خۆکوژییەکان، پلەی یەکگرتوویی لە گەڵ کۆمەڵگایە. دوورکهایم چوار شێوازی خەسارناسی دیاری دەکات.

١. خۆکوشتنی خۆویستانە: تاک پێوەندییەکی لاوازی لە گەڵ سیستەمی کۆمەڵایەتی خۆی هەیە، کە ئەمە دەبێتە هۆی هەست بە تەنیایی، گۆشەگیری و ڕۆچوون لە دەروونی خۆیدا. پێوەندی و هاوسەنگی تاک لە گەڵ بنەماڵە زۆر کەمە.

٢. خۆکوژی خۆنەویستانە(فیدایی): تاک خۆی فیدای گرووپ یان کۆمەڵگاکەی دەکات، ئەم جۆرە خۆکوژییە نیشاندەری ئاستی یەکگرتوویی پتەو و گرێدراوی تاک بە گرووپی یەکەم و دووەمی کۆمەڵگا، هاوکاری و هاوسۆزی بە ڕێکخستنە جۆراوجۆرەکانە. لەم خۆکوژییەدا ئاستی چاوەدێری و زەختی گروپ زۆر پێویستە.

٣. خۆکوژی بە هۆی دژە نۆرمی کۆمەڵگا: هەر کاتێ تان و پۆی ڕێکخستنە کۆمەڵایەتییەکان لە یەکتر هەڵوەشێ، ئەوە چاوەدێرناتوانێ بە باشی چاوەدێری لە سەر تاک بکات و دەست لە تاکەکان بەر دەدات. تاک لە ناکاو لە گرووپ دەردەکرێت یان لە ناکاو لە سەر کار لادەبرێت، خانەنشین دەکرێت، تەڵاق دەدرێت.

٤. خۆکوژی لە سەر بنگەی قەزا و قەدەر: باوەڕ بە خێر و شەڕ و چارەنووس، کاردانەوەیە لە بەرامبەر بە زەختی لە ڕادەبەدەری یاسا و زیادەڕۆیی لە «یاسا و بڕیارەکانی کاردانەوە» بە چاوپێخشاندن لە سەر چاوەدێری و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی توند کە تاک ناتوانێت هەلوومەرجەکەی بگۆڕێت وەکوو: هاوسەرگیری بە زۆرە ملی، ناچار کردنی تاک بە قبوڵ کردنی عورفی و ئایینی کە لە هێزی تاک دا نیە و ناچارە خۆکوژی بکات.

ماریس هالبوواکس قوتابی دوورکهایم بە کەڵک وەرگرتن لە ئاماری تازە زۆرێک لە بۆچوونەکانی دوورکهایمی پێ ڕاست بووە و بە بڕوای ئەو تەنیا هۆکاری خۆکوژی بۆشایی کۆمەڵایەتییە کە تاکەکەی داگرتووە. هەموو کۆمەڵگایەک خاوەن هەلوومەرج و جووڵانەوەی بە کۆمەڵی، پێکهێنانی خۆکوژییە. کە بە سێ شێوەی جیاواز دەردەکەوێ:

١. لە ڕێگای جیابوونەوەی تاک لە گرووپ (تاکگەرایی رەها)

٢. لە ڕێگای گرێدانی لە ڕادەبەدەر بە گرووپ(لاوازی تاکگەرایی)

٣. لە ڕێگای لەناو چوون لە ناو قەیرانەکان (لاوازی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی)

پاوێل کە لە سەر بۆچوونی دورکهایمە، دژە نۆرمی وەکوو هۆکاری بنەڕەتی لە هۆکارناسی خۆکوژی دا پێناسە دەکات.

بەلام هێنری و شوورت لە سەر خۆکوژی ئانۆمیک لێکۆڵین دەکەن و بۆچوونەکانیان لە سەر سێ بنەمایە:

١. ئاستی خۆکوژی لە ناو کۆمەڵگایەک پێوەندی پێجەوانەی هەیە لە گەڵ پتەو بوونی سیستەم لە گەڵ ئەندامەکانی.

٢. یەکگرتوویی سیستەمی پێوەندی ئەندامەکانی کۆمەڵێک، پێوەندی ڕاستەوخۆی لە گەڵ چوارچێوەکانی دەرەوەی چاوەدێری لە سەر کرداری ئەوان هەیە.

٣. ئاستەنگییەکانی دەرەوەی چاوەدێر لە سەر کردار، پێوەندی پێچەوانەی لە گەڵ پلە و پایەی ئەوان لە ناو کۆمەڵگا دا هەیە واتا ڕێژەی خۆکوژی پێوەندی ڕاستەوخۆی لە گەڵ پلە و پایەی تاکەکان هەیە.

بە گشتی لە چەند بنەما و بابەتەوە بۆچوونی کۆمەڵناسان لە سەر دژە نۆرمی و لە ڕێدەرچوون(وەکوو خۆکوژی) گشتی و هاوبەشن.

١. نابێ بۆ بنگەی چەواشەکاری و خۆکوژی لە ناخی تاکدا بگەڕێی بەڵکوو لە ڕاستییە کۆمەڵایەتییەکان و نیهاد و پێوەندییە کۆمەڵاتییەکان دایە.

٢. خاڵی کۆچکردنی ئەوان لە کۆمەڵگا و پێکهاتەی کۆمەڵایەتییە.

٣. هەستەکانی تاک لە بەرامبەر بە کۆمەڵگا هەڵدەسەنگێنێ.

٤. خۆکوژی وەکوو هەر پەرچدانەوەیەکی دژە نۆرم، کارێکی داسەپێندراو و بابەتێکی نەویستراو بە ئەژمار دێت.

لە بواری ئێپیستێمۆلۆژی

پۆرتا کە ئیتالییە خۆکوژی بەم جۆرە لێکدەداتەوە:

١. هۆکاری خەسارناسینی دەرون_جەستە بڕیتییە لە نەخۆشی دەروون و جەستە.

٢. هۆکاری ئابووری بڕیتییە لە بێکاری_کێشەی ماڵی_ دەرکردن لە کار_ لە دەستدانی پێگەی کۆمەڵایەتی_ ترس لە فەقیری و شکستی ئابووری.

٣. هۆکاری سۆزداری کە بڕیتییە لە هەست یان ئەوینی پێنەگەیشتوو، لە دەستدانی ئازیزێک یا خود مردن یان جیابوونەوە، کێشەی بنەماڵە و ژن و مێردایەتی، بنکەوتن لە وانە و قوتابخانە و…

مۆرن لێکۆلەری فەرانسەیی بۆ خۆکوژی ئەم خاڵانە دیاری دەکات

١. هۆکارە ڕێخۆشکەرەکان وەکوو هۆکاری سرووشتی: بارودۆخی هەوا، کۆمەڵ، جوگرافی، ژێنێتیک، پێکهاتەی زەینی و ئەزموونەکان.

٢. نەخۆشی دەروونی وەکوو: دێپێرسیۆن، شیزۆفێرنی، وڕێنەی درێژخایەن

 

لە لێکۆڵینەوەیەکدا هۆکاری خۆکوژی لە پێنج بابەتدا باس دەکات:

١. کەسایەتی و ئەزمونەکانی سەردەمی منداڵی وەکو: لە دەستدانی دایک و باوک، بێبەش بوونی سۆزداری بۆ ماوەیەکی درێژ، گەورەترین و سەرترین منداڵی بنەماڵە، بەبینی و لە خۆڕوانینی نەشیاو و سەلبی، گۆشەگیری و ڕۆچوون لە ناخی خۆیدا.

٢. هۆکارەکانی کولتووری: کاریگەری میدیای گشتی، باوەڕییە ئایینییەکان.

٣. یەکگرتویی کۆمەڵایەتی: کۆچکردن، دابڕان لە کۆمەڵگای پێشوو و یەکنەگرتن لە گەڵ کۆمەڵگای نوێ.

٤. باروودۆخی ئابووری، فەقیری و نەخۆشی

٥. نوێگەراییی تاک، شارنشینی، پیشەیی بوونی کۆمەڵگا، خوێندن.

لە هۆکار ناسی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان سەرنج دەدرێتە دوو گرووپ لە هۆکارەکان:

١. هۆکارە بەستێن سازەکان.

٢. ئەو هۆکارانەی کە ئاشکرای دەکەن.

هۆکارە بەستێن سازەکان ئەو هۆکارانەی کە کەسێکی کە دەیهەوێ خۆی بکوژێت، هاندەری دەبن. بەڵام لە لێکۆڵینەوەکان دا زۆرتر گرینگی بە هۆکارە دەرکەوتنەکان دەدەن و هۆکارە بەستێن سازەکان لە بەر چاو ناگرن.

هۆکارە بەستێن سازەکان زۆرتر لە ناو ناخی خودی تاکەکەدا هەیە و لە ڕێگای جێنەکانەوە بۆ تاک دەگوازرێتەوە. لە شێوازی مانەوەی جەنین لە ناو زگی دایکیدا، لە دایک بوون، سەردەمی منداڵی، گەشەکردن و شێواز و شوێنی پەروەردە کە هەموویان هۆکارێکن بۆ تێکشاندنی تاکەکەس.

هۆکارە ئاشکراکان ئەم ڕووداوانەن کە لەوانەیە لە ژیانی تاکدا دەرکەون وەکوو: جیابوونەوە، مەرگی ئازیزان، کێشەی توندی خێزانی، شکست لە خوێندن، ئیشی زۆر و زەختی دەروونی قورس.

کاتێ هۆکارە بەستێن سازەکان و هۆکارە ئاشکراکان بە یەکەوە بەرۆکی تاکێک دەگرن زۆر شتی جیاواز دەردەکەون بە جۆرێک کە بە هەر ڕادەیەک کە ئەم هۆکارانە زیاتر بن زیان و زەرەرەکانی زۆر زیاتر لە سەر تاک دەردەکەوێت.

هۆکار و هاندەرەکانی خۆکوژی

١. کێشەی خێزانی و ژن و مێردایەتی، نەگونجاو بوونی هەلوومەرجی ژیانی بنەماڵە و پێگەی کۆمەڵایەتی.

٢. کێشەی دەروونی شکست لە ناخی کەسەکە و تێکچوونی هاوسەنگی و کەسایەتی.

٣. فەقیری، بێکاری، گیرۆدە بوون بە مادەی کحولی، هەلوومەرجی ئابووری نابەجێ و گرانی.

٤. هەلوومەرجی تایبەتی ژیانی شار بە تایبەت شارە گەورەکان کە تاک لە گەڵی ناگونجێ.

٥. هەڵوەشانەوە و جیابوونەوەی گرووپە کۆمەڵایەتییەکان، فەقیری کولتووری و کۆمەڵایەتی، میدیاکان.

٦. باوەڕییە ئایینی و نەریتییەکان وەکوو کوشتنی نامووسی و …

٧. نوێخوازی و تاک گەرایی

٨. کۆچ کردن و دابڕان لەکۆمەڵگای پێشوو.

ئەڵبەت ،قۆناغی ویرووسی کرۆنا و قەیرانی ئابووی ووەستانی کاری پەرووەردە بۆ ماوەی سێ ساڵ خۆی هەڵگری نەخۆشی دەروونی بووە ناتوانین لە بەر چاوونەگرین دە توانێت هۆکاری تەشەنە سەندنی خۆ کووژی لە زۆربەی وڵاتان جیهان بە تایبەت وڵاتانی ڕووژهەڵاتی ناوین بێت

بەڵام خۆکوژی ژنان لە کوردستان زۆرتر دەگەڕێتەوە بۆ چەند بابەتی گرنگ لە وانە                                                          ؛

یەکەم ؛ کۆمەڵگای سونەتی {قۆناغی سونەت بۆ مودڕنییتە} بە لە پەراوێز خستنی ژن لە زوور بوارەکان دابە تایبەت لە بواری عاتفی بە شێوازی درێژ خایەن

دووهەم ؛تەجروبەی سەر دەمی منداڵی ،بە داخەوە کچان زۆر تر هەستی پێ دەکەن.

سێهەم؛بابەتی قەزاوو قەدەری کە  بەشوودانی زۆرەملی.تەڵاق دانی ژن و جیا بوونەوەی لە منداڵەکانی، سەر بە هەوێ بوون بۆ ژنان ،ڕەش ڕوانینی دەروونی،و نە بوونی متمانە بە خۆیی

قەیرانی ئابووری.بێکاری،ناسەقامگیری کۆمەڵگا ،ترس لە شکەست،وترس لە نەگەیشتن بە ئەوین،ترس لە تەمێبوون نە خۆشی دەروونی، پەروەردەی سەقە و هاوسەرگیری لە تەمەنی کەم یان خۆد هاوسەرگیری مناڵان.

ئەم هۆکارانە دەتوانێت زۆرترین هۆکاری خۆ کوژی کۆمەڵگای کوردستان بێت، بۆیە پێویست بە کاری جدی لە هەمووبوارەکان دایەکە ئەمە ئەرکی  سیستمی حکوومەت لە بواری پەروەردە.وتەواوو داموو دەزگاکانی پێوەندی دار،،مزگەوت و مەئاگاوتێگەیشتووتر ،هەر وەها هووشیاری کۆمەڵگاگەشەی مرۆویی لە تەواو بوارەکاندا.