پوختەی راپۆرتێک بە بۆنەی رۆژی جیهانی مافی مرۆڤ
سەیران مستەفازادە
مافەکانی مرۆڤ بنەڕەتی و سەرەتایی ترین مافێکە کە هەر کەس به شێوازی دەروونی و سروشتی به پێی مرۆڤ بوون کەڵکی لێ وەردەگرێت . دوو قاعیدەی بنەڕەتی لە مافەکانی مرۆڤ دا هەیە. قاعیدەی یەکەم ئەوەیە کە مافەکان پێوەندیی بە هەموو تاکێکەوە هەیە و قاعیدەی دووهەم ئەوەیە کە تاکەکان مافیان هەیە .زۆرتری بیرۆکەکانی بنەڕەتی کە بوون بە هاندەری بزووتنەوەی مافی مرۆڤ دوای شەڕی جیهانی دووهەم و جەنایەتی هۆلۆکاست پەرەی سەندووە و به پەسەند کردنی جاڕنامەی جیھانی مافی مرۆڤ لە پاریس له لایەن ئەنجومەنی گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ۱۰ ی دێسامبری ۱۹۴۸ بە فەرمی ناسیندرا. مەبەست لە ناودێرکردنی ئەو رۆژە پێداگریی لە سەر سازکردنی جیهانێکی دوور لە جیاوازی، بێ عەداڵەتی بە بێ لەبەرچاوگرتنی تۆرەمە، ڕەنگ، زمان، رەگەز نامە،مەزهەب، دارایی . تایبەتمەندییەکانی مافی مرۆڤ هاودەقی جاڕنامەی جیھانی مافی مرۆڤ بریتین لە یەکسانی، مەمنوع بوونی لێ سەندنەوەی کەسایەتی ، جیاوزای هەڵنەگری،جیانەکراو، بەرابەری خوازی و…. بەم هۆیەوە بە هەموو تاکێک لە هەر شوێنێک لە جیهاندا پێوندیی هەیە و هیچ کەسێک لەو مافە بێ بەش نابێت و تاکەکان جیا لە فاکتەری وەک تۆرەمە، نەتەوە، رەگەز، مەزهەب، گەرایشی جنسی، رەنگ، زمان و….. هەموو وەک یەک بەهرەمەند دەبن و هیچ جیاوازییەک لە نێوان مرۆڤەکان وەک : پلە بەرزی و پلە نزمی و جیاکاریی، سنوورداریی، بێ بەشی لەو مافانە بوونی نییە و ئەو مافانە پێشێل ناکرێت.ئەو مافانە بریتین لە مافی سروشتی و مافی یاسایی کە لە یاساکانی نیشتمانی ( نەتەوەیی )و ناونەتەوەیی دا هەیە .مافی کەڵک وەرگرتن لە ئازادی و ئەمنییەت، مافی هەڵبژاردنی مەزھەب، مافی ئازادی دەربڕینی بیروڕا، مافی خوێندن، مافی دەست ڕاگەیشتن بە تەندروستی و دەرمانی باش ، بۆ نموونە مافەکانی سەرەتایین کە لە جاڕنامەی جیھانی مافی مرۆڤ بە فەرمی دەناسرێت. ۷۲ ساڵ بە سەر ناونانی رۆژی جیهانی مافی مرۆڤ تێدەپەڕێت. دروشمی ئەو ساڵی مافی مرۆڤ نەوژەنکردنەوەی باشتر ، کۆلنەدەریی بۆ مافی مرۆڤ بوو کە ئەو ڕێوڕەسمە لە نیوان قەیرانی کۆرۆنا وگیرۆدەبوونی هەموو جیهان بەڕێوەچوو. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو بڕیارە نێودەوڵەتیانەش کە جاڕنامەی جیھانی مافی مرۆڤ دیاری کردووە رۆژانە شاهیدی پێشێلکردنی مافەکانی تاکەکان لە سەراسەری جیهان لە لایەن دەوڵەتەکانەوەین کە بەشی رژیمی ئێران لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤەکان زۆر زیاترە لە دەوڵەتەکانی دیکە . جاوید رەحمان هەواڵنێری تایبەتی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ئێران بە نموونەکانی پێشێلکردنی مافی مروڤ ئاماژە دەکات کە بریتین لە: ژمارەی زۆری لە سێدارەدان لە ناو رژیمی ئێران، لە سێدارەدانی منداڵانی تاوانکار، سزای قورس بۆ مێرمنداڵانی تاوانکار، پێشێلکردنی ماف و ئازار و ئەشکەنجە و هەڵسووکەوتی خراپ لە زیندان لەگەڵ پارێزەران و داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ، ئازار و زیندانی کردنی هاوڵاتیانی دەرەکی دوو تابێعییەتی، هەڕەشە و دەست بەسەرکردنی هاوڵاتیانێک که به شێوازی ئاشتیخوازانە بۆ بەدەست هێنانی مافەکانی خۆیان وەک ئازادی بیروڕا کار دەکەن . ماف و سەلامەتی جەستەیی زیندانیەکان لە کاتی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا وبەرگری کردن لەئازادیی کاتی زۆربەی زیندانیەکان، بارودۆخی خراپی ژنان و کچان و جیاوزای ڕەگەزیی لە ئێران، هاوسەرگیری منداڵان و پەسەندکردنی ۱۳ ساڵ بۆ تەمەنی یاسایی هاوسەرگیری لە ئێران،دەستبەسەرکردن و ئازار و ئەشکەنجەی درێژماوە بۆ چالاکوانانی مافی ژنان، بەردەوامی جیاوازی دژی کەمینەکانی نەتەوەیی و ئایینی، قەیرانی ئابووری رژیمی ئێران و هەژاریی زۆربەی خەڵکی ئێران و…. رێکخراوی مافی مروڤی دادپەروەریی بۆ ئێران هاوکات لەگەڵ رۆژی جیهانی مافی مرۆڤ بانکێکی زانیاری پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران لە ژێر ناوی ڕووخسارەکانی جینایەت وەڕێخست کە بریتیە لە زانیاری ۲۲۰ کەسی بەرپرسیار و دەیان ناوەندی حکوومەتی رژیمی ئێران کە لە ماوەی ۴۰ ساڵی رابردوو لە پێشێلکردنی مافی مروڤ لە ئێران دەستیان هەبووە. ئەم زانیاریانە بریتین لە ۱۵۶حاڵەتی پێشێلکردنی مافی ژیان، ۱۰۶ حاڵەتی پێشێلکردنی مافی ئازادیی کۆبوونەوە، ۶۲ حاڵەتی پێشێلکردنی قەدەغە کردنی ئەشکەنجە و ۴۷ حاڵەتی پێشێلکردنی مافی ئازادی دەربرینی بیروڕا شیکراونەتەوە. بە وتەی محەمەدی نەییری مافناس و یەکێک لە بەرێوەبەرانی ئەو رێکخراوە زانیارییەکان نیشان دەدات کە ئەو ناوەندانەی کە بە پێی یاسا ئەرکی پارێزگاری لە مافەکانی مرۆڤ و ئەمنییەتی هاووڵاتییانیان لە رژیمی ئێران لە ئەستۆ بووە زۆرترین وبەربڵاوترین نموونەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤیان ئەنجام داوە.ئەو مافناسە هەروەها ئاماژەی بە ئەوەش کردووە کە ئەو زانیارییانە نیشان دەدات کە ئەو بەرپرسانەی حکوومەت لە بەرامبەرئەو جەنایەتانەی کە ئەنجامیان داوە نەتەنیا وڵامدەر نەبوون بەڵکوو زۆر جاران پۆست و پێگەیان چۆتە سەر.
بەڵام پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستان زۆر زیادتر لە ناوچەکانی دیکەی ئێران لەبەرچاوە و رژیمی ئێران بە هۆی ئەوەی کە ترسی لە نەتەوەی کورد هەیە زەخت و گوشارێکی زۆری خستۆتە سەر کوردستان بۆ نموونە دەستبەسەرکرانی بەربڵاوی هاووڵاتیان بە تاوانی جۆراوجۆر ، هاوکاری لەگەڵ حیزبەکوردیەکانی دەژبەی رژیمی ئێران،دەستبەسەرکرانی چالاکوانانی مەدەنیی، سێدارە و کوشتنی کۆڵبەران و کاسبکاران، پێشێلکردنی مافەکانی ژنان،منداڵان، پێشێلکردنی ئازادی دەربرینی بیروڕا، بە رەسمی ناسینی مافی دیاریکردنی چارەنووس و بەشداری سیاسی . رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا بە بۆنەی رۆژی جیهانی مافی مرۆڤ لە راپورتێکدا باس لە سەر۸۸۸ نموونە لە پێشێل کردنی مافی مرۆڤ لە سەرەتای ساڵی ۲۰۲۰ تا ۱۰ ی دێسامبری ۲۰۲۰ دەکات . پێشێلکردنی تەواوی ئەو نموونانە جگە لە ۱۸ حاڵەتی کوشتن و بریندارکردنی کۆڵبەران کە بەدەست هێزەکانی سپای تورکیا بووە هەموویان بە دەستی رژیمی ئێران بووە. بەداخەوە سەرەرای هەموو زەخت و گوشارەکانی رێکخراوی جیهانی مافی مرۆڤ و چالاکی مەدەنیی چالاکوانانی دەرەوە و ناوخۆی ئێران هەموو رۆژێ شاهێدی پێشێلکردنی مافی خەڵکی ئێرانین و هەموو ئەو یاسا و جاڕنامەی رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان نەیانتوانی بەرگری لە کوشتن و سێدارە و توندوتیژییەکانی رژیمی ئێران بەرامبەر بە خەڵک بکەن بە تایبەت بۆ خەڵکی کوردستان . رۆژ نیە کە هەواڵی کوشتنی کوڵبەرێک وکاسبکارێک، لەسێدارەدانی تاکێک، دەستبەسەرکردنی لاوێک، سەرکوتکردنی چالاکوانانی کورد بە تاوانی ئەوەی کە کوردن و تەنیا بۆ مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان چاڵاکی دەکەن نەبیسین .