پاڕادۆکسی ژنان و دەنگدان لە کۆماری ئیسلامی

پاڕادۆکسی ژنان و دەنگدان لە کۆماری ئیسلامی

ڕۆژین کەرەم وەیسە

مافی دەنگدانی ژنان دوو سەدەیە بەرچاوە و هەتا ئێستا لە لایەن ۳وڵاتەوە پەسەند نەکراوە و لە ئێران سەرەڕای دژایەتی زۆری مامۆستایانی ئایینی لە ساڵی ۱۹٦۳ی زایینیدا پەسەند کرا و دوای شۆڕش بە پێی یاسای کۆماری ئیسلامی بەردەوام بوو. بەڵام ژنان بە هۆی لە بەرچاو نەگرتنی مافەکانیان، کەمترین ڕێژەی بەشداریان لە هەڵبژاردنەکاندا هەبووە و ناڕازیترین بەشی کۆمەڵگای ئێرانن و پێدانی ئەو مافەیان لەلایەن حکومەتەوە، زۆرتر بۆ کەڵک وەرگرتنی زیاتر لە ژنان زانیوە هەتا ڕێگە خۆشکەر بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی یەکسان.
مافی بەشداری کردن لە هەڵبژاردنەکان و دەنگدانی ژنان بەرهەمی یەکێک لە گەورەترین شۆڕشی ژنانی جیهان بە ناو سافێرجێتەکان بوو کە ساڵی ۱٨٦٦ی زایینی لە وڵاتی بریتانیا هاتە ئاراوە و نیوزیلەند یەکەمین وڵات بوو کە پەسەندی کرد و ئێران دوای ۹۷ ساڵ تێپەر بوون لەو شۆڕشە بە فەرمی ناساندی.
بەڵام پەسەند کردنی لە ئێران ئاسان نەبوو و دژبەرانی خۆی هەبوو کە یەکەمینیان خومەینی بنیاتنەری کۆماری ئیسلامی بوو کە لە نامەیێکدا مافی دەنگدان بۆ ژنانی بە دژ بە ئیسلام و موسڵمانەتی ناو برد و وتی ئەم کردەوە موسەڵمانان و مامۆستایانی ئایینی نیگەران دەکات و دەبێ هەڵوەشێتەوە و لە بەر زۆرینەی دەنگی ناڕازی هەڵوەشایەوە و جارێکیتر دوای شۆڕشی سپی ئێران لە ڕێکەوتی ۱۲ی ڕەشەمەی ساڵی ٤۱ی هەتاوی سەرەڕای ناڕەزایەتی زۆری لایەنگەرانی ئیسلام پەسەند کرا و دواتر خومەینی لە وتەکانی لە جامیعەی تاران ناڕەزایەتی خۆی دەربڕی و باسی ئەوەی کرد کە مافی دەنگدان بۆ ژنان کێشەی گەورەی ئێمە نییە، بەربژێر بوونی ژنان کێشەی سەرەکیە و دەبێتە هۆی بێ ئەخلاقی لە نێو کۆمەڵگا و ئەمە دوژمنایەتی لەگەڵ ئیسلامدایە.
دوای شۆڕشی ٥۷ی ئێران بە پێی ئەوەی کە حکومەتێکی دینی هاتە سەرکار هەڵبژاردنەکان یاسای تایبەتی بۆ دیاری کرا وەکوو:
بەربژێرانی سەرۆککۆماری دەبێ پیاو بن.
بەربژێران دەبێ هەموو یاساکانی کۆماری ئیسلامیان ڕەچاو کردبێت.
بەربژێران دەبێ باوەڕمەند بە ئایینی فەرمی حکوومەت (شێعە) بن.
و ئەم ئاڵووگۆڕە تەنیا لە سەر یاسای هەڵبژاردن نەبوو بەڵکوو هەموو یاساکان بە پێی دین بنیاتنرا و هەڵبژاردن بەس بۆ بەڕێوەبردنی وڵات بوو، حاکمییەت بە ڕێبەری دینی هاتە سەرکار و حوکم بە مامۆستایانی ئایینی سپێردرا و هەروەها جیا لەوەی کە نوێنەران لە فیلتەری کۆماری ئیسلامی دەگوزەرا ئاڵووگۆڕی یاساییش هەروەها و ئەمە نە تەنیا بەربەستێکی گەورە بۆ ژنان بەڵکوو بۆ زۆربەی خەڵک وەکوو ئایینەکانی تری ئێران، کەمینەکانی جنسی و هەروەها نەتەوەکانی نیشتەجێ ئێرانە کە هیچ ڕێکخراو و حیزبێک نە تەنیا مافی نوێنەرییان نەبوو مافی ژیان و چالاکی لە وڵاتی خۆیانیان پێ نەدرا، هەر جۆرە چالاکیێک وڵامی زیندان، ئێعدام، ئەشکەنجە و کوشتن بوو کە ئاکامی بە تاراوگە نشین بوونی حیزب و لایەنەکان و هەروەها چالاکانی سیاسی بوو.
یاساکانی دژ بە ژنان لە کۆماری ئیسلامی کەم نەبوون، بۆ نموونە:
-یاسای حیجابی زۆرە ملێ کە لە سەرەتاوە و هەتا ئێستا خۆپێشاندانی ژنان دژ بەم یاسایە بەردەوام بووە، بە وتەی مێهدی نەسیری بەرپرسی پێشووی ڕۆژنامەی کەیهان حەفتا لە سەدی لە ئێران دژ بەم یاسایەن و هەتا ئێستاش ئەم ڕێژە زۆرتر بوەتەوە
-میراتگری ژنان نیوەی پیاوە
-هاوسەرگیری ژنان بەبێ ئیزنی باوک ناکرێ
– مافی کارکردنی ژن بە ئیزنی باوک یا هاوسەرەکەیەتی
-ژنان مافی تەڵاقیان نییە
-وەرگرتنی پاسپۆرت و سەفەر بە ئیزنی باوک یا هاوسەرەکەی
-مافی توندووتێژی بەرانبەر بە ژنان لە لایەن بنەماڵەوە بە ناو نامووس ڕێگە پێدراوە
-مافی چەند هاوسەری بۆ پیاوان
-منداڵ لە کۆماری ئیسلامی مافی باوکە
-ژنان ناتوانن حاکمی مەحکەمە بن
-ژنان لە شوێنگەلێک گشتی وەکوو وەرزشگا مافی بەشداریان نییە
-هتد…
زۆربەی ئەم یاسایانە لە بەر ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی ژن بە نیوەی پیاو دەزانێت و مافی بڕیاردان و ئازادی لە ژنی وەرگرتۆتەوە و لە هەموو بوارەکانی ژیاندا دەبێ پیاوێک سەرپرشتی ژن یان بڕیاردەری ژن بێت و تەنیا ژنانێک دەتوانن بەربژێر بن کە ئەم سووکایەتیەیان قبوول کردبێت و بەڕێوەیان بردبێت. کەوابێ لە ئاکامدا هیچ هەڵبژاردن و نوێنەرێک ناتوانێت لە قازانجیی ژناندا بێت. ئامانج لە شۆڕشی ژنان بۆ بەشداری کردن لە ھەڵبژاردن و مافی دەنگدان، بەدیهێنانی مافەکانی ژنان و بوونی نوێنەری ژنان و هەروەها گەیشتن بە کۆمەڵگایێکی یەکسان بووە، کە بە پێ ئەم فەکتانە هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی نە تەنیا بۆ ژنان چارەنووس ساز نییە و نەبووە، بەڵکوو بۆ تەواوی کۆمەڵگای ئێران بێ کەڵکە، بەشداری کەمتری خەڵک  نیشاندەری گەیشتن بەو قەناعەتەیە، بایکۆت کردنی هەڵبژاردنەکان بە تایبەت لە لایەن ژنانەوە زۆرتر بووەتەوە بە جۆرێک کە دایکانی شۆڕش لە بەیاننامەیێکدا وتیان دەنگی ئێمە بەس شۆڕشی ژن ژیان ئازادییە؛ کە سەرەکیترین خواستی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی بەدیهاتنی مافەکانی ژنان و

ڕۆخانی کۆماری ئیسلامییە.
بە پێ ئەوەی کە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی لەم چەندین ساڵەدا سەلماندوویە کە ماف و ئازادییەکانی کۆمەڵگای بۆ گرینگ نییە و بۆ پاراستنی دەسەڵات، مافی مرۆڤ پێشێل دەکات، و پێشێل کردنی مافی ژنان بووە بە هێمای ئەو دەسەڵاتە، تەنیا لە گۆڕانی حکوومەتی ئێراندا، ئازادی ئەتوانێ بەدی بێت و ژنان ھەوڵ بۆ مافەکانیان بدەن، و هەڵبژاردن لە کۆماری ئیسلامی چارەسەری هیچکام لە کێشەکانی کۆمەڵگا نییە و بە پێی ڕێژەی میدیاکانی ئێران بەشداری خەڵک ڕوو لە داکشان بووە و بەڵام بە پێی ئەوەی کە لە ئێران ھیچ ئۆرگانێکی سەربەخۆ بۆ چاودێری ھەڵبژاردنەکان بوونی نییە دەستێوەردانی ئامارەکان زۆر ئاسانە! کە ئەمە لە ھەڵبژاردنەکانی ساڵی ٨٨ی ئێران نیشان درا.
ھەمووی ئەمانە تایبەتمەندییەکانی حکوومەتی توتالیتارە کە دێمۆکراسی بەس دەڕواتە خانەی درووشمەوە و کردەوەکانی رژیم نواندنیی دەبێت و ئاڵوگۆڕی ئەم حکوومەتە لە بەر قۆرخ کردنی دەسەڵات لە لایەن تاقمێکەوە ئاستەنگە و بە درێژەدانی بەرەو دیکتاتۆری تەواو ئەڕوات.
ژن ژیان ئازادی