پاراستنی زمان، پارێزگاری لە نەتەوە و نیشتمانە…!

پێشەکی
یەکێک لە گرنگترین بنەما پێکهێنەرەکانی نەتەوە، زمانە، کە سەرجەم پێکهاتە جیاجیاکانی کۆمەڵگەی ئەو نەتەوەیە پێکەوە گرێ دەدات. سەرەڕای ئەوەی خودی زمان پرسێکی ئاڵۆز و هەستیارە، بەڵام بەهادارە و ماکەی پێناسەکردن و ناساندنی نەتەوەیە. زمان لە پرۆسەی نەتەوەسازی و تەنانەت نیشتمانسازیشدا وەک کۆڵەکەیەکی بەهێز ڕۆڵی کارا دەگێڕێت، بۆیە هەم نەتەوە و دەوڵەتەکان و هەم لە ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نێونەتەوەییشدا زۆر بایەخی پێ دەدرێت. پرسی زمان پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە شوناسی تاک، کۆمەڵ و کۆمەڵگەوە هەیە کە بەم هۆیەشەوە هەمیشە جێی باس و مشتومڕێکی جیددیی سیاسی بووە و سیاسەتی زمانی، یەکێک لە سیاسەتە بنەڕەتییەکانی وڵاتان و بەتایبەت دەوڵەت – نەتەوەکان بووە؛ هەروەها ئەو وڵاتانەی کە فرەنەتەوە – فرەزمانن و نەتەوەیەک بەسەر گشت جوگرافیای وڵاتەکەدا زاڵە و خۆی سەپاندووە، بەردەوام هەوڵی تواندنەوەی زمانی نەتەوە پێکهێنەرەکانی دیکەی ئەو وڵاتە لەنێو زمانی خۆی یان لە باشترین دۆخدا پەراوێزخستنیان دەدات، ئەمەش بۆ ترسی نەتەوەی خۆسەپێن لە زمانی نەتەوەکانی نێوی جوگرافیای وڵاتەکە وەک بناغەی هەستی شوناسخوازیی ئەو نەتەوانە دەگەڕێتەوە، کە هەنووکە دۆخێکی وەها لەنێو جوگرافیای دەستکردی ئێراندا هەیە. بەم هۆکارانەوەیە کە پرسی زمان بۆ هەموو نەتەوەیەک پرسێکی پڕبایەخ و هاوکاتیش پڕگرێ و هەستیارترە و دەوری سەرەکی و کاریگەری هەیە لە زەقکردنەوەی سنووری شوناس و ناسنامەی نەتەوەیەک لەگەڵ نەتەوەکانی تر و بەتایبەت نەتەوە خۆسەپێنەکاندا. لەم سۆنگەیەوە دەپەرژینە سەر ناوەڕۆکی بابەتەکە و بەوردی باس لەوە دەکەین کە بۆچی زمان بۆ نەتەوە ژێردەست و نیشتمانداگیرکراوەکان چەند بەرابەر گرنگ و هەستیارە و وەک سەنگەرێکی پتەوی پارێزگاریکردن لەو نەتەوە و نیشتمانە.
گرنگیی زمان بۆ نەتەوە و نیشتمان
زمان بە بنەڕەتی چێبوونی هزر و تێڕامان و ئەندێشەی تاک و گەشەی کۆمەڵ لەقەڵەم ئەدرێت کە بیرکردنەوە و بیرەوەری و تێگەیشتنی هاوبەش دەلوێنێت و دەبێتە ڕێگەیەکی بەبایەخ بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگە؛ هەروەها زمان لە کولتوورێکەوە بۆ کولتوورێکی تر و لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی دیکە جیاوازە و ئەم جیاوازییەش یەکێک لە بنەماکانی دیاریکردنی هێڵی سنووریی نەتەوەکانە. هیچ نەتەوەیەک بوونی نییە کە زمانێکی تایبەت بە خۆی نەبێت و هیچ زمانێکیش نییە کە نەتەوەیەکی لەپشت نەبێت؛ کەوایە زمان هەبوونی نەتەوەیە. “فارس نەورۆڵی” لە وتاری “زمان وەک هێزی مانەوەی نەتەوە”دا نووسیویەتی: مانەوەی هەر نەتەوەیەک زمانەکەیەتی، هەر نەتەوەیەک زمانەکەی لەدەست بدات، جوگرافیا، کولتوور، چاند، فەرهەنگ و کەلەپووریشی لەدەست دەدات (نەورۆڵی، ٢٠٢٣). واتە دەکرێت بێژین زیندووبوونی نەتەوەی ژێردەست و خاوەنداریەتیکردنی نیشتمانی داگیرکراوی، لە هۆشیاریی نەتەوەیی و هۆشیاریی نەتەوەییش لە زمانەوە چاوکە دەگرێت؛ چونکە تەنیا نەتەوەیەکی زیندوو دەتوانێت خاوەنداریەتی لە نیشتمانی خۆی بکات و نەتەوەیەکیش زیندووە کە زمانەکەی زیندوو ڕاگرێت.
هەر لەم بارەیەوە مستەفا غەفوور پێی وایە: زمان ڕەنگدانەوەی بارودۆخی نەتەوەیه. هەرگیز زمانێک نەبووە بێ نەتەوە، بەڵام نەتەوە هەن کە زمانی خۆیان لەدەست داوە و لەنێو نەتەوە و زمانەکانی تردا تواونەتەوە. زمان هەمیشە خەسڵەتی نەتەوەییی بەخشیوە بەو نەتەوەی پێی دەدوێت؛ کەواتە دەکرێت بێژین زمان چەق یان هەوێنی دروستبوونی نەتەوە و کامڵبوونی ناسیۆنالیزمی ئەو نەتەوەیە. ناسیۆنالیزمی هیچ نەتەوەیەک کامڵ نابێت بەبێ کامڵبوونی زمانەکەی، واتە زمان ناسنامەی نەتەوە و بناغەی ناسیۆنالیزمە. زمانیش وەک هەموو یەنەکانی ژیانی مرۆڤ، گۆڕانی بەسەردا دێت، ڕەنگە نەتەوەیەک تێکڕای سیما زمانییەکانی خۆی لەدەست بدات و سیمایەکی تر وەخۆ بگرێت. بەم پێیە هەر هەڵەیەک، سیمای داهاتووی زمانەکە بەرەو لادانی زمانی دەبات و دوور نییە ببێتە هۆی کاڵبوونەوەی ناسنامەی ئەو نەتەوەیە کە ئەمەش کارەساتی لێ دەکەوێتەوه (غەفوور، ٢٧٢١، ١١٦). هەرچەند نووسەری ئەو چەند دێڕە ڕاستەوخۆ ئاماژەی بە نیشتمان نەکردووە، بەڵام بەڕوونی باسی ناسیۆنالیزمی کردووە و ناسیۆنالیزمیش بەبێ خاک و نیشتمان بوونی نییە و ئەگەریش هەبێت، ناوەڕۆکبەتاڵە و هیچ واتایەکی نییە. لە ڕاستیدا ناسیۆنالیزم بۆ نەتەوەی نیشتمانداگیرکراو سەرچاوەی ڕزگاریی نیشتمان و خولقێنەری سەربەستی و بنچینەی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆیە. ئەگەر لەم ڕوانگەیەوە ئەو چەند دێڕەی نووسەر بخوێنیننەوە، تێ دەگەین کە جەخت لەسەر گرێدراویی زمان و نەتەوە و نیشتمان و هەروەها گرنگیی پاراستنی زمان بۆ پارێزگاریکردن لە نەتەوە و نیشتمان کراوە.
گرنگیی پاراستنی زمانی کوردی بۆ پارێزگاریکردن لە کورد و کوردستان
ئەگەر زمان خوێنی نێو دەمارەکان یان ڕیشەی نەتەوە بێت، بێگومان زمانی کوردییش بە شاڕەگی بزووتنەوەی شوناسخوازانە و شۆڕشی ڕزگاریخوازیی کوردستان لەقەڵەم دەدرێت. جیا لەوەی کە لە مێژوودا زمانی کوردی بنەمایەکی شۆڕشەکانی نەتەوەکەمان و ئەو حکوومەت و دەسەڵاتە جیاوازانە بووە کە لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستاندا دامەزراون، کۆڵەکەی سەرەکیی بەرخۆدان و هۆکاری مانەوەی نەتەوەی کوردیش بووە. گەر ئاوڕێک لەو کوردە کۆچێنراوانە بدەینەوە کە بۆ ناوچە جیاوازەکانی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان وەک تاران، بەغدا، ئەنکارا، ئیستانبوڵ، شام، خۆراسان و کاسپییەن و ناوچەکانی دیکەی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان کۆچێنران، سەرەڕای زیاتر لە چەندین دەیە و بگرە چەند سەدە کۆچاندنی زۆرملێ و دابڕان لە زێد و نیشتمانی خۆمان، هێشتا هەر نەک تەنیا کوردبوونی خۆیان پاراستووە، وێڕای ئەوەش تا ڕادەیەکی کەم گۆڕانکاری بەسەر کولتووریاندا هاتووە، بەڵکوو زیاتر هەوڵی بووژاندنەوە و گەشەپێدانی شوناسی نەتەوەیی و ناسنامەی کوردستانیبوونیان دەدەن. هێمی ئەوەی کە ئەو کوردانە توانیویانە کوردبوونی خۆیان و شوناسی کوردستانیبوونیان و کولتووری نەتەوەکەمان بپارێزن و بمێننەوە، ئەوەیە کە زمانی کوردییان پاراستووە و زۆر جار نرخی قورسیشیان لە پێناویدا داوە؛ واتە مانەوەیان گرێدراوی زمانەکەمان بووە و ئەگەر زمانەکەیان لەدەست بدابا، لەنێو کۆمەڵگەی ئەو دەڤەرانەدا کە بۆی کۆچێنراون، دەتوانەوە و تەنیا لەنێو لاپەڕەکانی مێژوودا دەمانەوە. پێچەوانەکەشمان هەیە کە بە لەدەستدان و لەنێوچوونی زمانەکەمان، هەم بەشێک لە نەتەوەکەمان لەدەست داوە و لەنێو نەتەوەی سەردەستدا تواونەتەوە و هەمیش بەشێک لە نیشتمانمان لەدەست داوە و بەفەرمی بوونەتە بەشێک لە خاکی نەتەوە داگیرکەرەکان و تەنیا لە مێژوودا خاکی کوردستان بوون. بۆ نموونەی ئەم باسەش گەر ئاماژە بە هەمەدان و مووسڵ، وەک دوو پارێزگای گرنگ کە هەرکام کۆمەڵێک لە شارەکانیان و هەروەها ناوچە دێرینە هاوشێوەکانی تری مێژووی کوردستانی مەزن بکەین کە سەردەمانێک بەشێکی دانەبڕاوی خاکی کوردستان بوون، بەڵام ئێستە بەهۆی فەوتان و لەنێوچوونی زمانی ئاخێوەرە کوردەکانی ئەو دەڤەرانە لە پڕۆسەی ئاسیمیلاسیۆنی بەربڵاو و بەرنامەداڕێژراوی داگیرکەراندا، خەڵکی ئەو ناوچانە لەنێو کۆمەڵگە و بەتایبەت زمانی نەتەوەی سەردەست و داگیرکەردا تواونەتەوە و شوناسی و ناسنامەی نەتەوەییی خۆیانیان لەدەست داوە و ئیتر خۆیان بە کوردستانی نازانن، تەنانەت ئەگەر باسی کوردستانیبوونی ئەو ناوچانەش بکەین، خودی خەڵکی خۆجێی ئەو دەڤەرانە بەر لە داگیرکەران بەرپرچی ئەم وابێژییە ڕاستی و مێژوویییە ئەدەنەوە و بگرە پەلاماریشمان دەدەن و هێرش دەکەنە سەرمان.
ڕۆل و کاریگەریی زمان لەسەر نەتەوە و نیشتمان، بە خستنەبەرباس و ئاوڕدانەوە لە وەها بارودۆخگەلێک بەجوانی بۆمان دەردەکەوێت، بۆیە م. عەلائەدین سەجادەی، نووسەر و توێژەری بەناوبانگی کورد و پارێزەری زمان و ئەدەبی کوردی، زۆر بەباشی لە بایەخ و گرنگیی زمان وەک گەوهەری ناسنامەی نەتەوەیی تێ گەیشتبوو و وتە بەنرخە بەناوبانگەکەی لە گوێی زۆربەماندا بەردەوام زمزمە دەکات کە وتوویەتی “زمان شادەماری نەتەوەیە”. ڕەسووڵ سوڵتانی، هۆنەر و وەرگێڕی کورد لە وتارێکدا بە سەردێڕی “زمان، گوتار و نەتەوە” کە پەیوەندیداری ئەم بابەتەیە، باسەکەمانی پشتڕاست کردووەتەوە و نووسیویەتی: كورد نەتەوەیەکە لە زمانەكەیدا زیندووە و زمان، چەق و ناوەندی كۆكەرەوەی هەموو فاكتەرەكانی دیكەیە؛ کەوایە دەكرێت بڵێین ناسیۆنالیزمی كوردستانی، ناسیۆنالیزمێكی زمانییە و لە دەرەوەی زمان و ڕوونتر لە دەرەوەی زمانی كوردی، ئیتر شتێک نامێنێت ناوی بنین كورد (سوڵتانی، ٢٠٢٢). کەوایە بەهێزبوون و پەرەگرتن یان لاوازبوون و کاڵبوونەوەی ناسیۆنالیزمەکەمان گرێداری زمانەکەمانە و تا چ ئاست و ڕادەیەک گرنگی بە پاراستن و پارێزگاریکردن لە زمانەکەمان بدەین، بەو ئاست و ڕادەیەش گرنگی بە ناسیۆنالیزمەکەمان دەدەین و پارێزراوبوونی نیشتمانمان مسۆگەرتر دەبێت.
ئاکام
لێرەدا کە ڕۆڵ و پێگە و کاریگەریی زمان بۆمان دەرکەوت، تێ دەگەین کە پاراستنی زمان بۆ پارێزگاریکردن لە نەتەوە و نیشتمان چەندە گرنگە. ئەوەی تاکوو ئێستە کوردستان هەرمان ماوە و نەتەوەی کورد لەسەرپێیە، بێگومان بەشێکی هەرە زۆری بەهۆی مانەوەی زمانەکەمانە و ئەمەش بۆ خزمەتی ماندوویینەناسانە و دڵسۆزیی پارێزەران و ڕاژەکارانی زمانی کوردیمان دەگەڕێتەوە؛ هەر بەو هۆکارەشە کە داگیرکەران و بەتایبەت دەوڵەتی داگیرکەری ئێرانی، بەردەوام پیلان و بەرنامەیان بۆ لەنێوبردنی زمانەکەمان و جیاکردنەوە و سەربەخۆلەقەڵەمدانی زار و شێوەزارەکانی زمانی کوردی داڕشتووە. ئەوان باش دەزانن ئەگەر هەر شێوەزارێک لە زمانی کوردی داببڕن، ئەو پێکهاتەیەی نەتەوەکەمان لە کورد و پاشان ناوچەکەیشی لە کوردستان دادەبڕێت، بەم شێوەیەش کورد و کوردستان ئەتۆمیزە دەکەن و لە ئاکامدا نە نەتەوەیەک بە ناوی کورد دەمێنێت و نە نیشتمانێک بە ناوی کوردستان. بۆیە ئەرکی هەموو ئەندامانی نەتەوەی کورد و تاکێکی کوردستانی و بەتایبەت ئەرکی سەرەکیی شۆڕشگێڕانی ڕزگاریخوازە کە بەچڕی هەوڵی بەرپرچدانەوە و بووچەڵکردنەوەی ئەو جۆرە پیلانە نەگیرسانەی داگیرکەران و پاراستنی زمانەکەمان بدەین و هەروەها ئەرکی دڵسۆزان و خەمخۆرانی زمانی کوردییشە کە بەگوێرەی توانا ماندوویینەناسانە هەوڵ بۆ ڕاژە و بووژاندنەوەی زیاتری زمانی نەتەوەکەمان بدەن.
لە کۆتاییدا دەبێت ئاماژە بەوەش بکرێت کە لە سەردەمی مۆدێڕن و جیهانی تەکنۆلۆژیادا هەر بەو هۆکارانەی باسیان کراوە، نووسین بە زمانی کوردی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان (هەر جۆرە نووسینێک و لەسەر هەرچی بێت) یەکجار پێویستە و هەر لەم سۆنگەیەشەوە بەرپرسیارەتیی زیاتر دەکەوێتە ئەستۆی بەرپرس و بەڕێوەبەرانی حیزبە سیاسییە کوردستانییەکان کە نووسینەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پەیامەکانی خۆیان و بەتایبەت لێدوان بۆ ڕاگەیاندنە بیانییەکان بە زمانی کوردی بێت؛ بەم شێوەیەش هەم لە پێناوی پاراستنی زمانی کوردی هەنگاویان هەڵگرتووە و هەم ڕێزیان لە خۆیان، پێگەکانیان، نەتەوەکەمان، نیشتمان و زمانەکەمانیان گرتووە.
سەرچاوەکان:
غەفوور، مستەفا. (٢٧٢١). وتاری “زارەکان و بنەمایەک بۆ زمانی یەکگرتوو”. گۆڤاری ” زمان و زار” – ژ. ٢، ل. ١١٥ – ١٢٨.
سوڵتانی، ڕەسووڵی. (٢٠٢٢). ماڵپەڕی “کوردستان و کورد”: https://kurdistanukurd.com/?p=9203.
نەورۆڵی، فارس. (٢٠٢٣). ماڵپەڕێ “ئێنئاڕتی”: https://www.nrttv.com/detailwtar/613.