وەهمی نوێنەرایەتی و واقیعی سڕینەوە لە سیاسەتی پەهلەویدا

ڕەزا پەهلەوی و بازنەی دەوروبەری، لە زۆربەی دەرکەوتنە میدیاییەکانیاندا، بەردەوام جەخت لەسەر گوتارێک دەکەنەوە کە تێیدا ئەو وەک ڕێبەرێکی فەوقە نەتەوەیی و “نوێنەری گشتیی نەتەوەی ئێران” دەردەخەن. ئەوان وێنای ئەوە دەکەن کە پاشاخوازی دەتوانێ ببێتە “ناوبژیوانێکی بێلایەن” بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ململانێکانی نێوان توێژە جیاوازەکان. بەڵام پرسیارە بنەڕەتییەکە لێرەوە دەست پێدەکات: ئایا ئێمە وەک ئەو نەتەوانەی کە مێژوویەکی تاڵمان لەگەڵ درۆ و فێڵە سیاسییەکانی ئەم بنەماڵەیە هەیە، دەبێت بە ئاسانی و بێ لێکۆڵینەوە ئەم بانگەشانە قبوڵ بکەین؟ ئایا ئەم وێناکردنە جوانکیلەیە تا چەند لەگەڵ واقیعی سیاسیی سەر شەقام و ناو کایە گشتییەکاندا دەگونجێت؟
ئەگەر بەڕاستی ڕەزا پەهلەوی ڕێبەرێکی ئۆرگانیکی و گشتگیر بێت کە بتوانێت نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتە و چینە جیاوازەکانی ئێران بکات، ئەی هۆکاری ئەم هەموو دەرکەوتەی توندوتیژییە چییە؟ پێداگریی دەوروبەرە نزیکەکانی بۆ سڕینەوە و بێدەنگکردنی هەر دەنگێک کە ئامادە نییە دروشمی “جاوید شا” بڵێتەوە، گومانێکی گەورە لەسەر ئەو “بێلایەنییە” دروست دەکات. بۆچی گروپە لایەنگرەکانی لە کۆبوونەوە و خۆپیشاندانەکانی دەرەوەی وڵاتدا، لە جیاتی دروستکردنی بەرەیەکی یەکگرتوو و پاڵپشتیکردنی هاوڕێبازەکانیان، تەنها خەریکی تێکشکاندنی ئەوانی تر و کپکردنی دەنگی باقی نەتەوەکانن؟ ئەم ڕەفتارانە نیشانەی ئەوەن کە لە پشتی پەردەی بێلایەنییەوە، سیستمێکی پاوانخواز خۆی حەشارداوە.
من پێموایە ئەم ڕەفتارە سڕینەوانە بە ڕێکەوت نین و تەنها هەڵچوونێکی کاتیی لایەنگران نین، بەڵکو هەوڵێکی ڕێکخراو و هەماهەنگن بۆ ئەوەی بازنەی پێناسەی “نەتەوەی ئێران” تەنها بۆ ئەو کەسانە کورت بکرێتەوە کە “ناوی شازادە هاوار دەکەن”. ئەوان دەیانەوێ لەم ڕێگەیەوە شەرعییەت لە هەموو کەس و لایەنێکی تر بستێننەوە. دەیانەوێ ملیۆنان مرۆڤ لە نەتەوە جیاوازەکانی دیکەی ناو ئەم جوگرافیایە کە ئامادە نین لەبەردەم پاشاخوازیدا سەر دابنەوێنن لە نێو پێناسەیەکی دەستکردی «نەتەوی ئێران»دا بتوێننەوە و ناسنامەیان بسڕنەوە.
ئایا ئەمە لوتکەی چەواشەکاری و ستەمکاری نییە کە ڕەوتێکی سیاسی، چەمکێکی پیرۆزی وەک “نەتەوە” تەنها بۆ بەرژەوەندیی لایەنگرانی خۆی قۆرخ بکات؟ ئەوان بە ئەنقەست دەنگە نەیارەکان بە ئامانج دەگرن تا پانتاییەکی خاڵی بۆ خۆیان دروست بکەن و دواتر هەمان ئەو “نەتەوە دەستکرد و پاڵێوراوە” وەک نوێنەری هەموو خەڵکی ئێران بە جیهان بفرۆشنەوە. ئەمە ناوی نوێنەرایەتی نییە؛ ئەمە زەوتکردنی مانای نەتەوە و دزینی ئیرادەی گشتییە.
کاتێک وەڵامی هەر دژایەتییەک یان پرسیارێکی عەقڵانی، تەنها بە “پێوەلکاندنی ناو و ناتۆرە” و تۆمەتی خیانەت دەدرێتەوە؛ کاتێک ڕەخنەگر بە جنێوی بازاڕی، هەڕەشەی مەرگ و سووکایەتی پێکردن ناچار بە پاشەکشە دەکرێت، ئەمە ئیتر نیشانەی جیاوازیی بیروڕا نییە. ئەمە کردەیەکی مەترسیدارە کە ناوی “ئەندازیاریی بێدەنگییە”. بێدەنگییەک کە بە یارمەتی دەزگای پڕوپاگەندەی گەورە و سۆشیاڵ میدیایەکی ئاڕاستەکراو، وەک “کۆدەنگی نیشتمانی” و “یەکگرتوویی” دەخرێتە بەردەم جەماوەر بۆ ئەوەی ڕاستییەکان بشێوێنن.
ئەگەر کەسێک بەڕاستی بڕوای بە دیموکراسی و نوێنەرایەتیکردنی هەموو چینەکان هەبێت، لە “فرههی” و فرەدەنگی ناترسێت و هەوڵی سڕینەوەی ڕەخنەگر نادات؛ بەڵکو دانی پێدا دەنێت و وەک بەشێکی دانەبڕاو لە کۆمەڵگە مامەڵەی لەگەڵ دەکات. بەڵام ئەگەر مەرجی “یەکڕیزی” ئەوە بێت کە بەشێکی گەورەی کۆمەڵگە وەک پێکهاتەی نەبینراو لێ بکرێت و دەمی خەڵک بە زۆر دابخرێ، ئەوا ئەو یەکڕیزییە تەنها ناوێکی نهێنییە بۆ «فاشیزم». ئێمەی کورد مێژوویەکی دوورودرێژمان لەگەڵ ئەم جۆرە یەکڕیزییە زۆرەملێیانە هەیە و چاک دەزانین کە ئەم ڕێگایە چەندە خوێناوی و پڕ لە کارەساتە و دواجار بە کوێ کۆتایی دێت.
