وەفدێکی دەمپارتی سەردانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان کرد…!

ئەمڕۆ ٢٣ی رەشەمە شاندێکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) کە پێکھاتبوون لە ھەریەک لەبەڕێزان: وەزیر پارلاک، پەرلەمانتاری دەمپارتی لە پەرلەمانی تورکیە – موراد شەن، نوێنەری دەمپارتی لە ھەرێم – موسلیم کاپلان و فەوزیە شیران نوێنەرانی دەمپارتی لە سلێمانی سەردانی پەیوەندییەکانی کۆمەڵە لە سلێمانیان کرد.

وەفدی میوان لە لایەن وەفدی کۆمەڵە، ھاوڕێیان سادق زەندی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی، محەمەد حەکیمی و عەتا ناسرسەقزی ئەندامانی کومیتەی ناوەندیی پێشوازییان لێکرا.

لەدیدارەکەدا پاش قسەوباسێک لەسەر پرۆسەی ئاشتی لە تورکیە و دۆخی ئێستای رۆژئاوای کوردستان، وەفدی دەمپارتی بەفەرمی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانیان بۆ بەشداری لە رێوڕەسمی نەورۆزی ئامەد بانگھێشت کرد.

٢٣ی ڕەشەممەی ١٤٠٣ی هەتاوی

١٣ی مارسی ٢٠٢٥ی زایینی