هەڵوێستی یەکلاکەرەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەیامێک بوو بۆ دۆست و دوژمن

هەڵوێستی یەکلاکەرەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەیامێک بوو بۆ دۆست و دوژمن

جەمیل سەرمەستی

خەبات بۆ ڕزگاریی شێوازگەلی جیاجیا لە خۆدەگرێ، هەرتاکێک بە پێی توانا و لێزانیی خۆی ئەرکێک وەئەستۆ دەگرێ و لەو ڕیگەیەوە هەوڵی دەستەبەرکردنی مافەکانی دەدا، ئاشکرایە کە لە رووبەڕووبوونەوەی داگیرکەراندا چینی ڕووناکبیری کۆمەڵگە دەوری کاریگەر و سەرەکی دەگێرن بە چەشنێک کە دەتوانین بە ئاسانیی بڵێین پێشەنگ و مێشکی هەر کۆمەڵگەیەک لە چینی ڕووناکبیری ئەو کۆمەڵگەیە پێکدێ بەڵام ئەوانیش ئەبن بە سێ بەشی سەرەکییەوە، بەشێکیان لە پاڵ دوژمنەوە و پشت لە بەرژەوەندیی نەتەوە و نیشتمانەکەیان دەکەن ، بەشێکیان بێدەنگی هەڵدەبژێرن و بێلایەنن کە بە بڕوای ئێمە ئەوانیش بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ یارمەتیدەر و هاوبەشی دەسەڵاتن بۆ سەرکوتی کۆمەڵگەکەیان ، بەڵام بەشیکی ڕووناکبیران کە قازانج و بەرژەوەندیی نەتەوە و نیشتمانیان لەسەرووی هەموو شتێکەوە دادەنێن و ئامادەن گیانی خۆیشیان لە ڕێگای گەیشتن بە ڕزگاری و سەربەستی بەخت بکەن و لە ڕاستیدا ئەمانەن کە پیلانەکانی دوژمن تێکدەشکینن و پەروەردەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی گەلەکەیان لە ئەستۆیانە و بزوێنەری کۆمەڵگەن بەرەو گەیشتن بە ئامانجەکانیان و بە گشتیی پارێزەری مان و بوونی نەتەوە و نیشتمانن گەلی کورد بەردەوام ڕووبەڕووی داگیرکەران بۆتەوە و هەوڵی دەستەبەرکردنی مافەکانی داوە و بە پێی قۆناغ وبارودۆخ شیوازگەلی جۆراوجۆری خەباتی تاقیکردۆتەوە و بە هیچ شێوەیەک بۆ ساتێکیش بوون و مانی داگیرکەری لەسەر خاکەکەی قبووڵ نەکردووە و بەوجۆرەی کە توانیبێتی تێکۆشاوە و نرخیشی بۆداوە و بەردەوامیش سەرەڕای ڕەوابوونی هەرچەشنە تێکۆشانێک بۆ دەرکردنی داگیرکەران و ڕاوەدوونانیان لەسەر خاکەکەی زیاتر لە شێوەی ئاشتیخوازانە و مرۆڤانەو کەڵکی وەرگرتووە(هەرچەند ڕەنگە ئەمەش خەساریکی گەورەبێ ویەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی نەگەیشتن بە ئامانجەکانی بێ کە وەبەر خۆی و خەباتەکەی کەوتبێ)، لە حاڵێکدا دوژمنە داگیرکەرەکانمان کەمترین نەرمییان نەنواندووە و بە دڕندانەترین و نامرۆڤانەترین شێوە هەر هەوڵێکی ئێمەیان بۆ پاراستنی ئاشتی و تەبایی و گەیشتن بە مافە ڕەواکانمان بە تێرۆر و سەرکوت و کوشتاری بەکۆمەڵ و زیندان و ئەشکەنجە و ئەنفالی رەش و سپی و لەم دواییانەشدا سەرەڕای هەمووی ئەمانە بە تێکدانی ژێئۆپۆلێتیکی کوردستان و دزینی سەرچاوە سروشتییەکان و سووتاندنی دارستان و لێرەوارەکانی ئەم نیشتمانە پیلانەکانیان نوێ کردۆتەوە. بە دڵنییاییەوە هەر پیلانێکی دوژمنانیش لە لایەن گەلەکەمانەوە هەستی پێکراوە و شێوازی رووبەڕووبوونەوەی تایبەتی بۆ دۆزراوەتەوە وماوەیەک دوای کاڵبوونەوەی شەڕی چەکداری شێوازێکی نوێ لە خەبات و خۆڕاگریی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا سەریهەڵدا و هێزەسیاسییەکان هەوڵیان داوە کە ئەو خەباتە بە هەموو شیوەکان ببووژێتەوە و هەوڵ و تێکۆشانی هەمەلایەنەتر و گشتیی بە تایبەت لە نێوخۆی وڵاتدا و بە مەدەنییانەترین شێوە خەڵکی کوردستان پارێزگاری لە خەک و نیشتمان و کەلتوور و زمان و فەرهەنگ و کۆمەڵگەی کوردی و ناسنامەی خۆیان بکەن و بە تێچوویەکی کەمترەوە بتوانین بگەین بە ئامانجەکانمان، بەڵام لە بەرانبەردا کۆماری ئیسلامی مەدەنیانەترین شیوازی هەوڵی ئێمەی بۆ بەدەستهێنانی سەرەتاییترین مافەکانمان و پارێزگاری لە گەل و نیشتمانەکەمان بە ئێعدام، گوللـە و بارووت وڵام داوەتەوە و هیچ پێوانەیەکی ئەخلاقی و مرۆیی بۆسەرکوتی کوردستان ڕەچاو نەکردووە و نایکا. ئەوەی لە ماوی دەسەڵاتدارییاندا بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی و سپای تێرۆریستی پاسداران لە هەمبەر کورد و بە تایبەت ژینگەی کوردستان کردوویانە و بەردەوامن سەرنجیکی تایبەتی دەوێ. هەر لە سووتاندنی دارستان و لێڕەوارەکانی کوردستانەوە بگرە تا دزینی کانگا و سەرچاوە سروشتییەکان، بە تایبەت ئاوی کوردستان و تێکدانی مێژوو و سڕینەوەی ناسنامەی ئەم نەتەوەوە بگرە تا بەردەوام شەهید کردن و ئازاردانی رۆڵەکانمان بە شیوازگەلی تایبەت بە خۆیان، سەلماندوویانە کە بە هەموو توانایانەوە دژی کوردستان وەستاونەتەوە و کوردستان و کورد دڕکێکن لە چاوی پیسیاندا. لە هیچ وڵاتێکی دنیا نەبووە و نییە کەسانێک کە بەدەستی بەتاڵەوە بۆ پاراستنی ژینگە گیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە و لە بەرانبەر مەرگدا دەوەستنەوە بە دەستی دەسەڵاتداران گیانیان لێبستێندرێ