هەڵس و کەوتی وێژەی کوردی دەگەڵ وێژەی گەلانی تر…

فایەق ڕەسوولیفایەق رەسوڵی

نیشانە ناسەکان دەڵێن “نیزامی جیهان نیزامێکی نیشانەییە”، واتا کۆی پێوەندی نێوان نیزامی جیهانی نیزامێکی نیشانەییە. بنەمای نیشانە بەردەوام لە سەر گواستنەوتنەوەی “مانا”یە. زمانیش بەشێک لە نیشانە ناسیە، بەڵام زمان تێک تەندراوترین و بەربڵاوترین بەشی نیزامی نیشانەییە. بەو هۆیە کە بەردەوام خۆی لە خۆی دا نوێ دەکاتەوە و یاسا و ڕێسایەکی زۆر بەرفرە و سەیر و سەمەرەی هەیە. بەڵام بۆچی زمان “وەک نیشانە” هەڵگری باس و خواسێکی تایبەتە! ڕای گشتی زمان ناسان لەسەر ئەوەیە کە زۆربەی هەرە زۆری ئاژەڵان نیزامێکی پێوەندی تایبەت بە خۆیان هەیە کە بە یارمەتی ئەو دەتوانن هەندێک ئاگاداری کەم و دیاری کراو لە بەینی یەکتری دا بگۆڕنەوە. بەڵام، دەبێ بڵێین کە هیچ یەک لەم چوارچێوانە، زمان بە مانای زمانی ئینسانیی نیە. گەورەترین تایبەتمەندی زمانی مرۆڤ خوڵقاندنی بێ سنووری مانایە. هەر کام لە زمانە ئینسانیەکان وەها دروست کراون کە دەتوانن بە هەندێک پیتی زۆر کەم دونیایەک وشە و ڕستە دروست بکەن. بۆ نمونە، لە دە ژمارەی سەرەکی 0 تا 9 بێ ئەژمار ڕەقەم و ژمارەی تر ساز دەبێ. ئەم خوڵقێنەریە بێ سنوورە لە هیچ یەک لە نیزامە پێوەندیەکانی ئاژەڵ دا ناتوانین بدۆزینەوە. کەواتا، توخم و پێکهاتەی سەرەکی زمان “واژە”یە، کە ئەمانیش پێکهاتەی جۆراوجۆری تریان هەیە کە تایبەتی نیزامی زمانیی مرۆڤن. ڕەنگە هەر بۆیە دەڵێن کە “مرۆڤ ئاژەڵێکی قسەکەرە”. لە ڕاستی دا توانایی قسە کردن دەبێتە بنەمای جیاوازی نێوان مرۆڤ و ئاژەڵ. سۆسۆر دەڵێ: “زمان ئامرازی بیر کردنەوەیە”، یان بە مانایەکی تر، بیر کردنەوە کە چەمکی سەرەکی باس و خواسە سەبارەت بە مرۆڤ، خۆی لە خۆی دا، مادام کە هیچ شتێک بەرهەم ناهێنێ و زەینی و ئینتزاعیە، بوونی نیە؛ بەڵکو ئەوە زمانە کە ئەم دیاردەیە کامڵ دەکا و بیر کردنەوە دەکا بە دیاردەیەکی عەینی و ئۆبژێکتیڤ. یەعنی ڕێک دەتوانین بێژین زمان ئەم پانتایەیە کە هزر و ئەندێشە و تەنانەت بە مانایەکی بەربڵاوتر مێژووی ژیانی مڕۆڤ تێیدا دەگورێ.

هەندێک لە زمان ناسان بە هێنانە بەرباسی ئەم پرسیارە کە زۆر شتی تر وەک جل دەبەر کردن، ئەخلاق، ئایین و… هەر وەک زمان تایبەت بە مرۆڤە، بەڵام بۆچی ناوترێ کە مرۆڤ ئاژەڵێکی ئەخلاقی یا ئایینیە؟ دەڵێن بەو هۆیە کە زمان کە بە پێچەوانەی گشت خاڵەکانی تر هەرچەند لە ناو کۆمەڵگا دا بوونی هەیە بەڵام دیاردەیەکی سەداسەد کۆمەڵایەتی نیە. بەڵکو بەشێکی زۆر لە پێکهاتەی زمان و میکانیزمی فێر بوون لە ڕێگای [تکاملی] سروشتی مرۆڤەوەیە کە لە پڕۆسەیەکی زەمانیی دوور و درێژدا دروست بووە و ئەمڕۆ بەشەر بەم شێوە کەڵکی لێ وەردەگرێ. یەعنی وەک گەنجینەیەک لە دایک و باوکەوە دەگاتە بەرەی داهاتوو و لە قۆناغە جۆراوجۆرەکانی کامڵ بوونی مناڵ دا خۆی دەنوێنێ. بۆ نمونە، هەر وەک ئەو دەمەی کە مناڵ لە چەند قۆناغی جیاواز و لە پڕۆسەیەکی زەمانی دا فێری ڕێگا ڕۆیشتن دەبێ، هەر بەم شێوەیەش لە هەر شوێنێکی ئەم دونیایە بڕوانینە پڕۆسەی فێر بوونی زمان، منال لە چەند قۆناغی جیا جیا دا فێرە ئاخافتن دەبێ کە ئەساسەن ئەم پڕۆسەیە لە ساڵەکانی نێوان یک تا چوار ساڵی دایە کە بناغەی زمانی زگ ماکی دادەڕێژرێ. ئەگەریش فێر بوونی زمانی مناڵ لە تەک ڕێگا ڕۆیشتن و مەلە کردن دا هەڵسەنگێنین، دەبینین کە زۆرتر لە ڕێگا ڕۆیشتن دەچێ تا مەلە کردن. چون فێر بوونەکەی پێویستی بە فێر کردنێکی ئاگاهانە نیە و لە لایەکی ترەوە، لە تەمەنێکی دیاری کراو دا خۆ دەنوێنێ و قۆناغەکانی کامڵ بوونی بە نەزم و تەرتیبێکی تایبەتەوە تێپەڕ دەکا. هەڵبەت ئەوە ڕاستە و جێگای سەرنجە، بەڵام ئایا فێر بوون و کامڵ بوونی زمان خۆی لە خۆی دا، سەرەڕای سەلماندنی ئەم باسەی سەرەوە، ناتواندرێ لە هەمان کاتیش دا وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیش سەیری بکرێ؟ لە ناو فەیلەسوفەکان دا “ئەزموون گەراکان” و لە ناو دەروونناسەکانیش دا “ڕەفتارگەراکان” پێیان وایە کە زمان دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیە و لە پێوەندی دەگەڵ کۆمەڵگا دایە کە گەشە و نەشە داکا. هەر بۆیە بە پێی جیاوازی کۆمەڵگا جۆراوجۆرەکان، شێوە ئاخافتن و تەنانەت نەحو و تایبەتمەندیە ئاواییەکانیش دەچنە ژێر کاریگەری جیاوازیی نێوان کۆمەڵگا جۆراوجۆرەکانەوە. ئێمە هەر لە سەرەتای باسەکە ئاماژەمان دا کە نیشانە، زمانیش وەک یەکێک لە نیشانەکان، بەردەوام لە حاڵی گواستنەوەی مانا دایە و تەعبیری گواستنەوەی ماناش بەرانبەرە دەگەڵ شرۆڤەی ئێمە لە “پێوەندی”. ویتگێن ئیشتاین دەڵێ: “مانای پێوەندی بەرانبەرە دەگەڵ مانای زمان”. کەواتا زمان وەک ئامرازی پێوەندی نێوان مرۆڤ دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیە. تەنانەت ئەگەریش زمان بەشێک لە ژێنێتیک بێ و لە ژێر کاریگەری زەمان دا کامڵ بووبێ، ئەم کامڵ بوونە کامڵ بوونێکی ئاسایی نیە. لە هەموو شوێنێکی دونیا دا مرۆڤ لە کاتێکی دیاری کراو دا پێ هەڵدەگرێ و قەتیش گۆڕان بەسەر شێوە ڕێگا ڕۆیشتنی دا نایە (لەو کاتەوە کە ڕێگا ڕۆیشتن بە تەکامول گەیوە). بەڵام، سەبارەت بە زمان ئەم مەسەلە بە هیچ جۆر وا نیە و هەر وەک کوتمان شێوەی قسە کردن و پێکهاتەی نەحوی و ئاوایی و… ی زمان وابەستەی ئەوەیە کە مرۆڤ لە کام کۆمەڵگادا و لە چ قۆناغێکی زەمانی دا خەریکە هەڵس و کەوت لە تەک دیاردەی زمان دا دەکا. بۆ وێنە چەند سەدە (تەنانەت چەند دەیە) لەمەوبەر مرۆڤ هەر بەم شێوەی ئەمڕۆ ڕێگای دەبڕی، بەڵام بە ڕاستی شێوە ئاخافتن و هەڵس و کەوت لەگەڵ زمان هەر هەمان شێوەی ئەو سەردەمە؟ ئایا شێوەی قسە کردن لە کۆمەڵگایەکی پیشەیی جیاوازی نیە دەگەڵ کۆمەڵگایەکی وەرزێڕی دا؟ کەوابوو، زمان هەر ئەوەندە کە سروشتیە، هەر بەو ئەندازەش (بگرە زیاتریش)، کۆمەڵایەتیە. بەڵام ئایا دەست نیشان کردنی زمان وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی و ئامرازی پێوەندی بە چ مانایە؟ پۆل ڕیکۆر دەڵێ: “گەورەترین مەترسی کلتووری ئەوڕۆی ئێمە دابەزاندنی زمانە تا ئاستێکی زۆر نزم، کە تەنیا وەک ئامرازی چاودێریەکی وەستایانە بەسەر دیارەکان و مرۆڤ دا چاوی لێ دەکرێ. زمان کە بوو بە کەرەستە، ئیتر پێش ناکەوێ. مەبەستی ئەم وتارە هەر وەک مەبەستی ڕیکۆر زمان بە مانای “زمانی نووسینە”، زمانێک کە لە بەرز و ناسکترین ئاستی خۆی دا پێی دەکوترێ “ئەدەبیات”. زمانێک کە شێوەیەک لە سەربەخۆیی بە نیسبەت ئاخافتن تێدا دەبینرێ و ئەو ئیزنە بە دەق دەدا کە بە شێوەیەکی سەربەخۆ، تەنانەت دوای مردنی نووسەرەکەش هەر بژیت و بەردەوام بێ. جیهانێک کە بە نووسین بە ڕووی مرۆڤ دا دەکرێتەوە جیهانێکە بە ئاسۆیەکی نادیارەوە، لە حاڵێک دا کە وت و وێژ لە جیهانی ئاخافتن دا بە بیسەر گرێ دراوە. نووسینی ئەدەبیش حیکایەت دەخوڵقێنێ، جیهانی ئیمکاناتەکان و لە ئاکام دا ئاسۆیەک بە ڕووی ڕاستی دا دەکاتەوە. هەست و تێگەیشتنی ئێمە لە ڕاستیەکان و لەم جیهانە حیکایەتیە بە چەند ڕەهەند و جۆری توێ توێ بە یەک دەگەن. نووسینی ئەدەبی نەتانیا لە ئاست ئاخافتن دا بەڵکوو لە ئاست شێوە نووسینەکانی تریش دا کە تەنیا و تەنیا وەک کەرەستە بەکار دەهێندرێن و دڵی زمان تێیان دا لە وەستان دەکەوێ و پێش ناکەوێ، جیاوازیەکی بنەڕەتی هەیە. لە نووسینی داوانامەیەک ڕا بگرە تا فەرمانی سەرکردەیەکی سەربازی و تەنانەت ئەم بەشە لە نووسینی ئەدەبی کە زەمان دەیسوێ و بە دوای خۆ نوێ کردنەوە دا نیە یا ڕەنگە پتانسیەلی نوێ بوونەوەشی هەر نەبێ، دەچنە خانەی ئەم شێوە کارکردییەی زمانەوە. بەڵام نووسینی ئەدەبی وەک کارگا یا کارخانەیەکی کارا بەردەوام لە حاڵی بەرهەم هێنان دایە. هەر وەک کوتمان، گەورەترین تایبەتمەندی زمانی مرۆڤ خوڵقاندنێکی بێ سنووری ماناییە. ئەگینا زمانی مرۆڤ وەک بەشێک لە نیزامی نیشانەیی بە بێ ئەدەبیات چ جیاوازیەکی هەیە لەتەک نیزامە نیشانەییەکانی تردا! کەوابوو، هێزی ئاخافتن کە مرۆڤ لە ئاژەڵ جیا دەکاتەوە، لە ڕاستی دا هێزی بەرهەم هێنان و خوڵقان و بە ڕۆژ کردنەوەی ئەم نیزامە نیشانەییە یە. لەم کارخانە دا بەردەوام مانا، شێوەی پێوەندی، تەنانەت نەحوی زمان و سەرجەمی کەرەسەکانی زمان لە حاڵی گۆڕان و نوێ بوونەوە دان و بەرهەم دێنن. هەر بەو پێیەش من پێم وایە “زمان ئەم پانتایەیە کە هزر و ئەندێشە و تەنانەت ژیان و مێژووی مرۆڤ تێیدا دەگورێ”. لە پانتای زمان دایە کە خەیاڵ و ئەندێشە بە باڵای یەکتری دا هەڵدەچن و بەرهەم دێنن. هەر ئەم تێکهەڵچوونەیە کە دەبێتە هۆی ناسیاوی سڕینەوە و دەرهێنانی زمان لەو حاڵەتە کلیشەیی و شەرتی کراوەی دا و دەرباز کردنی لەو ئاستە دابەزیوە کەرەسەییەی دا. هەڵبەت هەندێک لە فەیلەسوفەکانی وەک ڕیکۆر و هایدەن وایت و… پێیان وایە ئەم پێناسە کردنە لە ئەدەب پانتاییەکی زۆر فراوانر لە شێعر و چیرۆک دەگرێتە بەر و سەرجەم مێژووی مرۆڤ دەچێتە ژێر سێبەری ئەم بەرهەم هێنانەوە. تەنانەت بۆ مێژووش وەک تیۆرێکی ئەدەبی دەڕوانن و دەڵێن: “بەو جۆرەی کە مێژوو نووسان ڕووداوەکانی ڕابردوو دەنووسنەوە، هەر ئەوەندە خوڵقێنەرە کە شانۆنامە نووسێک چیرۆکێکی خەیاڵاوی دادەڕێژێ. هەردووکیان هەوڵ دەدەن تا لە هاونشینی ڕووداوەکان مانا بخوڵقێنن و گشتیان لە دەوری یەک کۆ کەنەوە و ئەم پێکهاتە گشتیە ڕێک ئەو هەڵوێستەیە کە ڕێگا خۆشکەری چوارچێوەی داڕشتنە.

بەڵام ئەوەی کە لێرەدا بە گشتی جێگای باسە جوغرافیای ئەدەب نیە، بەڵکو خودی ئەدەبیاتە لەو پانتایە دا کە تێیدا ساز دەبێ و پێی دەڵێن “زمان”. زمانیش هەر وەک ئاماژەی پێ کرا، هەر ئەوەندەی کە ڕەنگە دیاردەیەکی سروشتی و ژێنێتیکی بێ، بەو ئەندازە زیاتریش دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیە. ئەم پێناسە کردنە لە زمان ئەو ڕاستیە دەسەلمێنێ کە زمان لە ڕەفتاری غەیری زمانی جیاواز و سەربەخۆ نیە و بەردەوام و هاوکات لە لێک خشانێکی مەنتیقی دایە لە تەک بەشەکانی تری ئەم پازێلەی بە ناو کۆمەڵ و کۆمەڵگا دەیناسین. ئەم ڕێکخشانە مەنتیقیە بەو مانایەیە کە زمان وێڕای ئەو شۆێن دانەریەی کە بە هۆی بەرهەم هێنانیەوە هەیەتی، هاوکات شوێن وەردەگرێ لە کۆمەڵگا و دیاردە کۆمەڵایەتیەکان. ئێمە کوتمان کە هۆی کۆمەڵایەتی بوونی زمان، جیاوازی کات و شوێنێکە کە زمان تێیدا خەریکی بەرهەم هێنانە. شرۆڤەی ئەم باسەش کردنەوەی دەلاقەیەکی ترە بە ڕووی زمان دا و هەڵسەنگاندنی هەڵس و کەوتی زمانە نەک لەگەڵ خۆی دا، بەڵکو دەگەڵ دونیای غەیری زمانی دەور و بەری دا کە پێی دەکوترێ “کۆمەڵناسی زمان”. مارکس دەڵێ: “شێوەی بەرهەم هێنانە کە پێکهاتەی پێوندیە کۆمەڵایەتیەکان دەست نیشان دەکا”. ئەوەش بەو مانایەیە کە سیاسەت و زمان و کلتوور و ئەدەب کارکردێکی پلە دوویان هەیە و ئابووری وەک بناغە و بنەمایە. بە وتەی مارکس کە قۆناغەکانی ژیانی مرۆڤ بە چەند دەورە (کۆیلەداری، ئاغا و نۆکەری[فێئۆدالیزم]، سەرمایەداری) دەست نیشان دەکا کە لە هەر کامێکیان دا پێکهاتەی پێوەندیە کۆمەڵایەتیەکان ژێر مەجموعەی نیزامە ئابووریەکانی قۆناغەکانی خۆیان بوونە. واتا گوتاری زاڵی سیاسی، کلتووری و ئەدەبی و…. لە ڕاستی دا هەمان گوتاری زاڵی ئابووری بووە و هەیە. هەر وەک باس کرا، نووسین بە گشتی و نووسینی ئەدەبی بە تایبەتی، ڕەفتارێکی ئیڕتباتیە و ئەم پێوەندیەش هەر لە ژێر کاریگەری پێوەندی ئابووری دایە و لەو بازنەیەدا دەخولێتەوە. لێرەدا دەتوانین ئەدەب لە دوو گۆشەنیگا ڕا شی بکرێتەوە:

١. وێژە وەک بەرهەم هێنەر؛ ٢. وێژە وەک [مصرف کننده]

١. وێژە وەک بەرهەم هێنەر: زیاتر لە هەموو شوێنێک ئەم باسە کە “زمان زیاتر دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیە” و بە پێی کات و شوێن دەگۆڕدرێ، لێرەدا ڕەنگ دەداتەوە. مارکس گەرەکیەتی بڵێ مێژووی ژیانی مرۆڤ مێژووی چینەکانە و ئەم چینایەتیەش بۆتە هۆی مشت و مڕ و تێکهەڵچوونی ئەو چینانە کە بە درێژایی ژیانی مرۆڤ هەن. چون لە پەنا ئەوەش دا مێژووی ژیانی مرۆڤ مێژووی هەوڵدانە بۆ پێکهێنانی دنیایەکی باشتر. یا باشترە بڵێین مێژووی ژیانی مرۆڤ مێژووی هەوڵی چینەکان بۆ سازدانی دونیایەکی دوور لە ڕەفتار و پێوەندی چینایەتی. ئەم هەوڵ و تێکۆشانە دەتوانێ لە خولیای سازدانی شۆڕشێکی جیهانی دژ بە ژیانی چینایەتی تا خوڵقاندنێکی ئەدەبی دا ڕەنگ بداتەوە. هەڵبەت کاتێک کە باس لە “چین” دەکەین، مەبەست گشت چینە کۆمەڵایەتیەکانی وەک چینی جەندەری و ئایینی و… یە کە گشتیان ژێر مەجموعەی نیزامی ئابوورین. کە وابوو وێژە و ئەدەبیش لە ڕاستی دا کەڵکەڵەی زەینی چین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگان لە قوناغە جیاجیاکان دا و لە خوڵقاندن دا نووسەر و ئەدەب و زمان وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی لە پێوەندیەکی بێ سنوور دان لە تەک کۆمەڵگا و ئەو چینە دا کە خۆی بەشێک لە ئەوە.

٢. وێژە وەک [مصرف کنندە]: لە پێوەندی نێوان کۆمەڵگای جیهانی و چینە جۆراوجۆرەکان دا، بێ گومان مرۆڤ بە پێی پلە و پایەی خۆی لە دونیای دەوروبەری شوێن وەردەگرێ. شوێن وەرگرتن یەعنی پێوەندی و پێوەندی ئەدەبی هەستیارترین و ناسک ترین بەشی پێوەندی نێوان مرۆڤە. بەم هۆیە کە هەر وەک کوتمان، لە زمانی ئەدەبی دایە کە نیشانەکان دەگوازرێنەوە ناو هەست و نەستی نووسەر و ئەندێشە بەرهەم دێ و دونیایەکی تازە بە ڕووی وشە و بێر و مرۆڤ دا دەکرێتەوە. هەر بۆیە پێوەندی گرتنی ئەدەبی بە مانای پێوەندی نیشانە و خەیاڵ و ئەندێشە جۆراوجۆرەکانە کە بەر لەم پێوەندیە هەر کەسە و خۆی لە خۆی دا خەریکی خوڵقاندن و بەرهەم هێنانی مانا و بە وێنە کێشانی کەڵکەڵەکانە و بەر یەک کەوتنی ئەوان لەگەڵ یەکتری دا دەشێ بەرخوڕدێکی ئاگاهانە و بە پێی گەڵاڵەیەکی دیاری کراو بێ. جون هاوکات کە وێژە و ئەدەب خەریکە ڕۆڵی [مصرف کنندە] دەگێڕێ، دەبێ هەوڵ بدا نەچێتە ژێر کاریگەری نائاگایانە و بێ گەڵالەی گوتاری زاڵ. ئێنگێلس دەڵێ: “مرۆڤ دەبێ لە ڕێگای هونەر و وێژەوە خۆی بۆ دونیای بێ چینایەتی داهاتوو ئامادە بکا”. بێ گومان ئێنگێلس، هەر بە پێی قوناغ بەندیەکەی مارکس، حاشا لە پێوەندی نێوان مرۆڤ و زاڵ بوونی گوتارێک بە سەر گوتارەکانی تر دا، کە ئەدەبیاتیش یەکێک لەوانە، ناکا و نوقمی خەیاڵاتێکی دوورە پەرێزیش نیە. بەڵکو بە کەڵک وەرگرتن لەو تیۆریەی مارکس و ئەو باوەڕە کە مێژووی ژیانی مرۆڤ مێژووی هەوڵ دانە بۆ پێکهێنانی دونیایەکی باشتر، گەرەکیەتی باس لە پێوەندی و شوێن وەرگرتنێکی عەقڵانی و زانستی بکا. شێوە پێوەندی و شوێن وەرگرتنێک کە هەموو ئەزموونەکان بە کار دێنێ بۆ دەوڵەمەند کردنی وێژە و ئەدەب و ئەندێشەکانی خۆی. دوای ئەم پێوەندی و شوێن وەرگرتنە، دیسانەوە خۆی دەبێتە بەرهەم هێنەر و ئافراندن وەک پڕۆسەیەکی بێ بڕانەوە بەردەوام لە دەستووری کاری خۆی دا دادەنێ.

دیارە ئێمە باس لە پێوەندی نێوان دەقەکان و هەر وەک ئاماژەمان پێ دا، نووسین وەک ڕەفتارێکی ئیڕتباتی دەکەین نەک لە پێوەندیەکی زارەکی و ئینسانی دا. بە بڕوای من یەکێک لە سەرەکی ترین هۆکارە پێوەندیەکان لە پڕۆسەی بەرهەم هێنان و [مصرف] و بەرهەم هێنانەوە دا “وەرگێڕانە” بە گشتی و “وەرگێڕنانی ئەدەبیە” بە تایبەتی. بۆ؟ چونکە:

١. تەنیا و تەنیا لە ڕێگەی ئاڕشیو کردنی دەقەکان ڕایە کە ئێمە دەتوانین بە سەبر و حەوسەلە و بە پێی مەنتیقێکی زەمانی هەڵسەنگاندنێکی زانستیمان لە وێژە و ئەدەبی گەلانی تر هەبێ. گواستنەوەی وێژە و ئەدەبی زمانەکانی تر بۆ ناو زمانێکی تر، دەوڵەمەند کردن و کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونەکانی ئەوانە. هەر بەو پێیە کە نووسین هەڵوێستێکی ئیڕتباتیە، ئەدەبیاتیش لێڵ و توێ توێ ترین بەشی زمانە و بەردەوام خەریکی بەرهەم هێنانەوە و ناسیاوی سڕینەوە لە نیشانە کۆمەڵایەتیەکانە.

٢. بە چاو خشاندنێک بەسەر مێژووی وەرگێڕاندا، دەردەکەوێ کە وەرگێڕان نەتەنیا ڕۆڵێکی لاوەکی نەبووە بەڵکو کارێگەریەکی سەرەکی هەیە لە سەر پێوەندی نێوان وێژە و ئەدەبی زمانە جۆراوجۆرەکان. بۆ نمونە ئەدەبی عەرەب-ئیسلامی لە سەرەتاکانی سەدەی سێهەمی کۆچی تا کۆتاییەکانی سەدەی پێنجەم دەستی کردووە بە وەرگێڕان لە میراتە زمانیەکانی وەک عیبری، سەریانی، فارسی، هیندی، لاتین و لە گشتی گرینگ تر یۆنانی و تەنانەت بنکەیەکی زانستی لە ژێر ناوی “بەیتولحیکمە”یان بۆ کۆ کردنەوەی وەرگێڕەکان لە دەوری یەکتر و ڕاگرتنی بەرهەمەکانی ئەوان بونیادنا و وەڤدیان دەناردن بۆ شوێنی وەک ئێران و هیند و… بۆ دۆزینەوەی بەرهەمە پڕ بایەخەکان. پاشان لە قۆناغێکی تر دا ڕۆژائاوا کەوتە ژێر کاریگەری ئەدەی عەرەبی-ئیسلامی و کاریگەریەکی زۆری هەبوو لەسەر پێش کەوتنی ئەدەب و زمانەکەی.

خاڵێکی گرینگ لەم پێوەندیەدا هەر ئەم هەڵوێستە زانستی و دیاری کراوەیە کە سەرەڕای ئەوەی کە زمانی ژێرمەجمووعە خەریکە بە هۆی ئەم پێوەندیەوە شوێن و کەڵک وەردەگرێ لە زمان و ئەدەبی سەرچاوە، لەهەمان کاتیش دا بەردەوام خەریکی دەروونی کردن و خۆماڵی کردنی ئەزمونەکانە و خۆی لە قۆناغێک و بە شێوەیەکی تر خەریکە دەبێ بە بەرهەم هێنەر و سەرچاوە. بە تایبەت ئەدەبیاتی عەرەبی-ئیسلامی لە ژێر کاریگەری ئەدەبیاتێک دایە کە فڕی بە ئیسلامەوە نیە. بەڵکو زانست و ئەدەبی عەرەبی-ئیسلامی خۆی بەشێکی هەرە زۆری سازدراوی ئەوە. ئەمەش یەعنی کەڵک وەرگرتن و خۆماڵی کردنێکی بە پێی گەڵاڵە و عەقڵانیەت.

کۆی ئەم باس و خواسە بێ گومان وێژە و ئەدەبی کوردی و چۆنیەتی مامەڵە کردنی لە گەڵ وێژە و ئەدەبی زمانە جۆراوجۆرەکانی تردا دەگرێتە بەر خۆی.

زمانی کوردی وەک هەر زمانێکی تر دەتوانێ و دەشێ پتانسیەلەکانی خۆی بدۆزێتەوە و پەم پتانسیەلانە لە زمان دا بکا بە ئەدەبیات و بەردەوام لە حاڵی بەرهەم هێنان دابێ و ببێتە ئاوێتەی کەڵکەڵەی چین و توێژەکانی ناو کۆمەڵگای زمانیی خۆی، هەڵبەت لە ئاستێکی بەرزی ئەدەبی دا. واتا وێژە و ئەدەبی کوردی توانیبێتی شیکاریەکی کۆمەڵناسانەی لە سەر جوغڕافیای زمانی خۆی هەبێ. بێ گومان پێوەندی گرتن و تێکەڵ بوون لە تەک وێژە و ئەدەبی زمانە جۆراوجۆرەکان دا و ئەم هەڵس و کەوتە زانستیە لە گەڵیانا ڕێگا خۆشکەری دووهم قۆناغی بەرهەم هێنانی زمانە کە لەوێ دا دیسان زمان خەریکی خوڵقاندنە و لە ئاستێک دا قەرار دەگرێ کە دەبێ بە سەرچاوە. وڵاتێکی پێشکەوتووی وەک ژاپۆن بە تەنیا ساڵانە لە سەدا پێنجی ڕێژەی وەرگێڕان لەسەرئاستی جیهانی لە دەست دایە و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرەڕای ئەم گشتە پێشکەوتن و هەبوونی ئەبزاری پێوەندی جۆراوجۆر، بەشێکی بەرچاو لە بودجەی ساڵانەی خۆی بۆ وەرگێڕان تەرخاندەکا. ئەمانە دوو نمونەی بچووکن لە کاریگەری و جێگە و پێگەی وەرگێڕان.

خاڵێک کە زمان و ئەدەبی کوردی هێشتا ئاوڕێکی موستەحەقی لێ نەداوەتەوە. هەست پێ کردن بە گرینگی ئەم خاڵە وەک بابەتێکی کاریگەر لە هەڵس و کەوتی زمان و ئەدەبی کوردی دەگەڵ زمان و ئەدەبی گەلانی تر دا و سازدانی “بزووتنەەی وەرگێڕان” زۆر جێگای سەرنجە. هەڵبەت هەر وەک گوتمان، زمان دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیە و تەریک نیە لە ڕەفتارە غەیرە زمانیەکان و ئەم وەرگرتن و بەرهەم هێنانە زمانی و ئەدەبیە دەشێ هاوکات بێ دەگەڵ هەڵکشانە بان و گۆڕانی لەتەکانی تری پازێلی کۆمەڵگا کە لە حەوسەلە و چوارچێوەی ئەم وتارە دا نیە.

سەرچاوەکان:

زبان سوسور ویتگنشتاین – روی هریس (ت: دکتر اسماعیل فقیە)

نشانە شناسی – پی یر گیرو (ت: محمد نبوی)

چهار گفتار دربارەی زبان – محمدرضا باطنی

زندگی در دنیای متن – پل ریکور (ت: بابک احمدی)

زبان، ترجمە و ارتباط فرهنگ ها – ترجمه و تالیف حسین یعقوبی

اصلاح یا انقلاب – روزا لوکزامبورگ (ت: اسدالله کشاورزی