نه‌ لەبیرمان دەچێتەوە و نه‌ لێیان خۆش ده‌بین…!

نه‌ لەبیرمان دەچێتەوە و نه‌ لێیان خۆش ده‌بین…!

ڕاپۆرتی جاوید ڕەحمان، نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران لە سی و شەشەمین ساڵیادی کوشتاری بەکۆمەڵ و لەسێدارەدانی دەیان هەزار مرۆڤی ئازادیخواز و بێ تاوان و بەڵگەمەندیی ئەو راپۆرتە لەسەر جینایەتەکانی ڕژیمی ئیسلامیی ئێران لە دەیەی شەستی هەتاوی و بەتایبەت ساڵەکانی ٦١ و٦٢ و٦٧بە فەرمان و فتوای خومەینی و بە جێبەجێکاریی کەسگەلێک وەکوو خاڵخاڵی و ئەسەدوڵا لاجوەردی و ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری خوێنمژ و دەیان و بگرە سەدان کەسی دیکە، بە وردیی دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە سەرەڕای هەبوونی بەڵگەکان لەم ساڵانەدا و ئاشکرابوونی تاوانەکانی ئەو ڕژیمە ، کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی یان توانایی سزادانی بکەرانی ئەو جینایەتانەی نییە یان کە ناخوازن خۆیان لەقوڵایی کێشەکاندا ببینەوە و خوازیاری چارەسەرکردنیشی نین بەڵام لەهەر ڕوویەکەوە بێت جێگای داخ و شەرمەزارییە بۆ کۆمەلگەی مرۆڤایەتی .
لە ڕاپۆرتی جاويد ڕەحماندا ئاماژە بە بیرەوەرییەکانی جێگری خومەینی(حوسێن عەلی مۆنتەزێری)کراوە و ئازار و ئەشکەنجە و دەستدرێژیی بە کۆمەڵ بۆ سەر بەندکراوان و بەتایبەت بۆ سەر ژنان لەو سەردەمەدا بەتایبەتی لە سەرەتای گەلاوێژی ساڵی ٦٧هەتاوی تا کۆتایی خەرمانانی هەمان ساڵ خراوەتە ڕوو.
هەرچەند کوردستان پشکی هەرە دیاری لە کوشتن و خوێن ڕشتن و لەسێدارەدان و ماڵوێرانی لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەر دەکەوێ و لەم ڕاپۆرتەدا جێگای شایانی خۆی پێنەدراوە بەڵام ڕاپۆرتی نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان نە بۆ کۆمەڵگەی جیهانی و نەبۆ خەلکی ئێران بابەتێکی تازەیە، بەڵکوو دەکرێ نوقورچکێک بێت بۆ ئەو کەسگەلەی کە هێشتاش بڕوایان بە شانۆی هەڵبژاردن و گۆڕانی سیاسەتەکانی ڕژیم هەیە.
هەر ئەم ڕۆژانە شاهیدی دەرکردنی تازەترین حوکمی لەسێدارەدانی ژنان و خێراتر کردنی ڕەوتی لە سێدارەدان و ئاگرتێبەردانی ژینگە و گرتن وبێ سەروشوێن کردنی خەڵکی بێ تاوانی کوردستانین کە هەمووی ئەم جینایەتگەلە بوونەتە پێشێتی وڕاسەری کاری ئەمرۆ و سبەینێی دەسەڵاتدارانی ورد و دروشتی ڕژیم.
ڕژیمێک کە سەرەتای دەسەڵاتەکەی بە جینایەت و خوێن ڕشتن دەسپێدەکات و نزیک بە نیو سەدەیە بەردەوامە لە کوشتن و ئەشکەنجە و ماڵوێرانی و دزی و تاڵان و برسی کردنی خەڵک ، تەنیا ڕووخان چارەیەتی و هیچ ڕێگایەکی دیکەی نییە و گەمەی ڕێفۆرمخواز و بناژۆخواز تەنیا بۆ خەڵەتاندنی خەڵکە و مانەوەی زیاتر لە دەسەڵاتی ڕەشیان.
كوشتاری هەزاران بەندکراوی سیاسیی بێ تاوان کە بە بڕیاری خوێنرێژێکی وەکوو خومەینی و بە دەستی هەیئەتێکی چەند کەسیی لە دادگایەکی چەند خوڵەکیدا، لە مافی ژیان بێبەش دەکرێن، شتێک نیە کە هەروا بەسانایی بەڵایدا بڕۆی وکۆمەڵگەی نێونەتەوییش وڕ و کاس بینەر بێ .
خالی جێگای سەرنج ئەوەیە کە زورێك له‌ قوربانیانی ئه‌م كوشتاره‌ بە کۆمەڵە ، سزای ماوەی بەندکرانیشیان کۆتایی هاتبوو و چاوه‌ڕوانی ئازادی بوون کە کەوتنە بەر شاڵاوی بێبەزەییانەی دەسەڵاتدارە مرۆڤکوژ و کۆنەپەرەستەکان.
لەوسەردەمەدا کۆماری ئیسلامیی تووڕەتر لە هەر کاتێک خۆی مەڵاس دابوو، بریندار و دۆراوی شەڕی ماڵوێرانكه‌ری ٨ساڵەی ئێران و عێراق بوو. خومه‌ینی کە بە دروشمی شەڕ ، شەڕ تا سەرکەوتن ، مالوێرانی و ئاوارەیی و کوشتاری کردبووە میوانی سفرەی هەژارانەی خەڵک ، بەسەر شۆڕییەوە جامی ژەهری شکستی ئەم شەڕە دە نۆشێ .
بەکۆتایی هاتنی شەڕ و مالوێرانی و شکستی هەمەڵایەنەی جینایەتکارانی کۆماری ئیسلامیی شایی و خۆشی و لۆغان له‌ دڵی خه‌ڵكی ئێران دا پێک دێت و ئەم شكست و ئەم سەرشۆڕییەی رژیمی ئیسلامیی دەبێتە هۆی بووژانەوەی هیواو هۆمێد بۆ پێشڕه‌ویی خه‌بات و وه‌دیهاتنی داخوازییه‌كانی خەڵک و بە چۆکداهێنانی ڕژیم . ئاکامی ٨ ساڵ شەڕ ڕژیم دەتاسێنێ و هاوسەنگی هێز بەکردەوە بەقازانجی بەرەی خەڵکی ناڕازی دەگۆڕدرێ. ‌خومه‌ینی و ڕاوێژكارانی سه‌ره‌كیی ئه‌و واته‌ دوو جەللادی وەکوو ڕەفسه‌نجانی و خامنه‌یی ئاگاداری ئه‌م ڕاستیەن و نیگەرانی گۆرانی هاوسەنگی هێزن و دەبێ چارەیەک بۆ ئەم دۆخە بدۆزنەوە. خومەینی و هاوبیرانی ئاگاهانه‌ بڕیاریان دا شایی و خۆشی خه‌ڵك بۆ كۆتایی هاتنی شه‌ڕو شکستی کۆماری ئیسلامیی بكه‌نه‌ ماته‌مین. ئەوان سەرەتا بیانوویەکی ئەوتۆیان بەدەستەوە نەبوو تا توڵه‌ی شكست له‌ شه‌ر له‌ خه‌ڵكی ئێران بكه‌نه‌وه‌. ئه‌وان بۆ درێژه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان پێویستیان به‌وه‌ بوو هه‌رچی زیاتر خوێن بڕێژن و ئه‌مجاریش وه‌كوو ٣٠ ی جۆزه‌ردانی ساڵی١٣٦٠شمشێری ژاراوی خۆیان لەپێشەوە بەست و ڕوویان لە ئەودیوی دیواری بەرزی بەندیخانەکان کرد. بۆئەوکات وساتە گونجاوترین و بێده‌نگ ترین شوێن ته‌نیا بەندیخانەکان بوون كه‌ به‌ هه‌زاران مرۆڤی شۆڕشگێرو بێ تاوان له‌ پشت دیوارەکانی ئه‌م بەندیخانانەدا‌‌ به‌ند كرابوون.

خومه‌ینی به‌ پێكهێنانی كومیته‌یه‌ك، بریتی له‌ “نه‌یێری” قازی شه‌رع، “ئه‌شراقی” دادستانی تاران و “موسه‌وی ئه‌رده‌بیلی” دادستانی گشتیی تاران وڕەئیسی جەللاد، به‌ ده‌ركردنی فتوای مه‌زهه‌بی فه‌رمانی كوشتاری بۆ‌ هه‌زاران بەندکراوی سیاسی ده‌ركرد. سێداره‌كان به‌ر‌پا كران و خه‌باتكارانی ئازادیخواز به‌ وتنی “نا” به‌ جه‌للادانی ڕژیم یەک لەدوای یەک له‌سێداره ‌دران و سه‌رشوڕیی مێژووییان بۆ كۆماری ئیسلامی به‌جێهێشت.
بەم جۆرە به‌ هه‌زاران مرۆڤی خه‌باتكار و خۆڕاگر لەسێدارە دران و بەهەزاران دایک جگەر سووتاو…
ته‌رمی قوربانیانی ئه‌م جینایه‌ته‌ به‌ نهێنی له‌ خاوه‌رانی تاران، دارۆلڕه‌حمه‌ی شیراز، باغی ڕێزوانی ئیسفه‌هان، حه‌وشه‌ی به‌ناو دادگای ئینقلابی سنه‌ و ده‌یان شوێنی دیكه‌ به‌ خاك سپێردران. جینایەتکارانی کۆماری ئیسلامیی ناوی گۆڕستانی ئه‌م ئازیزانه‌یان كرد به‌ “له‌عنه‌ت ئاوا” تا به‌ خه‌یاڵی خاوی خۆیان خه‌ڵك دووری لێبگرن. به‌ڵام ئه‌م گۆڕستانانه‌ ده‌ستبه‌جێ بوونه‌ شوێنی ئازیزانی‌ له‌بیرنه‌كراو .
بێگومان دیکتاتۆرەکان پێویستیان بە خوێنمژینە و مافخوازان و ئازادیخوازانیش دەبێ نرخی بۆ بدەن بەڵام لە کۆتاییدا دیکتاتۆر دەڕووخێ و ڕزگاری دەبێتە دیاری بۆ خەلکێک کە خەباتیان بۆ کردووە و نرخیان بۆ داوە.