ناڕەزایەتی بەرانبەر بە سزای سێدارە و سەرکوتی چالاکانی کوردستان لەلایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە…

✍️ڕۆژینا عەباسی چالاکی سیاسی

لەم ساڵانەی دواییدا پەرەگرتن و زیاتربوونی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامیی بۆ سەر سەرجەم چالاکانی جۆربەجۆری کوردستان و بەتایبەت چالاکانی سیاسی، مەدەنی و مافی مرۆڤ؛ نیگەرانیی بەربڵاوی لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان و ئێراندا هێناوەتە ئاراوە. سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان، دەستبەسەرکردنی خەڵک و چاڵاکانی  سیاسی و مەدەنی و تووندو تیژی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی و سزای تووند و زۆر لە سەرووی هەمووشییەوە سزای لەسێدارەدان،بوونەتە ئامرازێک بۆ بێدەنگکردنی ناڕەزایەتییەکان و دەمکوتکردنی خەڵکی کوردستان.

بەپێی جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ و پەیمانە نێودەوڵەتییەکان کە دەوڵەتی ئێرانیش واژۆیانی کردووە و دەبێت پێبەندی بێت، هەر تاکێک مافی ئازادیی ڕادەربڕین، ئازادیی ئایین، ئازادیی  ڕۆژنامەنووسی یان کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییەکان و بەگشتی چالاکیی مەدەنی هەیە؛ بەڵام کۆمەڵێکی زۆر لە ڕاپۆرتی ڕێکخراوە نێوخۆیی و نێونەتەوەیی و نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ ئاماژە بەوە دەکەن کە چالاکانی سیاسی، مەدەنی، فەرهەنگی، کرێکاران، خوێندکاران، ڕۆژنامەنووسان، ژنان و تەنانەت پارێزەرانی مافی مرۆڤ بەهۆی چالاکییەکانیانەوە ڕووبەڕووی تۆمەت و هەڵسووکەوتی نامرۆڤانەی دامودەزگا ئەمنییەتی و دادوەری دەبنەوە.

ئەمرۆ کۆماری ئیسلامیی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا گۆشەگیر بووە و بە هۆکاری هەوڵ و چالاکییە بەرفراوانە تیرۆریستییەکانی هەم لە ناوخۆ، هەم لە ناوچە و هەمیش لە جیهان و بەتایبەت وڵاتانی ڕۆژاوایی، بەتەواوەتی تەنگی پێ هەڵچنراوە و گوشارێکی لەڕادەبەدەری خراوەتە سەر، ئیتر باسی چەکی ئەتۆمی و سەرەڕۆیی و دەستدرێژی بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە بە جێی خۆی و لە کاتێکی تردا دەکرێت بەوردی باسی لەسەر بکرێت. 

ئەم خاڵانەش کە ئاماژەی پێ کران، بەستێن و زەمینەی داڕمانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بەتایبەت لە ناوخۆ و لە ڕووی ڕەوایی (مەشرووعیت) و هەم لە ئاست کۆمەڵگەی جیهانیدا لەهەموو بوارێکدا خۆش کردوە.  قەیرانی دژوار و ئەستەمی ئابووری و تەشەنەسەندنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان، لەوانەش ناڕەزایەتیی خوێندکاران و ژنان کە هێزی بزوێنەری ڕووخانی دەسەڵاتن، ترۆپکی ئەم تووڕەیی و گڕکانەی خەڵکی ئێرانن، بەڵام لە کوردستان دۆخەکە بۆ دەوڵەتی داگیرکەری ئێرانی چەندقاتە و پرسی داگیرکاری و ڕزگاریخوازیی خەڵکی کوردستان و پرسکرێکی حاشاکردنیان لە شوناسی کوردستانیان، بێنزینی سەر ئەو ئاگرەیە و ئەمەش وای کردووە، داگیرکەر بە پارێر و حەزەر و هاوکات دڕندانەتر بۆ کوردستان بڕوانن.

هەروەها گوشارەکانی کۆمەڵگەی جیهانی و وڵاتانی ڕۆژاوا و بەتایبەت ئەمریکاش، ئەم ئەگەرانەی زیاتر کردووە و دڵەڕاوکێ و شەونەخۆنیی ترسنۆکانە بەرپرسان و کاربەدەستانی داگیرکەران زۆر زیاتر کردووە و بووەتە دێوزەمەی مەرگیکۆماری ئیسلامیی. 

بۆیەش ترسی کۆماری ئیسلامیی لە لایەنە کوردستانییەکان و بەتایبەت کە داوای مانگرتنی گشتی لە شارەکانی کوردستان دەکرد، دەبێتە بە چەند قۆناغێک کە لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوە خەڵکییەکان و جەماوەری کوردستان زیاتر گرێ دەدات پێکەوە و ئەمەش سەرکەوتوویی و کاریگەریی ئەرێنی بۆ کوردستان و لەتمەی زیاتر لە پێگەی داگیرکەر لە کورستان و لەنێو نەتەوە هاوچارەنووسەکانی کورد لە جوگرافیای دەستکردی ئێراندا بوو، بۆیە ناوەندە دڕندەکانی داگیرکەر زیاتر هەوڵ ئەدەن هەرچەشنە ناڕەزایەتی و دەنگهەڵبڕین و کۆبوونەوەیەک دەمکوت و سەرکوت بکەن و بۆ ئەمەش بە سەدان بەندکراو لە زۆربەی بەندیخانەکانی ئێران بەشدارییان لە ناڕەزایەتییەکانی دژی سزای سێدارە کردووە و داگیرکەر زیاتر و زیاتر تووڕە بووە.

بەندکراوانی بەندیخانەکانی ئەو دەوڵەتە ئیسلامییە ئێرانییە کە خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی سزا دڕندانە و نامرۆڤانەکان و بەتایبەت سزای سێدارەن. ترسی دەوڵەت لە بزووتنەوەی بنەماڵەی لەسێدارەدراوان و قوربانییانی ڕاپەڕینی ژن، ژیان، ئازادی، کە لەنێویاندا هاودەنگییەکی قووڵی بەهرەمەندە، وەک چۆن بۆی ڕوون بووەتەوە کە بزووتنەوەی بنەماڵەی لەسێدارەدراوان بڵێسەی شۆڕشی بۆ ژن، ژیان، ئازادی بە سووتاوی هێشتبووەوە

بۆیە، هەموو ئەم پرسانە ترساندیان و خەوی لە چاویان زڕاندووە. بۆیە بۆ ڕێگریکردن لە خەبات و بەرخۆدانی خەڵک، دەوڵەت چارەسەر لە سێدارەکانەکاندا دەبینێت و بە بێهیوایی و دڵگرڵنییەە هەوڵی بڵاوکردنەوەی ترس و تیرۆر و تۆقاندن دەدات لەنێو کۆمەڵگەدا بە چڕکردنەوەیان و هەڕەشەکردنیان و سەرکوتکردنیان و لەسێدارەدانەکانیان.

بۆ پاراستنی دەسەڵات و داگیرکاری و مانەوەی خۆیان، بە شێوەیەکی توندوتیژانە ڕێژەی لەسێدارەدانەکانیان زیاد کردووە و وەک هەمیشە بێباکە لە بەرانبەر داواکارییە مرۆڤییەکانی خەڵک. سزای لەسێدارەدان، وەک توندترین سزا، چەندین جار لە دۆسییە سیاسی و ئەمنییەتییەکان بەکارهێنراوە. ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان چەندین جار داوایان لە دەوڵەتی ئێران کردووە کە بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان ڕابگرێت، بەتایبەتی لەو حاڵەتانەی کە دانپێدانانەکان لەژێر ئەشکەنجەدا وەرگیراون یان پرۆسەی دادگاییکردنەکە شانۆیی بووە و زۆر جاریش چەندچرکەی و نادادپەروەرانە بووە. بەڵام لەسێدارەدانی خۆپیشاندەران و جیابیرانی سیاسی و ناڕازییان بەردەوامە.

لە ناوخۆی ئێرانیشدا، بنەماڵەی قوربانییان، چالاکانی جۆراجۆر و بەتایبەت مافی مرۆڤ و بەگشتی هاووڵاتییان چەندین جار بەیاننامەیان بڵاو کردووەتەوە و کۆبوونەوەی هێمنانەیان ڕێک خستووە بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین بەرانبەر سەرکوت و سزای سێدارە و سەرەڕۆیییەکاتی دەوڵەتی ئێران.

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییش، ڕێکخراوەکانی وەک لێبوردنی نێونەتەوەیی، ڕاپۆرتێرانی بێسنوور، چاوەدێریی مافەکانی مرۆڤ و خودی نەتەوە یەکگرتووەکانیش، چەندین جار سەرکوتی خۆپیشاندەرانیان شەرمەزار کردووە و داوای ڕاگرتنی لەسێدارەدانیان کردووە. هەروەها هەندێک وڵات سزایان بەسەر بەرپرسانی دەوڵەتی ئێراندا سەپاندووە کە بەرپرسیارن لەم سەرکوتانە.

هۆشیارکردنەوەی گشتی: ئاگادارکردنەوە لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و گوشارخستنە سەر دەوڵەتی ئێرانی لەلایەن دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی جیددیتر.

گوشار لەسەر دەوڵەتی ئێران: لە ڕێگەی هەڵمەتە جیهانییەکان و سزای ئامانجدار و داوا لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکات کە بەدواداچوون بۆ دۆخی بەندکراوانی سیاسی بکەن.

پاڵپشتیکردنی کەسوکاری قوربانییان: هاوکاربوون بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک سەبارەت بە بارودۆخەکەیان و هەوڵدان بۆ ئەوەی دەنگیان لە بازنە نێودەوڵەتییەکاندا ببیسترێت.

لەسێدارەدان و سەرکوتکردنی جیابیران و ناڕازییان ناتوانێت چارەسەری قەیرانە جۆربەجۆرەکان و بەتایبەت قەیرانە سیاسییەکان بێت. تەنیا لە ڕێگەی ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و وتووێژی سەردەمیانە و دروستکردنی بارودۆخێکی گونجاو بۆ بەشداریکردنی هەموو نەتەوە و چین و توێژەکانی کۆمەڵگە دەتوانرێت ئاشتی و سەقامگیریی بەردەوام بەدەست بهێنرێت.

کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوەکانی نێو جوگرافیای ئێرانی دەستکرد، دەبێت بە یەکگرتوویی و یەکڕیزی و یەکدەنگ بۆ کۆتاییهێنان بەم بازنە توندوتیژی و دڕندانەیی و هۆڤانەبوونە دەوڵەتی تۆتالیتێر و تیرۆریستی ئێران پێکەوە کار بکەن. دەبێت خەڵکی کوردستان زیاتر هەنگاو هەڵگرن لەم ئاراستەیەدا چونکە یارمەتیدەری شۆڕش و خەباتەکەیەتی بۆ ڕزگاریی نیشتمان و جێکەوتنی دادپەوەری و گەیشتن بە ئامانجەکانی شۆڕشەکەمان.