نان و مەرگ
نان و مەرگ
نووسینی; سەیران. مستەفازادە
کۆڵبەر، وشەیەکە کە خەڵكیمەدەنی و ناوچەکە بە کەسانێک دەلێن کە بۆ بەدەست ھێنانی بژێویی ژیانیان بارێكی قورس لە كۆل دەنین و روو لە شاخەکان دەکەن و بە ناچار سنوورەکان دەبرن . کۆڵبەری زۆرتر لە پارێزگاکانی ئازەربایجانی رۆژ ئاوا ، کوردستان ، کرماشان و سیستان و بەلوچستان ھەیە . ئهوهیكه پێی دهوترێ كۆڵبهری، لهڕاستیدا گیان دانه له بهرامبهر پارووه نانێك کە بە تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامیەكانی رژیم گیانیان لە دەست دەدەن.
بێکاری، گرانی، نەبوونی ئەمنیەتی شوێنی کار، شاڕۆمەندانی كوردی بەرەو کۆڵبەری بردووە. رژیمی ئێران کە توانای دابین کردنی پیشە و ئەمنییەتی خەڵکی نییە، کۆڵبەریشی کردووەتە قەتڵگای خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان، بەجۆرێک کە هەموو ڕۆژێ و هەموو حەفتەیەک شاهیدی گیان لەدەستدان و برینداربوونی ژمارەیەک کۆڵبەرین لە کوردستان. بێکاریی و هەژاری لە ناوچە کوردنشینەکان ، خەڵکی ئەم ناوچەی ناچار بە کاری کۆڵبەری کردووە. کۆڵبەران بێجگە لە داهاتی کەم، لەگەڵ دژوارییەکانی هەڵگرتنی بار، شوێنی سەخڵەت و سەرما و گەرما، لەگەڵ مەیدانەکانی مین و تەقەی راستەوخۆی ھێزەکانی رژیمی ئێران و ھەروەھا جار و بار تەقەی ھێزە ئەمنیەتیەكانی تورکیە رووبەروو دەبنەوە .
کۆڵبەری کار نییە، کۆیلەتیی مۆدێرن لە باروودۆخی سەدەکانی ناوەڕاستە. هەژاری و بێکاریی زیاتر لە دەیان هەزار کەس لە پیاوان، ژنان، پیران و منداڵان و تەنانەت کەسانێک کە نەخۆشن و یان بەشێک لە جەستەیان لەدەستداوە ناچارن ڕوو لە کۆڵبەری بکەن و بۆ بژیوی ژیانیان گیانیان بخەنە مەترسیەوە
کۆڵبەران لە لایەن چەند توێژەوە
زوڵمیان لێدەکرێت: رژیمی ئیسلامی ئێران لە لایەک دەستی داوەتە کوشتنیان، بازرگانان كه به هیچ یاسایهكی كار و مافی ئینسان پێبهند نین، دهڵاڵانی بازاڕ كه بهشێك له سوودی گواستنهوهی كاڵاكان دهبهن .
ھەژاری و بێکاری ، تێکدانی ژینگە ، میلیتاریزەکردن ، سرینەوەی ناسنامە ، نەبوونی وەبەرھێنان ،ھەڵاواردن لەو ھۆکارانەن کە بووتە ھۆی دروستبوونی کۆڵبەری وەک جۆرێک لە بژێوی ناجێگیر و نائەمن لە کوردستان .
بە ھۆی نەبوونی ھەلی کار لە کوردستان ، خەلکێکی زۆر بە تایبەت کرێکارانی بێکار ، خوێندەواران ، ژنانی زەحمەتكێش ، گەنجان ، بەساڵاچوانی سەر سنوور بە ناچاری روویان لە پیشەی کۆڵبەری کردووە .
ئەمە لەلاێكەوە و لە لاێكی دیكەوە هێزە ئهمنیەتیەكانی ڕژیم لهگهڵ كۆڵبهرانی كوردستان نموونهی كردهوه و ههڵسووكهوتی هێزێكی داگیركهره كه ئاگاهانه و به ئامانجی كوشت تهقه له كۆڵبهران دهكهن، سهرمایه و كاڵاكانیان لێ تاڵان دهكهن و تهنانهت ئهسب و قاترهكانیان لێ دهكوژن .
بە پێی ئامارە نارەسمیەكان، کە بە پشتبەستن بەو ئامارانەی کە لە سایت و رۆژنامەكان تۆمار کراون ، لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ زاینی ، بە گشتی ٢٧٠ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و رێگاکانی نێوان ئازەربایجانی رۆژئاوا ، کوردستان و کرماشان بە ھۆی تەقەی ڕاستەوخۆی ھێزە سەربازییەکانی ڕژیم ، ڕنو و سەرمابردووی ، کەوتنە سەر مین ، کەوتنە خوارەوە لە شاخ و بەرزاییەکان و … هتد، کوژراون و بریندار بوون. لەم ژمارەیە ، بە گشتی ٣٤ کۆڵبەر واتا (١٣/.) کوژروان و ٢٣٦ کۆڵبەر واتا ( ٨٧/.) بریندار بوون . بە بەراورد بە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ رێژەی کوژراوان و بریندار بوونی کۆڵبەران ٢١٨/. بەرز بووتەوە .لە کۆی گشتی ٢٧٠ کۆڵبەر کە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ لە سنوورەکانی کوردستان کوژراو و بریندار بوونە، ٢٠ کەسیان منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵ بوون .
ڕژیمی ئیسلامی وەک نوێنەری نەزمی جیهانی سەرمایەداری لە ئێران، بە جێبەجێکردنی سیاسەتی هەڵاواردن، نکۆڵی لە ناسنامە، گەورەکردنەوەی هەژاری و بە ئەنقەست ڕاگرتنی کوردستان لە گەشە و پێشکەوتن بە هۆکارەکانی ئەمنیەتی و سیاسی، لەناوبردنی ژینگە، بەرپرسی ڕاستەوخۆیە لە پەنابردنی خەڵکی کوردستان بۆ دیاردەی کۆڵبەری، رژیمی ئیسلامی ئێران نەک هەر بەرپرسی ڕاستەوخۆیە لەم دۆخە، بەڵکو بەرپرسیارە لە کوشتنی بێ بەزەییانەی کۆڵبەران. تەنها لە ماوەی سێ ساڵی سەرۆکایەتی ئیبراهیم ڕەئیسی، لە ١٢ی گەلاوێژی ١٤٠٠ تا ٣٠ی گوڵانی ١٤٠٣، بە گشتی ٩٠٤ کۆڵبەر کوژران و بریندار بوون.
ئەو ئامارانەی کە لە سەرەوە باسمان کرد، هەروەها ئەو ئامارانەی لە خوارەوە دەیبینن، قووڵایی ئەو کارەساتە نیشان دەدەن کە لە دڵی کۆمەڵگای کوردستان و لە ژێر سێبەری قورسی دەسەڵاتی تاوانکاری رژیمی ئیسلامیدا دەگوزەرێت. کوشتنی کۆڵبەران لەلایەن هێزە سەربازییەکانی سەر سنوورەوە، وەک هێمایەکی تیرۆریزمی دەوڵەتی، لەم ساڵانەی دواییدا تاهاتووە بەردەوام بووە. لە بارودۆخی ئێستادا بێدەنگی لە بەرامبەر کوشتنی کۆڵبەران جێگەی قبوڵکردن نییە. کرێکاران، خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان، چالاکان و ڕێبەرانی بزووتنەوەی کرێکاری و خەڵکی خەباتکار، دەبێ بە یەکگرتوویی لە دژی ئەم تاوانانە و بۆ بنبڕکردنی دیاردەی کۆڵبەری و بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی ئینسانی بجەنگن.