18/11/2026

مۆتەکەی ڕێنەکەوتن بووەتە هۆکاری دارمانی ئابووری لە ئێران

0
a969c2f9-6456-4405-b690-e2812dcdc028

محەمەد حەکیمی

لە دوایین ئاماری ڕاگەیەندراوی هەژاری لە جیهاندا، ئێران پلەی چوارەمی بە دەست هێناوە؛ و ئەمە بەهۆی سیاسەتی هەڵەی ڕژێمی ئیسلامیی ئێرانەوە بووە، کە وای کردووە ئەو وڵاتە پلەی چواری هەژاری لە جیهاندا بە دەست بێنێت. بە چەشنێک کە لە وڵاتی نەوت و زێڕدا ژیان بۆ خەڵک ببێتە مۆتەکە. بە پێی نوێترین ئاماری بڵاوکراوە سەبارەت بە هەژاریی وڵاتەکان لە جیهاندا، ئێران پلەی چواری وەرگرتووە و تەنانەت وڵاتی یەمەنیش پێش ئێران کەوتوە و دۆخی ئابووریی یەمەن لە وڵاتی ئێران باشترە.

دۆخی ئابووری، هەڵاوسان و نرخی سوودی بانکی وای کردووە شیرازەی بنەماڵە بە گشتی لە ئێران لەبەر یەک بترازێت و خەڵک تووشی دەیان ئازار ببنەوە؛ تەنانەت بە ملیۆنان کەس نەتوانن سێ ژەمە بە تێر و پڕی نان بخۆن و ڤیتامینی پێویست بە لەشیان نەگات. هەر ئێستا زیاتر لە ٢٠ ملیۆن کەس پێویستیان بە ڤیتامینی «د» هەیە.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە مەودایەکی زۆر هەیە لە نێوان ویست و داخوازییەکانی ڕژێمی ئیسلامیی تاران و واشنگتۆندا. ڕژێمی تاران تا دێت داخوازییەکانی زیاد دەکات و ئەوەش وای کردووە کە ڕێککەوتن ئەستەم بێت. ڕێککەوتن لە پێناو چیدا؟ دوورگەی هورمز لە کردەوەدا بە دەستی ئەمریکادایە و ڕژێم ناوەناو درۆنێک یان مووشەکێک دەنێت بە کەشتییەکی بارهەڵگرەوە، لە حاڵێکدا ڕۆژانە لانیکەم دەیان کەشتیی بارهەڵگر لەو دوورگەیە دەپەڕنەوە بێ ئەوەی باج بە ڕژێمی تاران بدەن. ئێمە دەبینین ڕۆژانە ئەمریکا لە بەندەرەکانی سیریک و… دەدات و کاردانەوەی ڕژێمیش گەیشتووەتە ئاستی سفر.

هەر لەو پێوەندەدا «ئەنوەر قەرقاش»، ڕاوێژکاری دیپلۆماسیی سەرۆکی ئیمارات، دەڵێت هیچ ڕێگەچارەیەک نییە بۆ گەیشتن بە ئاشتی و بە دڵنیاییەوە ناوچەکە تووشی شەڕ دەبێتەوە. هەر لەم پەیوەندییەدا «ترامپ»یش وتی: «ئێمە لە جەنگی ئێراندا سەرکەوتنی نیوەوناتەواومان ناوێت، بەڵکوو سەرکەوتنی لەسەداسەدمان دەوێت.» هەروەها ناوبراو لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەوانێکدا کە لێی پرسی: «ئەگەر ڕژێمی تاران بەو شێوەیە بمێنێتەوە، ئایا بۆ ئێوە ئەوە شکستێکی گەورە نییە؟»، ترامپ وتی: «بەڵێ، بە دڵنیاییەوە ئەوە دەبێتە شکستێکی گەورە لە کارنامەی مندا» و…

ڕژێمی ئیسلامیی ئێران کەوتووەتە دۆخێکەوە کە هیچ متمانەی بە ڕێککەوتن نییە و هەروەها نازانێ کەی هێرش بۆ سەر دامودەزگاکانی و هەروەها بۆ سەر بەرپرسانی باڵای ڕژێم دەست پێ دەکاتەوە. ئەم دۆخە وای کردە تا واشینگتۆن بتوانێت بە شێوەیەک کۆنترۆڵی مێشکی بەرپرسانی ڕژێم بکات و ترس و هێژمۆنیی خۆی لە ناویاندا پتەو و قایمتر بکات.

ئەمە لە لایەکەوە و لە لایەکی دیکەوە بەربڵاویی گەمارۆکانی ئەمریکا و بەتایبەتی بڕیاری داخستنی سنوورەکانی ئاوی و خاکی، بەتایبەتی سنوورەکانی عێراق و دەریای خەزەر، دەتوانێت ببێتە هۆی گرانیی زیاتر و هەڵاوسانی زیاتر؛ و ئەمەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر کارگەکان و سیستەمی بانکیی ڕژێم دادەنێت. هەرچەن داخستنی سنووری زەمینیی ئێران بەهۆی ئەوەی کە سنوورێکی بەرفراوانی لەگەڵ دراوسێکانی، بەتایبەتی عێراق، هەیە ئەستەمە، بەڵام هەر ئەوەش دەتوانێت گوشاری زیاتر بخاتە سەر ڕژێمی ئیسلامی. هەر ئێستا سنووری «مەندەلی» لە نێوان ئێران و عێراق داخرا و بە باوەڕی من ئەوە دەستپێکی داخستنی سنوورەکانە لەگەڵ ئێراندا، و ئەوەش دەبێتە هۆی هەڵاوسانی زیاتر و ڕژێم ناچار دەبێت سنوورە فەرمییەکان دەور لێ بدات و لە ئاکامدا تێچوویەکی زیاتری تووش دەکات. دیارە دەبێ لە ڕۆژانی داهاتوودا چاوەڕێی هەڵاوسانی زیاتربین و لەم ناوەدا تەنها جەماوەری ئێرانن کە تووشی کێشە دەبن.

لە لایەکی دیکەوە، نرخی سوودی بانکی لە ئێران لە سەدا ٢٤ـەوە بۆ نزیکەی سەدا ٣٤ بەرز بووەوە. ئەم گۆڕانکارییە دەتوانێت کاریگەری لەسەر بازاڕی بۆرسە، وەرگرتنی قەرز و دابینکردنی داهات بۆ کارگەکان و کاروباری خەڵک دابنێت. ئەمەش دەبێتە هۆی گرانبوونی شتومەکی پێویستی خەڵک و تەنها خەڵک لەم ناوەدا زەرەرمەندی یەکەمن.

هاوکات لەگەڵ دۆخی ئابووری و سیاسی لە ناوچەکەدا، لە ناوخۆی ڕژێمیشدا شەڕی چەقەڵەکان سەبارەت بە کێبڕکێی گرتنەدەستی دەسەڵات بەردەوامە و کاریگەریی «موحسێن ڕەزایی» زیادی کردووە و هێدی‌هێدی خەریکن «قالیباف» وەلا دەنین. کێبڕکێ بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات لە تاران زۆر زیادی کردووە و «ڕەزایی» تێدەکۆشێت خۆی دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتانی چین، ڕووسیا و ئەمریکادا بکات؛ و ئەوەش وای کردووە که ناوبراو لە «X»دا ڕوو بە ئەمریکا بڵێت کاتی ئەوە هاتووە کە ئێوە لە بەرانبەر ئەو حەوت مەرجەی ئێمەدا چووک دابدن و تەسلیم ببن و ناوچەکە بەجێ بێڵن.

ئەم جۆرە لێدوانانە تەنها مەسرەفی ناوخۆیی هەیە و جیهان دەزانێت کە ڕژێمی ئیسلامی لە کۆتاییی خۆی نزیک بووەتەوە، هەر بۆیە ڕژێم لە شارەکانی ئێران، بەتایبەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەستی کردووە بە فرۆشتنی شوێنە سەربازییەکان و دەیەوێت پێش ئەوەی بڕوخێت هیچ شتێک لە ئێران و ژێرخانی ئابووریی ئەو وڵاتە نەهێڵێت. ڕژێم درێژەکێشانی ئەو دۆخەی پێ باشە، چونکە بە کاتکوشتن دەیەوێت سەردەمی «ترامپ» تەواو بێت.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *