“من بە ناحەزترین شێوە ژن بووم”
“من بە ناحەزترین شێوە ژن بووم”
بێگەرد ساڵح
“لەم ماوەی ڕابردوودا ئەم کتێبەم دەخوێندەوە کە چەند کورتە چیرۆک لەخۆدەگرێت و بەڕاستی کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر من بەجێهێشت، بەڵام ئەوەی زیاتر لە ناوەڕۆکی کتێبەکە مێشکمی داگیرکرد، ناوەکەیەتی. چەند ڕۆژێکە بەردەوام بیر لە ناوەکەی دەکەمەوە و هەست دەکەم ئەم ڕستە وەک جادوویەک کاریگەری لەسەر من دروست کردووە. ئەمەی کە نووسیوومە لەوانەیە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە ناوەڕۆکی کتێبەکەوە نەبێت، بەڵام بێگومان کاریگەری ناوەکەیەتی و لام وایە دەشکرێ پێوەندی بە رۆژی هەشتی مارسەوە هەبێ.”
“من بە ناحەزترین شێوە ژن بووم”
ئەم ڕستەیە دەتوانێ مێشکی هەر بەردەنگێ بەرەو کارەکتەرێکی جیاواز ببات؛ ئەو ژنانەی کە لە مێژوو و لە چیرۆک و تەنانەت لە ژیانی ڕۆژانەشدا بە تایبەتمەندی دژبەیەک و ئاڵۆزەوە حزووریان هەیە. هەرکەسێک ئەم ڕستەیە ببیستێ، ڕەنگە ژنێک بە خەیاڵیدا بێت کە یەکێک یان تێکەڵییەک لەم تایبەتمەندیانەی هەیە:
عاشق؛ ژنێک کە چەمکی خۆشەویستی لە هەستێکی سادەی بۆ گرینگترە، ناخی دەسوتێنێت، کەسایەتی دەگۆڕێت، وەک بڵێسەیەک کە تەنانەت لە زریانێکیشدا ناکوژێتەوە… “هەندێکجار ئەوەندە عاشقم، بێمنەت، بێ هیچ عەقڵانییەتێک، بە دڵێکەوە کە لە ئاگری سۆزدا دەسووتێت.”
خۆنەویست؛ ژنێک کە هەبوونی خۆی دەبەخشێتە ئازیزانی، تەنانەت ئەگەر بە نرخی لەدەستدانی خۆیشی بێت، وەک دایکێک کە برسییە بەڵام دوا پارووی دەدات بە منداڵەکەی. ژنێک کە هەمیشە کەسانی تر لە پێش خۆیەوە دادەنێ، کە پێکەنینی ئەوانی تر بە فرمێسکەکانی خۆی دەکڕێت، وەک مۆمێک دەسوتێت بۆ ئەوەی ببێتە ڕووناکی بۆ ئەوانی تر. “هەندێک جار ئەوەندە خۆنەویستم کە ڕۆحم بۆ زەردەخەنەی ئەوانی تر دادەنێم.”
ئیرەییبەر؛ ژنێک کە بە توندی پارێزگاری لە خۆشەویستیی و ئارەزووەکانی دەکات، وەک ئەو دەریایەی کە بە شڵپ و هوڕ شەپۆلەکانی بە کەناردا دەکوتێ بۆ ئەوەی خاکەکەی وەربگرێتەوە. “جاری وا هەیە ئەوەندە بەخیلم، نیگەرانی لەدەستدانی ئەو شتەم خەباتم بۆ کردووە، دڵم لە گێژاوی ترس و خاوەندارێتیدا نوقم دەبێت.”
ترسەنۆک؛ ژنێک کە ڕەنگە جیهان وەک شوێنێکی هێمن و ئاسوودە نەبینێت، ئەوەندە ترسنۆک، کە لە دزەی نیگایەک، وشەیەک، یان ئەگەری لەدەستدان ترس دەکەوێتە گیانی. بەڵام هەر لەو ناخە پڕ لە ترسەیدا، هێشتا ئومێدی هەیە، وەک گوڵێک کە لە نێو بەردەکاندا گەشەی کردووە بەڵام هێشتا نەپشکووتووە.
بوێر؛ ژنێک کە ڕێساکان دەشکێنێت، کە بەربەست قبوڵ ناکات، وەک ڕووبارێک کە بەنداوەکان دەشکێنێت. “جار وایە بۆ ساتێک ئەوەندە ئازام کە دەمەوێ دونیا بگۆڕم، هەنگاو دەنێمە ناو خاکە نادیارەکان و زنجیرەکان دەپسێنم”.
لەوانەیە ژنێک بێت کە هەموو ئەم تایبەتمەندیانەی هەبێت. هەندێ جار ئاشق، هەندێ جار بەخیل، هەندێک جار ئازا و هەندێک جار ترسنۆک و… دەورەکانی ڕۆژانە دەگۆڕدرێن، وەک ئەوەی ڕۆحێکی هەزار پارچە لە ناخیدا بژی. ژن بوون سەیرە، وەک دەریا کە هەم زریاناوییە و هەم ئارامە، وەک مانگ کە هەم ڕووناکی هەیە و هەم تاریکی.
“من بە ناحەزترین شێوە ژن بووم”
ئەم ڕستەیە کایە بە مێشکی بەردەنگ دەکات، وەک نهێنیەک کە لەناکاو ئاشکرا دەبێت. تێکەڵەیەک لە سەرسووڕمان و هەستیاری و دژبەریی، وەک ئەوەی کەسێک بە دۆزینەوەی ڕاستییەکی قووڵ و جیاواز لەبارەی خۆیەوە سەرسام بووبێت. بە بیستنی ئەم ڕستەیە، مێشک دەتوانێ بیری بە هەزار رێگادا بڕوات:
ژنێک کە لە دەرەوەی پێناسە ئاساییەکان بێت، وەک ئەوەی ژن بوونەکەی تەنها ڕەگەزێ نەبێت، بەڵکو چەمکێکی ئاڵۆز و وەسف نەکراو بێت، هاوشێوەی ئەو شیعرانەی کە هەر کەسێ لە گۆشەنیگای جیاوازەوە لێی دەڕوانێ. ژنێک کە بە سەرسووڕمانەوە سەیری خۆی دەکات، وەکوو کەسێک کە ساڵانێکە هەوڵی تێگەیشتنی ناسنامەکەی ئەدات و ئێستا بەم دۆزینەوە، هەست بە خۆشیی یان دڵەڕاوکێ دەکات. بەڵام لە کۆتاییدا لەگەڵ هەموو دژایەتی و گۆڕانکارییەکان، لەگەڵ هەموو ئاڵۆزییەکان، هەمان کچ و هەمان خوشک و هەمان ژن و هەمان بووک و هەمان دایک دەمێنێتەوە، بەڵام قەت خۆشەویستی خۆی دەریغ ناکات.
“من بە ناحەزترین شێوە ژن بووم”؛ ڕستەیەک کە کاتێ کەسێک دەیبیستێ، بیری بەلای هەزاران بیرۆکەی سەیر و سەمەرەی ژن بوون دەچێت. ئایا ژن بوون دەتوانێ شتێکی نائاسایی بێ؟ کاتێک کەسێک ئەم ڕستەیە دەبیستێت، ڕەنگە بە باڵندەیەکی ناو قەفەسی بچوێنێت، باڵندەیەک کە هێزی فڕینی هەیە، بەڵام باڵەکانی بە نەریت و نایەکسانی و بێدەنگی وەکوو زەنجیر بەسراونەتەوە. ڕەنگە وێنەی ژنێکی جیاواز لە ژیانیدا – کچ، خوشک، ژن، دایک- لە مێشکیدا وێنا بکات، بەڵام لە هیچ کام لەم ڕۆڵانەدا خاوەنی ڕاستەقینەی چارەنووسی خۆیان نەبووبنژن بوون هەندێک جار بە مانای چەوساندنەوە دێت. هەر لە منداڵییەوە کە هێشتا لە مانای ژیان تێناگات، فێری ئەوە دەکرێت کە گوێڕایەڵ بێت، لە پێناو مافەکانی پێداگری نەکات، بێدەنگ بێت. کە کچ بوو، ڕەنگە خەونەکانی بکرێتە قوربانی ئارەزووی ئەوانی تر. لەوانەیە خوشکەکە هەموو شتێک بکات بۆ پاراستنی خێزانەکەی. کاتێ دەبێتە هاوسەر، لەوانەیە بە ژیانێکەوە تێوەگلابێت کە جگە لە ئازار و چەوساندنەوە هیچی تری بۆی نەبێت. هەندێک جار ئەوەندە چەوساوەتەوە کە لەلایەن ئەو کەسانەی خۆشیانی دەوێ، لێی دەدرێ و تەنانەت ژیانیشی لێ دەستێندرێ”
من بە ناحەزترین شێوە ژن بووم”، ڕستەیەکە کە ڕاستییەکی تاڵ دەگێڕێتەوە. سەیر و سەمەرەی ژن بوون لە جیهانێکدا کە تا ئێستاش بە تەواوی دان بە دادپەروەری بۆ ژنان نانێت. دڵتەزێنە چونکە هێشتا دەبێ خەبات بۆ دیارترین مافەکانی بکات. ناخهەژێنە بەو واتای کە هەندێک جار تەنها داخوازیی ژیانێکی ئاسایی، بوێری زۆری دەوێ.
ئەم ڕستەیە تەنیا وەسفی ژن نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی مێژووی ئەو ژنانەیە کە ژیاون، شەڕیان کردووە، سووتاون و هێشتا بەردەوامن.