مانگرتن رەمزی سەرکەوتن…

0

شۆفێڕی ماشێنە بارهەڵگرەکان بۆ ناڕەزایی دەربڕین بەرانبەر بە دۆخی نالەباری کارەکەیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی دژە خەڵکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران مانیان گرتووە. لە درێژەی ئەو مانگرتنەدا دەزگا سەرکوتکارەکانی حکوومەت وەکوو هەمیشە لە کوردستان زیاتر لە هەموو شوێنێک توندوتیژیی دەنوێنن و لەم مانگرتەشدا ١١ کەسیان لە کرماشان و ژمارەیەکی دیکەیان لە شوێنەکانی دیکە قۆڵبەست کردووە. 

شۆفێڕی ماشێنە بارهەڵگرەکان لە بەر گرانیی پارچەی ئۆتۆمبێلەکانیان، کەم بوونی سەهمییەی سووتەمەنیی دیاریکراو، کەمبوونی کرێی بار لە چاو خەرجی ژیان ، گرانیی لەڕادەبەدەری بیمەی ماشێنەکان و چەندین هۆکاری دیکە کە ژیانی لێیان تاڵ کردووە، مانیان گرتووە. 

بە پیی ڕاپۆرتەکان ئەو مانگرتنە کە بە شێوەیەکی بەرین لە کرماشان، گیەڵان، ئەحواز، ئەهەر، فەریمان، مشکین شار و نەسیم شار بەردەوامە، ئێستا زیاتر لە ١٣٠ شار و شارۆچکەی گرتووەتەوە و هێزە سەرکوتکارەکانی کۆماریی ئیسلامیی تووشی ترس و نیگەرانی کردووە و بووەتە هۆی کاردانەوەی توند و هەڕەشەی دەزگای ئیتیلاعات و هێزە بە ناو ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی لە مانگرتووان.

 دەزگای سەرکوتی کۆماری ئیسلامیی وەکوو هەمیشە هەر جووڵەیەکی مافخوازانە و هەر هەوڵیک بۆ ڕزگاربوون لە دۆخی نالەباری ژیان کە بەرهەمی دەسەڵاتی ئەو حکوومەتەیە، دەخاتە پاڵ هێزی دەرەکی یان ڕێکخراوە نەیارەکانی خۆی و بەو بیانووە خەڵکی ناڕازی سەرکوت دەکا. 

مانگرتن یەکێک لە ئامرازەکانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و مافخواز بۆ گەیشتن بە مافەکانیانە و بەرهەمی خەباتی ڕەوتی چەپ لە کۆمەڵگایە و دەسەلاتی دواکەوتووی ئیسلامیی ئێران کە لە هاوپشتیی خەڵک و خەباتی یەکگرتووانەیان بۆ مافخوازی تۆقیوە، بە هەڕەشە و زەبر و زەنگ دەیەوێ پاشەکشە بەو بزووتنەوانە بکا.

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان پشتیوانیی لە مانگرتنی مافخوازنەی شۆفێڕی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان دەکا و خوازیاری ئازادیی خێرای مانگرتووانی بەند کراوە. 

مانگرتن یەکێک لە مافە سەرەتاییەکانی خەڵکە و تاوانبارانی سەرەکیی دۆخی خراپ و نالەباری ژیانی خەڵک بۆیان نییە هێرش بکەنە سەر مافخوازان و بەرانبەریان زەبر و زەنگ بنوێنن. دەسەڵاتی چەوسێنەری ئیسلامیی ئێران کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هۆکاری هەژاری و فەقیریی لە ڕادەبەدەری خەڵکە، بە ئیرادەی یەکگرتووی خەڵکی مافخوارو شکستی پێدێ و نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بزووتنەوەی چەپی کوردستان دەبێ پشتیوانی هەموو مافخواراوان و هەموو بزووتنەوە ناڕەزاییەکان بێ و هێزیان دژی نادادپەروەریی، دیکتاتۆریی و داگیرکاریی یەک بخا.

سەرکەوێ مانگرتنی شۆفێڕی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *