مافی نەتەوەی کورد، مافی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردە…!

0

لە سەروبەندی ڕۆژی جیهانیی کرێکاردا چاوچنۆکیی سەرمایەداران گوشاری زیاتری خستووەتە سەر کرێکاران و هەڵگیرسانی شەڕەکان لە چەندین شوێنی جیهان و ئاکامە ئابوورییە خراپەکانیان تەنگی بە چینی کەمداهات تەنانەت لە وڵاتە پیشەسازییەکاندا هەڵچنیوە. دەسەڵات و دەوڵەتە ڕاستەکان کە پارێزەرانی توندوتیژترینی چەوساندنەوەن، لە زۆر وڵاتی جیهان قازانجی سەرمایە گەورەکان بە قیمەتی خراپتر بوونی ژیان و بژیوی خەڵک دەپارێزن و هێرشێکی تازەیان بۆ سەر دەسکەوتەکانی بزووتنەوەی کرێکاری و ڕەوتی چەپ دەستپێکردووە. 

شەڕ و بەرانبەرکێی هێزە گەورە قازانجپەرەستەکان لە هەموو جیهان بووەتە هۆی زیادبوونی گوشارەکان بۆ سەر خەڵکی کەمداهات و چینی بێبەشی کۆمەڵگا و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاکامی سیاستی داگیرکارانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئابووریی ڕانتخور و نەخۆشی ئەو حکوومەتەدا زیاترین بەشی لەو گوشار و هەژارییە بەرکەوتووە. دابەزینی نیرخی تمەن بەرانبەر بە دراوە نێودەوڵەتییەکان لە ئاکامی سیاسەتە هەڵەکانی حکوومەتی تاراندا و شکستی سیاسەتی ناردەکردنی تیرۆریزمی حکوومەتی ئێران و ئاژاوەگێڕییەکانی حکوومەت لە ناوچەکە، گرانی و هەڵاوسانێکی لەڕادەبەدەری بەدواوە بووە کە گوشارێکی زیاتری خستووەتە سەر خەڵکی کوردستان و بەتایبەت چینی کەمداهات. 

لە باری مێژووییشەوە لە کوردستانی داگیرکراودا و لە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتەکانی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامیدا نادادپەروەری لە دابەشبوونی سامان لە کۆمەڵگادا هۆکاری زۆربەی هەرەزۆری گرفتە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان بووە و چینی بێبەشی کۆمەڵگا زەرەرمەندی سەرەکیی ئەو نادادپەروەرییە بوون. لاوازیی گەشەی ئابووری، نەبوونی دەرفەتی کار بە ڕادەی پێویست لە کوردستان، بێبەشبوون لە ئیمکاناتی یەکسان بۆ کارکردن، تەندرووستی، شوێنی باش بۆ ژیان و خۆش بژیوی و بێبەشبوون لە دەرفەت و هەلی یەکسان بۆ خوێندنی باڵا و پێشکەوتن و مەترسیی تووش بوون بە گرفتی کۆمەڵایەتی و هتد… لە خەسارە سەرەکییەکانی ئەو دابەشبوونە ناعادڵانەیەن.  

ئەمڕۆکە کاپیتالیزم لە هەموو جیهان هاودەست و هاوپەیمانە لە چەوساندنەوەی زیاتری خەڵکی هەژار و کرێکاران و خەسارەکانی ئەم سیستەمە تەنها بەرۆکی چینی کرێکاری نەگرتووە بەڵکوو لە هەموو مەیدانەکانی بێمافیدا جێگە پێی ئەو سیستمە نەشیاوە دەبیندرێ و پێویستە بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم هێرشە هەمەلایەنەیە، ڕەوتی چەپ خۆی لە ڕێکخستن و هەوڵ بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ هەموو ستەمێک بە ئەرکدار بزانێ و هەموو بزووتنەوە مافخوازانەکان لەگەڵ خۆی بخات و بە پشتیوانیی ئەو بزووتنەوانە بەرەیەکی بەهێزی خۆڕاگری بەرامبەر بە چەوسانەوە و بێمافی پێکبهێنێت. 

لە کوردستان شۆڕشی ژینا و دروشم و خواستەکانی ئەو شۆڕشە دەریخست ڕوانینی چەپ چەندە لەگەڵ خواست و پێویستیی کوردستان بۆ پێشکەوتن و گەیشتن بە دنیایەکی شیاوی مرۆڤ نزیکە. خواستەکانی بزووتنەوەی کوردستان نەک لە ئاستی دروشمدا بەڵکوو لە کردەوەدا لەگەڵ ئامانجەکانی ڕەوتی سۆسیالیستی تەبایە و ڕەوتێکی چەپ کە دۆخی تایبەتی کوردستان بناسێت و سیاسەتەکانی لە سەر بنەمای دۆخ و هەلومەرجی کۆمەڵگاکە دابڕێژێت و بەختەوەری و ڕزگاریی خەڵکی کوردستان بکاتە ئامانجی خۆی، پێشوازیی لێ دەکرێ و دەتوانێت وەڵامی خواستەکانی بزووتنەوەکە بداتەوە.

ئەرکی خەباتکارانەی ڕەوتی چەپ لە کوردستان ئەمڕۆ تەنها لە چوارچێوەی خەباتی چینایەتیدا بەرتەسک نابێتەوە و پێویستە ڕەوتی چەپ لە خۆپێناسەکردنەوەیەکدا ببێتە دەنگی هەموو مافخوازییەک و کرێکاران و زەحمەتکێشان، خەباتکارانی ڕزگاریی نەتەوەیی، ژنان، لاوان، خوێندکاران و هەموو ئەوانەی لە سیستەمی نادادپەروەری سەرمایەداریدا مافیان پێشێل کراوە پێویستە لە چوارچێوەی ڕوانینێکی چەپی کوردستانیدا بە سەرنجدان بە دۆخ و تایبەتمەندییەکانی کوردستان، پێکەوە هێزێکی ڕادیکاڵی پێشکەوتنخواز دژ بە سەرکوت و چاوچنۆکیی سەرمایەداری دابمەزرێنن و ئاسۆیەکی ڕوونتر بۆ خەباتیان بکەنەوە. 

لە کوردستانێکی سەربەست و ئاوەدان و دیموکراتیکدا بەستێنێکی لەبارتر بۆ چینی چەوساوە و کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان و هەموو چین و توێژە مافخوراوەکان لەبەر دەستدا دەبێ بۆ ئەوەی خەریکی خۆ پێشخستن و خۆ ڕێکخستن بۆ خەبات و دەستەبەرکردنی مافەکانیان بن و خەباتەکەیان دەرفەتێکی زیاتری بۆ سەرکەوتن هەیە.  هەر بۆیە کرێکاران و مافخواراوانی دیکە کە زەرەرمەندی سەرەکیی داگیرکارین دەبێ ڕۆڵی خۆیان لە ڕزگاریی وڵاتدا بگێڕن کە مەرجێکی گرینگە بۆ ڕزگاریی خۆیان لە ستەمەی چینایەتی و ستەمەکانی دیکە.

لەم ڕۆژانەدا کە بەرەو پیری یەکی ئەیار دەچین ڕووداوی تەقینەوە لە بەندەری ڕەجایی بە ڕوونی دەریخست کە کرێکاران و چینی مافخوراو قوربانیی یەکەمی سیاسەتە دژە مرۆڤییەکانی حکوومەتی ئێران و شەڕی دەسەڵاتانی سەرمایەداری بۆ قازانج و بەرژەوەندییەکانی ئەو دەسەڵاتانەن و ئەو حکوومەتە لەمپەرێکی گەورەی سەر ڕێگەی چینی چەوساوە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیەتی. ئێمە ویڕای دەربڕینی هاوخەمی لەگەڵ کەس و کاری کرێکارانی قوربانیی ئەو ڕووداوە، داواکارین هەموو ئەوانەی نایانەوێ چیدیکە ژیانیان ببێتە کایەی دەستی ئەم حکوومەتە دژە ئینسانە خەباتیان بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران یەکانگیر بکەن. 

لە ئاستی حیزبیدا و ئەوەندەی دەگەڕێتەوە سەر ڕەوتی چەپی کوردستان بڕوا بە پلۆرالیزمی سوسیالیستی و هاوکاری لە نێوان ڕێکخراو و حیزبە چەپ و سوسیالیستییەکانی کوردستاندا مەرجێکی گرنگە بۆ ئەوەی ئاسۆیەکی ڕوونتر لە خەباتی چەوساوەکانی کوردستاندا دەرکەوێت. پێکهێنانی بەرەیەکی چەپ لە دۆخی ئەمڕۆدا پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە و پێداویستییەکی ئەمڕۆ و داهاتووی خەباتی چینی چەوساوەی کوردستانە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *