قەیرانی ئاو و ویشکەساڵی لە ئێران و کوردستان لە سالی ١٤٠٠ی ھەتاوی .
سەیران مستەفازادە
ویشکەساڵی دیاردەیەکە هەر چەند ساڵ جارێک، لە ئاکامی کەم بوونەوەی رێژەی باران بارین بە بەراورد لەگەڵ رێژەی ئاسایی درێژماوە، لە هەر ناوچەیەک لە گۆی زەوی روو دەدات. ویشکەساڵی لە سەرەتای درووست بوونی شارستانیەت تا ئێستا، وەکوو یەکێک لە بەڵاکانی سرووشتی کە کاریگەریی لە سەر چالاکی مرۆڤ هەبوو ناسراوە. کەم بوونەوەی بارین و ویشکەساڵی دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاوی ژێرزەویی و داڕمانی زەوی و ویشک بوونی لەوەڕگە . شایانی باسە لە روودانی ئەو دیاردەیە رۆڵی فاکتەرەکانی مرۆیی لە سەدا ۷۷ و فاکتەرەکانی سرووشتی لە سەدا ۲۳ کاریگەری هەیە . لە سالی ۱۴۰۰ ویشکەساڵییەکی سەخت لەسەر وڵاتی ئێران زاڵ دەبێت. ئێران لە ناوچەیەکی ویشک و نیوەویشک دایە و رێژەی باران بارین زۆر کەمە و هەروەها دابەش بوونی نایەکسانی باران بارین لە ئێران لە هۆکارەکانی سرووشتی ویشکەساڵی لە ئێرانن. لەسەدا ۷۵ ی بارانێک کە لە ئێران دەبارێت تەنیا لەسەدا ۲۵ی زەوییەکانی ئێران دەگرێتەوە و هەر ئەوە بۆتە هۆی ویشکەساڵی لە زۆربەی ناوچەکانی ئێران. لە نێوان ۳۳ وڵات کە لە بواری ویشکەساڵی، پلەبەندی کراون ۱۴ وڵات لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدان و ئێران لەو پلەبەندیەدا لە رێژەی ۱۳خۆی دەبینێتەوە. لەسەرەتای سال تا ئێستا رێژەی باران لە ئێران کەم بۆتەوە و لە بەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو یەک لەسەر سێ کەم بۆتەوە. یەکی تر لە هۆکارەکانی سروشتی ویشکەساڵی لە ئێران کەم بوونی باران و گەرم بوونی زیاتری گۆی زەویە.
سیاسەتە هەڵەکانی دەسەڵاتدارانی ئێران، نەبوونی پلانێکی گشتیی بۆ بەڕێوەبردنی ئاو لەهۆکارەکانی مرۆیی ویشکەساڵی لە ئێرانن. بەرێوەبردنی هەڵەی پلانەکانی ئاو لە ئێران لە جێگای ئەوەی کە کێشەی کەم ئاویی لە ئێران چارەسەر بکات بەڵکوو کێشەی زۆرتری سەبارەت بە بارودۆخی ئاو لە ئێران ساز کردووە .هەروەها جیاوازی لە شێوازی دابەش کردنی ئاو ئەوەی کە دەسەڵاتداران بۆ باغ و کشت و کاڵی خۆیان ئیزنی هەڵکەندنی بیری قووڵیان هەیە و دەتوانن لە سەرچاوەکانی سروشتیی ئاو کەڵک وەربگرن بەڵام خەڵکی ئاسایی تەنانەت بۆ دابین کردنی ئاوی خواردنەوە کێشەیان هەیە و لە زۆربەی ناوچەکانی ئێران ئاو بۆ خواردنەوە نیە. یەکێکی تر لە هۆکارەکانی کەم ئاویی لە ئێران بەکار هێنانی ناکارامە و بە فیڕۆ دانی ئاو بەتایبەتی لە بەشی کشت و کاڵ و بەکارھێنانی زۆر لە سەرچاوەکانی ئاوە. بەڵام زۆرتر لە هەر هۆکارێک کەم ئاویی و قەیرانی ئاو لە ئاکامی بەرێوەبردنی ناکارامەی دەسەڵاتداران لە ئێرانە. ویشکەساڵی کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ژیان و ئابوریی خەڵکی ئێران هەیە. لە سەدا ۱۵ی زەویی ئێران بۆ کشتووکاڵ بەکاردێت و لەرێژەی ئەو زەویانەی کە بۆ کشت و کاڵ بەکاردێت لەسەدا ۹۲ی لەسەر چاوەکانی ئاوی ئێران بەکاردێنێت و زۆربەی داهاتی خەڵکی ئێران بە تایبەتی کوردستان لە رێگەی کشتوکاڵ دابین دەبێت و کەم ئاویی کشتوکاڵ لە ناو دەبات. باروودۆخی کشتووکاڵ لە کوردستان زۆر جیاوازیی لەگەل ئێران نییە . لە ساڵی ۱۴۰۰، ۳۰ تا ۳۵ لەسەد رێژەی باران بارین کەمی کردووە، جگە لەوە درووست کردنی زیاتر لە ۵۰ بەنداو و بەربەست لە کوردستان کاریگەریی نەرێنی لەسەر کەرتی کشتووکاڵ بووە. دابەزینی ئاستی کشتووکاڵ و بەرهەمهێنانی کشتووکاڵ و کەم بوونەوەی لەوەڕگە و دارستانەکان، زۆربوونی ئاگر کەوتنەوە، کەم بوونی ئاو و کەم بوونەوەی داهاتی جووتیاران بەرهەمی سیستەمی نا کارامە و گەندەڵ لە کوردستانە . شایەنی باسە، زاڵ بوون بەسەر کێشە سرووشتیەکان وەک ویشکەساڵی پێویستی بە بەرێوەبردنی درووست و زانستیانە هەیە کە لە ئێران بە بوونی ئەو سیستمە ناکارامە و گەندەڵە گەیشتن بەو ئامانجە زۆر نادیارە.