قۆناغی ئێستا و بڕیاری هاوبەش

قۆناغی ئێستا و بڕیاری هاوبەش
✍️فــەریبا محەمەدی
شۆرشی ژینا کە بەهێزترین ئاخێزی جەماوەری لە ماوەی دەسەڵاتداری رژیمی کۆماری ئیسلامی بوو و هەموو ئەو پێناسە و تایبەتمەندیانەی شۆرشی تێدا بەدی دەکرا تا رادەیەکی زۆر چۆکی بە رژیم و هێزە سەرکوتگەرەکانی بە تایبەت لە کوردستان دا. کۆماری ئیسلامی بە هەموو هێزی خۆیەوە هەوڵی بێدەنگ کردنی سەرچاوە سەرەکیەکەی شۆرشی ژینا واتا کوردستانی دا و بەمەش رانەوەستاو بە مووشەک و درۆن هێرشی کردە سەر ئوردوگای کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و باقی حزبەکانی رۆژهەڵات لە باشوور و دواتریش بە گوشار خستنە سەر دەوڵەتی عێراق و بە واژۆی رێکەوتنێکی ئەمنی گەمەیەکی تازەی لە ناوچەکە دەسپێکرد.
گوشار هێنان بۆ حزبە سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ داخستنی ئوردوگا و بارەگاکانیان لە هەرێمی کوردستان، پرۆژەیەکی کۆنە کە بە جۆرێکیتر سەریهەڵداوەتەوە. حزبەکانی رۆژهەڵات چەن دەیەیە کە خەباتی چەکداریان وەلا ناوەو یان لە ئاستی ناردنەوەی تیمی بچووکی پێشمەرگە کە مەبەست شەڕی چەکداری نەبووە بەڵکوو زیاتر بۆ حوزوری پێشمەرگە بووە.
ئەگەر دوور لە دەمارگرژی حزبی خوێندنەوەیەکی وردمان سەبارەت بەم سێ دەیە هەبێ، نیشتەجێ بوون لە ئوردوگاکان و مانەوە لە باشوور کاریگەری زۆری لە سەر پێکهاتە و تەنانەت روانین و خوێندنەوەی حزبەکان هەبووە. بە جۆرێک کە هیچ ئالترناتیڤێکیتر بۆ دەرباز بوون لەو دۆخە تاقی نەکرایەوە. دیوێکی شاردراوەی ئەم مانەوەیە کە کەمتر هەستی پێکراوە یا نەخراوە بەرچاو، لێڵ بوونی ئاسۆ و ئەرکی حزبێکی شۆرشگێڕ و جیاوازیەکانی لە گەڵ حزبی خاوەن دەسەڵاتە.
یەکێکیتر لە فاکتۆرە بەهێزەکانی ئەم دۆخەی ئێستا نەبوونی کۆدەنگی و ناوەندێکی گشتی و هەمەلایەنە لە حزبەکان کە بتوانێ بە کاری هاوبەش و رێکخستن، رێگایەکی نوێ بدۆزنەوە. ساڵی ٢٠١٧ی زایینی ناوەندی هاوکاری دامەزرا و کۆمەڵەی زەحمەتکێشان رۆڵی بەرچاوی لە پێکهاتنی هەبوو، هەرچەن نەیتوانی بەرفراوان بکرێتەوەو هەموو لایەنێک لە خۆ بگرێ بەڵام لانیکەم سەرەتایەکی باش بوو بۆ هاودەنگی کە بەداخەوە ئەویش بە هۆکاری زۆر روون داخرا و کۆتایی پێهات.
قەبوڵ کردنی هەڵە و شکست، هەنگاوی یەکەمە بۆ خۆپێداچوونەوەو لە پێشگرتنی پلانی نوێ بۆ قەرەبوو کردنەوەی هەڵەکە. کە وابێ ئێمە ناچارین ئەم راستییە قەبوڵ بکەین کە نەمانتوانی لەو دۆخەی بە سەرماندا سەپێنرا رزگار بین و خۆمان زیاتر دایە دەس قەزا وقەدەرەوە. ئێستاش بەم دۆخە تازەیەوە کە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست ئاڵۆزتر لە هەمیشە و سەرقاڵی شەڕی ئیسرائیل و حەماسە و لەملاشەوە پیلانی دەوڵەتانی داگیرکەر وەک تورکیە و ئێران دژی نەتەوەی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان زەنگێکی مەترسیدارە کە نابێ هێزە سیاسیەکانی هەموو بەشەکان لێی بێ خەم بن. لەو نێوەش حزبەکانی رۆژهەڵات چەن رێگەیان لە بەردەمدایە:
یەکەم کۆدەنگی حزبەکانی رۆژهەڵات و پێکهێنانی هێزێکی هاوبەشی پێشمەرگە و جێگیر بوونیان لە سنوورەکانە کە ئەمەش بۆ خۆی هەڵگری وردەکاری و وردبینی زۆرترە کە لە ئێستادا هیچ پلانێک لەمبارەوە بۆ کاری هاوبەش نیە.
دووهەم رێگە، رەنگە ملکەچبوون بەم رێکەوتنە ئەمنییەیە و چوونە نێو کەمپ و بەرتەسک بوونەوەی زیاتر و زیاتری کاری حزبی و سیاسی.
سێهەم هەر حزب و بۆ خۆی تەقالا بۆ داهاتووی سیاسی بدات و کاری دیپلۆماسی و راگەیاندن لە دەرەوەی وڵات بگرێتە بەر کە ئەمەش چەندین فاکتۆری سەرەکی لە سەرخستنیدا دەور دەگێرێ.
بەدڵنیاییەوە رێگایتریش هەیە و هەر کەس دەتوانێ لە دەلاقەی روانینی خۆیەوە پێشنیاری بکات. بەڵام هەر رێگا و پلانێکمان هەبێ تەنیا و تەنیا بە یەکدەنگی و یەکریزی لایەنەکان دەکرێت و بەس.
جارێکی دی جەخت کردنەوە لەوە پێویستە: کە کوردستان پێویستی بە گوتار و ستراتیژییەکی نوێیە کە لە چاویلکەی کوردستانیبوونەوە بڕوانێت بۆ پرسە جۆراوجۆرەکان، بتوانێ خۆی فۆرموڵە بکات و بەرنامەی بۆ دارێژێت، بە جۆرێک کە هەم کۆمەڵگای مەدەنی ناوخۆ، چالاکانی دەرەوەی وڵات و لایەنە سیاسیەکان بگرێتەوە. ئه‌مه‌ش وا ده‌كات كه‌ هه‌مووان خۆیان لەو ستراتیژی و گوتارە تازەیەدا ببینەوەو بەرژەوەندی گشتی کورد ببێتە ئەجێندای کاریان.