فەرمانی جەهادی جەللاد…

دواڕۆژ

٤٦ ساڵ لەوەپێش، لە یەکەم رۆژەکانی دوای رووخانی رژیمی پاشایەتی لە ئێران، بێدادگا ئیسلامیەکان یەکەم کۆبوونەوەکانی خۆیان لە تاران دەستپێدەکەن. تیغی تۆڵە سه‌ندنەوەی جەلادە بە دەسەڵات گەیشتووەکان بە ئامانجی داسپاندنی كه‌ش و هه‌وای ترس لە سەرجەم کۆمەڵگادا و پته‌وکردنی بناغەکانی رژیمێکی توقێنەر کە خەریکی بنیاتنانی بوون، كه‌وته‌ كار. یەکەم سێدارەکان لە ٢٦ی مانگی رێبەندانی ساڵی ١٣٥٧ دەستیان پێکرد. خومەینی راستەخۆ فەرمانی کوشتاری دەرکرد و سادق خه‌ڵخاڵی وەک یەکەم قازی شەرعی رژیمی ئیسلامی یان بە واتایەکی تر قەسابەکەی کوردستان، بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ئەم فەرمانە دیاری کرا. بەزویی و بەتایبەتی کاتێکی کە خه‌ڵخاڵی جەلاد لە درێژەی مەئموریەتەکەیدا هاته‌ کوردستان، دەرکەوت کە ئامانجی بەهیچ شێوەیەک به‌ڕێوه‌بردنی دادپەروەری لە پەیوەند بە نەیارانی شۆڕش و کەسانی سەربە رژیمی پێشوو نەبوو. بەڵکوو خومەینی دەیهه‌ویست خەڵکێک کە پێشبینی دەکرد گوێ بەفه‌رمانەکانی نادەن و دەبنە کۆسپی سەر رێگای سەقامگیریی رژیمه‌ ئیسلامیەکەی، چاوترسێن بکات.

بەم جۆرەو بە بریاری خودی خومەینی دادگا ئیسلامیەکان، لە سەرتاسەری وڵاتدا پێکهاتن. محاکمە کراوەکان وەکیلیان نەبوو، مافی دیفاع لەخۆیان نەبوو وچەند کاتژمێرێک دوای دەرچوونی سزاکان، تیرباران یان له‌ سێداره‌ ده‌دران. دە ساڵ دواتر و لەدرێژە ئەم شێوەکارەدا بە هەزاران کەس لە زیندانیانی سیاسی لە ماوەی مانگەکانی گەلاوێژ و خه‌رمانان لە حاڵێکدا کە زۆربەیان تەنانەت ماوەی مەحکومیەتی خۆیان تەواو کردبوو لە زیندانەکانی رژیمدا ئێعدام کران. خومەینی لە کۆبونەوەی کۆمەڵێک لە ئاخوندە گوێ لەمستەکاندا بە ڕاشکاویەکی کەم وێنە باسی لە سیاسه‌تی رژیمی کۆماری ئیسلامیی لە پێوەند لەگەڵ نەیارانیدا کرد و وتی:

“من شۆڕشگێر نیم. ئەگەر ئێمە شۆڕشگێر بوینایە ئیجازەمان نەدەدا ئەوانە خۆ دەرخەن. هەموو چاڵاکێکی حیزبەکانمان قەدەغە دەکرد، هەموو بەرەکانمان قەدەغە دەکرد و یەک حیزبمان ده‌بوو، ئەویش حیزب اللە، حیزبی مەستەزعەفانمان پێکدەهێنا. من تۆبە دەکەم لەو هەڵەیەی کە کردم. ئەوانە دبێ بۆ خاوێن کردنەوەی کۆمەڵگا لەنێو ببرێن. ئەم بەڵایانە دەبێ لە کۆمەڵگەدا دروێنە بکرێن و دروێنە کردنیشیان بەوەیە کە ئێعدام بکرێن. ئێمە ئازادیمان دا و هەڵەمان کرد، لەگەڵ ئەم جانەوەرە دڕەندانەدا بە نەرمی هەڵسوکەت بکەین. ئیتر ناهێڵین هیچ نووسراوێک لەمانە لە هیچ شوێنێکی وڵاتدا بڵاو بکرێتەوە. هەموو نوسراوەکانیان لەنێودەبەین. دەبێ لەگەڵ ئەمانەدا بەتوندی هەڵسوکەوت بکرێت و بەتوندیش هەڵسوکەت دەکەین. ئەم جەنایەتکارانەی کە گیراون تاوانیان نەخراوەتە پاڵ، بەڵکوو تاوانەکانیان ئاشکرایە. دەبێ تەنیا بەباشی ناسنامه‌یان بسەلمێندرێت و دواتر بکوژرێن. ئەسڵەن پێوێست نییە محاکمە بکرێن. هیچ جۆرە ره‌حم پێکردنێکیان لەجێی خۆیدا نییە. ئەگەر ئێمە ئەوان نەکوژین، هەرکامێکیان کە له‌ زیندان بێتەدەرێ دەچێت ئینسان دەکوژێت. بە چەند ساڵ زیندانی کردن کارەکە جۆر نایەت. ئەم عاتفە منداڵانەیە وەلابنێن.”

لە درێژی ئەمجۆرە قسانەدایە کە حەمامی خوێنی رۆژەکانی دوای ڕاپەرین و و چەند مانگ دۆاتر له کوردستان و هەروەها دەیەی شەست لە ئێراندا دەکەوێتە ڕێ و بەهەزاران ئینسانی شەریف و خەباتکار به‌ هۆی بیر و باوەڕیان، به‌هۆی خەبات بۆ ئامانجی عادڵانە و رەوایان، لە مافی ژیان بێبەش دەکڕێن. لە ساڵەکانی دواتردا ژمارەی قازی شەرعەکان گەلێک زیادی کرد و ژمارەیان لە سەرتاسەری وڵاتدا گەیشتە هەزاران کەس. هەموو ئەمانە تا ئێستاش، لە دڵڕەقی، لە هەلپەره‌ستی، لە گەندەڵی و به‌رتیل خۆری، پێشاوبڕی یەکتری ئەدەنەوە. بۆ ئەوان ئیسلام و شەرع شتێک نییە بێجگە لە ئامرازی پاراستنی پێگەیان و ڕیاکاری لەلای کاربەدەستانی سەرەوە. ئەوان داعشەکانی ئه‌و وڵاته‌ن، کە لە هەمانحاڵدا نوقمی گەندەڵی ماڵی و ئیخلاقیشن. ئه‌مڕۆش هێشتا بنەما سەرەتاییەکانی دادگاکانی رژیم هه‌ر به‌ڕێوه‌ده‌چن. قەزاوەت کردن لەم بێدادگایانەدا، هەروا لەسەر فەتوا و نەزەراتی مەراجعی مەزهەبی وەستاوە.

ژمارەی  دروستی زیندانیانی سیاسی کە لە ئاوا بێدادگاگه‌لێكدا بەناو محاکەمە و بە مەرگ مەحکوم کراون، دیار نییە. ئەوەی کە مەعلومە باس لە دەیان هەزار کەسە. باس لە کارەساتێکە کە یەکجێ لە ساڵی ١٣٦٧دا سەری لە دەیان هەزار ئینسان ئەدا. زۆر کەس ون بوون و لە گۆڕی بێ ناو و نیشاندا شاردرانەوە. تەنیا ئەو رۆژەی کە پەروەندەکانی ئەم جەنایەتە بکرێنەوە، ئاستی راستەقینە و مەترسیداری کارەساتێک کە رژیمی ئیسلامیی بەسەر خەڵکی ئازادیخوازی ئەم وڵاتەیدا هێناوە، ئاشکرا دەبێت.

كۆمه‌ڵ کوژی زیندانیانی سیاسی هەرلە یەکەمین رۆژەکانی بە دەسەڵات گەیشتنی کۆماری ئیسلامیی 

ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیەی ڕابردوودا لە پاڵ زیندان، ئەشکەنجە و باقی شکڵ و شێوازەکانی سەرکوت، سزای سێدارەی بە شێوەی سیتماتیک و ڕێکخراو بۆ لەنێو بردنی نەیارانی سیاسی، ناڕازیانی کۆمەڵایەتیی و بۆ چاوترسێن کردنی خەڵک بەکار هێناوە.  رژیم هەر لە سەرەتای بەدەسەڵات گەیشتنی خۆیەوە بە ئامانجی دروست کردنی ترس و تۆقاندن لە کۆمەلگادا و بەرگرتن لە ئەگەری هەر ئاخێزێکی جەماوەری دەستی دایە جەنایەتێکی جەنگی وەحشەتناک لە زیندانەکاندا کە هەر ئێستاش ئاسەوار و بەڵگەکانی شاهیدێکی زیندون لە بەرانبەر دڵ ڕەقی و وەحشیگەریەکانی کاربەدەستانی ڕژیمی ئیسلامیدا. رژیمی کۆماری ئیسلامیی هەر لەیەکەمین بەهاری تەمەنی نگریسی خۆێدا دەزگای کوشتار و جەنایەتی خۆی خستەگەر و بە دامەزراندنی هەیئەتەکانی مەرگ و ناردنیان بۆ زیندانەکان، بە هەزاران زیندانیان بە گەرایشی جۆراوجۆری سیاسیەوە بە جوخەکانی مەرگ سپاردو لە گۆڕە بە کۆمەڵە بێ ناو و نیشانەکاندا شاردیانەوە .

* سەرەتای سێدارەکان

سەرەتای سێدارەکان لە ڕێبەندانی سالی ١٣٥٧ دەسپێدەکات و تا مانگی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٥٨،  ٤٣٨ کەس لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیدا بە دەستوری خەڵخاڵی بە جوغەی ئێعدام دەسپێردرێن . لە رۆژی ٢٧ی مانگی ڕێبەندانی سالی ١٣٥٧  یەکەمین دەستەی بەرپرسانی پلەبەرزی رژیمی لە ناو چووی شاە کە ژومارەیان ٤ کەس بوو  لە دادگایەکی چەند خوڵەکیدا و بە حوکمی جەلادە بەناو بانگەکەی رژیمی ئیسلامیی ” سادق خەڵخاڵی” لە سێدارە دەدڕین .

لە ناسراوترین و بەناو بانگترین ئێعدامەکان کە بەدەستی قەسابکەی کوردستان جەلادی ناوزڕاو خەڵخاڵی بەرێوە چوون  دەتوانین ئاماژە بە ٩ تێکۆشەرەکەی مەریوان بکەین کە لە پەیوەند لەگەڵ کۆچی مێژووی شاری مەریوان، لە سێدارە دران .

ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی لە گەلاوێژی سالی  ١٣٥٩ لە دەروازەی شاری، ٩ تێکۆشەری ناسراوی شاری مەریوان دەسبەسەر دەکات و دواتر بە دەستوری خەڵخاڵی هەر له پادگانی شار و هاوکات له گەڵ ئێعدامەکانی پادگانی سەقز و فرودگای سنە ئێعدام دەکڕێن .

* تورکەمەن سەحــــرا

دوایین ڕۆژه‌كانی زستانی ساڵی (١٣٥٧) و كاتی هاتنی وه‌رزی به‌هار و ساڵی نویێ (١٣٥٨)ی هەتاوی، ئەو کاتانەی کە خەڵکی وەگیان هاتووی ئێران و کوردستان، داموودەزگای رژیمی شایان تێکەوە پێچاو کۆتاییان بە دەسەڵاتی سەرەڕۆیانەی ڕژیمی شا هێنا و لە کاتێکدا کە هێشتا دوو مانگ بەسەر هاتنە سەرکاری ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا تێپەر نەبوو بوو وە ئاوات و خۆزگەکانی کۆمەڵانی خەڵک بە سەڕەنجام نەگیشتبوو، خەڵکی زۆڕلێکراو و مافخوازی (تورکەمەن سەحرا) بەدامەزڕاندنی بنکە و شووراکانی خەڵکی لە بەرانبەر دەسەڵاتدارێیەتی ڕژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتووی کۆماری ئیسلامیی ڕاوەستابوون و دەستیان دابۆوە خەبات و تێکۆشانێکی هەمە لایەنە پێک هاتوو لە ژنان و پیاوانی ئازادیخواز بە دژی ئەو ڕژیمە.

  لە لایەکی تریشەوە کۆماری ئیسلامیی لە هەوڵ و تەقاڵا دابوو تا بە ئەستاندنەوەی دەسکەوتە شۆڕشگێڕەکانی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران ، بەر بە هەموو شۆڕش وئاخێزنو جوولەیەک بگرێ و هەردەنگێک لەگەروودا کپ کات و نەیارانی خۆی سەرکووت بکات. ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی دەیهەویست و دەیخواست کە دەسبەسەر ئیڕادەی شۆڕشگێڕانەی خەڵک، چ لە کوردستان و چ لە تورکەمەن سەحرا و چ لە هەر گۆشەو کەنارێکی ئێراندا بگڕێ.

کۆماری ئیسلامیی هەر لە سەرەتاوە بە دارشتنی پیلانێکی جنایتکارانەو خۆیناوی و قیزەونەوە، خۆینی چوار کەس لە ڕێبەران و کەسەناسراوەکانی خەباتی رەوای خەڵکی (توورکەمەن سەحرا)ی  بە ناوەکانی (شیر محمد درخشندە ناسراو بە تۆماج، عبدوولکریم مختووم، حسین جرجانی و محمد واحیدی) بە شێوەیەکی نامرۆڤانە ڕشت و لەئاکامدا زۆر بێبەزییانە ‌هێرشی کردە سەر خەباتی ڕەوای خەلکی ئەو ناوچەیە.

خەلکی وەگیان هاتووی (توورکەمەن سەحرا ) شێلگیرانەو یکگرتووانە لە بەرانبەر سەرەڕۆیەکانی ڕژیمی تازەبەدەسلات گەیشتووی کۆماری ئیسلامیی وەستانەوە و دەستیان دایە خەباتێکی شێلگیرانە.

* کـــوردستان 

ئەستێرە خامۆش ، ئاسمان لە رەنگی خۆڵەمێش پاییزێک بێ رەنگ و زەوێک هیڵاکی زام و ئێش..

 رۆژی ٢٨ی گەڵاوێژی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاویدا خومەینی فتوای جیهادی دژی خەڵکی کوردستان دەرکرد و لەشکەرکێشی بۆ سەر کوردستان کرا و تەنات به هێزی دەریاییش فەرمان درا بەرەو کوردستان بێن. له دوای لەشکەرەوە و به داگیرکردنی شارەکان خەڵخاڵی که خومەینی دەسەڵاتی ڕەهای پێدابوو دەستیکرد به مەحاکمەی سەحرایی و پادگانی. له ماوەی کەمتر له ١٠ ڕۆژ له زیندانی دیزڵئاوای کرماشان، له پاوە و پادگانەکانی سەقز و مەریۆان و فرودگای سنە دەیان تێکۆشەر و خەڵکی سڤیل تیرباران کران.

* لە نیوان ساڵەکانی ١٣٦٠ تا ١٣٦٤ ، “١٤٧٩٤” کەس لەسێدارە دراون  کە زۆربەیان لە سالی ١٣٦٠ رویان داوە.

کۆماری ئیسلامی کە ئێستا و لە ئاکامی روخانی رژیمی شاە دەسەڵاتی به‌ده‌سته‌وه‌ گرتبوو نه‌ك هه‌ر له‌ بیری بینا كردنه‌وه‌ هه‌موو داموده‌زگای ئیداری و سه‌ركوتی ڕژیمی ڕووخاوه‌وه‌ بوو، به‌ڵكوو له‌ هه‌وڵ دا بوو هه‌رچی خێراتر ته‌كلیفی خۆی له‌گه‌ڵ شوڕش و خه‌ڵكیش یه‌ك لا بكاته‌وه‌. به‌هۆی ئه‌وه‌یكه‌ شۆڕش هێشتا به‌ته‌واو له‌ پێ نه‌كه‌وتبوو و له‌گه‌لێك له‌ شوێنه‌كان هه‌روا مه‌قاومه‌تی ده‌كرد، شۆڕا كرێكارییه‌كان له‌ هه‌وڵی په‌ره‌سه‌ندن و گه‌یشتن به‌ داخوازییه‌كانیان بوون، له‌حاڵێكدا كه‌ دانشگا مه‌یدانی حوزوری به‌هێزی كۆمۆنیسته‌كان بوو، ژنان ڕێكخراو گه‌لی دیفاع له‌ مافی خۆیان پێكهێنابوو، توركه‌مه‌ن سه‌حرا و به‌ تایبه‌ت كوردستان ببوون به‌ هێمای خۆڕاگری شۆڕش، دژە شۆڕشیش له‌ قامه‌تی ئیسلامییدا ماشینی سه‌ركوتی خۆی بۆ كوشتار ئاماده‌ ده‌كرد. ئه‌و ماشینه‌ سه‌رئه‌نجام له‌ ٣٠ی جۆزه‌ردانی ساڵی ١٣٦٠دا  بۆ جارێکی تر كه‌وتەوە‌ جوڵە. ڕۆژانه‌ به‌ سه‌دان كه‌س له‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و له‌ زیندانه‌كاندا لە سێدارە  ده‌دران. به‌مجۆره‌ جۆزه‌ردانی ١٣٦٠ نیشانه‌ی كۆتایی سه‌رده‌مێك و ده‌ستپێكردنی ده‌وره‌یه‌كی نوێ بوو. ئه‌گه‌ر ڕژیمی شا نه‌یتوانی بوو شۆڕشی ئێران سه‌ركوت بكات، ئه‌م ئه‌ركه‌ كه‌وته‌ سه‌ر شانی خۆمەینی جەلاد و له‌ جۆزه‌ردانی ساڵی ١٣٦٠دا لەگەڵ جەلادەکانی هاوبیری به‌ئه‌نجامیان گه‌یاند. ڕەشبگیرییەکان وه‌كوو سێلاوێك ده‌ستیان پێ كرد. 

ناوی تیره‌باران كراوه‌كان هه‌موو ڕۆژێك ده‌هاته‌ سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی ڕۆژنامه‌كان و شاشه‌ی تەلەفیزیۆنه‌كان. ئه‌م وه‌حشیگه‌رییه‌ وه‌ها بوو كه‌ توانایی به‌رگری له‌ كۆمه‌ڵگا ستاندبووه‌وه‌. بەڕێوەبەرانی ئەم حەرەکەتە دەیان وت و هاواریان دەکرد کە بۆ پارێزگاری لە دەسەڵات و سەپاندنی دەسەڵاتی ئیسلامیی لە ئێران، لە هیچ شتێک سڵ ناکەینەوە و هیچ به‌ربه‌ستێكی ته‌مه‌ن و ڕه‌گه‌ز بە لای ئێمەوە وجوودی نیە و هەر کەسێک دژمان بوەستێتەوە دەبێ تاوانی خۆی بدات و لەناو بچێ . به‌م جۆره‌ بوو كه‌ ڕژیمی ئیسلامیی خۆی بە سەر هەموو ئێراندا داسەپاند.

هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌و كوشتاره‌ خوێناوییه‌ جگە لە لێدانی تەپڵی شەڕ لەگەڵ دەوڵەتی عێراق ، ده‌یان هه‌زار كه‌سیش كه‌وتنه‌ زیندان كه‌ به‌شێكی زۆریان له‌ جه‌ریان قه‌تلوعامی زیندانیان له‌ ساڵی ٦٧دا له‌سێداره‌ دران. هه‌ر بۆیه‌ ده‌توانین بڵێن كه‌ ده‌یه‌ی ٦٠ یه‌كێك له‌ تاریكترین و خوێناویترین سه‌رده‌مه‌كانی مێژووی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌یه‌. ئاستی وه‌حشه‌تناكی ئه‌م جه‌نایه‌ته‌ پێویست ده‌كات كه‌ كۆمه‌ڵگا دوای زیاتر له‌ چل و دوو ساڵیش جارێكی دیكه‌ پێدا بچێته‌وه‌ و ئه‌وه‌یكه‌ له‌ قووڵای ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌دا شكڵی گرتبوو بێنێته‌وه‌ بەرچاوی خۆی و هەموو کۆمەڵگا. 

سنە

هەر دۆابەدۆای داگیرکردنی شاری سنە پاش شەڕی ٢٤ ڕۆژەی قارەمانانەی ئەم شارە، جەلادانی رژیم بۆ تۆڵەسەندنەوەی خێرایی دوو کادری پزیشکی و دەرمانیان تیرباران کرد. شەهێن باوەفا که له شەڕی خۆڕاگری بەرپرسی نەخۆشخانەی سنە بوو هەروەها مەستورە ئەردەڵان کە خۆبەخشانە کاری دەکرد،چەن ڕۆژ دۆای داگیرکردنی شار تیرباران کران.

سێ مانگ دۆاتر هەر له زیندانی سنە شەهلا و نەسرینی کەعبی که ئەوانیش کادری پزیشکی و دەرمانی له نەخۆشخانەی سەقز بون، پێکەوە له مانگی خەرمانانی ١٣٥٩ تیرباران کران.

* مـــــەریوان

بەرە بەیانی رۆژی ٨ی مانگی گەڵاوێژی سالی ١٣٦٠ هەواڵێکی دڵتەزێنی تر بە کوچەو کۆڵانی کوردستاندا گەڕا. هەواڵەکە یەکجار کورت بوو بەڵام بەراستی دڵتەزین بوو. خەڵخاڵی کە لەناو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە قەسابەکەی کوردستان دەناسرا ئەمجارەیان بریاری لەسێدارەدانی چەندین رۆڵەی تری کوردی دەرکردبوو. زیندانی تەورێز کە ماوەیەک بوو میوانداری ئەو رۆڵانەی کوردی دەکرد، بەرەبەیانی ئەو رۆژە بوو بە ئاخرین رۆژی ژیانی ئەو پۆلە قارەمانە. لە ٨ی مانگی گەڵاوێژ هاوڕێیان ماجید و ئەمجەد موستەفا سولتانی هاوڕێ لەگەڵ هوشەنگ تەوحیدی و ئیسماعیل یەگانەدوست تیرەباران کران. ئەو روداوە سەرەتای دەسپێکردنی هێرشی جەلادانی پایتەختی سێدارە بۆ سەر کوردستان بوو. 

* مـــەهاباد

١٢ی مانگی جۆزه‌ردانی سالی ١٣٦٢ یەکێکی تر لەو ڕۆژانەیە کە وه‌ك ڕۆژانی خوێناوی لە مێـــژوی ڕەشی کۆماری ئیسلامیی لە کوردستان، یادی لێده‌كرێ. له‌ وه‌ها ڕۆژێكدا بوو كه‌ كوشتاری به‌ كۆمه‌ڵی ٥٩ کەس لە خەباتکارانی شاری مـــهاباد بە دەس بەکڕێگیراوانی کۆماری ئیسلامیی جرەقەی لێدرا و لاپەرەیەکی ڕەشی تری بە جەنایەتەکانی کۆماری ئیسلامیی لە کوردستان زیاد کرد. لەم ڕۆژەدا ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی دەستی دایە جەنایەتێک کە ئاسەوار و بەڵگەکانی تا ئیستاش ڕادەیەکی زۆر لە خووی وەحشیگەری کاربەدەستانی ڕژیمی ئیسلامیی نیشان ئەدات.

كۆماری ئیسلامیی بۆ ترساندنی خه‌ڵكی كوردستان و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ له‌ خه‌ڵكی شاری مهاباد، ٥٩ كه‌سی به‌ شێوه‌ی به‌كۆمه‌ڵ له‌سێداره‌ دا. زۆربه‌ی ئێعدام كراوه‌كان له‌ مانگه‌كانی خاكه‌لێوه‌ و گوڵان، به‌ شێوه‌ی ره‌شبگیر له‌ شه‌قامه‌كانی شار رفێندران و به‌ بارمته‌ گیرابوون. ژماره‌یه‌ك له‌وان‌، تازه‌لاوانی كه‌متر له‌ ١٨ ساڵ ته‌مه‌ن بوون و چه‌ند كه‌سیان له‌ ده‌بیرستانه‌كانی شاری مەهاباد ده‌رسیان ده‌خوێند. رژیم كه‌ له‌ به‌ره‌كانی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ هێزی پێشمه‌رگه‌دا گه‌لێكی زیانی به‌ركه‌وتبوو، وه‌كوو مارێكی زاماری لێهاتبوو، بۆ تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌ بڕیاری دا كه‌ به‌ رژاندنی خوێنی لاوان و تازه‌لاوانێك كه‌ به‌ بێ هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك رفاندبوویانی و زیندانی كردبوون، ژه‌هری خۆی بڕژێنێته‌ جه‌سته‌ی خه‌ڵكی كوردستان و به‌ تایبه‌ت خه‌ڵكی خۆڕاگری شاری مــەهاباد.

پاش تێپەربوونی نزیک بە چوار مانگ لە سێدارەدانی ٥٩ لاوی قارەمانی باژێری مەهاباد لە رێکەوتی ١٢ی جۆزەردانی سالی ١٣٦٢ی هەتاوی ، رژیم کە نەیتوانی بە لە سێدارەدانی ئەم پۆلە لاوە قارەمانە ئامانجەکانی بپێکێ جارێکی تریش دەستی دایە تاوان و ٣٣ کیژ و لاوی بێتاوانی تری بە جێگۆرکێ پیکردن بۆ شاری تەورێز و پاش ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆر لەسێدارە دا.

پیویستە بوترێ کە لە ساڵی ۱۳٦۲ زیاتر لە ۲٥٠ کەس لە ماوەی ٤ مانگان دا لە سێدارە دران. رۆژی ۱۲ی جۆزەردان کە ڕۆژی لەسێدرەدانی ٥۹ گیانبەختکردۆکەیە لە ڕاستیدا بووەتە ڕۆژی یادکردنەوەی هەموو ئەو ئازیزانەی کە لەو ماوەیە دا لە لایەن کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیەوە لە سێدارە دراون.

سەقز

ڕۆژی ٢٢ی گەلاوێژی ١٣٦٢هەتاوی ١٧ لاوی شاری سەقز ١١کوڕ و شش کچ تیرباران کران. که ناوی ١٣لەو نەمرانە بوم شێوەیە:

شوعلە ئیبراهیمی ئایچی، سەعادەت کەریمیان، وەحیدە وەحیدی، فاتیمە جەمشیدی، مەهین عەبدوولازادە، کولسوم حوسینی، مەنسور محەمەدی، بارزان فەتحوڵانەژاد، محەمەد حاجی محەمەد، محەمەد کەریمی، خالید حەلیمە، عەتا مینایی، لالە ئیبراهیم و جەماڵ

* ژنان و مــناڵان 

ڕێژەی لە سێدارەدراوانی مناڵان و ژنان لە میانەی ساڵەکانی ١٣٦٠ هەتا ١٣٦٧ ” ٣٢٠٠ ” کەسە.

لە نیوان تەواوی ئێعدامەکانی کۆماری ئیسلامیدا لە نێوان ساڵەکانی ١٣٦٠ هەتا دوایی، ناوێک بەرچاودەکەوی کە بە تەنیا ڕادەی درەندەیی کۆماری ئیسلامیی و دەسەڵاتدارانی نیشان دەدات.  لەو نێوەدا دەتوانین ئاماژە بە کەم تەمەن ترین لە سێدارەدراوی ئەو سەردەمە یانی “نەفیسە ئەشرەف جیهانی” تەمەن دە ساڵە بکەین کە ناوی لە نێو ژنانی لە سێدارەدراودا بەرچاو دەکەوێ. تاوانی ئەم مناڵە دژایەتی لەگەڵ خودا و ئایینی ئیسلامدا بووە.

لە تەنیشت ناوەکەی ” نەفیسە” منداڵانێکی تریش بەرچاودەکەون کە جەلادانی کۆماری ئیسلامیی بە تاوانی ئینسان بوون تیرەبارانی کردون . ناوەکان بریتین لە :

مەریەمی ئەسەدی ١١ ساڵە ، ئەفسانە فارابی ١٢ ساڵە ، فاتمەجەبارزادەی ئەنساری ، شەهڵا قوربانی و فاتمە ساجیدی ١٣ تا ١٥ ساڵان .

* بەهاییەکان 

 یــــان بــوون بە مــوسلمان یــان خـــۆ مـــــــــردن …!

٢٨ی مانگی جۆزەردانی سالی ١٣٦٢ وەبیر هێنەرەوەی یەکێک لەو جەنایەتە سامناکانەیە کە لە دەورانی حاکمیەتی کۆماری ئیسلامیدا، بەڕێوەچووە. لەم ڕۆژەدا ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی دەستی دایە جەنایەتێک کە ئاسەوار و بەڵگەکانی تا ئیستاش ڕادەیەکی زۆر لە خووی وەحشیگەری کاربەدەستانی ڕژیمی ئیسلامی نیشان ئەدات. لەم رۆژەدا ١٠ ژن و مناڵی بێتاوانی بەهایی بە هۆی جیایی ئایینیان لە مەیدانی ” چۆگان”ی شاری شیراز بێ بەزەیانە لە سێدارە دران. ئەم ژن و منداڵانە تەنیا تاوانایان ئەوەبوو کە نەیان دەویست بێنە سەر ئایینی ئیسلام و دەس لە ئایین و بیروباوەڕی خۆیان هەڵگرن.

لەوەها ڕۆژیک دا و لەناو دڵی شارێکدا ١٠ ژن و مناڵ لە هەناسە لێدان کەوتن. لەسێدارەدراوەکان بریتیبون لە: 

١- مـــۆنا مەحموود نیژاد تەمەن ١٧ ساڵە ٢- رۆیا ئەشرافــــی ٢٣ ساڵە . خۆیندکاری دەرکراوی ریشتەی پزیشکی ٣- ئەخـــتەر سابێت ٢٥ سالە لیسانسی پرەستاری  ٤- سیمین سابیری ٢٥ ساڵە ٥ – شــیرین دالــــوەند ٢٦ساڵە رشتەی کۆمەلناسی ٦- مەشهەد نیرومەند ٢٨سالە و لیسانسی میتافیزیک  ٧- زەریـن موقیمی ٣٩ساڵە لیسانسی زمانی ئینگلیسی ٨- تاهیـــرە ئەرجمەند ٣٠ ساڵە لیسانسی پەرەستاری ٩ – نــوسرەت غــەفـــرانی ٤٦ ساڵە . پیویستە بوترێ کە بەداخەوە (کورەکەی بە ناوی بەهــرام یەلدایی)یش دوو رۆژ پێش خۆی لە سێدارە درابوو. ١٠- عیـــزەت جـــانمی ٥٨ ساڵە. مۆنا مـــەحموود نیژادی تەمەن ١٧ ساڵە ، لاوترینی ناو ئەو پــۆلە مرۆڤە بێتاوانەیە کە ئەویش سی مانگ پێش لە سێدارەدرانی، باوکیشی هەرسەر ئایینی بەهایی لە سێدارە درا.

* بە گشتی ئامارەکان ئاماژە بە لە سێدارە دانی ” ١٤٧٩٤ ” کەس لە میانەی ساڵەکانی ١٣٦٠ هەتا سالی ١٣٦٤ دا دەکەن . 

لە پاش ئەو ساڵانەش ماشێنی کوشتاری کوماری ئیسڵامی نەوەستاو دوای ساڵی ١٣٦٤یش جوغەکانی ئێعدام بەردوام بوون. بە پێی ڕاپۆڕتەکان لە ساڵەکانی ٦٥و٦٦دا، ” ١٤٥٦” کەس لەسێدارە دراون کە زۆربەی هەرەزۆریان لە زیندانیانی سیاسی و سەر بە نەیارانی کۆماری ئیسلامیی بوون.