فاشیستەکانی ئەمبەر و ئەوبەر…

جەمیل سەرمەستی سنە
جەمیل سەرمەستی سنە

ئەو نەتەوەگەلەی کە سەردەستن و دەسەڵاتیان بە سەر نەتەوەکانی دیکەدا سەپاندووە لە خۆڕا نەبووە و لە پرێک نەبوون بە کورێک. لە پشتی هەر نەتەوەیەکی سەرکەوتوو و زاڵەوە بیرێکی قووڵ جمەی دێت و هاندەر و خولقێنەری سەرکەوتنی ئەو نەتەوەگەلەیە. ئەویش بیری سەردەست بوون و برڕوای تەواو بەخۆبوون و بە داگیرکارییە کە دەیان دیاردەی دیکەش لە گەڵ خۆ دەهێنێ و دەبێتە بنەمایەکی سەلمێنراو و بیرێکی نەگۆڕ بۆ بەردەوامبوون و زاڵبوونێک کە دەچێتە خوێنی مرۆڤی سەردەست و دەسەڵاتدارەوە و بەستێنی هزریی سەردەستبوونی هەتا هەتایی بۆ خۆی وێنا دەکات. ئەمەش هیچ پەیوەست نییە بە ژمارە و هێزی مرۆیی و نیشتمانێکی دەوڵەمەند یا هەژارەوە و زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بەستێنە هزرییەی کە چەقی بەستووە لە دەماری نەتەوەکاندا. دیارە ئەمەش بە سانایی بەدەست نەهاتووە و کاری بۆ کراوە و بژاردە و ڕێبەرانی ئەو نەتەوەگەلە ڕۆژگارێک کردوویانەتە بیری زاڵ بەسەر کۆمەڵگەدا.

لە جوگرافیایەکی سیاسیی بە ناو ئێراندا کە تۆزێک زیاتر لە سەد ساڵە هزری فاشیستی کە ئەوان پێدەڵێن سەروەری و سەردەستیی سیاسی لە لایەن بژاردە و ڕێبەرانی نەتەوەی فارسەوە کاری بۆ کراوە و دەکرێ ساڵانێکە بۆتە هزرێکی بەهێزی  خۆ بەزلزان و سەرکوتگەر کە لە هەموو ئیدئۆلۆژی و بیرکردنەوەیەکی فارسەکاندا ڕەنگی داوەتەوە و تا ڕاددەیەکیت زۆریش توانیویانە بڕوابەخۆبوون و خاوەنی خۆبوون لە نەتەوەکانی دیکەدا بکوژن و لە نێوان خۆیاندا دەسەڵات دەستاودەست بکەن و بە هەر نرخێک بووبێت لە ئیسلامی و پاشایی و مەشرووتەییانەوە بگرە تا بە ناو چەپ و ڕووناکبیر و بژاردەکان و ڕێبەرانی بەناو دێموکرات سیاسییان هەموویان لە یەک بابەتدا یەک دەگرنەوە و دەبنە ئەوپەڕی فاشیست و ڕەگەزپەرەست. ئەویش بەردەوامیی دەسەڵاتی نەتەوەکەی خۆیان بەسەر جوغرافیایەک کە ناویان لێناوە ئێران.

بەر لە کۆماری ئیسلامی وە لە سەردەمی حکوومەتی پەهلەویدا و پاش هاتنەسەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیش و ئێستاش کە بۆنی ڕووخانی ئەو ڕژیمە دێت بۆ هەموو چین و توێژێکیان یەک خاڵ گرنگە و ئەویش دابەش نەبوونی ئەو جوغرافیایە و دەسەڵاتی نەتەوەی فارسە.

لەهەر لایەکەوە سەیریان دەکەی جۆرێک فاشیستی ڕەگەزپەرەستی خۆبەزلزان دەبینی کە پێشکەوتنەکانی جیهان و مرۆڤایەتی هیچ کاریگەرییەکی لەسەریان دانەناوە و ڕۆژ بە ڕۆژ  کردەوە و بیری دیکتاتۆری لە مێشکیاندا زیاتر چەکەرە دەکات و ویرووسێکی مەترسیدارن نەک تەنیا بۆ نەتەوە نافارسەکانی نێو جوغرافیای سیاسیی ئێران بەڵکوو بۆ جیهانی مرۆڤایەتی.

کۆماری ئیسلامی کە ئێستا لە لێواری ڕووخاندایە سەرنجی بە ناو ئۆپۆزیسیونی تاراوگە نشینی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە و لە شۆڕشی “ژن. ژیان.ئازادی”دا و بە تایبەت پاش گورزی ١٢ ڕۆژەی ئیسرائیل لە ڕژیمی ئێران مشتومڕی حکوومەتی پاش ڕووخانی کۆماری ئیسلامی زیاد کردووە.

ئەوەیکە جێگای سەرنجە لە شۆڕشی ژینادا کە شۆڕشەکە بە ناوی کورد و بە دروشمێکی کوردییەوە سەری هەڵدابوو و ڕژیمی تاساند. ژوورە هزرییەکانی فاشیست کوڕی شای پێشووی ئێرانیان زەق کردەوە و کردیانە لەمپەڕێک بۆ بەردەوامیی شۆڕشەکە و بۆ بە لاڕێدا بردنی سناریۆی جۆرج تاونیان داڕشت و بەداخەوە کەسایەتیی سیاسیی کوردیشی تێکەوت و پیلانەکەشیان سەری گرت.

ئۆپۆزیسیۆن و دژبەرانی کۆماری ئیسلامی خۆیان باش دەزانن کە هیچ پێگە و قورسایی و هێزێکی ڕێکخراویان لە وڵاتەکەی خۆشیاندا نییە و لە پێگە و قورسایی و وشیاریی کوردیش ئاگادارن، بۆیە  بەو لاوازییەشەوە کە هێشتاش هیچ دەسەڵاتێکیان نییە هەوڵی بەردەوامیان بۆ ملکەچ کردن و ڕازی کردنی کورد لە چوارچێوەی بەرنامەی سیاسیی خۆیاندا دەدەن کە هەر سەردەستییەکەی ئەوان و ژێردەستییەکەی نەتەوەکانی دیکەیە.

لە درێژەی هەوڵەکانیاندا و پاش دڵنیابوون لە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی کۆنفرانسێکیان بۆ کوڕی شای پێشوو لە مۆنیخ لە وڵاتی ئاڵمان ڕێکخست و چەند کوردێکی بێ ناوونیشانی ناسیاسییان نمایش کرد و ویستیان بە نوێنەری کوردیان لە قەڵەم بدەن و بێژن کە ئێمە کوردیشمان لەگەڵە و بەمجۆرە هەم ڕوو بەدەرەوە و هەم ڕوو بە نێوخۆ بڵێن کە کۆماری ئیسلامی کە دەڕووخێ و دڵنیاییەک بدەن کە لە داهاتووی پاش ڕووخانی ڕژیم هیچ کێشە و شەڕێکی نێوخۆیی ناقەومێت و  ئێرانەکەشیان بە یەکگرتوویی دەمێنێتەوە و بەو جۆرە پشتیوانیی وڵاتە ئورووپاییەکان و ئیسرائیل و ئەمریکاش بەدەست بێنن و پاش کۆماری ئیسلامی ئەوان بکەنەوە بە دەسەڵاتداری ئێران.

     ئەمانە یان خۆیان لە گێلی داوە یان ئەوەندە گێڵن کە نازانن سەردەمی ئاگاداری و وشیارییە و نەتەوە داگیرکراوەکان و بەتایبەت کورد بۆ ئەوان بەو ئاسانییە ناخورێن و ناتوانن ئەو هەموو نەتەوە و خەڵکە ستەملێکراوە  و کێشە و پرسەکانیان لە وڵاتانی دیکە بشارنەوە و هەموویان بۆ نەتەوە نافارسەکان هەر دیوێکی فاشیستن و ئێستا کە دەسەڵاتیان نییە دان بە مافە سەرەتاییەکانیاندا نانێن چ بگات بەوەی هێز و دەسەڵاتیان هەبێت. ئەگەر لە کۆماری ئیسلامی و لە باوک و باواگەورەی خۆی خراپتر نەبن باشریش نین و خاوەنی بیری سەرکوتگەر و چەقبەستووی فاشیستیین. لەو ڕوانگەیەوە کورد دەبێت بە پەلە و زۆر بە وریاییەوە مامەڵە بکات و یەکەم هەنگاو یەکگرتوویی خۆی و ئستراتژییەکی کوردستانی و هاوبەش و دواتر ڕووبەڕووی هەر داگیرکاری و سەپاندنی دەسەڵات و ملهوڕییەک ببێتەوە.