شەڕ یان دانوستان…
عەزیز ئاجیکەند
ئێران دەڵێ ئامادەیە بۆ دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریكا. بەڵام کۆشکی سپی بەپێچەوانەی ئێران دەڵێ ڕۆژی شەممەی داهاتوو ئامریکا ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران کۆ دەبێتەوە. بەمجۆرە ئێران لە نێوان دووڕێانێکدایە. تەنیا دوو بژاردەی لەبەردەمدا ماوەتەوە. رێكەوتن یان چوونە مەیدانی شەڕ. هەر لە سەرەتاوە ئاشکرا بوو کە خامنەیی هیچ رێگایەکی بێجگە لە تەسلیمبوون و سازش و دانوستان لەگەڵ ئەمریکا نیە. هەمو ئەو درۆ و دەلەسەیەی کە خامنەیی و ئاڵقە لە گۆێیانی دەرخواردی خەڵکیان دا لە ڕاستیدا پێشەکیەک بوو بۆ پاشەکشە کردن و هەزمی شکست بەرامبەر گوشارە نوییەکان.
جموجۆڵە سەربازییەكانی ئەمریكا لە كەنداو جیدین و پەیامی ڕوونیان بۆ ئێران هەیە. بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران پێشكەوتنی زۆری بەخۆیەوە بینیوە و ئەمەش کۆشکی سپی تووڕە کردووە و ترامپیش ئەوەی ناوێ. ئامریکا دەیهەوێ بەرنامە ناوەکییەکەی ئێران لە زووترین کاتدا بوەستێ. پڕۆژەی بەرهەمهێنانی مووشەکی دوور هاوێژ ڕابگرێت و دەست لە پشتگیری گرووپە تووندئاژۆکانی نەیاری ئامریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکە هەڵگرێ و حەشدی شەعبی بەتەواوەتی لە عێراق هەڵوەشێنێتەوە. مەرجەکان و خواستەکانی ئامریکا ڕوونن. ئەگەر ئێران ئەم خاڵانە جێبەجێبکات لەوانەیە گەمارۆکان هەڵگیرێن و دوور نیە کۆتایی بە گۆشەگیری سیاسی و دیپلۆماسی ئێران بێت و هەڕەشەی “هێرشی سەربازی”یش نامێنێ. ئەمڕۆ ئێران لەگەڵ قەیرانێکی قووڵ و چارەهەڵنەگر دەست و پەنجە نەرم دەکات. کۆماری ئیسلامیی تا دێ کێشەوگرفتە ناوخۆیی و دەرەکیەکانی پەرە دەستێنێ و لە هەموو بوارەکانی دەسەڵاتداریدا لاوازی و داڕمان بەخۆیەوە دیوە. لە دەرەوە تەریک کەوتوو لە ناوەوە ڕیسوا. سیاسەتە ستراتێژیکە ناوچەییەکانی خامنەیی و دەسەڵاتەکەی وەک ڕەمزێ مانەوەی نیزامەکەی تووشی شکست بوون. تەنانەت وڵاتانی ناوچەکەش خوازیاری روخانی دەسەڵاتەکەی خامنەیین.
لە ناوەوەش دراوەکەی لەنزمترین ئاستدایە و بێکاری ڕوو لە هەڵکشانە و بەرهەمهێنان بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و خزمەتگوزارییەگشتییەکان لەوانە بەرق و ئاو بە جۆرەی پێویست نین. ئەمەش جەماوەری خەڵکی لە دەسەڵات تووڕەتر کردووە. خەڵک ئەم ڕژیمەیان ناوێ و خوازیاری ڕوخانین. خەڵک لە ئێستادا هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتییان کردووەتە گۆڕەپانی خەبات بەرامبەر بە رژیمی ئیسلامیی. ژنانی ئازادیخوازی ئێران و بەتایبەتی کوردستان لە خەباتێکی سەنگەر بە سەنگەردان بۆ سەرکەوتنی زیاتر و گەیشتن بە رزگاربوونیان. ئیدئۆلۆژیی ئیسلامیی وەک یەکێک لە پایەکانی دەسەڵات لەژێر گوشاری ژنان و پیاوانی ئازادیخواز لاواز بووە. بێتوانایی کاربەدەستانی ڕژیم لە وڵامدانەوە بە داخوازییە خێراکانی جەماوەری خەڵک وزەیەکی تری بەخەباتی خەڵک بەخشیوە. خەڵک ترسیان لە ڕژیم نییە و بە کردەوە ستراتێژی سەرکوتی کۆماری ئیسلامیی کاریگەریی ڕابردووی خۆی لەدەستداوە. کۆمەڵگای ئێران گەیشتووەتە ئاستی تەقینەوە. خامنەیی و دەسەڵاتەکەی نەک بەشێوەی ڕابردوو بەڵکوو بەشێوەی ئێستاش ناتوانن درێژە بە دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکەیان بدەن. دۆسیەی چارەنووسی دەسەڵاتی سیاسی، کاربەدەستانی ڕژیمی نیگەران کردووە و بە باشی دەزانن چوونە ناو شەڕ بەمانای ڕووخانی دەسەڵاتەکەیانە. ئەوان بەتەواوەتی بەوە گەیشتوون کەتوانای بەربەرەکانێ لەگەڵ هێزو دەسەڵاتی دەرەوە و ناوەوەیان نیە. ئەوان دەخوازن لەپاڵ کوشتنی کات، بەسەر ئێشەیەکی کەمەوە ئەم قۆناغە بێ دەردەسەر و بەخەسارێکی کەم بنێنە تێپەڕێنن. پاشەکشەی ڕژیم و پاشگەز بوونەوە لە وتەکان و هەڕەشەکانیان بە مانای نۆشینی دووهەمین جامی ژەهرە لە مێژووی دەسەڵاتی ڕەشیان…