شۆڕشێکی بەردەوام و لەشکاننەهاتوو…

ڕەزا کەعبی

١ –شۆرشی ژینا دوو ساڵی تێپەڕاند.گڕی ئەم شۆڕشە بە شێوەیەک بەردەوام و زیندووە کە تێپەڕینی دوو ساڵ بەسەریدا ئەوەندە دیاریی نادات.خوێنی نوێ و پێکهاتەشکێنێ کە لە دەمارەکانی بزووتنەوەی مەدەنی و سیاسی،لە فەرهەنگی کۆمەڵگەدا و لە شێوەی ڕوانین بە بابەتگەلی کۆمەڵایەتی و دیاردەکان و نەریتە کۆن و چەقبەستووەکان بەردراوەتەوە، هێشتا گەرم و وزەبەخشە.

٢ –ئەوەیکە هەموو کەسێک هەرساڵ  لە بەرەبەری٢٥ی خەرماناندا هەست بە بەرپرسایەتی دەکەن و بۆ بەرزڕاگرتنی ئەو یادە دەکەونە ڕاویژ و جموجۆڵ، نیشانەی گرنگییەکی لە ڕاددە بەدەرە کە شۆڕشی ژینا لە خۆی وێنای کردووە و هوموو خۆیان بە بەرپرسیار دەزانن کە ئەرکی سەرشانی خۆیان جێبەجێ بکەن.شۆڕشی ژینا کاریگەرییەکی قووڵ و پڕبنەمای لە تانوپۆی کۆمەڵگەدا داکوتاوە و لەو ڕوانگەوە  بۆتە مەرسی بۆ بنەماکانی سیستمی پیاوسالار و فاشیزمی مەزهەبی.شۆڕشی ژینا وەکوو شۆڕشە گەورە و مێژووسازەکان خەریکە شوێن پێی خۆی دەکاتەوە و بەشیک لە مێژوو بۆ خۆی تەرخان دەکات.

٣ -شۆرسی ژینا پەیام و واتای ڕاستەقینەی بۆ ناوەرۆکی شۆڕش گەڕاندەوە.ئیدانە کردن و ڕەشکردنی هەر شۆڕسیک بەتایبەت پاش شکانی گەورەی ٥٧ و هاتنە سەرکاری ئەکتەرەکان”ئینقلابی ئیسلامی” کرابوو بە کردەوەیەکی رەوا و خاترجەم. شۆڕشی ژینا گەڕەلاوژێ و لێکدانەوە بێ واتا و بێ بەڵگەکانی لەسەر” زیانەکانی شۆرش کردە بڵقی سەر ئاو و گەمەی پێکردن.شۆرش پێویستیی خۆی جارێکی دیکە سەلماند. هیچ کەسیک بەشداریی لە شۆڕشدا نەبەستەوە بە ئاکامەکانی ئەو شۆڕشە.گەشیی شۆرشی ژینا و بەتایبەت ڕوانینی ئەو بەرەو داهاتوو و دەسپێکی گۆڕانکاریی بنەڕەتی لانیکەم لە مێشک و بیری کۆمەڵگەدا لە هەموو چین و توێژێکدا وەکوو ژنان، مەزهەب و ئازادییە تاکەکەسییەکان و بردنەسەرەوەی ئاستیداواکاری و چاوەڕوانیی خەڵک لە حیزب و رێبەرانی سیاسی و لە ئاکامەکانی شۆڕسی خۆیان، جیاوازییەکی بەرچاوی پێوە دیارە.شۆڕشی ژینا هەرچەشنە بڕوایەکی کۆنەپەرەستانەی بە ڕابردوو خستە لاوە.

٤ – جوغرافیایەک کە شۆڕشی ژینا لەوێوە سەرچاوەی گرت و بکەری سەرەکی بوو لە هەڵگیرساندن و پەرەپێدانیدا.شۆڕسی ژینا لە کوردستانەوە دەستیپێکرد و گشتگیر بوو و بوو بە جیهانی.ڕوودانی ئەو شۆڕشە لە کوردستان بە هیچ شیوەیەک لە ناکاو نەبوو.لەم شیوە جینایەتگەلە لە ماوەی دەسەڵاتداریی ڕژیمدا لە هەموو شوێنێکی جوغرافیای ژێر دەسەڵاتیدا ڕووی داوە.بەڵام لە کوردستاندا هەرکات جینایەتێک ڕووی دابێت تێچووی لەسەر دەستی ڕژیم داناوە کە شۆڕشی ژینا ئەوپەڕی کاردانەوەی خەڵکی کوردستان بوو کە لە کاردانەوەیەکی ئاسایی بە جینایەتەکانی ڕژیم ئەولاتر چوو و هەموو کەسێک بێگومان ناوی شۆڕشیان لێناوە.

لەسەرەتای هاتنەسەرکاری ڕژیم کوردستان بۆ بەدەستهێنانی جێگای ڕاستەقینە و شیاوی خۆی ڕووی کردە داهێنانی مەدەنی و سیاسی و ئارام و پێکەوەژیانی ئاشتیخوازانە.ئەوە ڕژیم بوو کە هەر وەکوو دەسەڵاتدارانی ڕابردوو بە زۆر و چەک و داگیرکاری و ئێعدامی بەکۆمەڵەوە دەستی پێکرد.  

لە ماوەی ئەم ٤٥ ساڵەدا  کوردستان هەم لە ئەزموونی بەرگریی چەکدارانە  بۆ هێشتنەوەی بزووتنەوەکەیان و هەم لە کاتی هەڵپەساردنی بەرگریی چەکدارانە و ئەزموونی خەباتی مەدەنی کە ساڵ بەساڵ بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینیوە سەربەرز بووە و ماوەتەوە. شۆڕشی ژینا ئەوپەڕی پێگەیشتن و تێگەیشتن و ئەزموونی نەتەوەیەکە کە بڕیاری داوە کە دەبێ ئازاد بژیت.داهێنانەکانی ئەم شۆرشە لە هەموو گۆرەپانەکانی کۆمەڵگەی کوردستان خاڵیکە کە دەبێت بەردەوام لێکدانەوەی بۆ بکرێت.کۆمەڵگەی کوردستان بەم شۆڕشە زیاتر ڕسکاوە.خەباتەکەی بۆ بەدەستهێنانی مافی چارەی خۆنووسین و خەباتی مەدەنی و سیاسییەکەی لە ڕێگای یەکسانیی، ژنان و دادپەروەریی بۆ کرێکاران و ئازادییە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەکان بە بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان کە پیوەر و هاندەر و سەرچاوەی وزەی ڕاستەقینەی بەدەستهێنانی مافی چارەی خۆنووسینە، جێگە و پێگەیەکی زۆر جیاوازی بە نیسبەت پێش لە ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠١ی پێبەخشیوە.

٥ – بەشی باوک و دایکی ژینا( کاک ئەمجەد و خاتوو موژگان)لە هەڵگیرسانی کەشیکی شۆرشگێڕانە و هاوڕێیی بەربڵاو و بەردەوام لە گەڵ شۆڕشەکەدا تایبەت و بنەڕەتییە. پاوەگەزدانی قورس و قایمی دایک و باوکی ژینا فێڵ و تۆقاندنەکانی ڕژیم و سیستمی سەرکوتی کە لە گەڵ هەر جینایەتێکدا بە هەڕەشە لە بنەماڵەکان و بێدەنگ کردنیان خۆی دەگرتەوە تێک دا.دواتریش بینیمان کە پێداگربوونی ئەم دایک و باوکە لە ڕاوەستان و پێداگریی بنەماڵەی گیانبەختکردوانی شۆڕشی ژینادا چەندە کاریگەر بوو و چ دەورێکی بەرچاوی بوو و چەندە لە پاڵپشتی و بەشداریی چالاکانە و بەربڵاوی خەڵکێکی زۆرتردا کاریگەر بوو.

٦ – لە ڕۆژی بەخاکسپاردنی ژینا لە گۆڕستانی “ئایچی” کاتێک لەسەر بەردی کێلەکەی نووسرا”ژیناگیان تۆ نامری،ناوت دەبێتە ڕەمز”نووسەر پەیامێکی یەکجار گرنگی خولقاند.ئەم کورتە نووسراوەیە لێکدانەوەیەکی ڕوون لە بارودۆخ و وزەی کۆمەڵگەی کوردستان بوو کە لە ماوەی دەیان ساڵ بەرخۆدان لە ئەزموون و بەسەرهاتە دژوارەکاندا سەربەرز و سەرکەوتوو دەرچووبوو.نووسەری سەر بەردی گۆرەکەی ژینا لیکدانەوە و روانگەیەکی دروستی لە بارودۆخەکە هەبووە کە توانیویەتی پەیامێکی پرواتای لەو شیوەیە بنێرێ و تا بە کردەوە کردنەکەشی تەنیا چەند ڕۆژ مەودای هەبوو.

٧ –بەڵام لە گۆڕستانی “ئایچی”یەوە پر واتاترین پەیامی مرۆیی و سەردەمیانەی”ژن.ژیان.ئازادی”هاوکات لە گەڵ فرێدانی لەچکی ژنانی بوێری کورد لەو ڕێوڕەسمەدا لەسەریان هێڵی بنەمایی و سووری ڕژیمیان تێپەڕاند نێردرا بۆ هەموو جیهان و بینیمان کە چۆن بوو بە مانیفێستی جیهانی دژ بە هەرچەشنە نایەکسانی و شەڕیکی جیهانیی دژ بە پیاوسالاری و فاشیزمی مەزهەبی.ژن ژیان ئازادی بوو بە بناغەی سەرەکیی شۆرش و لە ڕاکێشانی بیروڕای گشتیدا بۆ لای خۆی ڕەوڵێکی کاریگەر و بەرچاوی بینی. دروشمی ئەم شۆڕشە بە شێوەیەکی سەرسووڕهێنەر و خێرا جیهانی گرتەوە و گەورەبوو.

٨ –ڕۆڵی بنەماڵەی گیانبەختکردوانی شۆڕسی ژینا لە بەردەوامبوونیدا نکۆڵی لێناکرێت.وتارە هیوابەخشەکانیان لەسەر تەرم و گۆڕی رۆڵەکانیان،کۆبوونەوە سەربەرزانەکان و بەڵێنەکانیان بۆ بەردەوامبوون لە رێگای گیانبەختکردوان،بە گوڵستان کردنی گۆڕستانەکان و گۆڕینی گۆڕستانە تاریک و تۆقێنەرەکان بە گۆڕی شۆڕشگێڕانێک کە لە جوانترین و پێشکەوتووترین بیر و ئامانجگەلی مرۆییدا هەرمانن و هیوان بۆ داهاتوویەکی جیاوازی مرۆڤە زیندووەکان.

٩ –شۆڕشی ژینا خێرا بوو بە پێگەیەک کە هەموو”سەرکوت کراوان، زۆرلێکراوان و گشت ئەوانەی دژی ئەو ڕژیمە فاشیستە مەزهەبییە بوون لەو پیگەیەدا خۆیان بینییەوە و دەنگیان هەڵهێنا و پێداگربوون کە دەبێ ئەو زوڵم و زۆرە کۆتایی پێ بهێندرێت.شۆڕسگێرانی کوردستان و شۆڕشگێڕانی نەتەوە بندەستەکان بۆ بەدەستهێنانی ڕزگاری و سەروەریی نەتەوەیی،بەرخۆدانی ژنان بۆ بەرابەری و یەکسانی،حەزی لاوان بۆ ژیانێکی باشتر و ئەمرۆییتر،کرێکاران بۆ دادپەروەری،چالاکانی ژینگە و تێکۆشانەکانیان و دادخوازیی دایکانی گیانبەختکردوان لە سەر بەرزایی ئەم پێگەیە پیکەوە یەکیان گرت.

١٠ –جۆرەکانی تازەی ڕێکخستنی بەرخۆدان لەم شۆڕشەدا بەرچاون.هەزاران خەباتکار لە گەل توێژی بەربڵاوی ڕێبەرانی گۆڕەپانەکانی شۆڕش بە داهێنانە تازەکانیان ڕێگاگەلێکی تازەیان لە بەرەی بەرخۆدان و شۆڕشیان تاقی کردەوە.

ڕێبەرانی شەقام و گۆڕەپان کە لە بەرەی هەرەپێشی چەپەرەکاندا بوون،ڕێبەرانی دەرمانی و تەندروستی کە بە ئامادەکردنی شوێنی ئاسوودە و ئەمن بۆ دەرمان کردنی بریندارەکانی”شەڕ”بە ڕێکخستنی کۆکردنەوە و ڕاگواستنی یارمەتییە دەرمانی و نەشتەرگەرییەکان یان گواستنەوەی بریندارەکان بۆ شارەکانی دەرەوەی کوردستان و لە شوێنە بێ ترسەکاندا دەرمان کردن،ڕێکخستنی نوێی ڕێوڕەسمەکانی ماڵاوایی لە گەڵ گیانبەختکردوان و گۆرینی بۆ پێگەیەکی شۆڕشگێڕی،هێز و پەرەپێدانی شۆڕش و نەهێشتنی بێهیوایی و پرسە.

کۆوەدانی دروستی شێوەکانی ڕێکخستن و ئەزموونی نوێ لەم شۆڕشەدا بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی شۆڕش لە داهاتوودا کە بێگومان ڕوو دەدات پێویستە.

١١ –شۆڕشی ژینا هاوکێشە سیاسییەکانی گۆڕی.پرسە گرنگ و بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگەی ئێرانی لە سەرەوە پێناسە کردەوە یان پێشێتیی پرسەکانی سەرووی کۆمەڵگەی گۆڕی.نە ئەو پرسگەلەی کە کۆماری ئیسلامی بە هۆی لابییە بەربڵاوەکانی لە میدیاکاندا پەرەی پێ دەدا،نە ڕێفۆرمخوازی و نە نکۆڵی لە نەتەوەکان و نکۆڵی لە بزووتنەوە خەڵکییەکان هەلی خۆیان بۆ خۆنواندن لە دەست دا. ژن و ئازادیی ئەوانی لە پێوانەگەلێکی کۆمەڵایەتی و مەزندا خستە سەرووی پرسەکانی کۆمەڵگە و درزێکی ئەوەندە قووڵی دروست کرد کە هەوڵی ٤٠ ساڵەی ڕابردووی کە ببوە بوون و هۆکاری مانی کردە بڵقی سەر ئاو. بزووتنەوەی پتەوەی کوردستان و بزووتنەوە و خواستی نەتەوەکانی دیکە بۆ بەدەستهێنانی مافی چارەی خۆنووسینیان کە ڕژیم بە هەموو هێزی ئابووری و سەرکوتییەوە هەوڵی پەراوێز خستنی دەدا، بوو بە پێوەری شۆڕش و تێکۆشانی خەڵک  لە شۆڕشی ژینادا. ئازادییە تاکەکەسییەکان و ڕەوشت و ئاکارە کۆمەڵایەتییەکان خێرا لە بەستێنێکی نوێدا خۆی وێنا کرد.شۆڕسی ژینا بناغەی هەڵسوکەوتە کۆمەڵایەتی، بنەماڵەیی،بارودۆخی ژن و هاوکێشە سیاسییەکانی بە شیوەیەکی گشتی و سەلمێنەر گۆڕی.

١٢ –لە شۆڕشی ژینادا لایەنگەلێک بە ڕوانینی کاسبکارانە بە”سەردەستەکان”و بەرهەمهێنانی دروشمی”مرد.میهن.آبادی”لە بەرانبەر دروشمی’ژن.ژیان.ئازادی”دا لە لایەن ڕاستترین و بناژۆخوازترین ڕەوت و هاودەنگی و هاوڕێتی لە گەڵ سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی خۆیان خستە بەرەی دژ بە شۆڕشی ژیناوە.شۆڕشی ژینا پست ئەستووربە هێزی خەڵک و ئەوەیکە “شۆڕش کاری خەڵکە”چووە پێشەوە و هەر ئەمەش بوو بە یەکیک لە هۆکارەکانی سەرنجڕاکێشیی دیاری شۆڕشەکە.ئەم ڕوانگە و ئاراستەیە لە سەردەمێکدا کە بزووتنەوە خەڵکییەکان بۆ گۆڕان خەریک بوون دەکەوتنە پەراوێزەوە، بە شۆڕشی ژینا، بە ڕەوایی ئەو شۆڕشە و پشتیوانیی بەربڵاوی جیهان لەو شۆڕشە گوڕێکی بەهێزی پێبەخشی.

١٣ –پێوەندی لە گەڵ”بزووتنەوەی سەراسەری” و واتا و پێگەی ئەو بزووتنەوانە گۆڕانی بنچینەیی بۆ خۆی دەستەبەر کرد،چاوەڕوان بوونی بێ‌هۆ لە ناوەند جێگای خۆی بە بوونی پرهێزی پەراوێز دا.حیزبە ئێرانییەکان لە گەڵ دژواری و پرسگەلی نوێ بەرەوڕوون.

١٤ –شۆڕشی ژینا هەلێکی دووبارە و بێوێنەی بە هێزە سیاسییەکانی کوردستان بەخشی کە هەم ببنە چاوگەی سیاسی(بۆ ماوەیەکی کورت ببوونە چاوگەی سیاسی) و هەمیش بەربەستەکانی ئەو هێزانەی لە گۆرەپانە جۆراوجۆرەکاندا ئاشکرا کرد.ئەم شۆرشە کۆمەڵگەی مەدەنی و دامەزراوەکانی ئەوانی کردە سەرتۆپی خەباتی کۆمەڵایەتی هەتاکوو حیزبەکان چیدیکە نەتوانن ئەوان لە پەراوێز بخەن. چاوەڕوانی لە حیزبەکان چووە سەرەوە و چۆنییەتییەکی تازەیان لێ دەخوازرێت.

١٥ -خەباتی چەکداری لە چوارچێوەی نەریتی و دەوری تاقانەی لە بزووتنەوەی کوردستاندا هێنایە دەرەوە و پێویستیی پێداچوونەوەی لەم پرسە گرنگە و یەکێک لە کۆڵەکە پتەوەکانی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کوردستاندا کردە ڕۆژەڤ و جەختی لەسەر کردەوە. لە چەند دەیەی ڕابردوودا و بەتایبەت بە بوونی کۆمەڵە و بە گەشەی خەباتی مەدەنی و سیاسی،دەوری تاقانەی خەبات(بەرگری)چەکدارانە جێگای خۆی بە شێوەگەلی جۆراوجۆری خەبات داوە کە ڕواڵەتی ئەم بزووتنەوەیە لە هەر بوارێکدا گۆراوە.

١٦ –شۆڕشی ژینا ناشکێت، لەبەر ئەوەی بەردەوامە و کات و زەمەن لیکدانەوە لەو شۆرشە.لە مانیفێستی”ژن.ژیان.ئازادی”یەکەی و جاوەڕوانییەکان لێی و گۆرانە کۆمەلایەتییەکان کە لە بەستێنی کۆمەلگەدا هێدی هێدی پێکیهێناوە و پێکی‌دێنێ زیندووە. ئەگەر سەرکەوتن و شکانی نەریتیی شۆرشەکان نەکەینە بنەمای لێکدانەوەکانمان، بەردەوامیی شۆڕشی ژینا و هاوڕێتی و پالپشتیی بەربڵاوترین چینەکانی کۆمەڵگە لەو شۆرشە سەرنجڕاکێشە.

بڕیار وابوو ئەم نووسراوەیە بۆ ساڵڕۆژی شۆڕشی ژینا ئامادە بکرێت کە بە هۆی سەرقاڵی و هەندێک بابەتی دیکە کەوتە دواوە.