سەمەد بێهرەنگی مامۆستایەک، کە بوو بە ئەفسانە
سەمەد بێهرەنگی مامۆستایەک، کە بوو بە ئەفسانە
ئامادە کردنی محەمەد حەکیمی
سەمەد ساڵی 1318ی هەتاوی لە گەڕەكی “چەرەنداب”ی تەورێز لە بنەماڵەیەكی هەژار چاوی بە ژیان پشكووت. سەمەد هەر لە منداڵیەوە لە ئامێزی هەژاریدا گەورە بووە و بە هەموو واتای هەژاریەوە، هەستی بە هەژاری دەكرد.
سەمەد سەرەڕای نەداری و بێدەرەتانی بنەماڵەکەی توانی سەركەوتووانە درێژە بە خوێندن بدا و ساڵی 1334ی هەتاوی خولی بارهێنانی مامۆستایی تەواو بکات و لە سەر داوای خۆی رەوانەی گوندە دوورەكانی تەورێز كرا. یازدە ساڵی تەواو لە ئاواییەکانی “مەمقان”، “قەد جیهان”، “ئازەر شار”، “گۆگان” و “ئەخیرجان” بەوپەڕی دڵسۆزیەوە خەریکی وانە وتنەوە بوو. سەمەد لە ناو كانگای هەژارانەوە هەڵقوڵاو لە ٩ی خەرمانانی ساڵی ١٣٤٧ی هەتاوی لە کاتی مەلە کردن لە چۆمی ئاراس خنکا و چووە ناو مێژوو و دڵی هەژارانەوە.
ژیانی سەمەد بێرەنگی لە ناو هەژاران و بێبەشانی کۆمەڵگا و روانینی هەژاری و ستەمی چینایەتی، کاریگەریەکی قووڵی لەسەر نووسینەکانی دانا. سەمەد هەمیشە ئەو رستەی دووپات دەکردەوە کە “دەبێ بە جوانی هەست بە سەرما بکەیت، سەرما تا نێو ئێسقانەکانت بچێت و ئەو کات لە سەرمادا هاوار بکەیت”.
سەمەد بێهرەنگی مامۆستا و نووسەری شۆڕشگێر و هەروەها بیری چەپ و مارکسیسیتی هەبوو، بەڵام سەر بە هیچ رێکخراو یا حزبێک نەبوو. سەمەد سەبارەت بە خۆی دەڵێت: وەک قارچک لە دایک نەبووم، بەڵام وەک قارچک سەرم هەڵدا، بەڵام وەک قارچک زوو لە ناو نەچووم و لە هەر شوێنێ نمێک هەبوو کرامەوە… وەک داری سنجوو لار و لەوێر و قەناعەتم کرد بە ئاوی کەم؛ و بووم بە مامۆستای ئاوایەکانی ئازەربایجان. باوکم دەڵێت: ئەگەر ئێران لە ناو ئێرانیەکان دابەش بکەن، بەشی تۆ لەمە زیاتر نییە.
سەمەد بێهرەنگی نووسەر و رخنەگری کۆمەڵایەتی بوو و کتێبەکانی کاریگەرێکی زۆریان لە سەر کۆمەڵگای دەیەی ٣٠ و ٤٠ دانا. سەمەد مامۆستای قوتابخانە بوو و یەکەمین کەس بوو کە بۆ یەکەم جار سیستەمی خوێندنی ئێرانی خستە بەر توێژینەوە و بە چاوێکی رخنەگرانەوە روانییە سیستەمی خوێندن لە ئێران و هەموو ئەو بیرۆکانەی لە کتێبیکدا بە ناوی ” کند و کاو در مسائل تربیتی ایران” چاپ و بڵاو کردەوە. سەمەد لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە کتێبەکانی پەروەردە هیچ پەیوەندییەکی راستەوخۆیان بە ژیانی واقعی و راستەقینەی خوێندکارانەوە نییە و سیستمی خوێندنی وڵات بە شێوەی ئەنقەست دەیەوێت هەلی بیرکردنەوەی باش و گونجاو لە منداڵان بگرێت. کۆمەڵیک لەو بیرۆکانە لە روانگەی “ماکارنگو”ی وەرگرتبوو.
لە ساڵی ١٣٤١ی هەتاوی سەمەد لە دوا ناوەندی بە دیالۆگ کردن لە ناو خوێندنگا و مامۆستایانی دوا ناوەندیی دەرکرا و نێردرا بۆ قوتابخانەی سەرەتایی و ساڵێک دواتر بە هۆی دروستکردنی تۆمەت لەلایەن بەرپرسی کاتی ئیدارەی خوێندن کێشرایە دادگا و لە ئاکامدا بێ تاوانیەکەی سەلمێندرا. لە ساڵی ١٣٤٣ی هەتاوی بە هۆی چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبی ” پارە پارە” واتە پارچە پارچە لەلایەن دادسرای گشتی تەورێز شەش مانگ لە وانە وتنەوە بێبەشیان کرد و دواتر حوکمەی وەلا نرا و سەمەد توانی بگەرێتەوە قوتابخانە و درێژەی بە وانە وتنەوە کردهوە. لە ساڵەکانی ١٣٤٠ی هەتاوی و هاوکات لەگەڵ دەستگیر کردنی کۆمەڵێک لە نزیکان و ئێعدام کردنیان سەمەد لە ناڕەزایەتی خوێندکاران بەشداری چالاکی هەبوو.
دوا بە دوای بڵاو بوونەوەی مەرگی سەمەد بێهرەنگی؛ کۆمەڵگای رووناکبیری ئەو سەردەمە بە تایبەتی “جەلال ئال ئەحمەد” و “غولام حسەین ساعدی” هەر لە یەکەم ساتی گەیشتنی هەواڵی مەرگی سەمەد، “ساواک”یان بە کوشتنی ناوبراو تۆمەتبار کرد. “جەلال ئال ئەحمەد” ئەو کەسە بوو کە کتێبی “سەمەد و ئەفسانە”ی نووسی و باسی لە کوشتنی سەمەد بە دەستی ساواک کرد و ئەو بیرۆکەی لە ناو خەڵکدا دروست کرد کە سەمەد لەلایەن ساواکەوە کوژراوە. بەهەرحاڵ سەبارەت بە مەرگی سەمەد لێکۆلینەوە و تویژینەوە نەکرا و ئەوە خۆی لە خۆیدا گومان دروست دەکات کە سەمەد بە دەستی ساواک و رژیمی شا کوژراوە و کۆمەڵیکی دیکەش وەک “سیروس تاهباز” لە سەر ئەو باوەڕەن کە سەمەد خۆی خنکاوە و ئەسەدی برای ئەوەی سەلماندووە کە سەمەد مەلەی نەدەزانی و هەروەها دەڵێت: کۆمەڵێک کەس سەمەدیان لەگەڵ ئەفسەرێک بینیوە، بەڵام کەس زانیاری وردی سەبارەت بەوە نییە. خەڵکی ئاواییەکانی ئەو ناوچە زۆر خەڵکێکی باش و مێهربان بوون، جنازەکەیان لە ئاو دەرهێنا و شۆردیان. بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە بە نەمانی سەمەد بێهرەنگی منداڵان لە کتێبی شۆڕشگێری و وانەکانی بۆ فێر بوون و چونیەتی بەرگری کردن لە خۆ لە ژیاندا بێبەش بوون. بە داخەوە سەمەد رۆژی 9ی خەرمانانی 1349ی هەتاوی بە شێوەیەكی گوماناوی لە لایەن ساواكەوە لە رووباری ئاراس خنكێندرا، تەنها تاوانی سەمەد ئەوە بوو کە کەسێکی چەپ و بیری نوێخواز و شۆڕشگیرانەی بوو.