سەبارەت بە ژنکوژی…

سارینا چوبتاشابی

ژنکوژی واتە کوشتنی ژنان بە هۆکاری ڕەگەزی و یەکێکە لە توندوتیژییە جددیەکانی دژ بە ژنان. ئەم دیاردەیە زۆرجار لە چوارچێوەی هەڵاواردنی پێکهاتەیی و کولتووری و کۆمەڵایەتیدا ڕوودەدات و دەتوانێ بە شێوەی جۆراوجۆری وەک کوشتنی شەرەف، توندوتیژی خێزانی کە دەبێتە هۆی مردن، یان ئەو کوشتنانەی کە پەیوەستن بە کۆنترۆڵکردنی پەیوەندییەکان.

لەم ماوەیەدا ڕێژەی ژنکوژی لە ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. بە پێی ڕاپۆرتە جۆراوجۆرەکان:

لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی ١٤٠٣ (خاکەلێوە تا جۆزەردانی ٢٠٢٤)، لانیکەم ٣٥ حاڵەتی کوشتنی ژن تۆمار کراوە. زۆرێک لەو کوشتنانە لەلایەن ئەندامانی نزیکی خێزان و بەتایبەت مێردەکانەوە ئەنجامدراون.

لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤دا ڕێکخراوی مافی مرۆڤی “هەنگاو” لانیکەم ١٣٠ حاڵەتی کوشتنی ژنی تۆمارکردووە کە ٢٥%یان لە تاران ئەنجامدراون و زۆربەیان بە هۆکاری “شەرەف” بوون.

چالاکانی مافی ژنان جەخت لەوە دەکەنەوە کە نەبوونی یاسای توند بەرامبەر بە تاوانباران و کولتوری شەرەفپەرستی ڕۆڵی سەرەکی لە بڵاوبوونەوەی ئەم دیاردەیە هەیە. 

لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ژمارەی کوشتنی ژنان جێگەی نیگەرانی بووە. لە ساڵی ٢٠٢٤دا، تەنیا لە مانگی ڕەزبەردا، لانیکەم ١٠ حاڵەتی کوشتنی ژن لە پارێزگا کوردستانییەکاندا تۆمارکراوە. ئامارەکان بەشێکن لە ڕاپۆرتە بەرفراوانەکانی توندوتیژی دژی ژنان لەم بوارانەدا، کە بریتین لە حاڵەتەکانی کوشتنی شەرەف، توندوتیژی خێزانی کە لە ئەنجامدا مردنی لێدەکەوێتەوە، هەروەها حاڵەتەکانی سەرپێچیکردنی ژنان لە سنووردارکردنی خێزان یان کۆمەڵایەتی.

جگە لەوەش لە ١٠ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤دا ژمارەیەکی بەرچاو لە خۆکوشتنی ژنان لەو ناوچانەدا تۆمارکراون. هۆکاری ئەم خۆکوشتنانە بە شێوەیەکی سەرەکی ناکۆکی خێزانی، هەژاری، هاوسەرگیری زۆرەملێ و هەندێکجار فشاری کۆمەڵایەتی بووە. لە پارێزگای کوردستان 32 حاڵەتی خۆکوشتنی ژنان تۆمارکراوە، ئەمەش دۆخی مەترسیداری مافەکانی ژنان لەم هەرێمەدا نیشان دەدات.

ڕێژەی بەرزی ژنکوژی لە ئێراندا پەیوەندی بە هۆکاری جۆراوجۆرەوە هەیە کە هەندێکیان هۆکاری کولتووری، کۆمەڵایەتی و یاسایین. ئەم هۆکارانە بە کورتی بریتین لە:

1. کولتووری پیاوسالاری و شەرەفپەرستی

لە زۆرێک لە ناوچەکانی ئێراندا بۆچوونی نەریتی و پیاوسالاری هەیە کە ژن دەخاتە ژێر دەسەڵاتی پیاوان (مێرد، باوک، یان برا). لەم چوارچێوەیەدا کوشتنی شەرەف یەکێکە لە هۆکارە باوەکانی ژنکوژی. ژنان بەهۆی ئەو ڕەفتارانەی کە بە “قبووڵنەکراو” دادەنرێت، دەبنە قوربانی توندوتیژی.

2. توندوتیژی خێزانی و نەبوونی پاراستنی یاسایی

توندوتیژی خێزانی یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ژنکوژی لە ئێرانە. زۆرێک لە قوربانییەکان لە ژینگەی خێزاندا لەلایەن نزیکترین کەسەکانەوە (هاوسەر یان هاوبەشی سۆزداری) دەکوژرێن. نەبوونی یاسای بەهێزی پارێزەر بۆ پاراستنی ژنان لە توندوتیژی خێزانی و نەبوونی شوێنی حەوانەوەی سەلامەت بۆیان ئەم کێشەیە گەورەتر دەکات.

3. نەبوونی پەروەردە و هۆشیاری گشتی

نەبوونی پەروەردە سەبارەت بە یەکسانی جێندەری و مافەکانی ژنان لە سیستەمی پەروەردە و هەروەها لە خێزانەکاندا، باوەڕە جیاکارییەکان بەهێز دەکات. ئەم پرسە دەبێتە هۆی قبوڵنەکردنی مافی ژنان وەک مرۆڤی سەربەخۆ و یەکسان بە پیاوان.

4. لاوازی لە جێبەجێکردنی یاساکان و سیستەمی دادوەری

لە زۆر حاڵەتدا ئەنجامدەرانی ژنکوژی ڕووبەڕووی سزای گونجاو نابنەوە، یان یاساکانی ئێستا بە شێوەیەکی دروست جێبەجێ ناکرێن. لە حاڵەتەکانی کوشتنی شەرەفدا، بە ئاماژەدان بە پاڵنەرەکانی خێزان یان نەریتی، زۆرجار بکوژەکان سزای کەمتریان پێدەدرێت.

5. فشارە ئابووری و کۆمەڵایەتیەکان

هەروەها هەژاری و بێکاری و فشارە ئابوورییەکان ڕۆڵیان هەیە لە قورسکردنی توندوتیژی خێزانی و کۆمەڵایەتی دژی ژنان. لە زۆر حاڵەتدا ئەم هۆکارانە دەبنە هۆی ناکۆکی خێزانی و دواجاریش ژنکوژی. لە نێو کۆمەڵکوژییە قێزەونەکانی چەند ساڵی ڕابردوودا دەتوانین باس لە کوشتنی کچێکی تەمەن ١٧ ساڵ بکەین لە لایەن هاوسەرەکەیەوە لە ئەهواز لە مانگی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٠ کوژرا.

لە بەفرانباری ساڵی ١٤٠٠، مۆنا حەیدەری، ژنێکی گەنجی تەمەن ١٧ ساڵ کە لە تەمەنی ١٢ ساڵیدا بەزۆر هاوسەرگیری لەگەڵ ئامۆزاکەیدا کردبوو، دوای ئەوەی ساڵانێک بەرگەی توندوتیژی خێزانی گرتبوو، هەوڵیدا لە ئێران هەڵبێت و پەنا بۆ تورکیا ببات و لە کۆتاییدا، لەلایەن بنەماڵەکەیەوە هێنرایەوە بۆ ئێران و دوای ماوەیەکی کەم، بە شێوەیەکی دڕندانە سەری لە لایەن مێردەکەیەوە لە گۆڕەپانی شاردا بڕدرا و بە هۆکاری بێمانای شەرەف ئەم دیمەنە نامرۆڤانەی ئاشکرا کرد.

ژنانی ئەم کۆمەڵگایە هەر لە ڕۆژی لەدایک بوونیانەوە لە ژێر ناوی ئەوەی کە  ناوبانگیان لەکەدار نەبێت، وەک ڕۆبۆتێکی کۆنترۆڵی لەلایەن پیاوانی بنەماڵەیانەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێن. ئازادی مافی هەموو مرۆڤەکان و تەنانەت بوونەوەرەکانی جیهانە. بەتایبەت ژنان کە خۆیان کۆڵەکەی ژیانن. بە هیوای کەمبوونەوەی پیاوسالاری…