رێز لە ئیرادەی بەرگریی رۆژئاوا دەگرین و پاڵپشتیانین

0
لە کاتێکدا کە رۆژئاوا سیمبۆلی بەرگری لە کەرامەتی مرۆڤایەتییە بەرانبەر داعش و لەم پێناوەدا هەزاران تێکۆشەر و شەڕڤان گیانیان بەختکرد و سەدان هەزاریش بریندار بوون ،لە دۆخی ئێستا کەوتووەتە بەر پەلامار و هێرشی دڕندانەی داعشەکانی سەر بە جۆلانی و داگیرکەرانی کوردستان. ئەوەی لە ماوەی رابردوودا لە گەڕەكە کوردنشینەکانی حەڵەب روویدا و داعشی کۆن بە بەرگی نوێوە جینایەتیان دژی خەڵکی بێتاوان ئەنجامدا، دەسپێک و بیانووێک بوو بۆ پەلاماری هەموو ئەزموونی رۆژئاوا.
لە کاتێکدا بەرێوەبەرانی رۆژئاوا و هەسەدە ئامادەی دیالۆگ و رێککەوتن بوون، رەوتی جۆلانی رێککەوتنەکانی پێشووشی پێشێل کرد و بە پاڵپشتی و هاوئاهەنگی لەگەڵ داگیرکەرانی كوردستان و پشتکردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە تایبەت ئامریکا و ئۆرووپا هێرشیان کردووەتە سەر رۆژئاوا و ئەیانهەوێ ئیرادەی پۆڵاینی کورد تێک بشکێنن و ئەزموونە دەوڵەمەندەکەی لە بار بەرن.
بەڵام سەرۆكایەتی رۆژئاوا لە هەڵوێستێكی شۆڕشگێڕانەدا، بڕیاری مان و نەمانی داوەو ملکەچی سیاسەتی پاوانخوازنەی رژیمی سوریە نەبووە، کە ئەمە بڕیارێکی بەجێیەو هەڵوێستێکی بەنرخ و مێژووییە.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان وێڕای بەرز نرخاندنی بڕیاری خۆراگریی رۆژئاوا، پاڵپشتی خۆمان بۆ ئەم هەنگاوە نیشتمانییە ڕادەگەیەنین و پێمان وایە ناردنی پێشمەرگە بۆ پاڵپشتی خۆراگری و بەرگریی رۆژئاوا هەنگاوێکی گرنگ و پێویستە. هەروەها ئێمە ئامادەی هەر جۆرە هاوکاری و بە هاناچوونی ئەم بەشەی نیشتمانین و هیوادارین هەموو حیزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان لە هەموو بەشەکان و گشت کوردستانیان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، یەکگرتووانە پاڵپشتی لە خۆڕاگری و وەستانەوەی رۆژئاوا بکەن و پێکەوە هەرچییەک لە تواناماندا هەیە بیخەینە گەڕ.
هەروەها داوا لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و بەتایبەت ئامریکا و وڵاتانی ئۆروپایی ئەکەین کە لە سەر بەڵێن و پاڵپشتییەکانی خۆیان بمێننەوە.
بێگومان ئەوەی لە دوێنێ شەوەو شاهێدی بووین ئیرادە و وشیارییەکی باڵای نەتەوەیی بێوێنەیە و دڵنیاین رۆژئاوا سەردەکەوێت.
دەستەی کارگێڕیی
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
سێ شەممە: ۳۰ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی
۲۰ی ژانڤیەی ۲۰۲٦ی زاینی

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *