دەنگی شەقام دەتوانێ یەکلا کەرەوە بێ…

ع.ئا 

هێرشە ئاسمانییەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامی کە سەرجەم ١٢ ڕۆژی خایەند، وێڕای زیانی زۆری ماددی و دامەزرانی ژێرخانی ژیانی ئەو وڵاتە پێنج هەزار و ٦٦٥ کوژراو و برینداریشی لێکەوتەوە.

ئەم هێرشانە ڕووبەرێکی بەرفراوانی ٢٨ پارێزگایان کردە ئامانج و زیانێکی زۆریان بە ژێرخانی گرنگی سەربازی، مەدەنی، پزیشکی و فریاگوزاری گەیاند. هەر لەو ماوەیەدا هێزە ئەمنییەکانی ئێران زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ کەسیان دەستبەسەر کردووە و شەپۆلێکی نوێ لە پەرەسەندنی سەرکوت، فشاری ئەمنیەتی و هەڕەشەی لە سێدارەدان لە ناو بەندیخانەکاندا بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەی ستاندووە.

دەستبەسەر کرانەکان لە زۆربەی پارێزگاکان سنوریان بەزاندووە. بە سەدان خەڵکی ناڕازی بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ دەزگا سیخوڕییەکانی ئیسرائیل دەستبەسەرکراوون و زۆریشیان تەنانەت لە سێدارە دراون. نموونەی بەرچاوی جینایەتی ڕژیم لە سێدارەدانی ٣ هاووڵاتیی کورد بوو بە ناوەکانی “ئیدریس ئالی، ئازاد شوجاعی و ڕەسووڵ ئەحمەد محەمەد (هاووڵاتی هەرێمی کوردستان-عێراق) کە سەرقاڵی کاری کۆلبەری بوون، دوای سەپاندنی ئەشکەنجەی سەخت بە سەریاندا و ناچار کردنیان بە دانپێدانانی زۆرەملێ و قبووڵکردنی تۆمەتی هەڵبەستراو، لە سێدارە دان. ئەمە لە حاڵێکدایە کە هەر بە تۆمەتی سیخوری بۆ وڵاتی ئیسرائیل لە زۆربەی بەندیخانەکانی ئێران بە شێوەی نهێنی و ئاشکرا خەڵکیان لە سێدارە داوە. دیارە زەخت و گوشارەکان تەنیا تایبەت بە خەڵکی ئێران نەبووە و بەڵکوو لە لایەکی تریشەوە گوشارێکی نەژادپەرستانە بە ئامانجی سیاسی دیاریکراو دژی پەنابەرانی ئەفغانی کە بە ناچاری لە وڵاتەکەی خۆیانەوە بۆ ئێران کۆچیان کردووە بە شێوەیەکی بەرچاو کەوتۆتە ڕێ. هەر دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە ڕێگەی بڕیارنامەیەکەوە فەرمانی دەرکردنی بەربڵاوی کۆچبەرە ئەفغانستانییەکان دەرکراوە.

ڕێکەوتی دووشەممە ٢٦ی جۆزەردانی ١٤٠٤ هەتاوی، بەندکراوانی بەندیخانەی دیزڵ ئابادی کرماشان بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە لە لایەن زیندانبانانەوە هێرشێکی دڕندەیان کرایە سەر و خەڵتەکانی خوێنیان کردن. لەو ڕووداوەدا لانیکەم ٩ زیندانی گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی زۆری دیکەش برینداربوون. ئەو بەندکراوانە پاش بیستنی دەنگێکی بەرز لە دەرەوەی زیندان، داوایانکردبوو کە گیانیان بپارێزن. بەڵام بە جێگای پاراستنی گیانیان، هێزێکی تایبەتی دژە شۆڕش دێنە ناو زندان و بە بەکارهێنانی گوللەی ساچمەیی و گازی فرمێسکڕێژ و ئامرازەکانی تر، دەست دەکەن بە سەرکوت کردنی ئەوان و تا دەتوانن ئازاریان دەدەن. ئەوانە ئەم دیمەنانەن کە شرۆڤەی کۆمەڵگای ئێران دەکەن دوای شەڕ.

لە دوای وەستانی هێرشەکان، کۆماری ئیسلامی کەوتە ئەو پەری لاوازی. شکستە یەک لە دوای یەکەکانی لە بواری جیهانی و ناوچەیی و بێتوانایی لە دابینکردنی لانیکەم پێداویستییەکانی کۆمەڵەگای ئێران، و سەرکوتی لە رادەبەدەری جەماوەری خەڵک، بە کردەوە نیشانی دا کە کۆماری ئیسلامی بەتەواوەتی لاواز بووە. ئەمڕۆ کۆمەڵگای ئێران لە ناوەوە دەکوڵێتەوە و جەماوەری ژێر ستەم لە هەموو دەرفەتێک کەڵک وەردەگرن تا لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا تووڕەیی پنگخواردوویان دەربڕن و سەنگەری تازە لە دژی دوژمنی سوێند خواردی خویان بخوڵقێنن. جەماوەری ناڕازی بەردەوام “شەقام” یان وەک گۆڕەپانی ناڕەزایەتیی بەکار هێناوە. شەقامێک و دەنگێک کە ترس دەخاتە جەستەی بێ گیانی کۆماری ئیسلامی. لە ئێران وێڕای سەرجەم مەیدانە جۆراوجۆرەکانی خەبات، شەقامیش هەموو کات قەڵغانی ڕووبەڕووبوونەوەی جەماوەری ناڕازی لە دەسەڵات بووە. زۆربەی زۆری شۆڕشەکان سەڵماندویانە کە گۆڕانکاری لە خوارەوە و لە شەقامەکانەوە دەست پێ دەکات. شەقام شوێنی جەماوەریی بوونی بەشداریکردنی ڕاستەوخۆی کۆمەڵانی خەڵکە لە چارەنووسی خۆیان. شەقام شوێنی هاوپشتیی کۆمەڵایەتی و چینایەتی، ئەزموونی سیاسەتی ڕادیکاڵ، دەرخستنی توانا و وزە بۆ گۆڕینی کۆمەڵگا، و هێمای ئیرادە و توانای بەدەستهێنانی دەسەڵاتی سیاسییە لە لایەن زۆرینەی کۆمەڵگاوە. شەقام شوێنی بەیەک گەیشتنەوەی بەرینترین خواست و داخوازییەکانی جەماوەری بێبەشە. خاڵی بەیەک گەیشتنەوەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتی و ڕادیکاڵەکانە. شەقام ئەو شوێنەیە کە ڕێکخستن، یەکگرتن و هاوپشتیی جەماوەری تێیدا سەر هەڵدەدات و گەشە دەکات و سەرەنجام ئاسۆی ڕوون دەخوڵقێنێ…

نیشانەکان دەرخەری ئەو راستییەن کە سیاسەتی سەرکوتی بێ بەزەیانەی کۆماری ئیسلامی بەتایبەت لە دوای راگرتنی شەڕ، هەڵوێستی سەرەکیی ڕژیمە بۆ تۆڵە سەندنەوە. سیاسەتی سەرکوت و ئەمنییەتی کردنی کۆمەڵگا، ستراتێژیێکی تەمەن ٤٦ ساڵەیە کە هەر جارەو بە بیانویەک لە لایەن چەقۆکێشانی کۆماری ئیسلامییەوە بە کردەوە دەردێ.

ڕێگای بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ستراتێژی سەرکوت و ئەمنییەتی کردنی کۆمەڵگا، تەنیا لە ڕێگەی خەبات و تێکۆشانەوە میسەر دەبێ کە بە خوشحالییەوە کۆمەڵانی نارازی لە کۆماری ئیسلامی هەڵگری ئەزمونێک و خەباتێکی پڕشەنگداری تەمەن ٤٦ ساڵەن. پەرەپێدانی فەزای سەرکوت نەک نیشانەی توانا و هێزی ڕژیمی ئیسلامی نییە بەڵکوو بەپێچەوانەوە کردەوەیەکی ڕەزیلانە و لە ڕووی داماوییەوەیە کە کۆماری ئیسلامی لە جەرگەی قەیرانی قووڵ و هەمەلایەنەدا، دەیگرێتە بەر.

بێگومان چارەنووسی جەماوەری وەگیانهاتووی کۆمەڵگای ئێران بە شەڕ و گرژیی نێوان ئێران و ئیسرائیل نەبەستراوەتەوە. ئەگەر بۆ ڕوخانی کۆماری ئیسلامی فاکتەری دەرەکیش پێویست بن بەڵام ناتوانێ یەکلا کەرەوە بێت. ئەوە تەنیا یەکگرتوویی و خەباتی سەربەخۆ و شۆرشگێرانەی جەماوەرن کە دەتوانێ کۆتایی بە دیکتاتۆرییەتی کۆماری ئیسلامی بێنێ و ئاسۆیەکی گەش و مێژوویەکی درەوشاوە ڕوو بە کۆمەڵگا بکاتەوە. ڕووخاندنی ڕژیمی ئیسلامی لە ڕێگەی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری خەڵکەوە دەتوانێ خاڵێکی وەرچەرخانی هیوابەخش بێت لە ئاڵوگۆڕە بەرینەکانی کۆمەڵگادا. شۆرشی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران لە ڕێبەندانی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی لە دژی دەسەڵاتی محەمەدڕەزا شا، ئەمەی بە باشی سەڵماند…