دەستگیر کردنی بەشدارانی ڕێورەسمەکانی نەورۆز لە کوردستان…!
لەگەڵ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان، ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بانگکردن، لێپرسینەوە و دەستبەسەرکردنی زۆرینەی خەڵک پێکهاتوو لە ژنان و پیاوان و کچان و کوران، هەوڵیان داوە تا لە بەڕێوەچوونی ئەو ڕێوڕەسمە نەریتی و کولتوورییە ڕێگری بکەن.
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا هەزاران هاووڵاتیی کورد لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بانگ کراون و لێپرسینەوەیان لێ کراوەتەوە و لانی کەم ۴۱ هاووڵاتی، بریتی لە ۶ منداڵ دەستبەسەر کراون. دەستبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییانە لە شارەکانی ئورمیە، شنۆ، سەردەشت، سەقز، مەریوان، سنە، پیرانشار و کرماشان ڕووی داوە.