دەستدرێژی سێکسی بۆسەر ژنانی زیندانی،نامرۆڤانەترین ئازار وشکەنجە.

✍ئارام مودەریسی

نێرگس موحەممەدی، جێگری بەرێوەبەری ناوەندی داکۆکیکاری مافی مرۆڤی ئێران،  لە رێگای لێدوانێکی تۆمارکراو و بە بڵاوکردنەوەی بابەتێکی نووسراو وێڕای پەردەلادان لەسەر ئازار و ئەزییەتی جنسیی ژنانی دەستبەسەرکراو لە زیندانەکانی ئێراندا، لەبابەت کەڵک وەرگرتنی مەئمووران و بەرپرسانی زیندانەکان  لە دەستدرێژی سێکسی بۆسەر ژنان وەک چەکێکی مەترسیدار هۆشداری دەدا و، پێداگریی لە سەر وتەکانی خۆی سەبارەت بە دەستدرێژیی سێکسی و ئەزییەتی و ئازاری جنسیی بەندکراوان لە لایەن کاربەدەستانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامییەوە کرد.

ئەو دیاردە نامرۆڤانەیەی کە نێرگس خانمی محەممەدی زۆر بوێرانە و روو بە هەموو دنیا باسی دەکا، شتێکی تازە  و نامۆ نییە. هەر لە یەکەمین رۆژەکانی هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی لە ئێران، ئینسانکووژ و جینایەتکارەکانی ئەو سیستمە مافیاییە کە لە هەموو بەها ئینسانی و مرۆییەکان داشۆراون، سووکایەتی و ئەزییەت و ئازاری جەستەیی و جنسیی ژنانیان وەک چەکێکی مەترسیدار لەسەر شەقامەکان و لە نێو زیندانەکاندا بەکار هێناوە. ئەوە بێجگە لەو زنجیرە دەستدرێژییە سێکسییانەی کە بە پێی شەرع و یاسای ئیسلامی دەکرانە سەر ئەو کچانەی تەنیا بە تاوانی ئازادیخوازی و دژایەتی دیکتاتۆری ئیسلامی لەوپەڕی دڕندەییدا تیرباران کران.هەرگیز سیمای ترس لێنیشتووی ئەو ژنە کارەکەرەی یەکێک لە کۆشکەکانی رژیم پەهلەوی لە بەر چاوان ون نابێ کە تەنیا بە تاوانی کارەکەر بوون لە یەکێک لە کۆشکەکانی رژیمی شا،لە لایەن حوسێن سەلامی فەرماندەی ئێستای سپای پاسداران وچەند جینایەتکارێکی دیکە،پاش ئەوەیکە بە مەبەستی سووکایەتی پێکردن و بێرێزیکردن بە کەسایەتی ئەو ژنە بەشێوەیەکی زۆر غەیرە ئینسانی بە نێو شەقامەکانی تاراندا سووراندیانەوە و پاش بە لێدانی ١٨ زەبری چەقۆ گیانیان لێسەند،بەڵام بەوەش دەروونی نەخۆش و پر لە قین ونەفرەتیان دانەمرکا و تەرمی بێگیانیان ئاگر تێبەردا.بە سەدان کچی خەباتکاری چەپ و ئازادیخواز لە سیاچاڵەکانی ئەو رژیمە سەرکوتگەرەدا لە لایەن کاربەدەستان وزیندانەوانەکانی رژیمەوە و بە مەبەستی ئازاردانی  دەروونی دەستدرێژی سێکسیان کراوەتەسەرو، بەر لە سێدارەدان و تیربارانکردنیان بە پێی شەرعی ئیسلام و وەک بە جێگەیاندنی ئەرکێکی دینی  دەستدرێژیی سێکسیان کردووەتە سەر ئەو کچانە.

یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی دامەزراندنی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی هێرشکردنەسەر ئازادی و مافەکانی ژنان بووە.لە رێگای سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ وکێشانی پەردەی رەش بەسەر کۆمەڵگادا و ناردنەوەی ژنان بۆ سووچی ماڵەکان و بەرتەسکردنەوەی هەموو بوارەکانی خوێندن و کار وچالاکیی سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ ژنان و،سەپاندن وپەرەدان وبەهێز کردنی یاسای کۆنەپەرەستانەی دژە ژن وبرەودان بە داب ونەریتی پێاوسالارانە و،هەوڵدان بۆ بنەجێکردنی ئەو باوەڕە کە ژن ومافەکانی ژن دژی ئەمنییەت و ئاسایش و هاوسەنگیی کۆمەڵایەتین و،ئازادیی ژن بەواتای هێرشکردنە بۆسەر ئایین ویاسا ئاسمانییەکان و،هەوڵدان بۆ کەم بایەخکردنی رۆڵی ژنان لە هاوکێشە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا،تێکۆشاون کە پێگەی ژنان لە هەموو روویەکەوە بۆ نزمترین ئاست دابەزێنن و، بە پشت بەستن بە شەرع و یاسا ئیسلامییەکان کە بنەمای سەرەکی یاسای بنەڕەتی ئێرانە، لە رێگای پەرەدان بە دیاردەی سیغە و چەسپاندنی یاسای فرە ژنی و گەلێک بابەتی تر، کاریان کردووە بۆ ئەوەیکە کەسایەتی ژن وپێگە و لێهاتوویەکانی ژنانیان هەتا ئاستی کەرەسەیەکی سێکسی دابەزێنن.ئەم رژیمە دژە ژنە هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ خەباتی لێبڕاوانەی ژنان، مێتۆد و شێوازەکانی ئازاردانی جنسی و گرتنەبەری سیاسەتی کۆنەپەرەستانە ودژە ژنی خۆی گۆڕیوە و، لە هەر دەرفەتێک کە بۆی لووابێ تۆڵەی خۆی لە دەسکەوت و بەرەوپێشچوونەکانی خەباتی ژنانی ئازادیخواز کردووەتەوە و،بۆ ئەم مەبەستەش هەر وەک لە قسەکانی نێرگس محەممەدی و زۆرێک لە ژنانی ئازادیخوازی دەستبەسەرکراودا دەردەکەوێ،دەستدرێژی سێکسی و ئازاری جنسی و جەستەیی و دیاردەی تووند وتیژی بەرامبەر بە ژنان ،وەک چەکێکی کوشەندە بە شێوەیەکی  سیستماتیک بەرێوە دەچێ.ئەوەی ئاشکرایە و جێگای نیگەرانییە ئەو راستییە تاڵەیە کە لە لایەکەوە لەبەر بوونی هەڕەشە و مەترسی گیانی و، لە لایەکی دیکەوە لەبەر نەبوون یان لاوازبوونی وشیاری و رۆشنبیریی رەگەرزی و جنسی،ئازاری جنسی و دیاردەی تووندوتیژی بەرامبەر بە ژنان بە شاراوەیی دەمێنێتەوە و قوربانییەکانی ئەو دیاردەیە هەتا کۆتایی ژیانیان لەژێر کاریگەرییە جەستەیی و دەروونییەکانی دیاردەی تووندوتیژی و دەستدرێژی سێکسی ئەو جینایتکارانەدا دەمێنێتەوە و گەلێک جار کارەسات و رووداوی دڵتەزێنی مرۆیی لێدەکەوێتەوە.بە داخەوە کۆمەڵگای داخراو و چەپێندراوی ئێران و زاڵبوونی کلتوور وداب ونەریتی کۆن و باوک سالارانە،دواکەوتووی فەرهەنگی و لە خوارەوەبوونی ئاستی ووشیاری تاک و کۆمەڵگا بوونەتە هۆکاری ئەوەیکە تووندوتیژی

 

و ئازاری جنسی بەتایبەت بەرامبەر بە ژنان وکچان بە باشی نەناسرێ و، زۆر جار و لە زۆر شوێن تەنیا پێوەندی راستەوخۆی سێکسی نێوان دوو رەگەز وەک دەستدرێژی سێکسی و ئازاری جنسی ئەژمار بکرێ، لە کاتێکدا تووند وتیژی و ئازاری جنسی لایەن وشێوازی گەلێک جۆراجۆر و تەنانەت نامۆی هەیە کە زۆربەی جارەکان کەس ولایەنی وەک سیستمی مافیایی کۆماری ئیسلامی بە ئامانج و مەبەستی تایبەت بەرامبەر بە کەسی قوربانی ئەنجامی دەدەن.

 

توندووتیژی بەرامبەر بە ژن یان توندووتیژی رەگەزی و جنسییەتی  بەو کردەوە و ئاکارانە دەگووترێ  کە دژی ژنان و کچان ئەنجام دەدرێت و بە پیی  پێوەرە ستانداردەکان بە تایبەت کە کاتێک ئەم کردەوانە بە مەبەستی ئازاردان بەرامبەر بە ژنان بەرێوە دەچێ ،بێ ئەم لاولا دەچێتە خانەی تاوانی قورسەوە و،وەک چەوساندنەوەی رەگەزی چاوی لێدەکرێ.

(رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی نەھێشتنی توندووتیژی دژی ژنان دەڵێت “توندووتیژی دژی ژنان بریتییە لە بەرجەستەبوونی پەیوەندییە مێژووییە نایەکسانەکانی نێوان ژن و پیاو و توندوتیژی دژی ژنان یەکێکە لە رێکار و شێوازە سەرەکییەکان کە ژنان بەزۆر و ناچاری دەخرێنە ئاستێکی نزمتر و کەمتر بە بەراورد  لەگەڵ پیاوان.

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆفی ئەنان لە ڕاپۆرتێکی ساڵی ٢٠٠٦ کە لە ئابوونەی پەرەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژنان بڵاوکرابویەوە ڕایگەیاند: توندوتیژی دژی ژنان کێشیەکی گشتگیرە و لە جیھان دا بەلایەنی کەمەوە ھەموو سێ ژنێک دانەیەکیان ڕووبەڕووی لێدان، سێکسی زۆرەملێ یان دەستدرێژی بۆتەوە لە خاڵێک لە خاڵەکانی ژیانی دا کە زۆرجار کەسی دەستدرێژیکەر کەسێکی ناسراوی ژیانی ژنەکە بووە).

(توندوتیژی دژی ژنان دەچێتە خانەی چەند پۆل و بوارێکەوە و توندوتیژی لەلایەن تاکەکەس و دەوڵەتیشەوە ئەنجام دەدرێت. ھەندێک لە جۆرەکان کە لەلایەن تاکەکەسەوە ئەنجام دەدرێت “جووت بوونی بەزۆر، تووند وتیژی خێزانی ، دەستدرێژی سێکسی، منداڵخستنەوەی زۆرمڵێ، کوشتنی کچە ساواکان، دیاریکردنی ڕەگەز پێش لەدایکبوون و توندوتیژی پێش لە دایکبوون” و، ھەروەھا کردە باو و نەریتییەکان  وەک “توندوتیژی لە کاتی دەستگیرانی دا، خەتەنەکردنی ژنان، ھاوسەرگیری لەڕێی فڕاندن و ھاوسەرگیری زۆرەملێ”. ئەو توندوتیژییانەی لەلایەن ھەندێک لە دەوڵەتانەوە ئەنجام دەدرێت ،”دەستدرێژی کردنی سێکسی لە کاتی جەنگ دا، توندوتیژی سێکسی و کۆیلەکردنی سێکسی لە کاتی ناکۆکییەکان دا، نەزۆک کردنی زۆرەملێ، منداڵ لەباربردنی زۆرەملێ، توندوتیژی لەلایەن پۆلیس یان کەسانی دەسەڵاتدار، بەردبەباران کردن و بەقامچی لێدان” و، چەند شێوەیەکی تری توندوتیژی وەک بازرگانی کردن بە ژنان و لەش فرۆشی زۆرەملێ کە لەلایەن تۆرە تاوانکارییەکانەوە بەرێوە دەچێ).

سەرەرای هەموو ئەوانە ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و یەکسانیخواز بە خەبات و تێکۆشانی بەردەوام لە ئاستی جیهاندا گەلێک دەسکەوتی پڕبایەخ و یاساییان دەستەبەر کردووە. چاڵاکانی بواری مافەکانی ژنان وێڕای دەستنیشانکردن و ناساندنی شێوازەکانی تووندوتێژی و جۆرە جیاوازەکانی ئەم دیاردەیە لە وڵاتانی جۆراوجۆردا و بە پێی یاسا و کلتوورە باوەکانی ئەو کۆمەڵگا و ناوچە جیاوازانە،هەوڵیان داوە لە رێگای کاری وشیاری دەرانە و ئاگایی بەخشینی گشتی، ئاستی وشیاری تاک و کۆمەڵگا بەرامبەر بەو دیاردەیە بەرنەسەر.

لێرەدا بە پێویستی دەزانم ئاماژە بە هێندێک لە جۆرەکانی تووندوتیژی بکەم کە راستەوخۆ وەک ئازاردانی جنسی و دەروونی بە تاوان ئەژمار دەکرێن و ئەرکی دەوڵەت و یاسایە کە بەرامبەر ئەو تاوانانە بوەستێتەوە و ئەنجامدەرانی وەک چەوسێنەری رەگەزی و تاوانباری مەترسیدار کە ئەمنییەت وئاسایشی گشتی دەخەنە بەر مەترسی وهەرەشە، سزا بدرێن.بێجگە لە ئەرک و بەرپرسیارەتی دەوڵەت ویاسا کە بەداخەوە بە پێی راپۆرتەکان و قسەی قوربانییەکان و سیاسەتی دژە ژنی کۆماری ئیسلامی و، یاسا ئیسلامییە دواکەوتووەکانی کە سەرچاوەی ئازار و مەینەتی مرۆڤ و بە تایبەت ژنانە،خۆی وەک سیستمێکی تاوانکار و چەوسێنەر دەبێ ریسوا و شەرمەزار بکرێ، ئەوە پێویستە هەموو تاکێکی مرۆڤدۆست،وشیار و ئازادیخواز، بە وردی وژیری و، بە هەست بەبەرپرسیارەتی لەو کاروکردەوانە بروانن کە دەبنە مەترسی و وەک ئازاری جنسی رووبەرووی تاکەکانی تری کۆمەڵگا و بە تایبەت ژنان و کچان و منداڵان دەبنەوە.

بە شێک لەو کردەوانەی کە وەک ئازاردانی جنسی و تووندوتیژی ئەژمار دەکرێن و لە گەلێک ناوەند و رێکخراوی پارێزەری مافەکانی ژنان و منداڵان تۆمار کراون و وەک پێوەری ئەو دیاردە نامرۆڤانەیە ئەژمار دەکرێن:

  • ١-جووت بوونی زۆرەملێ
  • 2- سێکسی نادڵخواز و بەزۆر و گوشار لەگەڵ ھاوسەر
  • 3- توندوتیژی خێزانی
  • 4-کوشتنەکان لەسەر نامووس
  • 5- تووند وتیژی لە ماوەی دەستگیرانی دا
  • ٦-هاوسەرگیری زۆرەملێ
  • ٧-خواردن پێدانی زۆرەملییانە
  • ٨- تووندوتیژی لەسەر ئەساسی باشتر بوونی کور یان کچ
  • ٩-تێزاب پێداکردن

١٠-منداڵخستنەوەی زۆرەملێ

  • ١١-دەستدرێژی بە بیانووی ژوانکردن
  • ١٢-تووندوتیژی سێکسی لە ناو زانکۆدا
  • ١٣-سنووردار کردنی ئازادی و سەربەخۆیی جووڵانەوەکان
  • ١٤-رەتکردنەوە و پێنەدانی خزمەتی تەندرووستی
  • ١٥- بەدواکەوتن، یان شوێنکەوتن بە مەبەستی چاودێریکردن
  • ١٦-دەستدرێژی سێکسی و لەشفرۆشی زۆرەملییانە و بازەرگانی مرۆڤ
  • ١٧- هەڵسوکەوتی خراپ و نەشیاو بەرامبەر بێوەژن
  • ١٨-تاوانبارکردنی بە جادووگەر
  • 19-تووندتیژی لە لایەن دەوڵەتەوە
  • ٢٠-سووتاندنی مەمکی ژنان
  • ٢1-تووندوتیژی پێش لە دایکبوون
  • ٢٢-تووندوتیژی دژی ژنانی رەسەنی ناوچەیەک
  • ٢٣-تووندوتیژی دژی ژنانی کۆچبەر وپەنابەر
  • ٢٤-تووندوتیژی پەیوەست بە بوارەکانی وەرزشەوە
  • ٢٥-تووندوتیژی و دەستدرێژی لە ئینترنێت دا