داڕمانی ئابوری ڕژیمی ئیسلامی

هابرماس لەسەر ئەو باوەڕەیە کە جیهان شاهیدی شەڕ و دڕندەییە، شەڕ بەشێكی ناڕاستەوخۆیە لە سرۆشتی مرۆڤ، بەڵام سەرەڕای ئەم سرووشتە ڕاستەقینەیە، مرۆڤ زۆر بە جوانی دەتوانێت بەرهەمی شەڕ پاك بكاتەوە و دەبێ بۆ چارەسەری كێشەكان بتوانێت هەنگاوی ئەرێنی هەڵگرێت، تا بەو شێوە كێشەكانی چارەسەر بكات و ڕێگەچارەیەكی بۆ بدوزێتەوە.
لە حاڵێكدا ڕژیمی ئیسلامی ئێران لە ناوخۆیی وڵاتدا لە قەیرانی ئابووری و كۆمەڵایەتیدا نوقم بووە، لە سیاسەتی دەرەوەشدا تووشی شكەستی گەورە بووە و بە گشتی لە ناوچەكە پاشەكشەی كردوە و هەڵبەت بە هاتنی ”ترامپ” جارێكی دیكە قەیرانی ئابووری بەرۆكی خەڵكی گرتوەتەوە.
لە لاێكی دیكەوە دۆلار ٩٤ هەزاری تێپەراند، نرخی هەڵاوسانی شتومەكی خواردن شەش قات گرانتر بووە. بە وتەی پسپۆڕانی ئابووری ڕژیم بە گشتی سیستەمی ئابووری ئێران داڕماوە، بۆ نمونە نرخی برینج لەسەدا هەشتاوپەنج زیادی كردوە و ئاماری خودی ڕژیمیش باس لە بەرزبوونەوەی لە سەدا حەفدەی نرخی شتومەكی خواردن لەم مانگی ڕێبەندان دەكەن.
لەم دۆخەدا ناوەندی ئاماری ڕژیم دەڵێت لەسەدا بیست و حەوتی خەڵك ڕۆژانە تەنها دوو دۆلاریان بۆ بژیوی ژیانی ڕۆژانەیان هەیە و زۆر كات سفرەی خەڵك هیچی تیا نییە بۆ خواردن، لەلایكی دیكەوە هەواڵنێری ئیلنا كە سەر بە ڕژیمە باس لەوە دەكات كە نرخی یەک کیلۆ پیاز بە نەود و دوو هەزار تمەنە و ئەوەش داڕمانی ئابووری ڕژیم نیشان دەدات.
هەر ئێستە بەشێكی زۆر لە قوتابخانەی شارە جیاوازەكانی ئێران بە هۆی نەبوونی گاز و بەرقەوە داخراون، لە وڵاتێك قوتابخانە دابخرێت، واتە ئەو وڵاتە تووشی قەیرانی گەورەیە و ئەوە نیشاندەری ئەوە كە ڕژیمی ئیسلامی ئێران ناتوانێت بەرپرسایەتی خەڵك لە ئەستۆ بگرێت و هەر ئەوەش وای كردووە ڕژیم بیانویەك بۆ سەركوتی شاڕۆمەندانی ئێران بە بێ جیاوازی هەبێت.
بازار گەیشتوەتە خاڵی سفر، بازاریەكان باس لە قوفڵ بوونی بازار دەكەن و زۆربەیان لەسەر ئەو باوەڕەن كە تا یەك یا دوو مانگی دیكە دەتوانن لەو دۆخەدا بەرگە بگرن و ناچار دەبن دوكانەكانیان دابخەن و هەروەها باس لە نەبوونی بەڕێوەبەرایەتی دەكەن و دەڵێن كەس لە جێگەی خۆی نییە و هەر كەس بەیانی زوو لە خەو هەستێت ئەو ڕۆژە ئەو هەموو كارەیە و بۆ خۆیی حەسێبە و هەروا كە ماركس دەڵێت؛ مرۆڤەكان خۆیان نازانن بەڵام نەزانراو دەیكەن، واتە ڕژیمی ئیسلامی ئێران خۆشی نازانێت چ دەكات و چۆن وڵات بەڕێوە دەبات و ئەوەش بووەتە هۆی لە ناوچونی دۆخی ژێرخانی ئابووری ئێران.
بە بڕوای پسپۆڕانی ئابووری، بناغەی هەموو بەشەكانی ئابوری تێك داڕماوە و ڕژیم هیچ كونترولێكی لەسەر بەشی ئابووری نەماوە و شتومەكی ڕۆژانەی خەڵك سات بە سات گرانتر دەبێت و هەروەها پیشبێنی دەکرێ دەوا و دەرمان لەسەدا هەشتسەد گرانتر دەبێت و ئەوەش وادەكات خەڵك چیدی توانای كرینی دەرمانیان نەبێت.
لە دوایین ڕووداوەكانی ناوچەشدا سەفیری وڵاتی عەرەبستان دوایین ئاگاداری ترامپی بە ڕژیم داوە و هەر بەو هۆیەشەوە دۆلار جارێكی دیكە سنووری نەودی بری کە دیسان کاریگەری ڕاستەخۆی لە سەر بژیوی خەڵک دادەنێ. خەڵك لەگەڵ كۆمەڵێك قەیرانی ئابووری و كۆمەڵایەتی قورس ڕووبەڕوون و ئەمە لە حاڵێكدایە ڕژیم نە تەنها هەنگاو بۆ چاكسازی هەڵناگرێت بەڵكوو بە پێچەوانەی ئەوە لە ناوخۆ دەستی داوەتە ئێعدام، گرتن و ئەشكەنجەی خەڵكی بێ دەرەتان. ئێمە ڕۆژانە دەبینین كە چۆن پولیس و ئیتلاعات و… خەڵك دەگرن و شكەنجەیان دەكەن. فەزای ئەمنییەتی لە ئێران چڕتر بووە و ڕژیم بە جێگەی چارەسەری كێشەكان دەیەوێت بە سەركوت کردن هەموو شت چارەسەر بكات. ئەوەی ئێستا گرنگە ویست و داخوازی خەڵكە و ئەویش تێپەرینە لە ڕژیمی ئیسلامی ئێران.
ئەوەی ڕوونە ئێتر گرنگ نییە كە زۆرینەی خەڵك لە ڕژیمی ئیسلامی ئێران رازی بن یان نا، ئەوەی گرنگە خەڵك بە گشتی تووڕەن و ئەو تووڕەییە، ڕاستەوخۆ خامنەیی كردووەتە ئامانج و لە ئان و ساتدایە تووڕەیی خەڵك بتەقێتەوە و تانوپۆی ڕژیم هەڵتەكێنێت.