دادگای باڵای ئیران سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی لەگەڵ دوو زیندانی دیکە پەسەند دەکات

0

سەرچاوە هەواڵییەکان ڕایدەگەیەنن دادگای باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی، چالاکوانی کورد لەگەڵ دوو زیندانی دیکەی سیاسی بە بەناوەکانی بێهروز ئیحسانی ئیسلاملوو و مێهدی حەسەنی پەسەند کردووە.

ئەمیر ڕەئیسیان پارێزەری پەخشان عەزیزی ڕۆژی چوارشەممە 8ی مانگی یەک ڕایگەیاند پەسەندکردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان لە لایەن لقی 39ی دادگای باڵای کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە “بە بێ گوێدانە کەموکوڕییە زۆرەکانی دۆسیەکە”بووە.

ڕەئیسیان ڕایگەیاندووە “دوای دەرکردنی سزای لەسێدارەدان لە لایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامی تارانەوە، داوایەکی پێداچوونەوەم بۆ سزاکەی ئەو زیندانییە کوردە تۆمار کردبوو، بەڵام لەلایەن دادگای باڵاوە، پێداچوونەوەکە ڕەتکراوەتەوە و سزای لەسێدارەدانەکەی عەزیزی پەسەندکراوە، ئەمەش بەبێ گوێدانە ئەو کێشە و کەموکوڕییە زۆرانەی لە دۆسیەکەدا هەیە.”پەخشان عەزیزی دەرچووی بواری کاری کۆمەڵایەتی لە یەکێک لە زانکۆکانی تاران، یەکەمجار لە کۆتاییەکانی ساڵی 2009 لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی خوێندکارانی کوردی زانکۆی تاران لە دژی لە سێدارەدانی زیندانیانی سیاسی لە کوردستان دەستبەسەر کرا و دوای 4 مانگ لە دەستبەسەربوونی بە کەفالەتی 100 ملیۆن تمەنی ئیرانی ئازاد کرا.

عەزیزی دواجار بەهۆی فشار و هەڕەشەی بەردەوامی لایەنە ئەمنی و ئاسایشییەکانی کۆماری ئیسلامی، ئێرانی بەجێهێشتووە و بە مەبەستی ئەنجامدانی توێژینەوە لەسەر دۆخی ژنانی کورد، ڕووی لە هەرێمی کوردستان و دواجاریش رۆژئاوا کردووە.

هەروەها گرووپەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران ڕاپۆرتیان داوە کە دادگای باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران سزای لەسێدارەدانی بێهرووز ئیحسانی ئیسلاملوو و مێهدی حەسەنی پشتڕاست کردووەتەوە.

بە پێی ئەو زانیارییانەی دەست “هرانا” گەیشتووە، ڕۆژی سێشەممە سزای لەسێدارەدانی ئەو دوو زیندانییە سیاسییە بە پارێزەرانی ڕاگەیەندراوە.

بێهرووز ئیحسانی ئیسلاملوو و مێهدی حەسەنی لە کۆتایی هاوینی ساڵی ڕابردوو بە تۆمەتی “بەغی، شەڕ، گەندەڵی لەسەر زەوی، کۆکردنەوەی زانیاری نهێنی، و کۆکردنەوە و هاوکاری دژ بە ئاسایشی نیشتمانی” لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامیەوە سزای سێدارەیان بۆ دەرکرا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *