تێڕوانینێک سەبارەت بە پرسی دەستدرێژیکردنی سەر زیندانیان

تێڕوانینێک سەبارەت بە پرسی دەستدرێژیکردنی سەر زیندانیان
سۆران محەمەدی، دەروون‌ناس
هەر جار کە هەواڵی دیلکراوانی ئێران دێتە گۆڕێ، باسی دەستدرێژی سێکسیش بە شوێنی دا دێتە سەر مانشێتی هەواڵەکان. دیارە ئەم کردەوە قیزەونە لە پێش شۆڕشی گەلانی ئێرانیشەوە هەر بووە و لە زیندانی شایش دا ئەم دیاردە ڕوویداوە، بە داخەوە لەبەر زۆر هۆکار قەت لە لایەن زیندانیانەوە باسی نەکراوە، بەڵام ڕێژەی زۆری دەستدرێژی سێکسی لە ڕژیمی ئیسلامیدا وای کردووە کە ئەو تابۆیە شکاوە و هاواری هەموو قوربانیانی بەرز کردوەتەوە، ماوەیەک لەمەوپێش هەواڵی دەستدڕێژی سێکسی “سپا” بۆ سەر چەند زیندانی بەلووچ هانیدام لە چەند خاڵ دا ئەم کردەوە قیزەونە شی بکەمەوە:
– لە ساڵەکانی دەیەی شەستی کۆچی دا “مونتەزێری” نیگەرانی خۆی سەبارەت بە دەستدڕێژی سەر زیندانیانی سیاسی لە نامەیەک دا ڕاگەیاند، ئەوەی دواتر لە زمانی شایەتحاڵەکاندا دەرکەوت ئەوە بوو کە بە دوو هۆکار ئەم کارەیان کردووە: یەکەم لە بەر یاسای شەرعی پێیان وا بووە ئەو کچە زیندانیانەی کە کچێنی خۆیان پاراستووە نابێ ئاوا ئیعدام بکرێن و دەبێ کچێنیان نەمێنێ و کە بوونە ژن جا حوکمەکەیان بەڕێوە بچێت، دووهەم هۆکار کە ڕەگەزی نێریشی ئەگرتەوە بۆ ڕووخاندنی کەسایەتیی زیندانیان و دۆڕاندنی ورەیان دەستدڕێژییان دەکرایە سەر…
– میشێل فۆکۆ لە کتێبی “چاودێری و سزادان، لەدایک بوونی زیندان” باس لەوە دەکات کە بەرپرسانی زیندان لە چەندین ئامراز بۆ شکاندنی ورە و کەسایەتی زیندانی کەڵک وەردەگرن، کە قیزەونترینیان دەستدڕێژی جەستەیی و سێکسییە. بەو واتایەی کە ئەگەر زیندانی خۆڕاگر بێ و دەمی قورس بێ، وای لێئەکەن لە خۆی بێزار ببێ و ورەی بشکێ، زۆرجار ئەبینین کە دوای ئەوەی لە زیندان ئازاد ئەکرێن ناتوانن لەگەڵ ئەو کردەوەی لەگەڵیان کراوە ڕێک کەون و دەست دەدەنە خۆکوژی.
– لە ساڵە سەرەتاییەکانی رێژیمەوە وەکوو “کڵاو شەرعی” کچانی زیندانییان (صیغە) ئەکرد تاکوو نێوی “زنا”ی نەخرێتە سەر و پاشان دەستدڕێژیان دەکرد، بەڵام بە ئەزموونێک کە لەم ماوەیەدا دەستیان کەوت حوکمی “موحارەبە”یان داهێنا کە بە ناوی (موحارەبە لەگەڵ ئیسلام) ناسراوە، بە پێی ئەو حوکمە ئەو کەسەی کە موحارەبە (واتە شەڕ) لەگەڵ دین دەکات، ماڵ و حاڵ و گیانی حەڵالە، بەو پێیە دەکرێ بیکوژن، ئەشکەنجەی بدەن، دەست بەسەر ماڵ و سامانی بگرن یان دەستدڕێژی بکەنە سەری، ئیتر وای لێهاتووە کە نێر و مێی بۆ نییە و وەکوو یەکێک لە تێکنیکەکانی ئەشکەنجە کەڵکی لێوەردەگرن.
– ئەبینین کە ئەم دیاردە جگە لە رێژیمی ئێران لە نێو تاقمە توندڕەوەکانی ئیسلامیش دا هەیە و ئەوان بە جێی دەستدرێژی لە زینداندا، نێوی کۆیلەی دەخەنە سەر و بە ئاشکرا کەڵکی سێکسی لێوەردەگرن و بە کڕین و فرۆشتنی دەدەن. بۆیە لە نێو ئەو گرووپانەدا ئیدی باسی (صیغە) و “کڵاوشەرعی” نییە و ئەوەی کە پێیان وابێ لەگەڵ بیر و ڕایان ناگونجێ، بە کافری ئەزانن و گیان و ماڵی حەڵاڵە (بڕواننە کارەساتی ئێزەدیەکان). لەم ساڵانەی دوایی دا لە سووریاش چەندین هەواڵی دەستدرێژی زیندانیان دەنگی دایەوە، بۆ نموونە کردەوەی حیزبی بەعس لە ئێراق عەبدووڵڵا پەشێوی هان دا ئاوا شیعری “کونگرەی شووشان”بهۆنێتە:
دوێنێ کۆنگرە بوو…
کۆنگرەی شووشان بوو
هەر وڵاتێک و شووشەیەکی نارد
هەر شووشەیەک و
بەسەرهاتی خۆی پوختە گێڕاوە:
چەند قاوەخانە و چەند ماڵ گەڕاوە،
لەسەر چەند مێزان تاج لەسەر بووە،
چەند دەمی دیوە و چی تێ کراوە!
پێش ئەوەی کۆنگرە کۆتایی پێ بێ
بوتڵێکی ڕەشی
لە سپێدەوە، کڕ و کپ و مۆن
قوت بۆوە و هاتە بەردەم میکرۆفۆن:
‘خوشکان، برایان!
من وەکوو ئێوە سەربردەم نییە،
نە مێزم دیوە، نە کۆڕی یاران
نە گەشتی لادێ، نە باڕی شاران
ڕاستیتان دەوێ؟
ئەو ڕێیە دوورەم بۆیە بڕیوە
تا پێتان بڵێم:
من شووشەی بەعسم
لە پاش و پێشی مرۆڤ بترازێ،
هیچم نەدیوە..
– ئەتوانین بڵێین دەستدرێژیکردن تاوانێکە کە لە رووی توندوتیژیەوە ئەنجام دەدرێت نەک لەبەر شەهوەت، هەر بۆیە دەبینین منداڵان و بەساڵاچووان و ڕەگەزی پیاویش قوربانی تاوانێکی لەو شێوەیەن. ئەم گوشاری جەستەییە بۆ لەناوبردنی تەرکیزی دەروونی زیندانی بەکاردەهێنرێت هەتا کەسی دیل نکۆڵی لە بیروبڕواکەی بکات، کە لە ڕاستیدا هەر بۆ ئەم بیروباوەڕەیە کە خراوەتە زیندانەوە. بڕوابەخۆبوونی زیندانیەکە سەبارەت بە ئارمانجەکانی، دەتوانێ کاریگەری هەبێت لەسەر ڕادەی ئەو ئازارەی کە لە ئەنجامی ئەو دەستدڕێژییە تووشی دەبێت. ئەمەش بەو مانایەیە کە زانستی دەروونی نیشانی داوە کە پابەندبوون بە بیروباوەڕ و بەهاکانی مرۆڤ، یەکێکە لە هۆکارە گرنگەکان کە ڕۆڵی پارێزەری هەیە لە سەقامگیری زیندانیانی سیاسی.
– بە واتایەکی تر بەبێ گوێدانە تەمەن و ڕەگەز، کاریگەری و دەرئەنجامەکانی دەستدرێژی سێکسی لە سەرووی هەر جۆرە برینداربوونێکی جەستەیی و ئەشکەنجەیە. زەبر و زەنگی دەستدرێژی دەتوانێت وێرانکەر بێت. لەم ئەزموونەدا کەسەکە لەوانەیە هەست بە ترس و شەرم و تەنیایی بکات، یان کابوس ببینیت، چیتر هەست بە ئاسایش ناکات. متمانەی خۆی لە دەست ئەدات. لەوانەیە خۆی بە تاوانبار بزانێ بەو شتەی کە ڕوویداوە یان باوەڕ بەوە بهێنێ کە “پیس و چەپەڵ” بووە. لەوانەیە تووشی PTSD، دڵەڕاوکێ و خەمۆکی ببێت.
لە کۆتاییدا ئەبێ بڵێم ئەو کەسانەی کە دەستدرێژیان لە سەر کراوە هیچ سووچێکیان نییە و دەسەڵاتی ئەوەیان نەبووە کە پارێزگاری لە خۆیان بکەن و بەرگری بکەن، بۆیە پێشنیار ئەکەم هەوڵبدەن کە باسی بکەن و بە جێی ئەوەی شەرم لە گێڕانەوەی بکەن، بە بڵاو کردنەوەی ئەم رێژیمە شەرمەزار بکەن.