توندوتیژیی دژ بە ژنان بە هەموو جۆرەکانییەوە لە ئێران بەردەوامە….!
هاوژین ساڵحی، چالاکی سیاسی
توندوتیژی دژی ژنان دیاردەیەکی جیهانییە. لە پێشکەوتووترین کۆمەڵگەکان تا دواکەوتووترینیان، ژنان لەگەڵ توندوتیژی بەرەوڕوون. توندوتیژی لە هەموو جێگەیەک، لە ماڵەوە تا قوتابخانە، لە شوێنی کارەوە تا کەمپەکانی پەنابەری (بۆ نموونە لە ئەورووپا)، واتە هەم لە مەیدانی گشتی و هەم لە بواری تایبەتیدا دەبیندرێت.
ڕێکخراوەکانی ژنان لایەنی سەرەکیی داکۆکیکارن لە مافەکانی ژنان، بەڵام زاڵبوونی ئایدۆلۆژیای سیاسی لەسەر کارکردنیان وای کردووە لە یەکتر دوور بن، ئەوەش کاریگەریی لەسەر کەمکردنەوەی تواناکانیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان هەیە.
هەڵاواردنی ڕەگەزی لەنێو بنەماڵەدا، لە توێی هەڵسوکەوتی نادادپەروەرانە بەرانبەر بە منداڵانی کچ، پەیڕەونەکردنی یەکسانی لەنێوان کچ و کوڕدا، جیاکاری و جیاوازیدانان لەنێوان ژن و پیاو لەو هۆکارانەن کە دەبنە هۆی دابەزینی ئاستی بڕوابەخۆبوون لەنێو ژنان و کچاندا. هەروەها سیستەمی پەروەردە لە خوێندنگەکان هاوشان لەگەڵ کەلتووری زاڵی دژەژنی باو لە کۆمەڵگەدا و دەزگاکانی ڕاگەیاندن کە بەپێی سیاسەتی دژەژنی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران کار دەکەن، پەرەپێدەری ئەو دیاردەیەن. لە وەها سیستەمێکدا هەوڵ دەدرێت ژن لاواز و بێ هەڵوێست بار بێت، فێر دەکرێت بۆ پاراستنی بەناو ئابڕووی بنەماڵە بەرامبەر بە توندوتیژی و تەنانەت دەستدرێژیی سێکسیش بێدەنگ بێت.
چارەسەرکردنی توندوتیژی دژی ژنان ئاڵنگارییەکی ئاڵۆزە کە لەسەر ئاستی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی و کەلتووری و یاسایی، پێویستی بە گۆڕانکاری هەیە. بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم کێشەیە، پێویستە چەند ڕێگایەکی جیاواز بەکار بهێنرێت، وەک: “پەروەردەکردن و هۆشیاری لە ناوەندەکانی خوێندنگە و زانکۆکان؛ تاکەکانی کۆمەڵگە لە ڕێگەی سیمینار و نامیلکە و دەزگاکانی ڕاگەیاندن هۆشیار بکرێنەوە؛ داڕشتن و بەهێزکردنی یاساکانی دژە توندوتیژی؛ دروستکردنی تۆڕی پاڵپشتی بۆ ئەو ژنانەی ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە؛ دروستکردنی سیستەمێک کە بە شێوەیەکی کاریگەر و خێرا مامەڵە لەگەڵ سکاڵاکانی توندوتیژیی خێزانی بکات و ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دروست بکات.”
دهبێ به ڕاستی وهک تاک پهرۆشی دۆخی ژن بین و لههەمبهر ئهو توندوتیژییانەی بەرانبەریان دهکرێت، بێدهنگ نهبین و به ههر شێوهیهک بێت، بێینه دهنگ و نههێڵین کارهساتهکه به ئاسانی ڕوو بدات. پراکتیک و کردهگهرێتی لهنێو کۆمهڵگە و بیرکردنهوه و قووڵبوونهوهیش له ئاسته کولتوورییهکهیدا، دهتوانن زۆر یارمهتیدهری هوشیاریی ژنان بن و وا بكەن بهر له ههر شتێک ڕێزی ژنێتی و ئازادی و مافهکانی خۆیان بگرن.