بەڵێ بۆ دادپەروەریی نیان، نا بۆ تۆڵەکردنەوەی حکومەت….
سۆران محەمەدی، دەروونناس
هەواڵی دەستدرێژی دڕندانە و کوشتنی نیان، کچێکی شەش ساڵانی خەڵکی بوکان، برینێکی نوێ و قووڵە لەسەر ویژدانی بەکۆمەڵمان. ئەم کارەساتە نە یەکەمین حاڵەتی توندوتیژی دژ بە منداڵان لە ئێراندایە نە دواهەمینی، ئەگەر گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە یاسا و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان و کولتووری گشتیدا ڕوونەدات؛ لە وڵاتێکدا کە سیستەمی دادوەری و یاساکانی لە جیاتی پشتیوانیکردنی قوربانییان، سەکۆیەکە بۆ بەردەوامیی توندوتیژی و هەڵاواردن، چۆن چاوەڕێی ئەوە بکەین کارەساتی لەو شێوەیە ڕوونەدات؟
سیستەمی دادوەری ناکارامە و قەیرانی دادپەروەری بۆ قوربانییەکان
لە ئێران یاساکانی پەیوەست بە دەستدرێژی و توندوتیژی سێکسی، بە تایبەت دژی منداڵان، کەموکوڕی گەورەیان هەیە. لە زۆر حاڵەتدا باری سەلماندنی دەستدرێژی لەسەر شانی قوربانییەکە، ئەویش لە سیستەمێکدا کە قوربانییەکە لەبری ئەوەی پشتیوانی لێبکرێ، تاوانبار و شەرمەزاری دەکرێ. تەنانەت لەو حاڵەتانەش کە تاوانەکە سەلمێنراوە، سزاکان لەگەڵ توندی تاوانەکە هاوتەریب نین. هەروەها کەلێنی یاسایی گەورە لە پاراستنی منداڵاندا هەیە؛ بۆ نموونە لە زۆر حاڵەتدا ئەو تاوانبارانە کە پەیوەندیی خزمایەتییان بە قوربانییەکەوە هەیە لە سزای توند بەخشراون.
لە لایەکی ترەوە پێکهاتە نەریتی و کولتوورییەکانی کۆمەڵگا، بە دروستکردنی چەمکی شەرمەزاری و بێدەنگی سەبارەت بە پرسە جنسییەکان، ڕێگری لەوە دەکەن کە منداڵان ئەو توندوتیژییەی کە ئەزموونیان کردووە، ڕاپۆرتی بکەن. نەبوونی پەروەردەی فەرمی سەبارەت بە بابەتی سێکسی و مافی منداڵان، نەک هەر بێ خەبەر لە مافەکانیان دەکات، بەڵکو لە هەندێک حاڵەتدا تەنانەت دەرک بەوە ناکەن کە قوربانی توندوتیژین.
کەڵکوەرگرتنی رژیم لە کارەساتەکان، بۆ ڕەواییپێدانی سێدارە
لەو ڕۆژانەدا کە کوردستان بۆ ناڕەزایەتیی بەرامبەر بە حوکمی لە سێدارەدانی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی مانی دەگرت، حکومەت هەوڵیدا تیشک بخاتە سەر ئەم تاوانە و بە سوار بوون لەسەر شەپۆلی عاتیفی خەڵک، هێزی تووڕەیی جەماوەر بەو ئاراستەیە ببات تاکوو شەرعیەتی لەسێدارەدانی گشتی و تەنانەت ڕەجم و بەردبارانکردن زیندوو بکاتەوە. میدیاکانی رژیم کە لە حاڵەتەکانی تری هاوشێوەدا زۆرجار بە بێدەنگی بەلای ئەم کارەساتانەدا تێدەپەڕن، ئێستا بە کەڵک وەرگرتن لە کەلەجانی گشتی، هەوڵ دەدەن پاڵنەری کۆمەڵگا بەرەو قبوڵکردنی لەسێدارەدان بن.
بەڵام ئەم کایەی حکومەت، هەوڵێکە بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو نادادپەروەرییە سیستماتیکیانەی کە دەبنە هۆی کارەساتی لەو شێوەیە. ئایا لەسێدارەدان یان بەردبارانکردن دەتوانێ کێشەی دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان چارەسەر بکات؟ مێژوو دەریخستووە کە سزای توند نە تەنها ڕێگر نییە، بەڵکو کۆمەڵگا بە بازنەیەکی دووپاتەی توندوتیژی خوو دەگرێ. کاتێک حکومەت خۆی یەکێکە لە گەورەترین پێشێلکارانی مافی منداڵان- لە لەسێدارەدانی نەوجەوانانەوە هەتا سەرکوتکردنی منداڵانی نێۆ شۆڕشی ژن ژیان ئازادی- چۆن چاوەڕوان دەکرێت سزای لەسێدارەدان پارێزەری منداڵان بێت؟
ستراتیژییەکانی کەمکردنەوەی توندوتیژی دژی منداڵان
لە وڵاتێکدا کە حکومەت نەک هەر هەنگاو بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە نانێت، بەڵکو خۆی بەشێکە لە کێشەکە، دەبێت گۆڕانکاری لە ناو کۆمەڵگاوە دەست پێبکات. هەندێک لە گرنگترین ڕێوشوێنەکان کە دەتوانن کاریگەر بن لە کەمکردنەوەی ئەم جۆرە کارەساتانە بریتین لە:
۱. هۆشیاری و پەروەردەی سێکسی بۆ منداڵ و دایک و باوک
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەردەوامی توندوتیژی بەرامبەر بە منداڵان، نائاگابوون لە مافەکانیانە. لە زۆرێک لە وڵاتان، پەروەردەی سەبارەت بە سنووری کەسیی و چۆنیەتی دەستنیشانکردنی ڕەفتاری نەشیاو و چۆنیەتی ڕاپۆرتکردنی ئازاردان بە بەشێک لە سیستەمی پەروەردە دادەنرێت. لە ئێران کە ئەو جۆرە ڕاهێنانە قەدەغەیە، بنەماڵە و چالاکانی کۆمەڵایەتی دەبێ ئەم ئەرکە لە ئەستۆ بگرن. پێویستە بۆ بەهێزکردنیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، دایک و باوک فێر بن چۆن لەگەڵ منداڵەکانیان لەسەر ئەم پرسانە قسە بکەن.
۲. دروستکردنی تۆڕی پشتیوانی نافەرمی بۆ منداڵانی لە ئەگەری مەترسی
بەهۆی ناکاریگەری دامەزراوە فەرمییەکان، دروستکردنی تۆڕی کۆمەڵایەتی کەسانی زانا و بەرپرسیار دەتوانێ یارمەتیدەر بێ لە ناسینی منداڵانی لە ئەگەری مەترسی و پاڵپشتی کردنیان. ئەم تۆڕانە دەتوانن مامۆستا، توێژەری کۆمەڵایەتی، دەروونناس و تەنانەت دراوسێ و ئەندامانی خێزانیش لەخۆ بگرن.
۳. زیادکردنی هەستیاری گشتی و شکاندنی تابۆی بێدەنگی سەبارەت بە توندوتیژی سێکسی
بە هۆی تابۆی کولتوورییەوە، کۆمەڵگای ئێران و هەروەها کوردستان بەزۆری بەرامبەر بە توندوتیژی سێکسی بە تایبەت بۆ منداڵان، بێدەنگی لێدێنێت، بگرە تەنانەت منداڵەکە تاوانبار دەکرێ. گۆڕینی ئەم تێڕوانینە پێویستی بە چالاکیی ئاگادارکردنەوەیە لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تەنانەت لەسەر ئاستی گەڕەک و خێزانەکان. تا خەڵک زیاتر باسی ئەم پرسانە بکەن، ئەگەری ئەوە زیاترە کە قوربانییەکان بتوانن پشتیوانی کۆمەڵایەتی وەربگرن.
۴. فشاری کۆمەڵایەتی بۆ هەموارکردنەوەی یاساکان و زیادکردنی لێپرسینەوەی دامەزراوە بەرپرسیارەکان
تەنانەت لە ڕژێمە پاوانخوازەکانیشدا فشاری بیروڕای گشتی دەتوانێ کاریگەر بێت لە گۆڕینی یاساکاندا. هەڵمەتە مەدەنییەکان و ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانن حکومەت ناچار بکەن چاکسازی لە یاساکانی پاراستنی منداڵان بکات، تەنانەت ئەگەر ئەو چاکسازییانە کەمترینیش بن.
۵. پاڵپشتیکردنی قوربانییەکان بەجێی سەرنج لەسەر تۆڵەسەندنەوە لە تاوانباران
حکومەت بە نمایش کردنی توندوتیژی بەرامبەر بە تاوانباران هەوڵ دەدات کۆمەڵگا بەرەو تۆڵەسەندنەوە پاڵ بنێت، بەڵام ئەوەی لە ڕاستیدا گرنگە، پشتیوانی لێقەوماوان و ڕزگاربووانی ئەو جۆرە کارەساتگەلەیە. پێویستە هەوڵ بۆ دروستکردنی دامەزراوەی سەربەخۆ و جەماوەریی بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری دەروونی و یاسایی و کۆمەڵایەتی بۆ قوربانییەکان بدرێت.
دەرەنجام: داخوازیی دادپەروەری ڕاستەقینە، نەک دووبارەکردنەوەی سووڕی توندوتیژی
نیان قوربانی تاکێک نەبوو، قوربانی سیستەمێکی نەخۆش و کولتوورێکی پڕ لە بێدەنگی و ناهەڵوێست و حکومەتێک بوو کە بۆ مانەوەی خۆی لە مەرگ و خوێن کەڵکوەردەگرێ. ئێمە دادپەروەریمان بۆ نیان دەوێت، بەڵام ئەم دادپەروەرییە نەک بە سێدارە و بەردبارانکردن، بەڵکو بە گۆڕانکاری بنەڕەتی لە یاسا و پەروەردە و کولتووری گشتیدا بەدەست دێت.
ئەگەر ئەمڕۆ بکەوینە ناو گەمەی حکومەت و داوای لەسێدارەدانی شانۆیی بکەین، سبەی دیسان شاهیدی هەمان سیستەمی گەندەڵ و هەمان ئەو توندوتیژییە دەبین کە نیانیان کردە قوربانی. دادپەروەری بۆ منداڵان واتە دروستکردنی کۆمەڵگایەک کە ئاسایش و پاراستن و مافەکانیان دابین بکات، نەک کۆمەڵگایەک کە تەنها بیر لە تۆڵەسەندنەوە بکاتەوە.