بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ٢٧ی ڕەشەممە، ڕۆژی گیانبەختکردووانی کۆمەڵه لە یەکێک لە ئوردوگاکانی کۆمەڵه…!

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٦ی ڕەشەممەی ١٤٠٣ی هەتاوی ڕێوڕەسمێک بەبۆنەی ٢٧ی ڕەشەممە ڕۆژی گیانبەختکردووانی کۆمەڵه لە یەکێک لە ئوردووگاکانی کۆمەڵە بەڕێوەچوو.

لەم مەراسمەدا کەژمارەیەک لە ئەندامانی سەرکردایەتی،کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی کۆمەڵە تێیدا بەشدار بوون، ڕێز گیرا لە یادی هاوڕێیانی هەمیشە قارەمانی گوردانی شوان و گیانبەختکردووانی کۆمەڵە و ئەم ڕۆژە بەرز ڕاگیرا.

سەرەتای مەراسمەکە بە سروودی ئەی شەهیدان دەستیپێکرد و پاشان بۆ ڕێز لێنان لە یاد و فیداکاریی هاوڕێیانی گوردانی شوان و سەرجەم گیانبەختکردووانی کۆمەڵە، چەند ساتێک بێدەنگی ڕاگیرا.

بێدەنگیەکە بە کوپلە شێعرێک لە لایەن ژیلا ڕەشیدی، پێشکەشکاری ڕێوڕەسمەکە شکێندرا.

دواتر هاوڕێ ڕەزا کەعبی سکرتێری گشتیی کومەڵە بەم بۆنەوە قسە و باسێکی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.

پاشان پەیامی کومیتەی ناوەندیی لە لایەن هاوڕێ ئارمان کورد،ئەندامی کومیتە ناوەندیی کۆمەڵە خوێندرایەوە.

ڕێوڕەسمەکە بە خوێندنەوەی کورتەیەک لە گیانبازیی و فیداکاریی هاوڕێیانی گوردانی شوان و ئەو کارەساتە دڵتەزێنە، درێژەی پێدرا.

لە کۆتاییدا جارێکی دیکە یادی ئەو هاوڕێە جەسوورانە کە لە گوردانی شوان گیانی ئازیزیان لە پێناو ئامانجە بەرزەکانی کۆمەڵەدا بەخت کرد بەرز ڕاگیرا و ئەم ڕۆژەش وەک ڕۆژی گیانبەختکردووانی کۆمەڵە ڕێزی لێگیرا.