بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ٢٦ی ڕێبەندان،ڕۆژی کۆمەڵه….!
دوێنێ شەممە ١٥ی فێڤرییەی ٢٠٢٥ی زایینی ڕێوڕەسمێک بە بۆنەی ٢٦ی ڕێبەندان ڕۆژی ئاشکرابوونی خەباتی نهێنیی کۆمەڵە بە بەشداریی کۆمەڵێک لە ئەندامانی سەرکردایەتی، کادر ، ئەندام و پێشمەرگەکانی کۆمەڵه، بەڕێوەچوو.
سەرەتای ڕێوڕسمەکە بە سروودی بانگەواز سروودی فەرمیی کۆمەڵە دەستیپێکرد و پاشان بۆ ڕێز لێنان لە یادی هاوڕێی ڕێبەر کاک حەمە حسێن کەریمی و هاوڕێیانی گیانبەختکردووی نێو ڕیزەکانی کۆمەڵە و سەرجەم گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستان، چەند ساتێک بێدەنگی ڕاگیرا.
بێدەنگیەکە بە شێعرێکی شۆڕشگێڕانە لە لایەن پێشکەشکاری ڕێوڕەسمەکە، هاوڕێ جەمیل سەرمەستی شکێندرا.
پاشان هاوڕێ نەوید مێهراوەر ئەندامی دەستەی کارگێڕیی بەم بۆنەوە وتارێکی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.
هاوڕێ نەوید لە وتارەکەیدا وێڕای ڕێزگرتن له یادی کاک حەمەحسێن کەریمی ڕێبەر و یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵه، هەروەها نوێترین گیانبەختکردووی نێو ڕیزەکانی کۆمەڵه، فەرماندە ڕێبوار کەریمیان، کورتەیەک لە سەر مێژووی کۆمەڵه و کاریگەرییەکانی لە سەر رەوتی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی گەلی کورد، پێکشەش کرد و تیشکی خستە سەر پرسە جۆربەجۆرەکانی نێو کۆمەڵگە وەکوو پرسی یەکسانی و دادپەروەریی ڕوانین و چۆنیەتی مامەڵەکردنی کۆمەڵه لە مەڕ ئەم پرسگەلە.
هاوڕێ نەوید لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە سەر باروودۆخی کوردستان، ئێران و ناوچەکە کرد و بە ئاماژەدان بەوەیکە دەستی کۆمارێ ئیسلامی لە ناوچەکە تا ڕادەیەکی زۆر کورت کراوەتە و پێگەی لە ناوخۆ و جیهاندا لە دەستداوە، جەختی لە سەر یەکدەنگی و هاوئاهەنگیەکی بەرفراوانتری حیزبه سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردەوە و وتیشی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ئامادەیه بۆ هەر جۆرە کار و پلانی هاوبەش لەگەڵ حیزبەکانی دیکەی کوردستان.
پاشان کۆڕی بانگەواز چەند سروودێکی شۆڕشگێڕانە و حەماسیان پێشکەش بە بەشداربووان کرد و ڕێوڕەسمەکە بە خوێندنەوەی چەند کۆپڵە شێعرێک کۆتایی پێهات.