بەڕێوەچوونی ڕێورەسمی ڕۆژی جیهانی ژنان لە یەکێک لە بنکەکانی کۆمەڵە…!
دوێنێ پێنج شەممه ١٦ی ڕەشەممەی ١٤٠٣ی هەتاوی بەرامبەر بە ٦ی مارسی ٢٠٢٥ی زایینی ڕێوڕەسمێک بە بۆنەی ٨ی مارس، رۆژی جیهانیی ژنان بە بەشداریی کۆمەڵێک لە پێشمەرگە، ئەندام، کادر و ئەندامانی ڕێبەریی لە یەکێک لە بنکەکانی کۆمەڵە بەڕێوەچوو.
سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی یەکسانی ” ٨ی مارس “دەستی پێکرد و دواتر بۆ ڕێزگرتن لە گیانبازی و فیداکاریی ژنان و پیاوانی یەکسانیخوازی جیهان و کوردستان و سەرجەم گیانبەختکردووانی ڕێگای ڕزگاری و ئازادی چەند ساتێک بێدەنگی ڕاگیرا. بێدەنگیەکە بە خوێندنەوەی کوپڵە شێعرێک لە لایەن هاوڕێ سەیران مستەفازادە،پێشکەشکاری مەراسمەکە شکێندرا.
پاشان پەیامی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵە بەبۆنەی ٨ی مارسەوە لە لایەن هاوڕێ ئارەزوو کەمانگەر،ئەندامی جێگری کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵە پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.
مەراسمەکە بە بەڕێوەبردنی کۆڕێکی وتووێژیەوە بە بەشداریی هاوڕێیان چیمەن جەوانڕوودی، ئەندامی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵە و ڕۆژین کەرەم وەیسە، چالاکی بواری ژنان و کادری سیاسیی کۆمەڵە و هەروەها کۆڕگێڕیی هاوڕێ فایەق ڕەسووڵی، دڕێژەی پێدرا.
بەشی سێهەمی ڕێوڕەسمەکە تەرخان کرا بوو بۆ شایی و هەڵپەڕکێ و بەم شێوەیە کۆتایی بە مەراسمەکە هات.